دکتۆرمحەمەد ئەمین عەلی: پزیشکانى کوردستان و ڕێگرى لەمردنى نەخۆش.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چ بەلۆژیک چ بەزانست ئامانجى سەرەکى سێکتەرى تەندروستى بریتیە لەبەرزکردنەوەى ئاستى تەمەنى هاوڵاتى بەتەندروستیەکى جەستەیى و دەروونى باش نەک ڕێگرى لەمردن ، لەڕێگاى پاراستنى ژینگەوئاسایشى خۆراک و دەرمان، بەرزکردنەوەى ئاستى هۆشیارى تەندروستى و دابینکردنى خزمەتگوزارى تەندروستى و پزیشکى سەرەتایى و سەرەکی، بەڵام ئەم ڕاستیە ئەوەناگەیەنێت مردنى نەخۆشمان لائاسایى بێت، بەپێچەوانەوە گەڕان بەدواى هۆکارەکان سێکتەرى تەندروستى لەشکست ئەپارێزێت و زانستى پزیشکی بەرەوپێشچوون ئەبات.
کەرتێکى تەندروستى باش دەرچەى پێشڕەوایەتیەکى زانستى تەندروستى پرۆفیشناڵى گاریگەرو سەرکەوتووە، نەک دەرچەى دەسەڵاتێکى کۆیلەى حیزب و خێڵ و بنەماڵە، خەونى وەرگرتنى دەسەڵات خەونێکى پیرۆزە ئەگەر ئامانج لێى خزمەتکردنى خەڵکى و داداى کۆمەڵایەتى بێت، بەپێچەوانەوە ئەگەر مەبەست لێى بەرژەوەندى خود و ئەسیادەکان بێت پیرۆزیەکەى لەدەست ئەدات و ئەبێتە ئامڕازیک بۆ ئازارو مەینەتى گەلێک وەک ئەوەى لەسێکتەرى تەندروستى کوردستان ئەگوزەرێت.
کاتێک نەخۆشێک گیان لەدەست ئەدات میدیا ناپرۆفشناڵە نەزان و گەمژەکانى کوردستان بیریان دەکەوێتەوە تەندروستى قەیرانى تێپەڕاندوە، ژیان و تەندروستى خەڵکى لەمەترسیدایە، بەبێ باکگراوندێکى زانستى و لۆژیکى ئەیکەنە شیوەن و هات و هاوار، دواجار تاوانبارکردنى پیشەى پزیشکى و پزیشکان، بەڵام بەچاوى خۆیان میللەتێکى تەندروست ساغ بەجەستە و دەروون نەخۆش دەخرێت مێش میوانیان نییە؟.
پرسیارە هەستیارو گرنگەکەى ئێمە بۆ میدیاى کوردى ئەمەیە، لەبرى شیوەن و هات و هاوار و سوکایەتى و تاوانبارکردنى پزیشک و کارمەندى تەندروستى و پیشەى پزیشکى، دەست بخەنە سەر زامەکە بەشێوەیەکى سیستماتکى زانستى، باسى ئاستى دارۆخان و خراپى سیستمى تەندروستى بکەن لەسایەى عەقڵیەتى حیزبى کوردى! باسى مافیاکانى دەرمان و چارەسەرکردنى بکەن ، باسى تێوەگلانى حیزبەکانى کوردستان بکەن لەبەبازرگانیکردن بەتەندروستى هاوڵاتى، باسى لاوازى کۆنترۆڵکردنى خواردن و خواردنەوە و دەرمان بکەن، باسى لاوازى یاسا تەندروستى پزیشکیەکان بکەن کەهەردوک لەپزیشک و نەخۆشى خستۆتە قەیران و دڵەڕاوکێ, وە باسى هۆکارە سەرەکیەکەى داڕوخانى سێکتەرى تەندروستى بکەن و کێى لەپشتەوەیە؟.
بەداخەوە پزیشکانیش وەک لاوازترین جەستە لەبازنەى دەسەڵاتى تەندروستى لەبرى ئاشکراکردنى ڕەوشى خراپى تەندروستى بۆکۆمەڵانى خەڵک و تاوتوێ کردنى بابەتەکەو چارەسەرکردنى بەشێوەیەکى زانستى و پرۆفشناڵ ئەکەونە گێژاوى لێکدانەوەى هەڵەو هەڵوەستەى بێ سوودى نەزۆک .
دوور لەهۆکارە سەرەکیەکە ئەکەونە کاردانەوەى سەیروسەمەرە بەرامبەر بەکۆمەڵگاو نەخۆش نەک بەرامبەر ئەوانەى سیستمى تەندروستی کوردستانیان بەم دۆخە خراپەى ئێستا گەیاند، وەک وازهێنان لەپیشەى پزیشکى، هەڵهاتن و کۆچکردن بەرەو هەندەران و جێهێشتنى نیشتمان یاخود بایکۆتکردنى کارى پزیشکى لەدەزگاتەندروستى و نەخۆشخانەکان و… هتد.
ئەو ڕاستیە لەبیر ئەکەن هۆکارى سەرەکى بۆ داڕوخان و لاوازکردنى سیستم و یاساى تەندروستى کۆیلەکانى حیزبن، ئەو کۆیلانەى سێکتەرى پزیشکى و تەندروستى بەمەزەنەى عەقڵى کۆیلایەتی و بازرگانى خۆیان و ئەسیادەکانیان بەڕێوە ئەبەن، بەداخەوە تا ئەم ساتەوەختە هەرچى یاساى تەندروستى و پزیشکى تۆیە ئەوەندە کاڵ و کرچە بەهیچ شێوەیەک مافى تۆى پزیشک و نەخۆشیش ناپارێزێت، هەردووک لەئێمەى پزیشک و نەخۆشی خستۆتە گێژاویک دژ بەیەک لەبرى بەهێزکردنى متمانە بەیەکتر.
ئەوەى گومانى تیدا نییە سەرکردایەتى سیاسى و دەسەڵاتى حیزبى حیزبەکانى کوردستان بەتاک و کۆ وەک کەسایەتى و کۆمپانیاکان تێوەگلاون لە بازرگانیکردن بەدەرمان و کەرەسەى پزیشکى و تەندروستى، دواجار خراپ کردنى ڕەوشى تەندروستى.
ئەم بەڕێزانە خۆیان بەخاوخێزان بۆ هەڵامەتێکیش ئەچنە دەرەوەى وڵات، پێویستیان بەکەرتى تەندروستى کوردستان نەماوە! لەبیریان چۆتەوە ئەم کەرتە تەندروستیە پێش و پاش ڕاپەڕین چ کاریگەریەکى هەبووە لەخزمەتکردنى خۆیان و حیزب و کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان.
ئەگەر پرسیاریک لەخۆمان بکەین کێن ئەوانەى بەرپرسە باڵاکانى تەندروستى دەستنیشان ئەکەن؟ هەڵبەتە وەڵامەکە بەم شێوەیەى خوارەوەیە:
سەرکردایەتى سیاسى وحیزبى بەهەماهەنگى کۆمپانیا زەبەلاحەکان کاریگەرن لەدانانى کەسایەتى دەسەڵاتدار ببورن کەسایەتى کۆیلە لەکەرتى تەندروستى.
ئامانجى ئەم بەڕێزانە لەدانانى بەرپرسە باڵاکانى تەندروستى باشکردن و پێشخستنى ڕەوشى تەندروستى و خزمەتکردنى کۆمەڵانى خەڵک و دادى کۆمەڵایەتى و پاراستنى ژینگە نییە ! بەڵکو چەند خاڵێکى سەرەکیە:
یەکەم : پاراستنى بازرگانى و بەرژەوەندى کۆمپانیاو دامەزراوە تەندروستى و پزیشکیەکانى خۆیان.
دووەم: ئەکرێت بەشێکى کەم لەداروخانى سێکتەرى تەندروستى ئێمەى پزیشک لێى بەرپرس بین، بەڵام بەرپرسى سەرەکى لەم بارودۆخە خەمساردى سەرکردایەتى کوردو حکومەتە شکستخواردووە یەک لەدواى یەکەکانى کوردستانە، هەربۆیە تاوانبارکردنى کۆى پزیشکان و سامانى مرۆیى تەندروستى بەخراپ کردنى ڕەوشى تەندروستى کوردستان یەکێکە لەهەرە خاڵە گرنگەکانى دانانى بەرپرسى تەندروستی (کۆیلەى تەندروستى) لەپێناو ئەستۆپاکى خۆیان وەک حکومڕان و دەسەڵاتدار.
سێیەم : نەمانى متمانەى خەڵکى بەسێکتەرى تەندروستى و پزیشکە خۆماڵیەکانى کوردستان.
هەڵبەتە بۆگەیشتن بەم ئامانجانە کۆیلەیان دەوێت نەک کەسایەتیەکى پرۆفشناڵ لەزانستى بەڕێوەبردنى تەندروستى و نەخۆشخانەکان “پێشڕوایەتیەکى تەندروستى پرۆفیشناڵ ” ، بە هەموو پێوەرەکان وەبەدرێژایى مێژووى مرۆڤایەتى تاوان بەرامبەر تەندروستى هاوڵاتى هیچى کەمتر نەبووە لەتاوان بەرامبەر ئاسایشى کۆمەڵایەتى و نەتەوەیى.
ئەگەر سەرکردایەتى سیاسى کورد لەبرى کۆیلەکانى حیزب لەئێمەى پزیشک وهاوڵاتى بپرسن: دۆخى تەندروستى کوردستان لەچ ئاستێکدایە؟ دوور لەنیەتى هەڵخەڵەتاندنى سیاسى و حیزبى واقیعى ڕەوشى تەندروستى ئێستاى کوردستانیان بۆ ئەخەینە ڕوو لەگەڵ چارەسەرى زانستى و لۆژیکى سەرەڕاى بەهەدەردانى هیلاکی سامانى مرۆیى تەندروستى و پارەیەکى خەیاڵى لەڕابردوو.
هاوکات کەگەڵ داڕووخان و خراپى بارودۆخى خزمەتگوزارى تەندروستى وپزیشکى کوردستان پزیشکان و کارمەندانى تەندروستى ڕۆژانە سوکایەتیان پێ دەکرێ دەرئەنجامى سیاسەتى شکستخواردوى تەندروستی بەدەستى بەرپرسەتەندروستیەکانى حیزب ” کۆیلە تەندروستیەکانى حیزب ” سەرەڕاى کەمکردنەوەى مووچە.
دۆخى تەندروستى کوردستان لەوپەڕى خراپیدایە، نەک لەلێوارى داروخان نزیک بۆتەوە بەڵکو داڕوخاوە، بەڵێ لەقەیرانێکى گەورەدایە، بەچ لۆژیکێک وەزارەتى تەندروستى لەسەر پێشکەشکردنى ئەم خزمەتگوزاریە هەرەکەم و خراپە 100 ملیار دینارى بازاڕو کۆمپانیامان قەرزدارە !، وەزارەتیک ئەمەندە قەرزداربێت ئەبى چى لەزانستى ئابوورى تەندروستى تێ گەیشتبێت، باجى مەنیج و پورە فاتم دوونەخۆشى نەخوێندەوارى منن زۆر لەمە باشتر وەزارەتى تەندروستى ئەبەن بەڕێوە، ئەمە خۆى لەخۆیدا کارەساتێکى هەرە گەورەیە ! لەکاتێکدا هیچ شتێک لەناو کەرتى تەندروستی میرى دا نەماوە نەکرێت بەپارە، بەجۆریک نرخەکان جیاوازیەکى ئەو تۆیان نییە لەنرخى خزمەتگوزارى پزیشکى تاییبەت.
بیدعەى سیمى پرایڤەیت باشترین نموونەیە لەسەر بەهەدەردانى پارەى هاوڵاتى و حکومەت بێجگە لەپێشێلکردنى دادى کۆمەڵایەتى و کردنى هاوڵاتى بەدوو بەش بەبێ بوونى هیچ جۆرە یاساو ڕێماییەکى تایبەت.
ئەوە دۆخى دەرمان هەرباس ناکرێت سەرەڕاى نەبوونى زۆرێک لەدەرمان لەنەخۆشخانەى میری و بوونى لەبازار بەنرخێکى گران بۆتە بارگرانیەکى قەبە بەسەر هاوڵاتى نەخۆشەوە بەتایبەتى بۆ فەقیرو هەژارو خانەنشین و بەساڵاچوو لەوانەى نەخۆشى درێژخایەنیان هەیە هۆکارەکەشى مافیاکانى دەرمانن.
ئەگەر سەرکردایەتى سیاسى کورد لەئێمەى پزیشک هاوڵاتى بپرسن بەچ شێوەیەک کەرتى تەندروستى لەداڕوخان وقەیران بپارێزین وەڵامەکە زۆر ئاسان وسادەیە.
یەکەم: با وەزیرى تەندروستى و بەرپرسە باڵاکانى سێکتەرى تەندروستى کۆیلە گوێڕایەڵەکانى حیزب نەبن.
دووەم : باوەزیرى تەندروستى وەزیرى تەندروستى هەموو کوردستان بێت نەک وەزیرى زۆنێک یان شارێک واتە گشت پارێزگاکانى هەرێم بەیەک سیستم و یەک شێوازى بەڕێوە ببرێن.
سێ یەم : باچیدى وەزارەتى تەندروستى و بەڕێوەبەرایەتیە گشتى و دام ودەزگا تەندروستى و نەخۆشخانەکان نەکرێنە دەزگار حیزبى ووەک موڵکى حیزب تەماشابکرێن و پڕ بکرێن لەکادیرى حیزبى کۆیلە.
چوارەم: چارەسەرکردنى قەیرانى دەرمان وئامێروپێداویستى پزیشکى ودەرهێنانى لەژێردەستى مافیاحیزبیە بەناو بازرگانەکانى کەرتى تەندروستى بەدانانى کۆمپانیایەکى تێکەڵ %51 سەربەحکومەت و%49تایبەت، کەسایەتی شارەزاى بوارى تەندروستى وگشت هاوڵاتیان لەخۆبگرێت بەبازرگانەکانیشەوە، بەمەرجێک خاوەنى بوجەییەکى زەبەلاح بێت کەبتوانێت بەشێوەیەکى ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ کۆمپانیا سەرچاوەییە نێودەوڵەتیەکان بکات بۆ کەمکردنەوى گەندەڵى دارایى و باشکردنى کوالیتى، بەم شێوازە نرخى دەرمان بەشێوەیەکى بەرچاو دێتەخوارەوە، ڕۆژانە گشت هاوڵاتیان سودمەندئەبن بەتایبەتى نەخۆش.
پێنجەم: پێداچونەوەیەکى جیدى بەسەر یاساوڕێنماییە تەندروستى و پزیشکیەکان بەشێوازێک لەخزمەت نەخۆش و سامانى مرۆیى پزیسشکیەکەدا بێت.
شەشەم : پێویستە وەزیرى تەندروستى کاربۆتاکزەکردنەوەى بەشێک بکات لەوەزارەت بەناوى سیاسەتى تەندروستى وەک گشت وەزارەتە تەندوستیەکانى ترى جیهان بەمەرجێک پسپۆرانى سسیاسەتى تەندروستى و بەڕێوەبردنى پزیشکى و تەندروستى لەخۆبگرێت بۆ وێناکردنى سیاسەتى وەزارت بەشێوەیەکى زانستى و ڕاستەوخۆپەیوەندى بەمەکتەبى جەنابى وەزیرەوە ببێت.
حەوتەم: وەزیرى تەندروستى داهاتوو ئەبێت ئەو ڕاستیە بزانێت، کەرتى تەندروستى گشتى (حکومى) بەتەنیا دوور لەکەرتى تایبەت ناتوانێت سێکتەرى تەندروستى بەشێوەیەکى مۆدیرن وباش بەڕێوەببات، بەربەرەکانى هیچ لایەکیان نەکات و هیچ لایەک پێش ئەویدیکە نەخات، لەڕاستیدا ئەو دووکەرتە تەواوکەرى یەکن بۆیە پێویستە مامەڵەکردنى نێوانیان بەیاسایەک ڕێکبخرێت بەرژەوەندى نەخۆش و هاوڵاتى بگرێتەخۆى، ئەبێ وەزارەتى تەندروستى بەپرسبێت لەهەردوو کەرتەکە، ڕێنمایى تایبەت دەربکات لە ڕێى پەرلەمان بەو پزیشکانەى لەدەروەى کوردستان دێن کارى پزیشکى دەکەن و باجیان لێوەربگرێت وەک پزیشکەکانى هەرێمى کوردستان.
هەشتەم: پێویستە وەزیرى تەندروستى کاربۆ دۆزینەوەى داهاتى دارایى تربکات بێجگە لەبوودجەى دانراوى حکومەت کەبەهیچ پێوەرێک خزمەتى هاوڵاتیان ناکات بەمەرجێک ئەو داهاتە بەشێوەیەکى ڕەسمى بچێتە سەربووجەى وەزارەت و بەشەفافى لەسایتى وەزارەت بڵاوبکرێتەوە، لەوانە گەڕاندنەوەى باجى ئەو بازرگانیانەى زیان بەتەندروستى هاوڵاتی و ژینگە دەگەیەنن بۆسەروەزارەتى تەندروستى.
نۆیەم: کارکردن بۆ دانانى ئەنجومەنێکی پزیشکى سەربەخۆ، نەسەر بەوەزارەتى تەندروستى و نەسەر بەسەندیکاى پزیشکان بێت، بەرپرسبێت لەتۆمارکردنى پزیشک و کارمەندانى تەندروستى وکارکردنیان لەهەردوو کەرتى تەندروستى تاییبەت و گشتى بۆ لێپرسینەوە و نەهێشتن و کەمکردنەوەى خراپ بەکارهێنانى پیشەى پزیشکى و هەڵەى پزیشکى دوور لەبنەما پزیشکى و تەندروستیەکان و بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى.
دەیەم: دانانى پێناسەى کار لەڕێگاى ئەم ئەنجومەنە بەهاوکارى وەزارەتى تەندروستى و سەندیکاى پزیشکان و کارمەندان و لایەنە یاسایى و دامەزراوە تەندروستیەکان.
یانزەیەم: وەزارەتى تەندروستى گرنگی بدات پێشخستن و برەودان بەخزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و دایبینکردنى پزیشکى خێزانى لەگشت ناوچەکانى کوردستان و پیشکەشکردنى خزمەتگوزارییە کتوپرەکان لەگشت بەشەپزیشکیە جیاوازەکان چونکە خراپى ئەم خزمەتگوزارییە کارئەکاتە سەرژیان و ئاستى کەمئەندامى هاوڵاتى لەدەستدانى سامانى مرۆیى وڵات.
دوانزەیەم: هەوڵدان بۆدانانى سیستمێکى دڵنیایى تەندروستى گونجاو لەخزمەت خەڵکانى حکومەتى هەرێم بێت.
سیانزەیەم: بەرزکردنەوەى ئاستى هۆشیارى تەندروستى هاوڵاتى لەڕێگاى میدیاکان و دانانى پرۆگرامى گونجاو لەگشت باخچەى منداڵان و قوتابخانەکان بەهەمەئاهەنگى لەگەڵ وەزارەتى پەروەردە وخوێندنى باڵا. ئەمە بێجگەلە گۆڕنکارى ووردتر پێویست ناکات لێرەدا باسبکرێت.
بەلاى خەڵکیەوە گرنگ نییە کێ دەسەڵات ئەگرێتەدەست بەمەرجیک ئەو لەویەتى کارکردنى پیرۆزکردن و پاراستنى ژیان و ژین و ژینگە بێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت