حەمەئاوات مەعروف: بەهرۆز گەڵاڵی بۆی نیە دەست بۆ پیرۆزیەکانی شۆڕش بەرێت.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گەر مێژوو گەواهی شۆڕشگێڕەکان بێت، گەر شۆڕش خۆی شانۆیەک بێت بۆ پیشاندانی کارەکتەرەکانی، ئەوا ئەمڕۆ کەقسە لەسەر ڕابردوو دەکەین، ئەگەر خاوەنی مۆڕاڵێکی بەرز نەبین ئەوا دەبینە دز لە ژورەکانی مێژودا.

ئەوەی دەمێنێتەوە مێژوو تەنیا یەک چاوو، یەک ڕوانین نییە بۆ ڕوداوەکان. دواجار هەموو چاوەکان لەسەر لاپەڕەی مێژوو دەبنە دیدێکی هاوبەش و، هەمویان دەکەونە بەردەم بەرپرسیارێتیەکی مێژوییەوە. ئالێرەوە ئەگەر کاک بەهرۆز گەڵاڵی پێی وابێت مێژوو تەنها لە دوربینەکەی ئەوەوە دەبینرێت، ئەوا ئێمە نزیکتر لە کاک بەهرۆز بە چاوی خۆمان مێژوو دەبینین نەک لە دورەوە بە دوربین. لەوەیش بەڵگەی کۆنکرێتی تر، ئێمەو من بەتایبەت کارەکتەرێکی سەرەکی و دیاری ناو ئەو گۆڕەپانە بووم، کە کاک بەهرۆز نەک یاریکەری ناو ئەو گۆڕەپانە نەبووە، بەڵکو لەدورەوە بەدوربین سەیری کردوین. تۆپی ڕوداوەکان لە قاچی کارەکتەرەکاندا بووە، وە هەر ئەو یاریچیانەن دەتوانن حوکم بەسەر ئاڕاستەی جۆری یاری ناوو گۆڕەپانی مێژوو بن.

دواجار دوای خوێندنەوەی بابەتێکی کاک بەهرۆز گەڵاڵی، کە تێیدا دەڵێت: گوایە مەلا بەختیار خاوەنی فایلی شاخ و شارە”. بە پێویستم زانی چەن ڕونکردنەوەیەکبدەم.

بەندە وەک کارەکتەرێکی ناو ئەو مێژووە تەمەنێکی درێژم لەخەباتی سیاسی و پێشمەرگایەتیم لە تەک مەلا بەختیاردا هەیە. ئەگەرچی لەئیستادا کاک مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەو منیش ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕانم و، دیارە لەڕووی بیرووبۆچونی سیاسیەوە جیاوازیەکی زۆرمان هەیە. بەڵام ئەوەی منی هاندا، ئەم ڕونکردنەوانە بنوسم. مەبەستم نەشێواندنی مێژووە و حەقیقەتەکان بەرپرسیارێتیەکی ئەخلاقیە، وە لەبەر ئەوەی نوسینەکەی کاک بەهروز گەڵاڵی ئاڵای شۆڕشی گرتۆتەوە. بەندە وەک ئەندامێکی سەرکردایەتی ئاڵای شۆڕش و شایەتحاڵ لەسەر زۆرینەی ئەو ڕوداوانە نەدەکرا بێدەنگی هەڵبژێرم.

کاتێک کاک بەهرۆز گەڵاڵی بە کاک مەلا بەختیار دەڵێت: فایلداری شاخ و شار، دیارە بیری چۆتەوە یان بێ ئاگایە کە مەلا بەختیار لە تەک شەهید ئارام و کاک سالار عەزیز و شەهید ئازاد هەورامی و شەهید عبد الرزاق دا دروستکەری کۆمیتەی هەرێمەکانن کە هەر ئەو کۆمیتەیە بوو کە توانی پاش گیرانی شەهید شەهاب و هاوڕێکانی و زیندانی کردنیان لە لای ڕژێمی بەعس، هەموو ڕێکخستنەکانی کۆمەڵە بگرنەوەو سەر لەنوێ ڕێکی بخەنەوەو بڕیاری هەڵگیرساندنەوەی شۆڕش بدەن.

بەڵێ شۆڕشی نوێی گەلەکەمان لەسەر دەستی ئەو جوامێرانەدا بوو، کە مەلا بەختیار ڕۆڵی کاریگەری تێیدا هەبوو، هەر بۆیە کۆمیتەی هەرێمەکان لە پیرۆزیەکان و سەروەریەکانی گەلەکەمانە. بۆیە بەڕای من قسەکردنی کاک بەهرۆز لەسەر مەلا بەختیار، دەستکاریکردنی شکۆی کۆمیتەی هەرێمەکانە. تەنانەت فەریدون عبدالقادر هەم لە کتێبەکەیداو هەم لە تەنگی سەر لەیادی شەهیدبونی کاک ئارامدا زۆر ستایشی ئەو ڕۆڵە مەزنەی کۆمیتەی هەرێمەکان و کاک ئارامی کرد و ئارامی بە مەدرەسەی کوردایەتی ناساند.

بەڵێ کاک بەهرۆز، مەلا بەختیار بەشدارێکی کاریگەر بووە لە تۆمارکردنی ئەو سەروەریانەدا. لە ئێستادا کە مەلا بەختیار بەرپرسی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتییە گەر فایلدار بوایە چۆن دەبووە بەرپرسی تۆو هەموو ئەوانەی وەک تۆ لەدورەوە بە دوربین سەیر دەکەن! دروستبونی ئاڵای شۆڕش پەیوەست بووە بە جیاوازی فکرو تێڕوانین بۆ شۆڕش، نەک وەک ئەوەی کە کاک بەهرۆز گەڵاڵی دەڵێت: خیانەتە! دیارە بەهرۆز گەڵاڵی لە مانای خیانەت تێ نەگەیشتووە، هەر وەک چۆن لە مانای پێوستبونی دروستبونی ئاڵای شۆڕش نەگەیشتووە.

زۆرێک لەوانەی کە بناغە دانەری کۆمەڵە و یەکێتی و هەڵگیرسانەوەی شۆڕش بون لە دامەزرێنەرانی ئاڵای شۆڕش بون وەک خودی مەلا بەختیار و کاک سالار عزیز و شێخ علی نەمر، کە بەرپرسی یەکەم مەفرەزەی شۆڕشی نوێ بووە و مامۆستا پشکۆ نەجمەدین و کاک ئاسۆ علی و چەندین تێکۆشەری تر، کە جەنابت دروستبونی ئاڵای شۆڕش بە خیانەت لە یەکێتی دەزانیت، دەبێت ئەم شۆڕشگێڕانە کە ناوم هێناون هەمویان خائین بن؟.

دیارە تۆ لە مانای خیانەت و خیلافی فکری تێناگەیت. لە نوسینەکەتدا ئاماژەت بەوە داوە کە مەلا بەختیار کاتێک لە زیندانی یەکێتی هەڵهاتووە، گوایە ویستی وا بوبێت تەسلیم بە ڕژێم ببێت. بۆ ڕاستکردنەوەی ئەم هەڵەیەت دەمەوێت ئاماژە بەوە بدەم دووجار پلان بۆ ڕزگار کردنی مەلا بەختیار دانرا، کە هەردوو جارەکە لە داڕێژەرانی پلانەکەدا بووم. لە جاری یەکەمدا لەڕێگای کەسانی سەر بە خۆمان و نزیک لە مەلا بەختیار ژمارەی کلیلی کێلونی دەرگای زیندانەکەیمان بەدەست گەشت. ئێمە کە ئەو سەردەمە بە ئیختیفا لە سلێمانی بوین چەند کلیلێک کە نزیک بوون لە ژمارەی ئەو کلیلەوە لەگەڵ بڕبەنگێکی بچوکمان بۆ ناردن بۆ ناوزیندان لە ڕێگای کەسە نزیکەکانمانەوە کە لە ناو خواردندا حەشارمان دابون. ئەوکات کاک شێخ علی بە بڕبەنگەکە توانیبوی یەکێک لە کلیلەکان وا لێبکات کە دەرگاکە بکاتەوە، لەڕێگای ڕێکخستنەکانەوە پەیامێکی دەنگیمان نارد بۆیان بۆ زیندان کە وەک جفرە هەر کات گوێ بیستی دەنگی ئەو هاوڕێیە بون لە کاتێکدا کە پێشمەرگەکانی یەکێتی دەنگی دەدەن ئەو هاوڕێیە پەیامەکەی بە دەنگێکی بەرز بڵێت و ئەوانیش لە ناو زیندانەکەوە گوێ بیستی جفرەکە بن و ئەو هاوڕێیە پێشمەرگەکان سەرقاڵ بکات و ئەمانیش دەرگای زیندانەکە بکەنەوەو هەڵ بێن.

دیاربوو برادەرانی یەکێتی پێشتر بەمەیان زانی بو لەکاتی کردنەوەی دەرگای زیندانەکەدا بێ هیچ دەنگێک تیشکی لایتێکی دەستیان ئاڕاستە کردبون، کە گوایە ئاگامان لێتانە ئەوانیش دەرگای زیندانەکەیان داخستبۆوە و بۆ بەیانی بێ ئەوەی برادەرانی یەکێتی لە ڕوویان بدەن لە سلێمانیەوە دەرگایەکی پۆڵایان بردبو ئەو دەرگایەیان دەرهێنا و دەرگا پۆڵاکەیان خستبوە شوێنی دەرگای زیندانەکە، لە جاری دووهەمدا کە هەڵهات و گیرایەوە بڕیار وابوو لە هەردوو پلانەکەدا کە مەلا بەختیار بگاتە ناوچەی قولەرەیسی نزیک لە سلێمانی ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکاب ئامادە کرابوو، کە ڕوناکی شێخ جەناب و کاک کەمال قەرەداغی لەگەڵ بیکابەکەدا بڕۆن و مەلا بەختیار لەگەڵ خۆیان هەڵبگرن و پێشتر لەگەڵ کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران هەماهەنگی کرابو کە مەلا بەختیار دەرباز بکرێت و بیگەیەننە سەر سنور بۆ ئەوەی بتوانن بگەنە بارەگاکانی ئاڵای شۆڕش لە زێوە. بەڵام لەوکاتەدا پلانەکە سەری نەگرت و گیرایەوە.

گەر مەلا بەختیار نەگیرایەتەوە وا بڕیار بوو پێش ئەوەی بگاتە زێوە، نامەیەک ئاڕاستەی کاک نەوشیراون و مام جەلال بکات و تێدا بنوسێت: کە من ئێستە لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی ئێوەدا نیم و ئامادەی گفتو گۆم و دژی شەڕیی برا کوژیم بەتایبەت لەگەڵ ئێوەی هاوسەنگەرمدا.

بەهرۆز گەڵاڵی کاتێک ئەم قسانە دەکات، کتێبێک بەسەرچاوە دەگرێت کە برایم جلال نوسیویەتی کە غەدرێکی مێژویی تێدایە، بەوەی کە شەهید بابە تایەر بە بابە علی ناودەبات و دەڵێت: جاش بووە شەهید بابەتەیەر نە پەیوەندی بە ئاڵای شۆڕشەوە هەبووە نە جاشیش بووە، وە نە ئاگاداری ئەو هەڵهاتنەی مەلا بەختیار ببوو.

بابە تایەر پێشمەرگەی سەرەتای شۆڕشی نوێ بووەو، سەرتیپ بووە بە حوکمی ئەوەی هاوڕێی نزیکی زۆرینەی هاوڕێیانی ئاڵای شۆڕش بووە، لە لایەن یەکێتیەوە پاش ئیهانە کردنێکی زۆر تا ئاستی چەککردن تەسلیم بووەوە. دواجار لەدوای 31 ی ئابی 1996 لە گەردەلولی تۆڵەدا، لە شەقڵاوە شەهید بوو. دواجار چ بەهرۆز گەڵاڵی و چ برایم جەلال کە مێژوو دەشێوێنن، دەبێت ئەوە بزانن کە حەقیقەتە مێژوییەکان زۆر لە ڕوانینە شێواوەکان گەورەترە. مێژووی زیندوو بەو لاشە مردوانەی کە لەدەرەوەی یاریە زیندوەکانن ناشێوێنرێت، وە قسەکردن لەسەر مێژوو پێویستی بە بەڵگەی کۆنکرێتی هەیە. بەهرۆز گەڵاڵی بۆی نییە دەست بۆ پیرۆزیەکانی شۆڕش بەرێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت