دکتۆر محەمەدئەمین عەلی : بزوتنەوەى گۆڕان و ترسى پاشەکشێ ـ بەشى چوارەم .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەڵبەتە فاکتەرى چوارەم   ( ئالەتیەکێکى گونجاو بۆ گۆڕانکارى ) ئەگەر لەفاکتەرەکانى دى گرنگترنەبێت کەمتر نییە ، ئەتوانم بڵێم بزوتنەوەکە سەرکەوتوونەبوو لەدۆزینەوەى ئالیەتێکى گونجاو بۆ جێبەجێکردنى ئەو پلانە زانستیە توندوتۆڵەى خۆى لەشەش پاکێجەکەى ئۆپۆزسییۆن ئەبینیەوە بەتایبەتى ئەو خاڵانەى پابەندبوون بەدورخستنەوەى دەستى حیزب وکەسایەتیە موقەدەسەکان لەسیستمى سیاسى ، سەربەخۆو بێلایەن کردنى پێشمەرگە و ئاسایش و دەزگا هەواڵگرییەکان  ، سەربەخۆو ئەکتیڤکردنى دەسەڵاتى دادوەرى و داواکارى گشتى ، دامەزراندنى دەستەى نەزاهەى بێلایەن و چالاکردنى دیوانى چاودێرى دارایى ، چاکسازى لەوەزارەتەکان و دورخستنەوەى دەستى حیزب لەحکومەت .

 لەجێبەجێکردنى پلانى گۆڕانکارى ، لایەنگرى تاکەکان بۆ نیشتمان نەک بۆ مرۆڤە دەستڕۆیشتووەکان خاڵێکى ناوەندیە ، بەڵام لەبەرئەوەى لەکوردستان گشت پۆستە سیاسى وباڵاکانى دەوڵەت نەک تەنیا لەلایەن هەردوو حیزبى دەسەڵات ، بەڵکو لەلایەن حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانیشەوە لەسەر بنەماى لایەنگیرى بۆ دەسەڵاتدارە دەستڕۆیشتوەکانى حیزبەکە دائەنرێن نەک لایەنگرى بۆ نیشتمان ، نەماندى هیچ وەزیرێک یاخود بەرپرسێکى باڵاى حکومەت سەر بەبزوتنەوەى گۆڕان لەڕێگەى کەناڵە نوسراو وبیستراو بینراوەکانەوە دەست لەکار کێشانەوە خۆی ڕابگەیەنێت دوور لەبۆچونى حیزبەکەى بەپاساوى نەبوونى هیچ جۆرە دەسەڵاتیک لەسەر بنەماى باوەڕبوونى بەپرۆگرامى سیاسى بزوتنەوەکەو پشتڕاستکردنەوەى نییەتى گۆڕانکارى پیش ئەوەى لەلایەن پارتی یەوە بنێردرێتە ماڵەوە بەشێوەیەکى نائاسایى و نایاسایى ! بەپاساوى کودەتا لەدژى پارتى دیموکراتى کوردستان لەڕێى ئەو بزوتنەوەیەى خوى ئەندامە تێیدا ! .

زۆریک پیان وابوو بەبەشداریکردنى بزوتنەوەى گۆڕان لەدەسەڵاتى سیاسى و کارگێڕى و ئابوورى کوردستان بەواتا بەرفراوانەکەى بەشداریکردنى لەحکومەتى هەرێمى کوردستان زۆرێک لەواقیعى حکومڕانى کورد ئەگۆڕێت و گشت چەمکە سەقەتکراوەکانى کۆمەڵگا بەرەو گۆڕانکارى پۆزەتڤانە گەشە ئەکەن ، بەڵام من وەک خۆم و زۆریک لەهاوڕێیان پێمان وابوو لەنەبوونى یاساو سیستمێکى سیاسى شەفاف لەم بارودۆخەى ئەمڕودا گشت پۆستەکان پۆستى حەیابەرەو کارتۆنین دەرئەنجام گشت هەوڵەکان لەم کەناڵەوە بێ بەرن ، وەک مزایەدەى سیاسى بەکاردەهێنرێن بۆ خەڵەتاندنى بەشێکى زۆر لەحیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان و هاوڵاتى نەک خزمەتکردنى لەبەر ئەوەى حکومەت ئەوەندە لاوازە چارەسەرى کێشەکانى خوى پێناکرێت چ جا خزمەتکردنى هاوڵاتى ، ئەم قەیرانى داراییەش ئەوەى سەلماند نەسەرۆکى کحومەت نەجێگرەکەى کەهەردوکیان لەودیوى سنورەوە هاتوون شایستەى ئەوەنین حکومەت بەڕێوەبەرن ، ئەوانە ئەتوانن کۆمپانیایەک بەڕێوەبەرن نەک حکومەتێک یاخود میللەتێک ، بەڵام بەداخەوە بزوتنەوەى گۆڕان و حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان کەوتنە تەڵەى ئەم نەزانانەوە کەبەبریارى سەیروسەمەرەى قەرەقۆشى دوور لەبنەما یاساییەکان قەیران بەقەیران چارەسەرکەن ، بڕیارى نیوموچەو پاشەکەوتکردنى موچە بدەن بەبێ گەڕانەوە بۆپەرلەمان  ؟ ! .

 ئاماژە بەپەروەردەکردنى عەقڵیەت و هزرو فیکرى کۆمەڵگا ناکرێت خاوەنى سەیارەو باڵەخانەو تەلارو تەکنۆلۆجیاى سەردەم بیت بەعەقڵیەتى سەدەکانى ڕابردوو  ؟ ناکرێت ئیدیعاى حکوکمرانى سیاسى ئیدارى ئابوورى کۆمەڵایەتى سەردەم بکەیت و خاوەنى دەستورو هیچ جۆرە سیستمێکى حکومڕانى ئیدارى ئابوورى کۆمەڵایەتى دیاریکراو نەبیت ؟! ، ( هەرچەندە لەبوونى سیستمدا مەرج نییە خاوەنى دەستوور بیت  تابتوانیت گشت کێشەکان چارەسەر بکەیت بەو مانایەى سیستم ویاسا پیش دەستورن ، لەزۆر شوێنى ئەم دنیایە دەستوریش هەیەو کەسیش کارى پێناکات  بەتایبەتى لە وڵاتانى عەرەبى و جیهانى سێهەم ، بەپێچەوانەوە دوو لەجێگیرترین وڵاتانى دونیا ئیسرائیل و بەریتانیا دەستور نییە ! بەڵام لەبەر ئەوەى خاوەنى سیستم و یاسان نەک عەقڵیەتى بنەماڵەو خێڵ توانیویانە سەرکەوتووبن  ) . 

گشت کات دووبارە و سێ بارەمکردۆتەوە کێشەى ئەم وڵاتە کێشەى عەقڵیەتە پێش ئایدولوجیاو بیروبۆچوون ، بەڵێ کێشەکە کێشەى عەقڵیەتە نەک ئینتما بۆ خاک ونیشتمان ، هەموو تاکێکى  ئەم کومەڵگایە بەشۆڕشگێڕو بەرپرسە باڵاکانیشەوە بەهەست و سۆزو عاتیفە نیشتمان پەروەرن ، بەڵام لەسەر ئەرزى واقیع سەد لەسەد ئەم عاتیفەیە بەدى ناکەیت ، بەڵکو واهەست ئەکەیت پێچەوانەکەى ڕاستە ! کێشەى ئەم وڵاتە ئینتما نییە بۆ ئەم حیزب و ئەو ڕێکخراو بزوتنەوەیە لەبەرئەوەى لەکوردستاندا شتێک نەماوە بەناوى حیزب و ڕێکخراو بزوتنەوە ، کێشەکە لەوەگەورەترە ، لەبرى ئینتیما ولایەنگیریت بۆنیشتمان ، لایەنگیرى و ئینتمات بۆ سەرۆک و بنەماڵەکەى گرنگترە ، بۆیە بەم زووانە گۆڕانکارى پۆزێتیڤانە بەدى ناکرێت . 

لەم ڕوانگەیەوە ئینتما بۆ کەسى یەکەم لەحیزب (سەرۆک ) و بنەماڵەو خێڵ ، دەستڕۆیشتووەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتمانى کوردستان زۆر بەزیرەکانە گەمە بەناو سیاسیەکەى خۆیان داڕشت  لەڕێگاى سوککردنى نوخبەو شێواندنى عەقڵیەت و هزرو فیکرى کۆمەڵگا لەبرى پەروەردەکردنى ، کاتێک نوخبە سوک دەکرێت چیتر کەس گوێیان لێناگرێت و هیچ ماناو پانتاییەک بۆ بەها مرۆڤایەتیەکان نامێنێت ، لەبرى کۆمەڵگایەکى زیندوو مێگەلێک ئەخولقێنرێت ، دواتر زۆر بەئاسانى وە بە ئارەزووى خۆیان ڕاستیەکان لنگەوقووچ دەکەن و بەها مرۆڤایەتیەکان ئەشێوێنن لەبەرژەوەندى خۆیان ، کاتێک بیانەوێت فریشتەو پاڵەوانێکى نیشتمان پەروەرێت ، بەپێچەوانەوە  کەى ویستیان شەیتانێکى خۆفرۆش و ناپاکى ، خۆیان دەسەڵاتى ڕەهان ، خودى یاسان ، بڕیار لەدروستى و نادروستى گشت کایەو چەمکەکانى ژیان ئەدەن ،  . ئینتیمات بۆ تاکە موقەدەسەکان سەرۆک و بنەماڵەو خێڵ ئەبێتە بنەماى نیشتمان پەروەرى و پێدانى پۆست و پلەوپایە .  

وەک پێشتر باسمکرد لەم کۆمەڵگایەى ئێمە شتێک نەماوە بەناوى حیزب ، هەرچەندە هەموو کارەدزێوەکان  و دزینى سامانى سەرئەرزو ژێر زەوى کوردستان بەناوى حیزبەوە ئەکرێت ، بەڵام لەڕاستیدا کەمینەیەکى هاتوو لەودیوو سنورى کوردستان بەناوى پارتى و یەکێتیەوە حکومڕانى کوردستان ئەکەن لەڕێگەى چینێکى ملکەچى سودمەند لەدەسەڵاتدارە بێدەسەڵاتەکان ، زیاتر لەسەدا نەوەدوپێنجى مەکتەب  سیاسیەکان ئاگایان لەدارایى حیزبەکانیان نییە ، چەندیان هەیەو لەکۆى ؟ ، بەرامبەر بەمە بۆیان هەیە بەکەماڵى ئیسراحەت بازرگانى بەمیللەتەوە بکەن ببوورن بازرگانى لەگشت سێکتەرەکانى ژیان بکەن و گشت جومگە هەستیارەکانى حکومەت و کۆمەڵگا کۆنترۆڵ بکەن بێ لێپرسینەوە ، گرنگ ئینتمایە بۆ سەرکردەو بنەماڵە  .

ئەم کەمینە دەسەڵاتدارە ڕاستەقینەیەى هەردوو حیزبى دەسەڵاتدار لەدواى شەرى براکوژیەوە ئێستاشى لەگەڵدا بێت خاوەنى ڕێکەوتنى ئیستراتیجین لەدابەشکردنى سامانى ئەم وڵاتە ، ژێربەژێر هیچ کێشەیەکیان نییە بەڕوکەشیش جارجار وردە ناکۆکى سیاسى ئەخوڵقێنن بۆ سەرقاڵکردنى ئەندامە خەوتووە دڵسۆزەکانیان گوایە ناکۆکیان لەسەر پرسە نەتەوەیى و نیشتمانیەکانە ؟ ، لەڕاستیدا دروستکردنى هەندێک ناکۆکى بەناو هەستیار لەنێوەند ئەم دوو حیزبە دەسەڵاتدارە دوورە لەڕاستى یەوە ، تەنیا بۆ هەڵخەڵەتاندنى حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان و هاوڵاتیە بەمەبەستى  نزیکبوونەوە لێیان بەپێى ئەو پلانە داڕێژراوەى وێنایان کردبوو لەڕێى سوکردنى نوخبەو شێواندن و سەرقاڵکردنى عەقڵیەت و هزرو فیکرى کۆمەڵگا و حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان بەکێشەى لاوەکى بێ سوود و دورخستەوەیان لەکرۆکى بابەتە سەرەکیەکە  ( شەش پاکێجەکەى ئۆپۆزسیۆن )  ، توانیان هاوکێشە سیاسیەکە لەبەژەوەندى خۆیان بقۆزنەوە و هاوڵاتى بێ هیوابکەن لەحیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان بۆ گۆڕانکارى ڕیشەیى و نەهێشتنى گەندەڵى بەڵام لەنەزانى خۆیان  بەبرینى موچە هاوکیشەکەى پێچەوانە کردەوە  .

خوێندنەوەى گۆڕان بۆبارودۆخى کوردستان و پەیوەندى نێوان هەردوو حیزبى دەسەڵات و ئامادەیى پەیوەندى بزوتنەوەکە بەحیزبە دەسەڵاتدارەکان بەعەقڵیەت و هزرى ئەو پەڕگیرى و زیادەڕۆیى واتا بەچاوى ( ڕەش و سپى ، ڕاست وهەڵە ) هەڵەیەکى ترى بزوتنەوەکە بوو ، ئەوە کارە دزێوەکانە دوژمنى بزوتنەوەى گۆڕان و کۆمەڵگایە ؟ نەک حیزب و کەسایەتیەکان ، ئەبوو بزوتنەوەى گۆڕان بەیەک چاوسەیرى هەردوو حیزبى دەسەڵاتى بکردایە وەبەیەک مەودا لێیان نزیک بوایەتەوە ، ئەبوو متمانەى بەهەردوو حیزبى دەسەڵات نەکردایە لەکاتێکدا ئەیزانى ڕێکەوتنى ئیستراتجى نێوان پارتى و یەکێتى ڕێکەوتنێکى ئیستراتیجیە لەنێوان دوو بنەماڵەو دوو سەرۆک و دارودەستەکەى  نەک دوو حیزب ، لە بیرمان نەچێت دەسەڵاتدارە ڕاستەقینەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتمانى کوردستان قۆناغى حیزبایەتیان تێپەڕاندوە و بێجگە لە کەمینەیەکى ملکەچى بێشکۆى بێدەسەڵات کەسیان لەگەڵ نەماوە لەسەر ئەم بنەمایە  ئامادەکارى گۆڕانکاریان نییە و ناشیانبێت لەداهاتوودا ، ئەبوو گۆڕان زووتر هەستى بەم ڕاستیە بکردایەو چەند ئەندامێکى لەناو حکومەتە کارتۆنیەکە دەستیان لەکار بکێشایەتەوە بەهۆى نەبوونى دەسەڵات لەبوونى ئەو دەسەڵاتدارە ڕاستەقینە نادیارە بەڕێزەکان ، هەڵبەتە بوونى داعشیش یارمەتیدەرێکى ناڕاستەوخۆى زۆرباش بوو بۆخوڵقاندنى بارودۆخێک کەپەرۆشى هاوڵاتى و پێشمەرگە بقۆزنەوە بۆبەرژەوەندى خۆیان   .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت