دکتۆرکەمال میراودەلی: فەلسەفەی من. بەشی دووەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پرۆژە
بەلام ئەمە چەڵەمەی من چارەسەر ناکات.
دەبێ بە جۆرێک لە جۆرەکان بێم و بکارم پێناسەی پرۆژەکەم بکەم.
دەبێ لە سەرەتاوە پێتان بڵێم: مەبەستم لە فەلسەفە چییە؟، مەبەستم لە من چییە، و : فەلسەفەی ئەز چ دەگەیەنێت بەرەەو چ گەشتێکمان دەبات؟.
بۆ ئەوەی گومڕا نەبم، گومڕایی نەکەم، دەبێ ئامۆژگارییە سۆکراتییەکە لە ئەستۆ بگرم،
دەبێ هەوڵ دەم ئەوەندەی بتوانم وردو وردەکار بم، نزیکتر بم لە دەربڕینی مانای خواستراو، مەبەستی باسکراو.
دەبێ ئەوە رەچاو بکەم کە وەڵامەکان ڕوون نابن، پرسیاریی ئاڵۆزتر دروست دەکەن، پرسی زیاتر وەڵامی پتریان دەوێ و بێ کۆتایی، بێ سنوور، بێ وەستان.
دەبێ هەر بە وشەش دەستەویەخەی ئەو کێشانە بم، کە وشە دروستیان دەکات.
دەبێ هەر بە وشە ئەو چەکوشە دروست بکەم، کە گوێزی ساغی بیرە ئالۆزەکان دەشکێنێت، تویکڵەکان فرێ دەداو و کاکڵەکان بە ساغی دەردینێت.
لە کاتێکدا لە سنوورداریی و لە یەک کاتدا سنوورنەزانیی وشە بەڵەدم، دەزانم کە وشەش خۆی تووش دەبێت، لەگەڵ دراوسێدا دەیکاتە دەمەقاڵ، لەگەل خەیاڵدا دەیداتە باڵ، لەگەڵ عەقڵدا دەچێ بۆ مەحاڵ.
لەولاشەوە، هەر خۆشی، وەک خۆی، لەگەڵ ئەو هەموو دەنگ و درامایەشدا، لە سەر لاپەڕەی کاغەز بە وشکی دەمێنیتەوە تا چاوێکی زیرەک دەیخوێنێتەوەو دڵێکی میهرەبان لە ئامێزی دەگرێ.
لە دەرەوە بە هەتیویی دەمێنێتەوە، تا شاعیرێک یان رۆماننووسێک پەناگەیەکی دەداتێ.
گەر زانایەک بەزەیی نەنوێنێ و دەزگایەک خەمخۆریی نەکا بیانخاتە ناو دوو بەرگی فەرهەنگێکەوە، رەنگە زۆر وشە تووشی خەزان بن، بوەرن و کەس نەیانبینـێ و شینیان بۆ نەکا، بە تایبەتی کە وشەی زمانێكی هەتیوو بێ خاوەن بن.
دەزانم ، کە وشەش ژیانی ناوخۆیی و دەرەوەیی هەیە.
ژیانێک کە من لە کاتێکی دیاریکراودا بە نیوەچڵی دەیجووڵێنم و، یەکێکێش لە دەرەوەی دەسەلاتی من و لە دەرەوەی چییەتی رەوش و ئاراگەی (فەزای)ی بوونی خۆیدایە.
دەزانم وشەش لەگەڵ دەسەڵات و بە دەسەڵات دەژیی و خزمەتی دەسەڵات دەکات.
وشە دڵداری دەکات، خیانەت دەکات، درۆ دەکات، دەجەنگێ، زیندانی دەکرێ، دەکوژرێ، لە سێدارە دەدرێت.
دەزانم کارخانەی تایبەتی ساختەکردنی وشە شەوو ڕۆژ لە کار دایە.
دەزانم کە وشەش گۆڕستانی نەناسراوی هەیە: زمان مڵكی نەتەوەیە، کە نەتەوەیەک پشت دەکاتە زمانەکەی، وردە وردە زمان دەبێتە گۆڕستانی بێدەنگیی خۆی، گەلای زەردی وشەکان لە خەزانێکی نەبینراوو بێ رۆمانس و شیوەندا، لە دۆڵی قووڵی لە بیرچوونەوەدا هەڵدەوەرن.
ئەم وشانەش دەشێ ئەمە چارەنووسیان بێت.
بەلام دەبێ بنووسم، دەبێ کتێبی فەلسەفەی من، هەر چییەکی لێ دەرچێ، بنووسم.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت