دکتۆر شۆرش حەسەن: باشترین دروشم و فشار بۆ خۆپیشاندەران لە ئێستادا بریاری بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی عێراقە.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

حوكمرانە شكستخواردوەكانی هەرێمی كوردستان بە دە پەنجە هەموو تەنازولێكیان بۆ حكومەتی ناوەند كردوە بەتایبەتی لەو لایەنانەی پەیوەندارن بە سەروەری و بەرژەوەندی كوردەوە، ئەگەر شتێك مابێتەوە بە رێكەوتنی ژێر بەژێری نێوان هەرێم و بەغدا، ئەوە تایبەتە بە پاراستنی بەرژەوەندیە مادیەكانی حزبە لە پۆست و پارەو بزنس، وە هەموو شتێك ئاسایی بۆتەوە بۆ راهیكردنی بەرژەوەندیەكانی خۆیان جگە لە گوزەرانی خەڵكی هەرێم نەبێت بەتایبەتی دۆخی فەرمانبەران.
كاتێك ئەمە حاڵی نێوان هەرێم وبەغدا بێت، هاوڵاتیانی هەرێم لە پای چی باجی سیاسەتی گەمژەی ئەو حوكمرانانە بدەن، كە چوارساڵە مووچەی قوتی لایەموتیشیان پێ‌ رەوا نابینن، ئەمرۆش لەژێر فشاری بەرفراوانی خۆپیشاندەرانی سلێمانی و هەولێرو دهۆك و شارەكانی تری كوردستان بە پەلە پروزێ‌ و هەناسەبركێ‌ سەرۆكی بەناو حكومەت گۆرانكاری لە سستەمی دزینی مووچەی فەرمانبەرانی راگەیاند، كە دیسان فەرمانبەرانی هەرێم نائومێد كرانەوە بەوەی هاوتای فەرمانبەرانی بەغدا نابنەوە و رێژەیەكی زۆر لە مووچەكەیان دەدزرێ‌ بە رۆژی رووناك بێ‌ هیچ بەهانەو پاكانەیەكی لۆجیكی. واتە ئێمە بە پێچەوانەی مادەی (14)ی دەستوری عێراق لە ماف و ئیمتیازاتەكانمان یەكسان نین بە فەرمانبەرانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی ناوەند، وەك ئەوەی ئێمە لە نێوان بەرداشی دوو حكومەتی دزو گەندەڵی ناوەند و هەرێمدا بە هاوڵاتی پلە سێ‌ و چوار دانرابین و و ژیان و گوزەرانی ئێمە خەمی ئەوان نەبێ‌. رەنگدانەوەی ئەو دزینەش كاریگەری كردۆتە سەر تەواوی ژیان و گوزەرانی خەڵكی هەرێم.
ئیتر بۆدەبێ‌ ئێمەی هاوڵاتی پلە سێ‌ وچواری هەرێم پەرۆشی بەشداریكردنی هەڵبژاردنێك بین كە لەسایەیدا ئەوانەی دەرۆنە پەرلەمانی بەغدا بە پێی سروشت و پێكهاتەی پەرلەمانەكە ناتوانن خزمەتی بەرژەوەندیە گشتیەكانی ئێمە بكەن جگە لە دەستەبەركردنی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان، هەروەك چۆن، پەرلەمانتارەكانی ئێستا لە سەرەتای سەپاندنی سستەمی دزینی مووچە لە 2015 دەیان جار بەڵێنی چاكردن و نەهێشتنی ئەو سستەمەیان دا، بەڵام هەمو بەلێنەكانیان بلقی سەرئاو دەرچو و هیچیان پێ‌ نەكرا تا ئێستا كە ماوەی خولەكەیان رووەو كۆتاییە و چەند رۆژێكی تر بانگەشەی هەڵبژاردن دەست پێدەكا و حكومەتی عێراق و هەرێمیش دەست پێشخەریەكان نەكردوە بۆ دڵنیاییكردنی فەرمانبەران لە كۆتایی هێنانی سستەمی دزینی مووچە.
كەواتە لەوەها بارودۆخێكدا باشترین بژاردە لە بەردەم خۆپیشاندەرانی خەڵكی نارازی هەرێم كە لەوادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق نزیك بوینەتەوە، بەرزكردنەوەی دروشم و بریاری بایكۆتكردنی ئەو هەڵبژاردنەیە تا ئەو كاتەی هاوڵاتیانی هەرێم وەك بەغدا مانگانە لە رۆژێكی دیاریكراو مووچەی تەواو و شایستە داراییەكانی خۆیان پێدەدرێ‌، ئەمە باشترین فشارە بۆ سەر دوو حكومەتی دزو گەندەلی ناوەند وهەرێم، هەرچەندە ئەو حزبانەی خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن وبەدیلی ئەو دەسەڵاتە دادەنێن دژی ئەو بۆچونەن لە پێناو دەسكەوتی تەسكی خۆیان ئەوان خەڵك هان دەدەن بۆ بەشداریكردن تا چەند كورسیەك بە دەست بێنن لە بەغدا. بەڵام ئێمە پێویستە بە هوشیاریەوە مامەلە لەگەڵ دۆخەكە بكەین و بزانین تەنها بە هێزی خۆمان دەتوانین رووبەرووی ئەو ناعەدالەتیە ببینەوە نەك بەتەمای حیزب گەلێك هەمیشە لە خەمی بەرژەوەندی تەسكی خۆیاندان و بۆ ئەو مەبەستەش خۆیان مەڵاس داوە تا لە كاتی گونجاو سواری شەپۆڵی نارەزایەتیەكانی خەڵك بن بۆ هێنانەدی ئامانجەكانیان.
بە پێچەوانەوە بەشداریكردن لەو هەڵبژاردنە رەوایی دانەوەیە بەو دەسەڵاتە شكستخواردوەی هەرێم و بەغد كە هیچ لایەكیان حسابیان بۆ دەستوری عێراق نەكردوە و ماف و ئیمتیازاتەكانی ئێمەیان خستۆتە ژێر پێوە، ئیتر نازانم حیكمەت لەو پەرلەمانەی بەغدا و بە شداری ئێمە بۆ پێكهێنانی چیە، لە كاتێكدا بێ‌ گوێدانە دەستور حكومەتی ناوەند و بەرەزامەندی ئەو پەرلەمانە لەماوەی 24 سعات هەموو ناوچە جیێناكۆكەكانی بە زەبری هێز هێنایەوە ژێر ركێفی خۆی، جگە لە كۆنترۆڵكردنەوەی فرۆكەخانەكانی هەرێم و خاڵە سنوریە نێو دەوڵەنتیەكان، بەڵام بابەتێكی گرنگ و بنەرەتی كە حكومەتی ناوەند بەلایدا نەهاتوە تا بیخاتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمە لە كاتێكدا توانای هەبو ئەمە بكا وە هەم واجب و وەزیفەشی بو كە ئێمەی عێراقی وەك فەرمانبەرانی تری عێراق ماف و ئیمتیازاتەكانمان دەستەبەر بكرێ‌ بە پێی دەستور بە هیچ بەهانەو هۆكارێك مامەلەی جیاوازمان لە گەڵ نەكرێ‌ وەك ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ‌، بۆیە فەرمانبەرو هاوڵاتی هەرێم دڵنیابن بریاری ئێوە لە بایكۆتكردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق . هەردوو حكومەت دێنێتە سەرچۆك و داوا رەواكانتان بەناچاری جێبەجێ‌ دەكەن، بە پێچەوانەوە ئەگەر فریوی حزبەكان بخۆن و بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن بكەن تەنها خۆتان زەرەرمەند دەبن و دەیان سیاسەتی نارەوای ترتان بە سەردا دەسەپێنن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت