دکتۆر محەمەدئەمین عەلی: چاوبەست و جادویى وەزارەتى تەندروستى.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

یەکسانى یاخود جیاکارى ( التمییز) هەمەجۆرەیى تەندروستى (بانێکەو دوو هەوا)

تەندروستى مافێکى بنچینەیی ڕەواى مرۆڤە بەپێى ڕاگەیاندنى جیهانى بۆ مافى مرۆڤ ساڵى 1948 ” دەستەبەرکردنى ئاستێکى بەرز لەتەندروستى بۆ هەموو خەڵک بەمەرجى یەکسانى و نەبوونى جیاکارى ( التمییز) بەپێشکەشکردنى چاودێرى تەندروستى و خزمەتگوزارى پزیشکى ئەرکى یاسایى حکومەتە، ئەم ئەرکە یاسایى یە گرانە ئەکەوێتە سەر وەزارەتى تەندروستى و دامەزراوەکانى.
ئاستى پیشەیى و زانستى وەزارەتى تەندروستى چەند لاواز بێت ئەوە کارى وەزارەتى تەندروستیە یەکسانى و نەبوونى جیاکارى لەسەر سێ ئاست بپارێزێت.
یەکەم: ئاستى پێشکەشکردنى چاودێرى و خزمەتگوزارى تەندروستى و پزیشکى بۆ هاوڵاتیان بەیەکسانى ونەبوونى جیاکردنەوە( التمییز) لەنێوان خەڵک لەسەر بنەماى” نەتەوە، ڕەگەز، دین و مەزهەب، خەڵکى شار و لادێ، خەڵکى شوێنە جوگرافیا جیاوازەکانى کوردستان، خەڵکى حیزبى و ناحیزبى، لەسەر بۆچوون و ئایدۆلۆجیا.
دووەم: ئاستى مامەڵەکردن لەگەل هێزى کارى مرۆيى تەندروستى، نانبێت وەزارەتى تەندروستى وەزارەتى پزیشکان یاخود وەزارەتى کارمەندان بێت بەتەنیا، ئەبێ وەزارەتى گشت هێزى کارى مرۆيى تەندروستى بێت، لەنەبوونى سیستمى تەندروستیدا وەک حاڵى حازر ئەبێ بەیەکسانى و نەبوونى جیاکارى ( التمییز) لەسەر بنەماى” شەخسى، ڕەگەز، حیزبى، جۆرى پسپۆرى پزیشکى، بۆچوون و ئایدۆلۆجیا، ئاستى بڕوانامە” مامەڵە لەگەڵ کۆى هێزى کارى مرۆيى تەندروستى بکات بەپێى یاساو ڕێساکان.
سێ یەم : ئاستى مامەڵەکردن لەگەڵ دەزگاودامەزراوەى تەندروستى و پزیشکی و نەخۆشخانەکان بەهەردوو کەرتى گشتى و تایبەت وەک یەک بێت، نابێت وەزارەتى تەندروستى وەزارەتى دامەزراوە میریەکان بێت بەتەنیا، ئەبێ وەزارەتى گشت دامەزراوە تەندروستى و پزیشکیەکان بێت بەهەمەئاهەنگى لەگەڵ گشت لایەنە پەیوەندیدارەکان بەپێى یاساى بەڕێوەبردنى تەندروستى عیراق .
ئەبێ وەزارەتى تەندروستى بەیەکسانى ونەبوونى جیاکارى ( التمییز) لەسەر بنەماى” شەخسى، حیزبى، بوونى دەسەڵات، بۆچوون و ئایدۆلۆجیا ” مامەڵە لەگەڵ دامەزراوە تەندروستى و پزیشیکیەکان بکات، بەتایبەتى لەم کاتەدا کە ڕۆژ بەڕۆژ دامەزراوە میریەکان لەبچوک بوونەوە نەماندان، هەڵبەتە زۆر لەمێژەوە ئەمەخواستى وەزارەتى تەندروستى بووە هەوڵێکى زۆریشى بۆداوە، ساڵى 2015 بابیتێکم بڵاوکردوە لەژێر ناونیشانى تەندروستى میللەتێک لەژوورە تاریکەکانەوە بەرەوکوێ؟ ئاماژەم بەوەداوە کەوەزارەتى تەندروستى بەیەکسانى مامەڵە لەگەڵ گشت دامەزراوە تەندروستى و پزیشکیەکان ناکات.
هەرنایەکسانى و جیاکارییەکى هەمەجۆرەى وەزراەتى تەندروستى لەسەر هەر بنەمایەک بێت، شەرعیەتى ئەو وەزارەتە ئەخاتە ژێر پرسیارەوە، سەرەڕاى ئەم نایەکسانى و جیاکارییەى ( التمییز) وەزراەتى تەندروستى وەزارەتەکە لەگشت چەمکە تەندروستی و پزیشکیەکانى ترشکستى هێناوە تەنانەت ئەگەر بەراوردى بکەین بەوەزارەتەکانى پێشتر، بەبۆچوونى من وەزارەتى تەندروستى بووە بەنوسینگەیەک تەنیاو تەنیا بۆ گرێبەستى تەندروستى و پزیشکى هەمە جۆرەى جیاواز و بەس.
پێشتر ئاماژەم بەوەدابوو وەزارەتى تەندروستى بەئانقەست لەژوورە تاریکەکانەوە کار بۆلاوازکردنى داموودەزگا تەندروستیە میریەکان دەکات بەقازانجى هەندێک لەنەخۆشخانەو دامەزراوە تایبەتەکان لەسەر بنەماى جیاکارى” شەخسى، حیزبى، دەسەڵات، بۆچوون وئایدۆجى” هەربۆیە مامەڵەى لەگەڵ ئەو جۆرە نەخۆشخانەو دامەزراوانە زۆر جیاوازتربووە لەنەخۆشخانەو دامەزراوەکانى ترکەپشتیان نی یە.
بەداخەوە وەزارەتى تەندروستى لەسەر هەر سێ ئاستەکە (ئاستى هاوڵاتى ونەخۆش، ئاستى هێزى کارى مرۆيى، ئاستى دامەزراوە و نەخۆشخانەکان ) وەک سیاسەتى بنەڕەتى وەزارەت، یەکسانى هەمەجۆرەیى نەپاراستووە ولەجیاکارى هەمەجۆرى ( التمییز) درێغى نەکردووە، هەبۆیە سێکتەرى تەندروستى بەم ئاستەخراپەى ئەمرۆ گەیشتووە.
ئەوەى بەدیدەکرێت لەشارى سلێمانى مامەڵەکردنى وەزارەتى تەندروستى و دامەزراوەکانى لەگەڵ گشت نەخۆشخانەو دامەزراوە تایبەتە جیاوازەکان لەیەک ئاستدا نییەو زۆر بەزەقى جیاکارى هەمەجۆرەیى لەسە بنەماى” شەخسى، حیزبى، دەسەڵات، بۆچوون وئایدۆجى” بەدیدەکرێت تا ئەو ئاستەى کارى کردۆتە سەر هێزى کارى ئەو سێکتەرە، تەنانەت لەیاساو ڕێسا تەندروستیە لاوازەکانى وەزارەتى تەندروستى چاوپۆشى دەکرێن.
بۆ نموونە: چەند دامەزراوە ونەخۆشخانەى تایبەت هەن لەشارى سلێمانى وەک دامەزراوە و نەخۆشخانە تایبەتەکانى تر بەیەکسانى مامەڵەیان لەگەڵ ناکرێت، لەهەندێکیان بەیانیان نەشتەرگەرى دەکرێت، لەوانى دى قەدەغەیەو ناکرێت، هەندێک پزیشکى سەر بەسێکتەى تەندروستى میرى بەئاگادارى وەزارەت و بەرێوەبەرایەتى سلێمانى بەیانیان لەنەخۆشخانە تایبەتەکان نەشتەرگەرى دەکەن، بەڵام بۆ پزیشکى تر نییە ئەو کارە بکات، ئەمەیە بانێکەو دووهەوا یاخود بانێکەو چەند هەوا، ئەمە بەشێکى زۆر کەم و سادەیە لەجیاکارى و نایەکسانى وەزارەتى تەندروستى.
جا نازانین ئەم جیاکارییە بۆچى؟.. چى لەپشتەوەیە؟ … ئەوە ئێمە لێى تێناگەین چونکە کار بەزانستى بەڕێوەبردنى نەخۆشانەو دامەزراوە تەندروستیەکان دەکەین!…. ئەبێ لەسەر چ بنەمایەک ئەم جیاکارییە بکرێت؟ لەسەر بنەماى” شەخسى، حیزبى، بوونى دەسەڵات یاخود بنەماى بەرژەوەندى تایبەت”. ئەگەر بارودۆخى سێکتەرى تەندروستى بەم نایەکسانى و جیاکارییە هەمەجۆرەیەى ئێستا بڕوات ئەوا هێزى کارى مرۆيى تەندروستى لەداهاتوویەکى نزیدا کاردانەوەیان دەبێت، بەتایبەتى بەرامبەر بەجیاکارى ( التمییز) هێزى کارى مرۆيى تەندروستى لەسەر بنەما هەمەجۆرەکان کەلەسەروو هەمویانەوە جیاکارى ( التمییز) لەسەر بنەماى حیزبى وشەخسى گەیشتۆتە ترۆپک.
زۆر بەداخەوە سەرەڕاى بوونى جێگرێک وچەند یاریدەدەرێک بۆ بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى سلێمانى، بەڵام هەموو دەسەڵاتە کارگێڕى ودارایى و یاسایى و زانستیەکانى لەشەخسى بەڕیوەبەرى گشتى و پزیشک و کارمەند و فەرمانبەرە حیزبیەکان قۆرغ کراوەو خزێنراوەتە سەبەتەى حیزبایەتى و بەرژەوەندى شەخسى چەند کەسانێکى دەستڕۆیشتوو و چەند بازرگانێکى حیزبى بەناوبانگ بەناوى خزمەتکردنى سێکتەرى تەندروستى و کۆمەڵگا.
ئەگەر بەشێوەیەک لەشێوەکان ڕێگە بەو جێگرو چەند یاریدەرە بدرێت ئەوا ڕەوشى تەندروستى زۆر لەئیستا باشتر دەبێت، چونکە کەسانێکى تێدایە شارەزان لەزانستى بەڕیوەبردنى تەندروستى و پزیشکى و نەخۆشخانەکان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت