دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز: تەونی جاڵجاڵۆکەی ڕێککەوتنە نهێنییە ڕیسواکەی نێوان (تیلەرسۆن) و (ئۆردووگان) هەڵوەشایەوە!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چۆنێتی ڕێککەوتنەکە
(تیلەرسۆن) وەک سەرمایەدارێکی (ئەمێریکایی)، پێش ئەوەی ببێ بە شالیاری دەرەوەی (ئەمێریکا)، لە رێی (ئیکسۆن مۆبیل) و (رۆزنەفت)ەوە، پێوەندییەکی باشی لەگەڵ (رووسیا) هەبوو. هەروەها پێوەندیشی لەگەڵ (قەتەر) باشبوو، ئەمەش جۆرێ لە پێوەندیی نێوان (ئێران) و (توورکیا)ی دیاریدەکرد. بۆیە بەشی هەرە زۆری، بەرنامە و پلانەکانی (ئەمێریکا) لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست، بۆ ئەو پێوەندییە گوماناوییە دەگەڕێتەوە، کە (تیلەرسۆن) لەگەڵ هەموو دوژمنە کلاسییەکانی (ئەمێریکا) هەیبوو. ئەمەش لەگەڵ دید و بۆچوونەکانی (ترامپ) ڕێک نەدەکەوت. لەبەرئەوە (ترامپ) بێ ئەوەی پرس بە کەس بکا، یەکسەر (تیلەرسۆن)ی لابرد و رێشی نەدا، چاوی پێ بکەوێ!
ئاشکرایە، هەموو گفتوگۆکانی سێ کاژێر و نیوی نێوان (تیلەرسۆن) و (ئۆردووگان)، لەڕێی دەزگەی سیخووڕی (CIA)یەوە تۆمارکراوە و بەدەس (ترامپ) گەیشتووە، کە بە تەواویی دژی بەرژەوەندییەکانی (ئەمێریکا) بووە، بێ ئەوەی (تیلەرسۆن) پرس بە (ترامپ) بکا. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ، هەرگیز (تیلەرسۆن)، خۆی لە (ترامپ) بە کەمتر نەزانیوە، بۆیە هەمیشە وەک کەسێکی سەربەخۆ هەڵسوکەوتیکردووە، وەک ئەوەی لە (ئیکسۆن مۆبێل) کردوویەتی و بۆ کەس نەگەڕاوەتەوە. زۆر لە ئەوەش دەچی، (تیلەرسۆن) کەسی لە سەروو خۆیەوە پێ قەبووڵ نەبووبێ، لەبەرئەوە (ترامپ)ی لە ئەو ڕێککەوتنانە ئاگادارنەکردووەتەوە. واتە (ترامپ) هیچ رۆڵێکی لە داڕشتنی هێڵە سەرەکییە ستراتیژییەکانی ڕامیاریی دەرەوەی (ئەمێریکا)دا نەمابوو، بۆیە ڕەوانەی مالەوەی کردووە!

ڕێککەوتنەکە چی بوو؟!
(تیلەرسۆن) و (ئۆردووگان)، لەسەر زۆر خاڵ رێککەوتبوون و لێژنەیەکیشیان پێکهێنابوو. لێژنەکە لە نێوان هەردوو شالیارگەی دەرەوەی (ئەمێریکا) و (توورکیا) و دەزگەی سیخوری (میت)، لە (واشنتن) دەسبەکاربوو. وا بڕیاربوو، (15. 3)، لێژنەکە رەشنووسی ڕێکەوتنەکە تەواوکا و رۆژی (19)ی مانگیش، هەردوو شالیاری دەرەوەی (ئەمێریکا) و (توورکیا) واژۆیکەن و ڕایبگەیەنن. خاڵە هەرە سەرەکییەکانی ڕێکەوتنەکەش ئەمانە بوون:
1. شەرڤانانی هێزەکانی (سووریا)ی دێمۆکراسی، لە (منبەج) و (عەفرین)، بۆ دیوی خۆرهەڵاتی (فورات) پاشەکشەپێبکەن، سوپای (توورکیا) و (ئەلقاعیدە) جێیانبگرنەوە، کە سەر بە (توورکیا) و (قەتەر)ن.
2. ناردنی هەموو جۆرە چەکێکی (ئەمێریکایی)، بۆ هێزەکانی (سووریای دێمۆکراسی) ڕابگیرێ.
3. ئۆفیسی سیڤیلی شالیارگەی دەرەوەی (ئەمێریکا)، لە خۆرهەڵاتی (فورات) بکشێتەوە.
4. جێی بەکرێگیراوەکانی سەر بە (توورکیا)، لە چەتەکانی (ئەنەکەسە) لە خۆراوای (کوردستان) بکەنەوە .
ئەوە بوو، (چاوەش ئۆغلو) ڕۆژی (3.13) خۆشحاڵی خۆی دەربڕی، گوایە ڕۆژی (15. 3) تەواودەبێ. بۆیە گوتی: لەسەر هەموو شتێ ڕێککەوتووین و هێزەکانمان بە هاوبەشی لەگەڵ سوپای (ئەمێریکا)، بەرەو (منبەج) دەڕۆن و کوردەکانیش، لە ئەو نێوچانە دەردەکرێن.

کاردانەوەی هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکە
بەڵام هێندەی نەبرد، هەموو شتێ ئاشکرابوو، (ترامپ) سەرەداوی ڕێککەوتنەکەی هەڵوەشاندەوە و (تیلەرسۆن)یشی لەسەر کار لابرد، ئەو شالیارە بازرگانەی، لەپێناوی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا، جگە لە ئەوەی بەرژەوەندیی وڵاتەکەی پشگوێخستبوو، دژی ئامانجە ڕەواکانی نەتەوەی کوردیش بوو. دووریش نییە، دەسێکی باڵای لە ئەنجامی ڕیفراندۆمەکە و ناپاکییەکانی ڕۆژی (16. 100. 2017)دا نەبێ!
بە ئەو شێوەیە، تەونی جاڵجاڵۆکەی پیلانە دوژمنانەکەی دژی کورد، لە نێوان هەردوو شالیاری دەوڵەتی داگیرکەری توورک (چاوەش ئۆغلو) و بازرگانێکی بێ ویژدان و ڕەوشت (تیلەرسۆن) هەڵوەشایەوە. هەڵبەتە بە ئەو کارەی (ترامپ)، سەرانی توورک زۆر نیگەرانبوون. چونکە میدیاکانی (توورکیا)، ئەو نیگەرانیەیان نەشاردووەتەوە و نووسیوویانە: ئاییندەی پێوەندییەکانی (ئەمێریکا) و (توورکیا)، بەرەو خراپتر دەڕوا!
لەبەرئەوە هەر زوو، گۆتەبێژی شالیارگەی دەرەوەی (ئەمێریکا) گوتی: سەبارەت بە دەرکردنی (یەپەگە)، لە (منبەج) بۆ رۆژهەلاتی (فورات)، هیچ جۆرە ڕێککەوتنێ، لەگەڵ (توورکیا)دا لە ئارادا نییە. ئەم لێدوانەش، گوڵی هیواکانی سەرانی توورکی هەڵوەراند و (ئۆردووگان) هەموو ڕیسەکەی بووەوە بە خوری، لە کاتیكدا سوپا شکستخواردووەکەی و نۆکەرەکانی لە (عەفرین)یش، لە زەلکاوی شکستێکی گەورەدا دەگەوزێ، دەرچوونی هەروا ئاسان نییە!

تێبینیی: ئەمە پوختەیەکی ئەو راپۆرتەیە، کە (Zankoline) بڵاویکردووەتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت