حەوت ڕەفتارى دیکتاتۆرەکان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

عوسمان عومەر: لە منبر الجزیرە بە هەندێ دەستکاریەوە وەرگیراوە.

زۆر کەس چەمکى رەفتارو هەڵسوکەوت و چەمکى دابونەریت یا بەیەک چەمک تێى دەروانن و بەیەک مانا بەکارى دەهێنن، بەلام لەبنەرەت دا جیاوازن و هەندێ رەفتار شیاو و پەسندن، هەندێکیان نەشیاو. رەفتار پەیوەندى بەخودى کەسەکەوە هەیە، بەڵام داب و نەریت کۆمەلایەتیەو لە باو باپیرانەوە هاتووە و، وەک کتێبێکى میژوویی وایە دەگەرێینەوە سەریى، ئەوەى مەبەستە لێرەدا رەفتارى دیکتاتۆرەکانە.
دیکتاتۆر بەواتاى فەرمان و خۆسەپاندن، بەلام دیکتاتۆریەت بەواتاى شێوازى حوکمڕانى, سەرکردە دیکتاتۆرەکان لە مێژوودا هەموو رەفتارەکانیان یا هەندێکیان لەیەک دەچێ بەپێى ئەو دەسەلات و حوکمەى بەڕیوەى دەبات, ئەوەشمان بیرنەچێ دیکتاتۆرەکان مرۆڤەکان دروستیان دەکەن. سەرئەنجام رەفتاریى دیکتاتۆرەکان پێک هاتووە لە:

حوکمى تاکرەوى:
سیاسەتمەدارى بەریتانى لۆرد ئاکتن دەڵێت: دەسەڵات رەهابێ بە رەهایی گەندەلى دروست دەبێ. عبدالرحمن کەواکبى بیرمەندى سورى سەبارەت دیکتاتۆریەت چەند ووتەیەکى هەیە لەوانە: دیکتاتۆر دوژمنى حەقەو باوەکوشتەى ئازادیە. هەروەها دەڵێت: تاکڕەوى بریاردانە لەسەر ژیانى خەلک بێ سڵەمینەوە لەسزادان و دیکتاتۆر بە ویست و ئارەزوى خۆى خەلک بەڕیوە دەبات، نەک بەویستى خەلک. دەشزانێ زۆردارى دەکات و خۆى دەسەپێنێ و دەستەکانى دەخاتە سەردەمى ملیونان کەس، بۆیەش ئەم رەفتارانە دەنوێنێ تا رەعیەتەکەى وەک مەڕبن، وەک سەگ کلکەسوتێى بۆ بکەن. بەپێى بیروبۆچونەکانى کەواکبى خۆسەپاندن گەورەترین بەلایەو بەردەوام ئاژاوە دروست دەکات و کارەکان پەکیان دەکەوێ و ئاگرێکى بەردەوامە لەتالانى و زۆردارى وەک لێشاویى قورو بەردى دواى لێزمەو تاوەبارانى بەخوڕە بۆ داڕماندن و هەرەس و دژى ئاوەدانییەو، ترسى بەردەوامە لەدڵان دا تاریکى ئەنگوستە چاو و ئازارى بەردەوام و چیرۆکى بێ کۆتاییە.

ناوەلوش کردنى ئایین – استغلال الدین:
هەندێ لە دیکتاتۆرەکان خۆیان وا دەردەخەن کە لەخوا ترسن، زۆرجار بۆ پاڕانەوە دەستەکانیان بەرز دەکەنەوە بەرەو ئاسمان و فرمێسکیش بەچاویان دا دێتەخوارو نوێژدەکەن و هەندێکیشیان دەچنەحەج و عومەرەش و لەبۆنە ئاینیەکان دا قۆرئانى پیرۆزیش دەخوێننەوە و ئامادەى رێورەسمە ئاینیەکان دەبن و لەگەل پیاوە ئاینیەکانیش زۆرجار کۆدەبنەوە و هەندێ جاریش میدالیاش دەبەخشنەوە. زۆرجاریش بۆ ڕەوایی دان بە کاروکردەوەکانیان رووداوى مێژوویی و بەسەرهاتیش دەگێرنەوە. بۆنمونە/ ئەنوەرساداتى سەرۆکى پێشوى میسر بۆ رەوایی دان بە پەیماننامەى کامپ دێڤد لەگەل جولەکە لە ئەزهەر ئاماژەى بە ئایەتى “وأن جنحوا للسلم فاجنح لها) و پەیماننامەى کامپ دێڤدى بە پەیماننامەى حودەیبیە چواند و، ئاخوندە ئێرانیەکانیش هەمان ئایەتیان بۆ ڕەوایی دان بەوەستانى شەر لەگەل عیراق بەکارهێنا و، سەدامیش بۆ رەوایی دان بەجەنگەکەى لەگەل ئێران قادسیەکەى خۆى بە قادسیەى سەردەمى ئیسلام دەچواند و، عەرەفاتیش رێککەوتن لەگەل ئیسرائیلى بە ئاشتیەکەى سەلاح الدینەوە گرێ دەدایەوە. لاى خۆشمان بەبیانوى پارێزگارى و جێبەجێ کردنى دەستور بەشدارى حوکمڕانى عیراق دەکرێ دواى ئەوەى ئێمە تەلاقمان دابون بە نیازبوین جیابینەوە. یا وەک ئێردۆغان وێنەیەکى بڵاووە کە قورئانێکى بەدەستەوەیە نوسەرەکانى دەربارى سولتان بە لە خواترس و پارێزەرى ئیسلام ناوى دەبەن، کەچى لەژێر ئالاى ئەو قورئانەدا چەندین تاوانى ئەنجام دەدات.

شاردنەوەى زانیارى:
دیکتاتۆرەکان هەرگێز ئەوە بە پەسند نازانن گەل زانیارى هەبێ و راستیەکانى لێ دەشارنەوە یا چەواشەکاریى دەکەن لە رێگاى دەزگا ڕاگەیاندنەکان یاپێگەکانى سەربەخۆیان. دیکتاتۆرەکان وا تێدەگەن گەمژاندنى خەلک تاسەر دەبێ و بەردەوامییە. عبدولرحمن الکواکبى دەڵێت: فەرمانڕەوایی زۆردارى بەردەوام نابێ”زۆرجار دیکتاتۆرەکان پەنا دەبەنە بەر تۆمەت دروستکردن بۆ کوشتن و لەناوبردنى هەندێ کەس یا رێکخستنى سیناریۆیەک، گوایە مەترسى لەسەر ئاسایشى نەتەوەیین، وەک سیناریۆکەى داگیرکردنى کوەیت لەلایەن سەدامەوە. لاى خۆشمان چەند سیناریۆیەک رێکخرا بۆ چەند مەبەستێک، بەلام خەلک لەوسەرى هاتۆتەوە وەک دەڵێن: ئەو خورمایەى خوراوە ناوکەکەى لە گیرفانى خەلکە. دەسەلاتدارە دیموکراتەکانیش هەر پەنا بۆ شاردنەوەى زانیارى دەبەن.. ناعوم چۆمسکى دەلێت: بانگەشە لە ئەمریکا واپەیرەو دەکرێ بۆ کۆنترۆڵکردنى بیروهزر و ئامانجیش چەواشەکردنى جەماوەرە.

درۆکردن:
هەموو یا زۆربەى دیکتاتۆرەکان پەنا بۆ درۆکردن دەبەن بۆ چەواشەکارى، کاتێ ڕووبەروى ڕاستیەکان دەبنەوە و زۆرێک لەسیاسیەکان درۆکردن بەهۆکاریى باشکردنى بیروهزریانى دادەنێن وەک پاراستنى ئاسایشى نیشتیمانى, بەرژەوەندى گشتى و، هێز و بەلتەجیەکانى بەکار دەهێنێ بۆ بەرەنگاربونەوەى نارەزایەتى و داواکارى مافەکان. دیکتاتۆرەکان وادەزانن بەدرۆکردنیان بەشێک لەچینەکانى گەل گومان لەراستیەکان بکەن. دەسەلاتدارە دیموکراتەکانیش هەر پەنا بۆ درۆ دەبەن و درۆکردن بۆتە دیاردەو رەفتاریکى سیاسەت و ئامانجیش چەواشەکردنى جەماوەرە. کاتێ هەلبژاردن لەهەر وولاتێ دێتە پێشەوە کاندیدەکان دەچنە ناو خەلک و قسەیان بۆ دەکەن و بەلێن دەدرێ، بەلام لەراستى دا درۆ دەکەن و خەڵکیش دەزانێ کەگەیشتنە مەرامى خۆیان هیچ ناکەن. درۆکردن بۆ ئەنجامدانى کارێک وەک درۆکەى کۆلن پاوڵ و بۆشى کوڕ بۆ لێدان و داگیرکردنى عیراق و، وەک لە ڕێژە زیاتر درۆکردن سەبارەت بە ریفراندۆم بەپێى سەرانی ڕێفراندۆم و زورنا ژەنەکانی دەزگای ڕاگەیاندنەکانیان.

کۆکردنەوە یا دانانى خەڵک:
دیکتاتۆرەکان کەسانێک دادەنێ لەشوێنى هەستناک, یادەزگایەکى ڕاگەیاندن و راگەیاندکار لەدەورى خۆیان کۆدەکەنەوە تا بانگەشە بۆ کاروکردەوەکانى بکات. ئەوانەش بەمەرجێ تواناى وتاربێژى و کەسایەتى دیاربن، ئەوانە کارەکەیان ئەوەیە. یەکێک لەکارەکانى دیکتاتۆر هەلدەبژێرن و دەست بەنوسین لەسەرى و چەندین گفتۆگۆى تەلەفزیۆنى و دیبێتی لەسەر ئەنجام دەدەن, کەواکبى لەوبارەیەوە دەڵێت: دیکتاتۆر دەیەوێ لە ڕێگاى ئەوانەوە زیانگەیاندن بەگەل لەژێر ناویى سودمەند بونى دا.

تۆمەت هەلبەستن یا تاوانبار کردن:
زۆرجار دیکتاتۆرەکان لەدوای هەر شکستێکیان تۆمەت و تاوانبارکردن دەبەخشنەوە بۆ کەسانیک یان بە توندی پەرپەچی دەولەتان دەدەنەوە، ئەوەش لەئەنجامى هەلەکانى خۆیانەوە، بۆنمونە/ شکستى ریفراندۆم و بەستنەوەى بە 16ى ئۆکتۆبەرەوە. هتلەریش کاتى خۆى دەیگوت جولەکە هەولى داوە خوێنى ئەلمانیا بمژێت. لەم سەردەمەش دا ترامپ دەڵێ: کۆچبەرە موسلمانەکان و مەکسیکیەکان هەرەشە لە گەلى ئەمریکا دەکەن لە رووى ئابورى و کۆمەلایەتیەوە. تۆمەت هەلبەستن کارێکى قیزەونە و بەناو پاسەوانەکانى دیموکراسیەت دەبنە هۆکارى ئەوەى لێ پێچینەوەو چاودێرى بەجێ نەهێنرێ.

رەتکردنەوەى دانپیانان بەهەلەکان:
دیکتاتۆر لە دیکتاتۆریەتى خۆى دەکەوێ گەر دانى بەتاوانەکانى دا نا, داننان بەهەلەکاندا نیشانەى بێهێزىە نەک بە هێزى و تەنازولکردنە تەنها گەمژەکان بەکەمکردنەوەى دەسەلات و هەیبەتى حوکمڕانى دەزانن, دیکتاتۆریەت هیچ لەناوى نابات تەنها گوێگرتن لەڕاى گشتى نەبێ و دیکتاتۆریەت لەرەحمى زۆرداریەوە دروست بووە و، کەلتورى توندوتیژى و نکۆلى لەیاساو سزادان بەرهەم دێنێت. دیکتاتۆر  خۆی بە باوکى گەل دەزانێ یا پەیامبەرێکە و هیچ کات هەڵە ناکات و هەرگێز گوێ لە ڕاوێژناگرێ. چونکە لاى ئەو دەسەلات ( غایەتە نەک وەسیلە )جۆرج ئۆریل لەو بارەیەوە دەڵێت: کەس دیکتاتۆریەت دروست ناکات لەپێناوى پاریزگارىکردن لەشۆرش، بەلکو شۆرش بەرپا دەکات تا دیکتاتۆریەت دروست ببێ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت