دکتۆرکەمال میراودەلی: دوا هـــــــاوار.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

قوماری یان تۆزی زیاتر بەدەستدێنین، یان هەمووی دەدۆڕێنین!
زەمانێک کەس نەبوو باسمان بکات.
نازانم مام جەلال بوو یان کاک مەسعود جارێک وتی: کە تەنانەت لە کاتێکدا کورد ئەنفال دەکرا، کە دەهاتنە لەندەن بۆ هاوارهێنان، زۆرترین شت ئەوەبوو کە لە گازینۆیەک فەرمانبەرێکی وەزاراەتی دەرەوە بە دزیی بیان بینێ.
ئێستا هەموو دنیا دێ بۆ هەولێر.
ئەو زەلامانە وا دەزانن پیاوەتیی و ئازایەتیی خۆیانە.
ئاخر لە کەلتووری خۆم و خێل و پارتەکەم دا نە بیرەوەری نرخی هەیە، نە مێژوو، نە عەقڵ و عیبرەت.
هەر ئەو زەمانە دەوترا کورد دۆستی نییە چیاکانی نەبێ!
ئەوە دنیا دێ دەڵێ: ئێمە دۆستتانین، بەڵام ئێوە سایکۆلۆجییەتی شاخ و خێڵتان بەر نەداوە. ئێستاش هەر بەو عەقڵەوە ئیش دەکەن، کە تەنیا شاخ دۆستتانەو ئەوەتا بۆ پێشەوە ڕادەکەن بۆ لوتکەی شاخ و خۆتان هەڵدەدێرن!!
ئێمە لێرەین تا پێتان بڵێین دۆستتان زۆرن، بۆیە ماون و پیاون،
دۆستان لە خۆتان مەکەن.
بزانن كێ لە دەورتانە و چییان دەوێ بۆتان:
دوای حەفتەیەک، دوو ، ڕەنگە هەموو شتێ لە بواردا ڕوون بێتەوە
بەڵام میقاتی کات بۆ دوواوە ناگەڕێتەوە.
ئەوەی لە 1991 ەوە بنیاتتان ناوە دەیکەن بە قومار!
یان گریمانی باش!
کارەکەتان سەر دەگرێ و ئەمە ئەنجامەکەی دەبێت:
گەر ڕیفراندۆمتان کرد و بەڵی بوو: بە شەوڕۆژێک سەربەخۆ نابن و بە حەفتەیەک و دوو حەفتە دەوڵەتی خاوەن سنوور و سەروەرییتان بۆ دروست نابێت.
هیچ شتێک ناگۆڕێت.. چەپلەو هاواری بۆش نەبێت.
دەبی لە سفرەوە، لە سەرەوە دەست بەگفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ عێراق بکەنەوە. [گەر ڕازی بێت!]
بەڵام بە پێچەوانەی ئەوەی بیری لێ دەکەنەوە، لە شوێنگەیەکی زۆر لاوازترەوە لەگەڵ بەغدا دادەنیشن :
1- چونکە ئێوە دژی ئەو دەستوورە کارتان کرد، کە فیدراڵی پێداون و عێراق بۆی هەیە لە هەموو ئیلتیزاماتەکانی بەرامبەرتان دەرچێت لە ناو حکومەتی عێراق و لە دەسەڵاتەکانی هەرێمیش.
2- بە قسەی دۆستەکانتان نەکردو دنیاتان ڕەنجاند و کەس ئیعتیراف بە هیچ ئەنجامێک ناکات
3- شوڤێنییەتی عەرەب و تورک و فارستان ژیاندەوەو کردتاننەوە بە دوژمنی خۆتان
بەڵام خەتەرتر گریمانی دوومە! کە هەر هەموو شتێک بدۆڕێنن.
کە پرۆسە ناعەقلانیی و نادەستووریی و نا یاسایی و بەرەڵاییەکەتان وا بکات، دۆستەکانتان حەیران بن و نەتوانن هیچ بەرامبەر عێراق، تورکیا، ئێران، بە تەنیا یان بە یەکەوە بکەن کە زەبرێکی کوشندەتان ڵی بدەن.
ئەوسا دادی نادات بگەرێنەوە بۆ فۆلکلۆرەکەتان:
خۆم بەخۆمم کرد بەرد بارانم کەن.
چونکە بەشی بەردەبارانتان پێوە نامێنێت
مەگەر لە گۆڕەوە نووزەی هەردی بێت کە دەلێت:
بە دەستی خۆت کە جامت خستە سەر لێوت غەشیمانە
ئەگەر ژەهریشی تێدا بێت دەبێ بینۆشی بیزانە.
دڵ و گیانم لای هەمووتانە، لای کوردستانە.
هۆشتان بێتەوە بەر، بە دوای عاتیفە مەکەون. ئەوەی هەمانە نرخی بزانن، کاتی ئەوەیە بە ئاشتیی و دانوستاندن بە هاوکاری دۆستانمان لە دنیادا بیپارێزین و زیادی بکەین و ئەو رەنج و قوربانییە بۆ پێشخستنی خەباتی بەشەکانی تری کوردستان لە ڕۆژاوا، ڕۆژەلات، باکوور کە هەر هیچ مافێکیان نییە بەکار بێنین.
با بۆ ڕۆژێک وەک نەتەوە بیر بکەینەوە، نەک وەک خێڵ بە عەقڵ. نەک عاتیفە
بە ڕاستگۆیی و خەمخواریی بۆ گەل، نەک هەڵخەڵەتاندن و کردنی بە قوربانیی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت