دکتۆر حامید تاهیر: پێگەى ئافرەت لاى ئیبن عەرەبی. بەشى دووەم.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نوسەر توێژەر و نوسەرى میسرى. وەرگێڕانى لە عەرەبیەوە: عەدنان ئەمین.

هاوسەرى ئیبن عەرەبی
ناوى (مریەم کچى محەمەد کچى عەبدونى ئەلبەجانى)ە. پێدەچێت ئافرەتێکى چاک بوبێت. دوو منداڵى لە ئیبن عەرەبی بووە، کچێکى بووە بەناوى (زەینەب)، بەڵام هەر بە منداڵى مردووە. هاوسەرەکەى هاوکارێکى باشى ئیبن عەرەبى بووە بۆ پێگەیاندنى خۆى و تەرخانکردنى تەمەنى بۆ بیرى سۆفیگەرى، وەک چۆن ژینگەیەکى وا بۆ ڕێکەوت کە بتوانێت بنوسێت و بەرهەمى گەورە و دانسقە لەبوارى سۆفیگەرى ئیسلامیدا پەخش بکات. هەر لە ماوەى ژیانیدا هاوسەرەکەى مردووە.
ئیبن عەرەبى باسى دەکات کە یەکێک بووە بەندە ڕاستەکانى خودا. لەوانە بووە کە قاڵ بونەتەوە لە ڕێگەى سۆفیگەریدا و بەڕێگەى خەو بینین. هەواڵى بە ئیبن عەرەبی داوە کە کەسێک لەخەویدا پەیمان و بەڵێنى لێ وەرگرتووە و هەندێک زانیارى پێداوە. ئیبن عەرەبیش بە هاوسەرەکەى وت: ئایا تەریقەتت مەبەستە ؟ وتى: بەڵێ سوێند بەخوا تەریقەتم مەبەستە، بەڵام نازانم بە چ شێوەیەک. ئیبن عەرەبیش دەڵێت: دەبێت بە پێنج ڕێگە بێت کە(پشت بەستن- توکل- و یەقین و ڕاستگۆیی و لێبڕان و ئارمگرتن)ە. ئیبن عەرەبى ئەمەى بە دروستى و ڕاستى پێوت و وتى: ئەمەیە ڕێباوەڕى ئەهلى سۆفیگەرى.
ئیبن عەرەبی باسى لەوە کردووە کە هاوسەرى یەکێک بووە لەوانەى کە گەیشتۆتە پایە-مقام- ى بینینى جن، بۆى باسکردووە و یەکێکى بەچاوى بینیوە و، شێوە و سیفاتى بۆ باسکردووە. ئیبن عەرەبیش زانیویەتى کە لە ئەهلى ئەو پایەیە و پێى گەیشتووە. بەڵام هەندێک حاڵەتى باس کردووە کە نیشانەى ئەوەیە کە تیایدا کەم توانا و لاواز بووە، لەگەڵ ئەوەى کە گەیشتووە بەم پایە.
ئەوەى گرنگ بێت ئەوەیە کە ئاماژە بەوە بدەین ئیبن عەرەبی پاش ئەوەى لە سۆفیگەریدا قاڵ بویەوە، هەڵوێستى گۆڕا. پێشتر خۆى دەپاراست لە تێکەڵى ئافرەت بەهۆى ئامۆژگاریەکانى مامۆستاکەى(المغاورى) کە لە یەکێک لە خوێنکارەکانى بیستبوو. کە ئامۆژگارى خوێندکارەکانى کردبوو کە تێکەڵى و هاوسەرگیرى لەگەڵ ئافرەتان نەکەن. بەڵام دواتر بە ڕەچاوکردنى سوننەتى پێغەمبەر کە ڕێگەى داوە بە تێکەڵاوى لەگەڵ ئافرەتان و مافیان پێشێل نەکرێت، وە هاوسەگیرى لەگەڵ کردنیان، ئیدى وەریگرت و ڕاى گۆڕا.
ئیبن عەرەبى دەڵێت:”یەکێک بووم لەو کەسانەى کە زۆر ڕقم لە ئافرەتان دەبویەوە، لەسەرەتاى هاتنە ناوەم بۆناو ئەم ڕێگەیە-سۆفیگەرى- لەسەر ئەم ڕایە مامەوە بۆ ماوەى هەژدە ساڵ، تاوەکو ئەم پایەم بینى و ترس و بیم لەم پایە لەلام دروست بوو”.

کچەکەى
ئیبن عەرەبى باس لە (زەینەب)ى کچى دەکات کاتێک باس لەو منداڵانە دەکات کە لەکاتى منداڵیدا قسەیان کردووە. دەڵێت:” کەرامەتێک لە مەقامى عیساییدا، دەڵێم:ئەوەى شاینى وتن بێت کچەکەم زەینەب پرسیارم لێکرد و وەڵامى دامەوە. ئەوکاتە لە تەمەنى شیرەخۆریدا بوو. تەمەنى لەوکاتەدا نزیکەى ساڵێک بوو. لەبەرچاوى دایکى و باپیرى لێم پرسى: کچەکەم! چ دەڵێى لەبارەى پیاوێکەوە کە لەگەڵ هاوسەریدا بخەوێت و دانەنیشێت ؟. وتى: پێویستە لەسەرى خۆى بشوات. ئامادەبوان بەم سەرسام بوون!.
هەر لەوساڵەدا ئەو کچەم جێهێشت، لاى دایکى جێم هێشت و لێى دورکەوتمەوە. مۆڵەتم لەدایکى وەرگرت بۆ حەجى ئەو ساڵە. بەسەر عێراقدا دەڕۆِیشتین بەرەو مەککە. کاتێک بەو ڕێگەدا گەڕاینەوە. کۆمەڵێک لە ئێمە پێشکەوتن و داوام کرد کە لە کاروانى شامیەکاندا خێزانەکەم بدۆزمەوە، ئەوەبوو بینیمى و لەباوەشى دایکیدا شیرى دەخوارد، وتى دایکە، ئەوە باوکم هات !. دایکەکەش سەیرى کردم و منى لەدورەوە بینى دەڕۆیشتم بەرەو لایان. وتى: ئەوە باوکمە، ئەوە باوکمە…. خاڵى بانگى کردم و پێى گەیشتم. کاتێک منداڵەکە منى بینى پێکەنى و خۆى خستە سەرما و بەرەو لام هەوڵى دەدا و ، دەیوت: باوکە، باوکە !.
خۆ ئەگەر ئەم کەرامەتە لەبەرچاو نەگرین کە (خارق العادە) بووە، ئەوا ئەم چیرۆکە دیوێکى دیکەمان نیشان دەدات ئەویش هۆگربونى ئیبن عەرەبیە بە منداڵە بچوکەکەیەوە، هەروەها پەیوەست بوونى پێوەى لەوکاتەى کە زۆر خۆشحاڵ بووە پێى و بە بینینى. ئەوەش شتێکى ئاسایی نیە، تەنها لەوەوە نەبێت کە زیادە بەدەر خۆشى ویستووە و پەیوەندى توند و سۆزدارى لەگەڵدا هەبووە.

مامۆستاکەى
گومانى تێدا نیە کە ئیبن عەرەبی وەکو زۆرێک لە زانایان و بیرمەندانى ئیسلام باسى لەو ئافرەتانە کردووە کە زانست و ڕەوشت و تەریقەتى لێوەرگرتووە، لەکاتى بڕینى ڕێڕەوى درێژى سۆفیگەریەکەیدا.
لە مامۆستا گرنگ و سەرەتاییەکانى: (فاتیمەى کچى موسەننا)یە، کە پێى وتراوە(نونە). ئیبن عەرەبى لەبارەیەوە وتویەتى: یەکێک بووە لە تێکۆشەران- مجتهدات- نە لە پیاوان و نە لە ئافرەتانیشدا نەمدیوە کەس هێندەى ئەو خۆپارێز و تێکۆشەر بوبیت-وارع و جاهدە- هیچ پلە و پێگەیەکم باس نەکردووە تاوەکو ئەو لەو حاڵەدا نەبوبێت. خاوەن ڕۆشنایی و کەشف بووە.
لەسەرەتاى تەمەنیدا بووە کە گەڕاوەتەوە بۆلاى خودا و منداڵ بووە لەماڵى باوکیدا بووە، کاتێک من گەیشتمە خزمەتى تەمەنى نەوەد و شەش ساڵ بوو. ڕێگەم بەخۆم دەدا کە لە جوانى سلوک و نیعمەتى بڕوانم!.
هاوسەرگیرى لەگەڵ پیاوێکى چاکەکاردا کردووە، هەرزوو ئەم پیاوە دوچارى نەخۆشی پێست بووە و، ئەم ئافرەتەیش بۆ ماوەى بیست و چوار ساڵ خزمەتى کردووە و زۆریش دڵخۆش بووە بەم خزمەتکردنەى تاوەکو کۆچى دوایی کردووە.
لە پشت بەستنى بە خودا دەستێکى باڵاى هەبووە. لەسەرەتادا کارى خورى کردووە و بەوە ژیاوە. ڕۆژێک وا خەیالًى کرد کە بە خورى ڕێسان دەژى، تاوەکو خودا پەنجەکانى لێسەندەوە کە خورى پێ دەڕێسا. من دەستیم بینى کە وایە و پرسیارم لێکرد کە بۆ وایە، ئەویش ئەوەى بۆباسکردم کە وتم. ژیانى لەسەر ئەو خواردنە بوو کە خەڵک فڕێیان دەدا لەپشت ماڵەکانیانەوە.
ئەگەر برسى بوایە هیچى پێوە دەرنەدەکەوت، ئەگەر ڕزقیشى کەمبوایە پێى دڵخۆش دەبوو، سوپاسى خوداى دەکرد لەسەر ئەو نیعمەتانە. خوداش هەمان مامەڵەى لەگەڵ دەکرد کە لەگەڵ پێغەمبەران و خۆشەویستانى دەیکرد، خۆى دەیوت:”چۆن ئەم پایە گەورەیەى من وەردەگرى کە لەکاتێکا وام لەگەڵ دەکەیت کە لەگەڵ خۆشەویستانتى دەکەیت !”.
ماڵێکم بۆ دروست کرد و تیایدا پەرستشى دەکرد، بەڵام لە یەکێک لە شەوەکاندا سوتەمەنى چراکە تەواو بوو، بەڵام هیچ کات چراى لێ نەدەبڕا !. منیش هیچکات نهێنى ئەمەم نەزانى. هەستایەوە دەرگاکە بکاتەوە داوایکرد کە سوتەمەنى چراکەى بۆ ببەم، بەڵام دەستى نوقمبوو لە تەڕى ئەو شلەى کە لە ژێریدا بوو. بۆنم کرد بۆ ئەوەى بزانم سوتەمەنى تیایە، گۆزەکەم هێنا و پڕم کرد لە سوتەمەنى، کاتێک گۆزەکە پڕبوو، چراکە داگیرسایەوە. هات و سەرى جێگەى سوتەمەنیەکە بکات، هیچ نیشانەیەکى نەبینى، زانیم ئەم ڕزقێکە کە خودا داویەتێ.
کۆمەڵێک لە جنۆکە باوەڕدارەکان هاتن و لەکۆڕیدا دانیشتن، حەزیان بە هاوەڵێتى دەکرد، ئەویش پرسیارى شتێکى لێدەکردن کە لێى شاراوە بوایە. ئەو گێڕانەوەى پێغەمبەرى خوداى بیر خۆى دەهێنایەوە کە شەوێک جنیەکى بینى و فەرمووى:”بیرى بانگەوازى سولەیمانى برام کەوتمەوە و ناردم”.
ئیبن عەرەبى ئاماژە بەوە دەدات کە ئەم مامۆستایەى زۆر کاریگەرى لەسەر داناوە و کاریگەریشى لەسەر ئەوە داناوە کە دەرسى لا خوێندووە و خوێندکارى بووە. لەبارەى ئیبن عەرەبیەوە وتویەتى:”شێوە و وێنەى ئیبن عەرەبیم نەدیوە، ئەگەر بهاتایە بۆلام بە هەموو بونیەوە دەهات، هیچى لەمنیش جێ نەدەما. ئەگەر لام بڕۆشتایە بەهەموو بونیەوە دەڕۆشت. لەلام هیچى جێ نەدەما”.
ئیبن عەرەبیش لەبارەیەوە دەڵێت:” دەفى لێدەدا و دڵخۆش دەبوو. منیش لەوبارەوە لێم دەپرسى، پێى دەوتم: من خۆشحاڵم بەوەى گرنگیم پێدەدا، کردومیە یەکێک لە دۆستەکانى و هەڵیبژاردووم بۆخۆى. من کێم تاوەکو ئەم گەورەیە هەڵمبژێرێت لەناو ڕەگەزەکانى خۆمدا ؟!”.
گەورەییە کە لاى هاوەڵان باسیدەکەم ئیرەییم پێدەبەن. خووم بە هیچ شتێک نەداوە و پشتم پێ نەبەستووە لە نەزانیدا، ئیللا بەڵایەکى دوچار کردووم بەو شتەى کە پشتم پێ بەستووە.
پێى دەوتم: من دایکى ئیلاهى تۆم و دایکت- نور- خاکییە. ئەگەر دایکم سەردانى بکردایە پێى دەوت: نور، ئەمە کوڕمە و، باوکتە”.
ئیبن عەرەبى دەڵێت:” بەخۆم خزمەتم دەکرد و خانویەکم بە دار بۆ دروستکرد هێندەى بەرزى باڵاى. تیایدا بوو هەتاوەکو مرد”.
مامۆستایەکى ئافرەتى دیکەى ئیبن عەرەبی، (شەمس)ە، دایکى هەژاران، ئیبن عەرەبی لەبارەیەوە دەڵێت:” هیچ پیاوێکم نەدیوە هێندەى ئەو تواناى بوبێت لەسەر پەرستش، لە گەورە تێکۆشەران بووە- من اکابر مجتهدات-. توانا و دەسەڵاتى بەسەر وەهمیدا هەبووە. زۆر پەیوەست بووە بە ڕۆژوەوە لەگەڵ زۆرى تەمەنیشیدا. کاتێک بە خزمەتى گەیشتم کە هەشتا ساڵ بوو، لەبارەى ناخ و دەرونەوە دەیوت، بە دروستى موکاشەفەى دەکرد و چەندین کار و بارى سەرسوڕهێنەرم لێ دیوە!.
ڕۆژێک من و (عەبدوڵا) کوڕى مامۆستا،لاى بوین، چوە لایەکى خانوەکە و بەدەنگى بەرز وتى: ئەى عەلی، بگەڕێوە و دەسڕەکە ببە. پێمان وت: بانگى کێ دەکەى ؟ . وتى: عەلى نیازى سەردانکردنى منى هەیە، کاتێک گەیشتە ئاوێک لەسەر ڕێگەکەى، دانیشت نان بخوات، کاتێک هەستا دەسڕەکەى لەبیرچوو. منیش بانگم کرد تاوەکو بگەڕێتەوە بۆى. نێوانیان زیاد لە فەرسەخێک دەبوو. دواى سەعاتێک هات بۆلامان. وتمان: عەلى، چى ڕویدا لە ڕێگەکەتدا؟. وتى: لاى ئاوێک دانیشتم و نانم خوارد، هەستام و دەسڕەکەم بیرچوو، دەنگێکم بیست کە هى خاتوو(شەمس)بوو و دەیوت: ئەى عەلى، دەسڕەکە ببە. منیش گەڕامەوە و بردم.
یەکێکى دیکە لە مامۆستاکانى ئیبن عەرەبى، کەنیزە (قەسیم ئەلدەولە)یە. لە مەککە بوو، هەر لەوێش مرد.گەورەى سەردەمى خۆى بوو. خاوەن سەیر و سەمەرە بوو. کاتێک بەڕێدا بڕۆشتایە بۆ گەڕان، شاخ و دار و بەرد قسەیان لەگەڵ دەکرد. دەیانوت: سڵاو، سڵاو !. زۆر خاوەن حاڵ بوو. خزمەتکارى ئەهلى خودابوو، ڕاستگۆبوو لە تەریقەتدا، خاوەن ئازایەتى و بەخشین، تێکۆشەر لە پەرەستشدا. زۆر پەیوەست بوو بە ڕۆژوەوە و بەهێزبوو تیایدا. سۆزى بەسەر ئەم ئوممەتەدا هەیە. نەمدیوە لەسەردەمیدا کەس هێندەى ئەو خاوەن ڕێز و ئازایەتى و بەخشین بوبێت. بە گەورە ڕاگرى خودا بوو، خۆى بەهێندەى ڕێزى وشەیەکیش نەدەبینى.
هەروەها یەکێکى دیکە (زەینەب قەلیعە)، لە (قەلیعەى کوڕى حەمماد)ە، لە ئەهلى خودا بوو، زاهیدى سەردەمى خۆى بوو. خاوەن چاکە و جوانى و سەروەت بوو. وازى لە دنیا هێنا و بووە هاونشینى مەککە. خوداى گەورە ڕێزى لێنابوو. سەردانمکرد لە ئەشبیلیە و مەککە. هاوەڵى و سەردانى ژمارەیەک لە گەورەکانى کردووە، وەکو (ئیبن قەسوم) و (شەبربلى) و (مەیمونى ئەلقرمزى) و (ئەبیلحسەینى کوڕى سایغ) و فەرمودەناس و زاهیدى سەردەمى(ئەبى سەبر ئەیوبى ئەلفەهرى) و ئەوانى دیکە.
ئەگەر دانیشتایە دەستى دەکرد بە زیکر و بەرز دەبویەوە لە زەوى و دەچوە ئاسمان، هێندەى پازدە مەتر، کاتێکیش بێدەنگ بوایە دادەزیەوە سەر زەوى لەسەرخۆ !. هاوەڵیم کرد بۆ قودس و مەککە. کەسم نەدیوە هێندەى ئەو پابەند بوبێت بە کاتى نوێژەکانیەوە. لە عاقڵترینى سەردەمى خۆى بوو.
ئەمانە لە گرنگترینى ئەو مامۆستا ئافرەتانە بوون کە ئیبن عەرەبى لە خزمەتیاندا بوو لە ئەندەلوس، هەروەها هەیە کە زۆر بەکورتى ئاماژەى پێداوە وەکو(دایکى زەهرا) کە یەکێک بووە لە تێکۆشەران لە ڕێگاى خودادا. هەبوون لەو مامۆستایانەش کە ناویان فەوتاوە لە کتێبى(الدرە الفاخرە فیمن انتفعت به من گریق الاخرە). لە کتێبى (روح القدس) دا کە لەپاش ئەوە نوسیویەتى دەڵێت:” بە خزمەت ژمارەیەک لە گەورە و برایان و خانمان گەیشتم کە ناو و بارودۆخیانم باس نەکردووە، وەک چۆن ئەوانەى ئێستەم باسکرد. وەک ئەمانە بوون لە حاڵ و بوون و کار و تێکۆشان و کردەوەدا”.
بەڵام ئیبن عەرەبى دەگەڕێتەوە و باسى یەکێک لە مامۆستاکانى کە ویستویەتى بە خزمەتى بگات کاتێک لە مەککە بووە، خوشکى (مەکینى ئیسفەهانى) بووە و نازناوى (شانازى ئافرەتان و کچى ڕۆستەم)بووە. لەبارەیەوە ئیبن عەرەبى دەڵێت:”شانازى ئافرەتان و پیاوان و زانایانیش بوو، ڕۆشتمەلاى تاوەکو فەرمودەى پێغەمبەرى لێوە ببیستم. ئەمەش بۆ بەرزى گێڕانەوەى دەگەڕێتەوە”.
وتى:” هیوا فانى بوو، ئەجەل نزیک بۆتەوە، سەرقاڵتکردم بە فەرمودەى ئاگادار بوون لە کردەوە. وەک ئەوەى کە بەمردنەوە هێرش بێنیت. نەدامەتیش بەسەرچوو. کاتێک قسەکەى پێم گەیشت، منیش ئەم شیعرەم بۆ نوسی:

حالى و حالک فى الروایە واحد ما القصد إلا العلم واستعماله
حاڵى من و حاڵى تۆ لە گێڕانەوەیەکدایە، مەبەست چیە تەنها زانست و بەکارهێنانى نەبێت.
داوام لە براکەى کرد کە مۆڵەتنامەم بۆ بنوسێت کە بەجێگرەوەیى بتوانم هەموو گێڕانەوەى فەرمودەکانى لێوە بگێڕمەوە. خودا لە هەردوکیان ڕازیبێت بۆى کردم و پێى دام.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت