حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن : چی منداڵی غەیرە موسڵمانی دونیا هەیە ، بە جین و کرۆمۆسۆمی شەیتانەوە لە دایک دەبن .

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دکتۆر عەبدولواحید موحەممەد کە مامۆستای زانکۆیە لە پایتەختی ڕۆشنبیری دەڵێت : ( پیاو کە دەچێتە لای ژن ، لەو پرۆسەی جووتبوونەدا ، شەیتانیش بەشدارە ، بۆیە پێویستە پیاو دەستنوێژی هەبێت و بەدەم زیکری ناوی خواوە ، دەست بە ئیشەکە بکات ، ئەگەر نا ، جین و کرۆمۆسۆمی شەیتان تێکەڵ بە جین و کرۆمۆسۆمی منداڵەکە دەبێت .)
ئەو ئوستازە بانگخوازە لە هەمان گوتاریدا دەڵێت : ( هەموو توببی دونیا کۆ ببنەوە ، نازانن ، بۆچی منداڵ هەر لە سکی دایکی دێتە دەرەوە ، دەگری ؟ وەڵامی ئەو پرسیارە ، تەنیا لای ئیسلامە ، چونکە شەیتان چڕنووکی لێ دەگرێت .)
با وای بۆ بچین ، هەموو پیاوانی موسڵمانی دونیا ، تا دەستنوێژ هەڵنەگرن ، جووت نابن ، بەم پێیە چی منداڵی غەیرە موسڵمانی دونیا هەیە ، ( بە بوودایی و هیندۆس و کریستیانەوە کە نزیکەی سێ چارەکی منداڵانی جیهان پێک دەهێنن ، ) بە جین و کرۆمۆسۆمی شەیتانەوە لە دایک دەبن!
لە سالێکدا ، لە دونیادا ، هەر یەکی لە گۆشەیەکی ئەم زەوینە بەرینەوە ، سەدوچل میلیۆن منداڵ لە دایک دەبن ، ئایا شەیتان چۆن فریای ئەو هەموو چڕنووکە دەکەوێت ؟
ڕەنگە لە شەو و ڕۆژێکدا نزیکەی دوو ملیارد سەرجێیی ڕوو بدات ، ئایا شەیتان چۆن پێ ڕادەگات ، لە هەموویاندا بەشداری بکات ؟ ئایا شەیتان لەو پرۆسەیشدا بەشدارە کە لەناو شووشەیەکدا ، تۆوی پیاوێک هێلکەی ژنێک دەپیتێنێت ؟
شەیتان وەهمە ، پێش سەرهەڵدانی سێ ئایینە ئاسمانییەکە ، کە لە هەر سێکیاندا هەیە ، لە ئەفسانە و لە ئایینە زەوینییەکانیشدا هەبووە . باشە ئەوە خودای گەورەیە ، ئاگاداری جووڵەی مار و مێرووە یان شەیتان؟
دادوەرێک لە زیناکەرێک دەپرسێت : ئەو ئیشە خراپەت بۆچی کرد؟
زیناکەر : قوربان شەیتان پێی کردم .
دادوەر : شەیتان لە فەرمانی خوا یاخیبوو ، ئێستا دەڵاڵیی بۆ تۆ دەکات !

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت