جەمال حسێن : جادوگەری سیاسی .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

( زیادەرۆی لەسیاسەت كوشتنی سیاسەت خۆیەتی، چونكە كاتێك هەموشتێك بەسیاسی دەكرێ، ئەوكاتە شتێك نەماوە بەناوی سیاسەت . ) جۆرج تەرابیشی

پەیوەندی جادو و سیاسەت، نەتازەیەو نەكۆنیش بوە، تەنها ئەوەنەبێ گۆڕانی جەوهەری بەسەر فۆرم و تەكنیكەكانی داهاتوە، بەگشتی لەكارێكی ئاشكراوە بوە بە یارییەكی پەنهان ، روخسارێكی ئاشكرای نیە ، بەئاماژەكانی دەیناسینەوە .

وێكچونی بەردەوامی نێوانی ئەم دوانەش وەك خۆیەتی ، كاریگەری دانان بەسەر بەرامبەر و زاڵبون بەسەریدا. لەكۆندا جادو ئەگەر لەدەرەوەی كۆشكی سیاسی زۆرتر لەپەرستگاكاندا خەریكی چنینی تەلیسمی ئەو جادوانەبوبن كە سیاسیەكان پێیان دەسپاردن ، ئێستا سیاسەت سەرباری بەئەقلانی بون و گۆرانی ، خۆی پرۆسەیەكی جادوگەریشە ، یاریەكە پێویستی بەهاوكاری كەسی ترنیە، لەهەناوی خۆیدا چەند سیاسەتە، ئەوەندەش جادوگەرییە .

لەگەڵ گەورەبونی روحی پۆپۆلیستی ، فراوان بونی مەوداكانی سیاسەت و گشتگیربونی ، زەبەلاح بونی رۆڵی راگەیاندن ئیدی كارەكە ئاسانتربوە . تەكنیكێك كەئەمرۆ لەو سیاقەدا كاریگەریەكانی بەقوڵی ماوەتەوە، وشەیە، زمانە . بۆیە بەرلەهەشتێك ناچارین شتێك ئاور لەپەیوەندی قسەكردن و سیاسەت بدەینەوە .

كۆنترین تێكستی فەلسەفەی سیاسی كەلەسەر پرسی پەیوەندی سیاسەت و قسەكردنەوە وەستاوە، دەچێتەوە سەر ئەرستۆ. ئەو لەبەرهەمەكەی تایبەت بەسیاسەت ، لەماوەی دولاپەرەدا، جارێك دەڵێ مرۆڤ بونەوەرێكی سیاسیە ، جارێكیش دەڵێ مرۆڤ بونەوەرێكی قسەكەرە، بەپێی هەندێك وەرگێڕان واتە ئاقڵە . بەم پێیە سیاسەت و قسەكردن ئاوێتە دەبن و بەهەردوكیان شوناسی مرۆڤ دروست دەكەن . وەكو ئەوەی ئەرستۆ بروای وابوبێت سیاسەت بەقسەكردن دەربری لێدەكرێ و بێدەنگ بونیش ، لەناوچونی سیاسەتە. لەیۆنانی كۆندا ، كەكانگای لەدایك بونی سیاسەتە، دورەگەزی هەرەگرنگی سیاسەتیش لەدایك بون ، یەكیان چەمكی هاوڵاتیە، ئەویتریشیان دەوڵەتەشارە، هەرخودی وشەی سیاسەتیش پۆلەتیك لەوشەی پۆلیس وەهاتوە، كەواتای دەوڵەتە شاردەگەیەنێ ، تایبەتمەندی گشتی مۆدێلی دەوڵەتداری یۆنانیش بەبەراورد بە مۆدێلەكانی ئەوسای دەوڵەتی ئیمبراتۆری رۆژهەڵات، نیل و میزۆپۆتامیا بۆنمونە ، ئەوەبو كەلەیۆنان هەموان مافی قسەكردنیان هەبو لەسیاسەتدا، بەڵام لەشوێنانی تر دەسەڵات شەرعیەتی لە ئاینەوە وەردەگرت و خەڵكی تەنها ملكەچیان بۆمابۆوە .

لەسنوری قەڵەمرەوی ئەو شارانە ، ئەسینا بۆنمونە، هاوڵاتیان ئەوانە بون كەمافی قسەكردنیان هەبو لەسیاسەتدا ، مافی دەنگدانیان هەبو لەهەڵبژژاردنی دەسەڵاتداران، میكانیزمی دیموكراسی بەرێوەبردنی دەوڵەتیش لەسنوری شاردا دەسورایەوە ،  لەدەرەوەی سنوری شاریش لەبری هێزی سیاسەت ، سیاسەتی هێز بونی هەبو، مرۆڤەكانیشی لەبری هاوڵاتی بە بەربەری ناسرابون . بۆیە ئەگەر مێژوی سیاسەت مێژوی قسەكردن بێت لە كەرتی گشتیدا ، وەرێكخستن و بەخشینی ئەومافە بوبێ بەهەموان ، بەتایبەت لەسیستەمە دیموكراسیەكاندا ، ئەوا بەپێچەوانەوە مێژوی رژێمەستەمكارەكان ، مێژوی قەدەغەكردن و سزادانی قسەكردنە لە سیاسەتدا و كورتكردنەوەی ئەومافەیە لەتەنها حیزبێك یان سەركردەیەكی سیاسی . بەم شێوەیە بەشێكی زۆر لە بەهای سیاسەت لە مافی قسەكردن و دەنگدان و یەكلاكردنەوەیدایە لای هاوڵاتیان. لێرەوە دەچینەوە سەر مەبەستی ئەم نوسینە لەپەیوەندی جادو و سیاسەت .

بالەسەرەتا گریمانەی ئەوەبكەین كە سیاسەت پرۆسەیەكی ئەقڵانیە، لانی كەم لەئێستادا و لەفەزای دیموكراسی و مۆدێرندا ، بەسیتەماتیك و بەپەیرەوكراوە . بەڵام جادو راست بەپێچەوانەوە، ئەو گریمانەیە هەڵناگرێ،  بەڵكو هەمیشە بریتیە لە تەكنیكێكی یاریكردن بەراستی، هەوڵە بۆ شێواندن و گۆرینی شێواندنی وێنەیەكی واقیعی بەشتێكی تر . بۆیە ئەگەر سیاسەت زانست بێت، پشت بەئامارو گریمانەو ئەگەرو رەهەندەكان ببەستێ ، ئەوا جادو هونەرە ، تێكەڵبونیشان لەو گۆشەنیگایەوەیە غایب بونی دیوی زانستی سیاسەت زاڵبونی هونەرێكە ، كەنازانستیە .

كۆنترین تەكنیكی جادو وشەیە، لەرێگای زمانەوە مرۆڤ هەوڵی داوە هێزێك نیشان بدات ، توانایەك دەربخات ، كەخەڵكی تر نیەتی ، هەربەوشەش یاری بەویژدان و ئیرادەو سۆزی مرۆڤەكان كراوە ، سیاسەتیش لەرێگای وشەوە خۆی دەناسێنێ و خۆی نمایش دەكات . لەهەڵبژاردنەكاندا ، برێكی یەكجار زۆر دەنگ بەرێگای ئەوە یەكلادەكرێتەوە چی دەڵێی ، چۆن دەیڵێی ، كەی دەیڵێی . واتە چیت وتوە نەك چی دەكەی مەیلی زۆری دەنگدەر یەكلادەكاتەوە، بەڵێن و دروشمەكان كاریگەری زۆر جێدێڵن. ئەمرۆ لەكوردستاندا ئەم یاریە زیاد لەهەركاتێكی تر كەشفە ، دیارەو لەهەموئاستێكدا دەبینرێ و دەبیسترێ . ئەركێكی قورس نیە ئەمرۆ چەندین پاڵەوانی ئازادی ببینیەوە كەبەبەرگریكاری ئازادی و خەمخۆری مافی مرۆڤ خۆیان دەنوێنن و لەناخیشیاندا، بروایان بەسەرەتایترین ماف و ئازادی نیە .

وەحدەی تێناچێت بۆ ئەوەی لەوەبگەی كەكەسانێك هەن دیموكراسیان پێ كوفرەو رای جیاواز بە لادان لە رێگای خوا تەفسیردەكەن ، كەزمانی سیاسیشیان هەڵدەسورێنن ، تۆمەت و رەخنەی لادان لەدیموكراسی دەبەخشنەوە . گرفت لەوجادوە نییە ،  بەڵكو لەوكۆمەڵگایەدایە، لەو واقیعە سیاسیەیە كە تاسەرئێسقان ئامادەیە بۆ وەرگرتن و قبوڵكردنی ئەم دەمامكانە ، بگرە بەشداریكردنیش لە برەو پێدان و فوپیاكردنی. بەگشتی زۆر هۆكار لەپشت ئەوفەزایەوەن كە خەیاڵدانی گشتی ئاڵودەكردوە بەو نەخۆشیە ، نەخۆشی ئامادەباشی تەواو بۆ دابەشكردنی دنیا لەسەر بنەمای وەلائی سیاسی و ئایدۆلۆژی .

ئەوكاتەی كەس‌و كاری ئەو گەنجانەی لەجیهاد گەراونەتەوە وەك قوربانی لەتیڤیەكی ئۆپۆزسیۆن دەخرێنەرو، گوایە ئەمانە ستەمیان لێكراوە كەبەیاسای تیرۆر كورە موجاهیدەكانیان دراونەتە دەست دادگا، وە پەرلەمانتارێك لەژێر پەردەی بەرگری لە شوێنە پیرۆزەكان و پاراستنی ئازادی تاكەكەس رەخنە لەئاسایش دەگرێ ، چونكە هەڵیان كوتاوەتە سەرحوجرەیەك ، كەلەباشترین حاڵەتدا ئەم شوێنە جوحرەیە نەك حوجرە، لەبری خوێندنی زانستە ئاینیەكان و ئەدەبیاتی كلاسیكی كوردی، كتێبە ئاگرینەكانی قاعیدەی تیا تەلقین دەكرێ .

لەوكاتانە ئەم ماسكانە بێتام و بێ ئەنداز بێ شەرم دەبینرێ. دیسان گرفتەكە هەرئەوەیە كەئەو قسانە وەرگرو لایەنگریان لەدەرەوەی خودی ئایدۆلۆژیاكەش زیاترە. ئەم جادوگەریە، سیاسەت دروستی كردوە، تەنها سیاسەتیش لەپشتیەتی، لەلایەك خراپ بەرێوەبردنی دەسەڵات و لەلایەكی تریش سیاسەتی كۆنترۆڵكردنی بەرامبەر و راكێشانی .

هیتلەر لەشوێنێكدا دەیوت ، هەمیشە درۆی بەهێز وزەیەكی راستی تیایە ، وزەی قبوڵكردن و وەرگرتنی . كەئەمرۆ لەناو كۆمەڵگای كوردیدا تادێت ئەو وزەیە زیاد دەكات ، چونكە جادوەكانیش بەتینترو بەهێزتر بوون، بەوپێیەی ململانێ سیاسیەكانیش تۆختر بونەتەوە. ناكرێ خۆمان لەودۆخە بێمتانەییە بشارینەوە كە ئەمرۆ لەهەمو ئاستێكدا بونی هەیە، ئاستی ئەمنی، سیاسی و ئابوری ، بەڵام ناشكرێ هەمان ئەو بێمتمانەیە ببێ بەوزەیەك بۆ زاڵبونی برێك لە ناراستی و درۆی سیاسی .

لەبیستەكانی سەدەی رابردو، كاتێك تۆماس مان رۆمانی (ماریۆ و جادوگەر)ی نوسی، یەكجار كەمبون ئەوانەی بروایان پێكرد . چونكە ئەو لەو رۆمانەیدا زیاتر لەدەساڵ پێش هاتنە سەركاری نازیەكان لە ئەڵمانیا ئەو پێی وتن كە بە درۆو جادو دروشم و قسەكانی ئەم رەوتە نازیە هەڵمەخەڵەتێن، ئەمانە هەرچیەك دەیڵێن راست نیە، ئەوەی دەیشارنەوە زۆر لەوە زیاترە كەدەیخەنەڕو، لەپشتی ماسكی خۆش ویستنی ئەڵمانیەكان، رق و تورەییەكی زۆریان لەهەمو مرۆڤایەتی یەدەگ كردوە . سەرەنجام نازیەكان بەهەڵبژاردنێكی دیموكراسی هاتنە سەر دەسەڵات –وەكو تۆماس بە رابوردنەوە دەیوت – هەمو مرۆڤایەتی و ئەڵمانیاش باجەكەی دا، بەوانەشەوە كە لەسەرەتا گاڵتەیان بەقسەكانی دەها ت.

ئەمرۆ لەكوردستاندا، لەئەنجامی هەبونی كەموكوری لەسیتەمی حوكمرانی و خراپی ئیدارەی مەلەفە هەستیارەكان و چەندین قەیرانی تر ، تارمایی برواكردن و لایەنگری لەجادو گەری تادێ و بەهێزتر دەبێت . جادوگەرییەك رەوایەتی خۆی لە كورتهێنانی ئەوانیتر وەردەگرێ، هێزی خۆی لەبێهێزی ئەوانی تر . بەشێكی زۆری ئەوانەی داوای دیموكراسی دەكەن ،  خەمی ئازادی دەنوێنن ، گوایە شەری مافی مرۆڤیانەو دژی تیرۆر قسەدەكەن ، خۆیان گاڵتەیان بەم قسانەدێت ، بەڵام خەڵكی بەراستی لێیانی قبوڵكردوە . جادوەكە ئەوەیە چۆن هەموشتێك ، هەرڕوداو و دیاردەیەك كە ئەگەر ناسیاسیش بێت بیگۆری بەسیاسی و وەكو رەخنە ساغی بكەیتەوە . ئەو ماكینە گەورەیە رۆژانە رودانی ئۆتۆمبیلیش بە تامی سیاسی دەخاتە بازارەوە ، زیادەرۆییەكە چوەتە ئاستێك وەكو ئەوەی لەكۆمەڵگای ئێمەدا، جگە لەكارەكتەری سیاسی هیچ كارەكتەرێكی تر بونی نەبێت ، كەلتور، بونیادی كۆمەڵایەتی ، پاشخانی مێژوی ، ئەقڵیەت و داب و نەریت هیچ نین لەبەردەم سیاسەتدا .

ئەم هەمو قسەكردنە سیاسیە لەو ڕشتانەش كەخۆی سیاسەتی تیانیە ،  پێش هەموشتێك كوشتنی سیاسەتە، كردەیەكە هیچ خزمەتێك بەسیاسەت ناكات وەكو خەمێكی هاوبەش ،  بەڵكو تەنها خزمەتی ئاراستەیەك یان چەندلایەنێك دەكات . وەكو جۆرج تەرابیشی لە رانانی كتێبی (كۆتایی سیاسەت) دا دەڵێ : سەبارەت بەدەوڵەتی سۆڤێتی، كە هەموشتێكی بەسیاسی كردبو، دەتوانین بڵێین : زیادەرۆی لەسیاسەت كوشتنی سیاسەت خۆیەتی، چونكە كاتێك هەموشتێك بەسیاسی دەكرێ ، ئەوكاتە شتێك نەماوە بەناوی سیاسەت . واتە وەكو چۆن دەوڵەتی تۆتالیتار لەرێگای بەسیاسیكردنی كۆی كۆمەڵگاوە، بە ئەدەب و سینەماو وەرزش و هونەرو ئابوری و باقی دیوەكانی تری كۆمەڵگا ، سیاسەت وەكو چالاكیەكی گشتی لەناودەبات ، وەكو چۆن حیزب لەرێگای بەحیزبی كردنی بەشەناحیزبیەكانی كۆمەڵگا خودی حیزب لە حیزب بون دەخات ، بەهەمان شێوەش پرۆسەی بەسیاسی كردنی هەمو دیاردە ناسیاسیەكان ، دوركەوتنەوەیە لە سیاسەت وەكو بەرژوەندی گشتی . وەكو پرۆسەیەكی سەربەخۆ . بەتاڵ كردنەوەی سیاسەتە لە ئەقڵ و زاڵكردنی حەماسی هەڵوێستی سیاسی پێش وەختە . زاڵكردنی بەرژەوەندی گروپێك یان ئاراستەیەكە بەسەر كەرتێكدا، كەبریارە بەرژەوەندی گشتی یان بەهای ئەخلاقی و مرۆیی بیجوڵێینێ .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت