Barzani-Ocelan

جەمیل بایەک : ئەوە قەندیل بەخەبەرە بۆیە هەولێر دەتوانێت بە ئارامى بنوێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 بەختیار شارەزورى :

پەیامەکەى ئاپۆ .. ئەگەریى گۆڕانى هاوکێشەکان  .

لە ئێستادا پێگەى تورکیا لە پاشەکشەیەکى خاودایە ، لەو سیاسەتەى کە لە ناوچەکەدا پیادە دەکرێت ، بە گشتى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست گیرۆدەى چەک و سیناریۆ و تاکتیک بوە ، هیچ کاتێک بەقەد ئێستا پرۆسەى دیموکراتى پاشەکشەى نەکردوە ، هیچ کاتێک بەقەد ئێستا مرۆڤ لەم ناوچانەدا بێ بەها نەبوە ، هیچ کاتێک بەقەد ئێستا تۆخ بونەوەى مرۆڤ بە دین و مەزهەبێکى دینەوە توختر  نەبوە ، لەم ژینگەیەدا  مرۆڤ دەبێت سەر بە گروپێکى مەزهەبى یان حیزبى یان خیڵەکى بێت بۆ ئەوەى بتوانێت بژى ، هێڵى ئازادى و بانگەشەى دیموکراسى لە ژێر هێڵى سفرەوەیە ، بەجۆرێک مروڤ گیرۆدەى تەونێک لە سیناریۆ و تاکیتیک بوەتەوە نازانێ لە کوێوە سەردەر بکات ، واى لێهاتوە مرۆڤ نازانێ هەفتەیەکى تر چى ڕودەدات  .

خۆ ئەگەر شەڕەکە هاتیبێتە سەر هیلالى سونى و شیعى ، وە ئەگەر تورکیا پاشەکشەى کردبێت ، وە ئەگەر ئەمریکا بیەوێت لە داعش بدات و نەشیەوێت تەواو لە ناو بچێت ، وە ئەگەر ئەمریکا بیەوێ سنورى دەسەڵاتى ئێران لە هێڵێکدا ڕابگرێت و جارێکى تر تورکیا وەک هیلاى سونى و ئێران وەک هیلالى شیعى هاوسەنگ ڕابگرێت ، وە ئەگەر ئێران و ناتۆ و ئەمریکا لەسەر سوریا ڕێککەوتبێتن ، ئەوا کورد لەم نێوەندەدا کە ئێستە چەک حوکم دەکات ، بانگەوازێکى لەو چەشنەى ئاپۆ بە کۆى دەگات … ؟

خۆ ئەگەر پێمان وابێت شەڕى داعش کۆتاى دێت ، ئەوا ئەمە خەونێکى واقعیانە نیە ، ئەوە دەزانین کە ئەمریکا لە ئێستادا داعش بەکار دەهێنێت ، ئەوەش دەزانین ئەو بەرەیەى کە هێزى ئاسمانیان بەدەستەوەیە لەژێر فەرمانى ئەمریکادایە ، خۆ ئەگەر ئەم هێرشە ئاسمانیانە نەبێت ئەوا هەمومان دەزانین داعش زۆرێک لە وڵاتانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست داگیر دەکات ، ئەوەش دەزانین باشترین کارتى دەستى ئەمریکا لە گۆڕەپانى سوریا و عێراقدا داعشە ، چۆنى بیەوێت وەک کارتێکى بەهێز بەکارى دەهێنێت و ناشهێڵێت سنور ببەزینێت ، باشە گریمان ئەم پەیامەى ئاپۆ سەرتاى دەرکەوتنى فشارى دیموکراسیانەیە لە ناو تورکیادا ، خۆ دەبێت ئەو وڵاتە زلهێزانەى کە سیاسەتى ئەم ناوچەیە ئاراستەدەکەن ئاگایان لێیبێت ، خۆ ئەگەر ئەم پەیامەى ئاپۆ لەسەر داواى ئەوروپا و ناتۆ بوبێت بە ڕەزامەندى ئێران ، بۆ ئەوەى بەرەیەکى ترى شەڕ ئەم ناوچەیە نەگرێتەوە ، ئەى چى لەشەڕى ناو عێراق دەکەن کە بەستراوە بە کۆبانێ و پەکەکەوە ، خۆ ئەگەر لە تکرتیتا ئەمریکا نامەیەکى دابیت بە ئێران کە نابێت لە سنورى خۆت تێپەڕێ ، ئەوا دەتوانێت ئەم نامەیەش بۆ پەکەکە بەکار بهێنێت ، بە دێویکى تردا ئەگەر ئەمریکا و ناتۆ پێیان وابێت هاوسەنگى تێکچوەو لەئێستەوە لەڕێى ئەم پەیامەوە کار بۆ زیندوکردنەوەى تورکیا دەکەن ، ئەوا دەبێت ئەوە بزانین کە پەکەکە  لەئێستادا باڵادەستە لە ڕۆژئاوا و باکوردا درێژکراوەى ئێرانە ، ئەگەر پەیامى ئەمریکا لە تکرتیتا بۆ ئێران بوبێت ، ئەوا ئەم پەیامەش ڕاستەوخۆ پەکەکەش دەگرێتەوە ، خۆ ئەگەر ناتۆ بیەوێت سنورەکانى ئێران کاڵ بکاتەوە ، ئەوا هاوکارییە ئاسمانیەکانى سەر ڕۆژئاوا ڕادەگرێت و ئەو کات دەبینین چۆن داعش بۆ هاوسەنگى بەکار دەهێنێت ، ناتۆ ئەوەش دەزانێ ئەگەر پەکەکە لە قەندیل و شرناخدا نەمێنێت ئەوا دەبێتە پێگەى داعش و ئەو کات هێرشى ئاسمانیش ئەو کاریگەرییەى نامێنێت ، هەولێریش دەکەوێتە بەر حوکمى داعشەوە ( ئەوە قەندیل بەخەبەرە بۆیە هەولێر دەتوانێت بە ئارامى بنوێت .. جەمیل بایک  .

سەیرەکە لێرەدایە ….. ئێستا لەم ناوچانەدا چەک ڕۆڵى سەرەکى دەبینێت  ، کەچى ئاپۆ بانگەوازى دانانى چەک و دیموکراسى دەکات ، خۆ ئەگەر ئەم پەیامە بۆ ئەوە بێت هاوسەنگى ڕابگرێت و تورکیا لە سنورێکدا بوەستێنێت ، تا ڕۆژئاوا دەکەوێتە سەر پێى خۆى ، ئەوا باشترین تاکتیکە ، کە دەکرێت پامەکەى ئاپۆ فرەڕەهەند و گشتگیرو لە زۆرلاوەوە بخوێنرێتەوە . ئەگەر تەنها پەیامێکى سادە بێت و پیرۆزبایى بێت ،  پرۆسەى چەکى قەندلیل و خەباتى سیاسى ناو شارەکان بەردەوامى هەبێت ئەمەیان بابەتێکى ئاسایى دەبێت ، خۆ ئەگەر کۆنگرە بگێرێ و پرۆسەى چەک دانان بکەوێتە بوارى جێبەجێکردنەوە ، ئەمەیان دەبێت پرۆسەیەکى گەورەتر بێت و ئەوروپا و ئەمریکا و ناتۆى لەپشتەوە بێت ، خۆ ئەگەر یارییەکانى ئێران بێت ، ئەوا دیسان کارکردنە بۆ ئەوەى ئەم قۆڵەى تورکیا تا کۆتایى هاتنى کیشەى سوریا و عێراق ڕابگێرێ ، خۆ ئەگەر سیناریۆى ئەمریکا بێت بۆ ئەوەى باکور و ڕۆژئاوا بە دڵى تورکیا بن ، ئەوا یارییەکانى ئێران لەوە گەورەترە ، خۆ ئەگەر لە دواى تکریت کۆکردنەوەى هەموو وڵاتان بێت وەک هاوسەنگیەک لەسەر سفرەکەى ئەمریکا ، ئەوا دیسانەوە دەکەوێنە بەردەم ئەو ئەگەرانەى کە زۆر لە دەسەڵاتى کوردى و وڵاتانى ناوچە بەهێزترە ، ئەویش کارتى هێزى ئاسمانى ناتۆ و ئەمریکایە ، کە ئەمریکا دەتوانێت بەم کارتە هەموو وڵاتانى ناوچە بخاتە سەر هێڵى ئاراستەى بەرژەوەندییەکانى وڵاتانى ناتۆوە ، لە دواجاردا پەیامەکەى ئاپۆ شڵەقاندنى ئەو پرۆسە سیاسى و سەربازیەیە کە لەم ناوچانەدا پیادەدەکرێت ، ئەم پەیامە بێ بەرنامەو بێ سیناریۆ نیە ، لە کاتێکدا لەهەموو ناوچەکەدا  چەک ڕۆڵى سەرەکى دەبینێت ، بەڵام ئاپۆ داواى داماڵینى چەک دەکات  .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت