Samad-1

دکتۆر سەمەد ئەحمەد : مردن تۆ لەکوێى ، یاسا کوشتمى .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چاکم لە بیرە ، ئەو کاتەى خوێندکارى کۆلێجى ( یاسای رامیاریى ) بووم ، مامۆستاو هاوڕێى بەڕێزم ( دکتۆر سامان فەوزى ) ، کە وانەى ( بنەماکانى یاسا ) ى پێدەگوتینەوە ، پرسیارێکى کرد و ، وتى : کێ دەتوانێت پێناسەى ( ماف) م بۆ بکات ؟ ئێمەى خوێندکاران بێدەنگ بووین ، کەس هیچى نەوت . مامۆستا وتى : پرسیارەکەم هیچ ئاڵۆزییەکى تیادا نییە ، من دەزانم ، هەندێک بابەت وایە ، پێش ئەوەى پرسیاریى لەبارەوە بکرێت ، وادەزانن کە دەیزانن ، بەڵام کاتێک پرسیاریى لێوە دەکرێت ، جۆرێک لە دوو دڵى و ترس داتان دەگرێت ، من داواکارم ئەو ترسە بشکێنن ، چۆن لە ( ماف ) تێگەیشتوون ، وەڵام بدەنەوە .
ئەم قسانەى مامۆستا هانیدام کە بێمە قسەو وتم : ( ماف ) بریتییە لە هەموو ئەو پرەنسیپە مرۆیانەى کە لەگەڵ لەدایکبوونى مرۆڤدا ، خودا بە مرۆڤى دەبەخشێت و دەبێت بە بەشێک لەو ، وەک ؛ بیرکردنەوە ، ئازادى را دەربڕین ، ناڕەزایی دەربڕین لە بەرامبەر هەر شتێک گەر پێچەوانەى بیرو باوەڕو بۆچوونت بێت و … هتد . بۆیە کەس مافى ئەوەى نییە کە زەوتیان بکات ، یان لێت بسەنێتەوە .. مامۆستا وتى : ئەمانە راستن ، بەڵام دەبێت بزانین کە پێویستە هەموو ئەمانە بە یاسا رێکبخرێن ، ئەگەر وانەبێت ، ئەوا مافەکانیش رەوایەتییان نامێنێت و دەشێ بەکارهێنانى ئەم مافانە بە شێوەیەکى رەهاو لە هەموو شوێن و کاتێک دا ، بۆ کەسانى تر ببن بە پێشێلکارى ماف و لێسەندنەوەى مافى کەسانى تر .
لەو رۆژەوە هەتا ئەمڕۆ خۆم بە قەرزارى ( دکتۆر سامان فەوزى ) دەزانم ، چونکە فێرى کردم کە یاسا رۆڵ و کاریگەریی مەزن و فرەو هەمەلایەنەى لە رێکخستنى ژیانى سیاسیی و کۆمەڵایەتیدا هەبووەو هەیە . تێگەیشتم کە یاسا بریتییە لە سنوردارکردنى ئازادییەکانى تاک بۆ بەرژەوەندى گشتى . تێگەیشتم کە یاسا چەندین سەرچاوەو بنەماى مرۆیی هەیە . تێگەیشتم کە یاسا هەوڵێکى تەواوکارییە بۆ پەیامى پێغەمبەران و تێزە فکرییەکانى فەیلەسوف و بیرمەندە مرۆڤ دۆستەکان .. هەر لێرەشەوە یاساکانى مرۆڤایەتى جیادەبێتەوە لە یاساکانى جەنگەڵ .
لەم لایەنانەو زۆر لایەنى تریشەوە ، تێگەیشتم کە یاسا بۆ ژیانى کۆمەڵایەتى و سیاسیی وەکو خۆراک وایە بۆ جەستە . لەمانەش زیاتر لەوە تێگەیشتم کە یاسا ، تەنها لە کەشى ئازادو لە سیستمى دیموکراسیدا ، خۆراکێکى باشەو وزەو توانا دەبەخشێت بە جەستەى ژیانى سیاسیی و کۆمەڵایەتى . بە پێچەوانەوە ، لە سیستمى دیکاتۆرى و تاکڕەوەى سیاسیدا ، رێک خۆراکێکى ژەهراوییەو رۆڵى ڤایرۆسێکى کوشندە دەبینێت لە پەکخستن و مراندنى جەستەى ژیانى سیاسیی و کۆمەڵایەتیدا .
بەداخەوە ، یاسا لە هەرێمەکەى ئێمەدا وەک جۆرى دووەم لە کاردا بووەو بەکار هێنراوەو بەکار دەهێنرێت ، بۆیە دەبینین کە ئەوەى دوژمنان و داگیرکەرانى کوردستان ، لە پەرتکردنى ژیانى سیاسیی و کۆمەڵایەتى کورد وەکو نەتەوە و کوردستان وەکو خاک کردویانەو فریا نەکەوتوون زیاتر بکەن ، ئەوا دەسەڵاتدارانى هەرێم بە ناوى یاساوە لە دژى گەشەى کۆمەڵایەتى و سیاسیی و بەرقەرارکردنى دیموکراسی و بۆ پاراستنى دەسەڵاتى تاکڕەوى خۆیان کردوویانەو دەیکەن .
تازەترین هەوڵى سەربڕین و ئەتکردنى یاسا لە هەرێمەکەى ئێمەدا ، لەسەر دەستى ئەنجوومەنى شورا ئەنجام درا .. ئەم ئەنجوومەنە ، لە ئێمەو لە خەڵک و خوا باشتر دەزانێت چ گاڵتە جاڕییەکیان بە ناوى یاساوە گێڕاوە . بۆیە لەم چەند دێڕەدا بە پێویستى نازانم بە بەڵگەى یاسایی باس لەوە بکەم کە ئەم ئەنجوومەنە چ ناساساییەکى کردووە ، چونکە ئەو ئەندامانەى کە نووسراوەکەى ئەنجوومەنى شورایان ئیمزا کردووەو ئەوانەى کە بۆ ئەم بالۆرە ناسازە کەوتوونەتە سەماو خەریکى ئاریشتکردن و جوانکردنى راسپاردەى ئەنجوومەنەکەن ، کە لە راستیدا عەشتەباى پێ نییەو شەنگیش لە رووى بڕاوە ، لە هەموومان باشتر دەزانن کە لەبەر خاترى کێ ، بەمشێوەیە یاسایان بە پەنکردووە .
ئەنجوومەنى شورا بەم کارە ناڕەوایەى چەند هێندەى تر ، لە بەرامبەر دەسەڵاتداراندا خۆى بچووک کردەوە ، چەند هێندەى تر پەت و رایەڵەى یاساییەکانى لە یەکتر ئاڵۆسکاند. لە بەرامبەر ئەمەدا زۆر بێڕەحمانە ، یاساى وەک کارە کۆرپە ، لەبەردەم پێى سەرۆکدا سەبڕى و کردى بە قوربانى شاباشێکى ( پاشاى عەرشى کەلاوە ) .
یاسا ، کە لە وڵاتى پێشکەوتوو و دیموکراتدا ، خاوەن شکۆیە ، هاوزەمان زامنى یەکسانى و دادپەروەرى کۆمەڵایەتى و سیاسییە ، لە سەرى سەرى سەرۆک و تەواوى دەسەڵاتدانى ترەوەیە . بەڵام بەداخەوە لەم هەرێمەى ئێمەدا ( تفڵێکى رەزیعە – مەلۆتکەیەکى شیرەخۆرەیە ) ، بێ دەست و بێ پێیە ، بێ زمان و بێ چاوو و بێ ئیرادەو بێ عەقڵە .
لەم هەرێمەى ئێمەدا ، یاسا چەند بەستەزمانە ، کراوەتە قەڵغان بۆ پاراستن و مانەوەى دەسەڵاتى سەرۆک ، بۆ پێشکەوتنى ژیانى سیاسیی و کۆمەڵایەتیش وەکو تیغ و تیر بەکار دەهێنرێت .
گەلۆ ، ئیدى ناهەقم مەگرن کە لە تاو ئازارى تیغ و ڕمى یاساى ئەنجوومەنى شوراى دەسەڵاتدارانى هەرێم ، هاوار بکەم و بڵێم : مردن تۆ لە کوێى ، یاسا کوشتمى !
* ئەم ناونیشانە بەدەسکارییەوە لە نیوە دێڕى شیعرێکى ( هەژار موکریانی ) یەوە وەرگیراوە .
* ئەم دەستەواژەیە لە شیعرێکى ( حەمەسەعید حەسەن ) ەوە وەرگیراوە .
* لە شیعریکى ( نالى) یەوە وەرگیراوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت