دکتۆر ئەحمەد خەليل : كورد ئاوەهان ـ بنەچەيەكی بەهێزی بەسام و نەتەوەيەكی زۆر نەبەرد و بوێر .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەرگێڕانی بە دەسکارييەوە/ ئەسعەد قەرەداخـی

پەندێكی كوردی هەيە دەفەرموێت : گيا لەسەر بنجی خۆی دەڕوێتەوە .
ئەم پەندە بۆ ئەو پەری يە سنگــشێر و پێشمەرگە نەترسانە لە خانمان و جۆمەردانی كورد وتراوە كە زۆر سەرسەختانە و نەبەردانە لە مەيدانی جەنگێكی سەپێنراودا زۆر بە توندی و پتەوی لەسەر ڕەگی زۆرناخی هەرگيز لەبن نەهاتووياندا بەڕووی دڕندەترين و نەگريزترين و خوينڕێژترين و کەللـەپووچترين داگيرکەر ڕادەوەستاون.
مێژووی پڕ سەروەريمان گەواهی ئەوە دەدات كە لەگەڵ ئەو هەموو پەلامارە ناڕەوا و شاڵاوە لەناوبردنانەی بەسەرمان هاتووەو تاكو ئێستايش بەسەرماندا دەبارێت، ڕەگەژۆی ڕەسەنايەتيمان ئەوەندە قووڵ و پتەوە كە زۆر نەبەردانە و جوامێرانە بەڕووی ئەو نەهامەتييانەدا خۆراگربين خۆمان ڕزگاربكەين. ئەم ڕاستييە وەنەبێت هەر هووشە و زێدەڕەوی بێت و لەخۆمانەوەڕا دەرچووبێت، بەڵكو مێژوونووسانی دوژمنان و دۆستان ئاماژەيان بەو ڕاستييە داوە .
بەر لە چوار هەزار ساڵ، پاشای ئاکادی نيرام سين، باوانە ميدييەكانمانی ناوازكردبوو بە ئوممان ماندە Umman mande واتە هێزی بەسام. ئەم گوزارەيەيان لە تاتەنووسەكانياندا بە ڕوونی تۆماركراوە. پاشا ئاشوورييەكان كە ناسرابوون بە هێزێكی سەرسەختی نەبەز، هيج هێزێكی ئەو سەردەمە خۆی ڕانەدەگرت لە ڕووياندا. بۆ چەندين جار هەڵمەتيان دەبردە سەر ناوچە ميدييەكان(كوردستانی ئێستا)، بەڵام لە بڕستيان نەدەهاتن، بۆيە ناچاربوون دان بە ئازايەتياندا بنێن و ئەو ناوەيان لێـــبنێن .
بەر لە چواردە سەتە، يەكێك لە يارانی بەناوبانگی ئيسلام ئەبو هورەيرە(أبو هُرَيْرة)، وای لەسەر كورد وتووە: كورد قەومێكن، خودا بە نەبەرد و جەربەزە وەسفی كردوون. ڕاڤەكردنی ئايەتی/ سوورەتی فەتح كە دەفەرموێت” قُلْ لِّلْمُخَلَّفِينَ مِنَ الأَعْرَابِ سَتُدْعَوْنَ إِلَى قَوْمٍ أُوْلِي بَأْسٍ شَدِيدٍ تُقَاتِلُونَهُمْ أَوْ يُسْلِمُونَ” بە پاشەكشە ئيعرابی/يەكان بڵێ : بانگدەكرێن بۆ قەومێكی تەواو گەڕناس و توند، لەگەڵيان دێنە شەڕ يان موسەڵماندەبن .
ئيبن ئەبو حاتم لە ڕاڤەکەيدا دەڵێت : لە ئەبی هورەيرە بيستراوە كە لێكدانەوەی (أُولِي بَأْسٍ شَدِيدٍ) ئاماژەيە بۆ شاخاوييەكان (واتە كوردەكان) .
هەندێكی ديكەيش لە ڕاڤەوانان لە نووسينەکانياندا هەمان لێكدانەوەيان بۆ كردووە، لەوانەيش (تفسير ابن كَثِير، ج 4، ص 190)، وتفسير (الدُّرّ المَنْثور، ج 26، ص 519) للسُّيوطي، وتفسير (فَتْح القَدير، ج 5،ص 69) للشُّوكاني، و تفسير (روح المعاني،ج 25،ص 102 – 103) للآلُوسي .
بەر لە شەش سەتە ، زانا و گيوەری بەناوبانگ ئيبنول حەجەر ی عەسقەلانی وتوويەتی:” كوردی سەربە كورد، ناسراوە بە بوێر و نەبەز .
بەر لە سەتە و نيوێك ، زانا شِهاب الدين الآلُوسي خاوەنی کتێبی “روح المعاني للقرآن” دەڵێت:” بە تێكڕا كوردان ناسراون بە نەبەردی “.
لە چەرخی نوێدا ، گەريدەی ئەرمەنی ئابوڤيان دەڵێت:
دەتوانين بە هەموو مانايەك بە كورد بڵێين كە بەڕاستی سواراچاكی خۆرەڵاتن .
گەريدەی ڕووسی باسيلی نيكيتين كوردی بە كاردوا ناویبردووە كە بەمانای ميللەتی پاڵەوان دێت .
هەروەها دەڵێت: كورد جەنگاوەرێكی سەرسەختە، ئامادەی خۆبەختی بەرزە لەپێناوی هەموو، شانازە بە ڕەسەن و بنەچە و ڕابووردووی پڕ لە خەباتی، شۆرەسوارێکی ئازايە، بايەخ بە پۆشاكی ڕەنگينی دەدات، شەيدای چەكەكەيەتی .
لە سەرەتاكانی سەتەی بيستەم، گەريدەی ئەرمەنی ئارشاك سافراستيان، دەبێتە ميوانی مستۆ ئەحمەد ئاغا كە يەكێك بووە لە سەرۆكی خێڵە يەكگرتووەكانی كورد لە ناوچەی بۆتان.
لە شەڕێكیدا كە لە تەکيادابوو ، مستۆ ئاغا وا بە ئارشاك دەڵێت:
بڕوانە، ئەم شۆڕەسوارە بە هەڵپانە، هيچ ترس و زۆرلێكردنێك نازانن .
بڕوانە، ئەمانە ئەوەندە بەگوژمن بەسەر چيادا، كەس لەبەرياندا خۆی ناگرێت . بە يارمەتی خوا و ئەم پياوانە دەتوانين رووبەڕووی جيهانيش ببينەوە.
هيچ نەتەوەيەك نييە بتوانێت تاسەر بەرهەڵستيمان بكات .
بەڵی، ئێمەی كورد ئاوەهاين، بنجی بنەچەمان دەگەرێتەوە هەزاران ساڵ.
لەو بنە پتەوەمان، ئەو خانمە سنگـــشێرانە، ئەو جوامێرە نەبەردانەی لێكەوتۆتەوە كە لە خۆرەڵات،
خۆراوا، باكوور و باشوور، ڕووبەرووی شاڵاوی ناهەموار دەبنەوە
ئەو بنجەمان درەختێكی پتەوەی بەژن هەڵچووی وا ڕێكوپێکی بەردارە، كە هەميشە ڕۆڵەی جەربەزە و
نەبەز و بوێرێ وای لێـــدەكەوێتەوە كە سڵ لە هێج نەكاتەوە.
با ئەو ناحەز و دوژمنانەيش باش بزانن كە:
ئێمە …. لێكەوتەی ئەو ئوممان ماندە (هێزی بەسام ) زۆر دێرينەين.
نەوەی ڕەسەن و بەئەمەكی نەتەوەيەكی گەڕناس و جەربەزەين.
مێژووی دێرينمان پاڵهێزێكی بەرەنگارە بە ڕووی هەموو داگيرکەرێكی زۆرداردا .
تا ئێستا لە مێژوو و ديرۆكی ڕاستەقينەی هێچ ميللەتێكدا نەبووە كە کێژانيان شان بەشانی لاوە
نەبەزەكانيان سينەيان بكەنە قەڵغان بۆ هەڵمەت بردن بۆسەر داگيركەران
بۆيە تاكو ئێستا هيچ داگيرکەرێك و شاڵاوبەرێك نەیتوانيوە و ناتيشتوانێت لە بەرابەر زەبر لێدانماندا بۆ
ماوەيەكی درێژ خۆی ڕابگرێت .
ئێستاكە، لەم بارودۆخەی لەبارەی كە بۆمان هاتۆتە پێشەوە بۆ گێڕانەوەی سەروەرێمان، پێويستمان سەرکردايەتييەكی يەکگرتووی دڵسۆز و لەخۆبوورد هەيە، تاكو لێوەيڕا بتوانين پڕۆژەيەكی گشتگيری بۆ كوردستانێكی ئازاد بنيادبنێين.

چەندە ڕێگەمان سەخت و گران بێت چەندە دوژمنيش هێز و توانای بێت
چەند بارودۆخيش لەنگ، ناپۆڕ بێت دەبێت كوردستان هەر ڕزگاری بێت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت