24-06-2017 Dr-Muhamad-Ali

دکتۆر محەمەد ئەمین گەناویى : ئیستاتیکای ( جوانی ) سیاسەت .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئیستاتیکای ، لەرووی زانستیەوە بەشێکی یان چڵێکی(branch) ی فەلسەفەیە کە سەروککار یان مامەلە دەکات لەگەڵ سروشتى هونەر ، جوانى وە زەوق لە گەل خولقاندن و ناسینى ( قەدر زانى / تقدیر ) جوانى .
لەسەدەی هەژدەهەمەوە ، کە بابەتی جوانی وەکو بابەتێکی فەلسەفى هاتە سەرباس و شرۆڤە کردن ، گەلێ پێناسەی جۆراو جۆری بۆکراوە لەزۆر بواری جیاوازدا وەکو بواری هونەری ، وێژە لەسەرەتادا ئەمجار ئایین گفتوگۆ (communication) و سیاسەت . مەسەلەی هەرەگرنگ لە جوانیدا ئەمەیە کە ئایا جوانی تا چەند خۆیی (subjective) یەو پەیوەندی بە چاوی بینینى خۆییەوە هەیە بۆ وێنەی جوانی ، یان بابەتی (objective) شتە جوانەکانە ، لەسەر هەمان دوو بابەت وە جیاواز یان گەلێک ڕاوبۆچون و شیکاری و شرۆڤە کراوە، کە هەڵەبتە هەلومەرجی ژیانی ئابوری ، کۆمەڵایەتی ، فەرهەنگی رۆڵیان هەیە و ئەبێت هەتا لە سەر مانا ، پێناسە وە شرۆڤەی جوانی .
بەرای من ، مرۆڤ وە هەتا ئاژەڵیش لەگەڵ بابەتی جوانی و ناجوانی مامەڵەیەکی هەمیشەیی هەیە هەر لەو کاتەوە کە هەستەکان چالاک دەبن ، بەلام لای مرۆڤ جگە لە هەستەکان لەو کاتەوە کە هەستی فکری ، معرفی وە ویژدانى گەشە دەکات ، لەگەڵ گەشەو باڵابونی ئاستی معرفە ، ویژدان ، ئاگایى وە فکر لەبوارە جیاوازەکانا پەی بردن / ئیدراک (Perception) بۆ جوانی وە کاردانەوەی خۆیی (subject) بە ئاستی جیاواز دروست دەبێت . کە ئەم کاردانەوەیە پەیوەندیەکی تناسبی هەیە لەگەڵ هەمان ئاستی ، شعور ، معرفە ، ویژدان ، دەرونى وە تواناى پەى بردن بەجوانی .
زۆر جاران ئەم کاردانەوە سنوری خۆیی تێپەڕدەکات و ئەگاتە ئاستی مەوزوعی ، دوبارە بەرای من جوانی یا هەست و پەى بردن بە جوانى چ لەسەر ئاستی(subjective) یان (objective) بریتیە لە دروستبونی سا زندەیی(harmony) لەنێوان شعور ، معریفە وە پەى بردن/ ئیدراک لەگەڵ ژینگەی دەوروبەر یان ئەو شتەی کە لەگەڵیا مامەڵەی دەکەین و ، وە دەکەوینە واقعێکەوە کە بەهەر هۆیەک بێت لەپەیوەندی داین لەگەلیا جا ئەو شتە کەسئ / تاکێ ، گروپئ بێت ، ژینگەیەکی سروشتی بێت یان حاڵەتێکی سیاسی ، ئابوری ، وە یان کۆمەڵایەتی بێت .
تا سازندەیی (harmony) عقلی ، سۆزی ، فکری ، ویژدانى ، دەرونى وە هەتا ماددی زیاتر بێ ، هەستکردن ، بینین وە پەی بردن/ ئیدراک بە جوانی زیاتر دەبێت ، بە پێچەوانە وە ئەوا هەست و بینینی جوانی لە زهن ، دید ، عقڵ ، دەرون وە فکری لاواز دەبێت ، وە ئیتر و ێنەى ناشیرینی و دزێوی لە برى جوانى دەرئەکەوێ .
لە بونەوەرا ، لەهەرشتێک کە بونی هەیە ، رەگەزی جوانی پێکهاتەیەکی گرنگیەتى ، وە پەی بردن بەم جوانیە پەیوەندی بەلایەنی شعور ، معرفە ، فکر ، دەرون وە ویژدانەوە هەیە لە گەل هارمۆنی ئەم شعورو فکرو هەستە لەگەڵ ئەو شتە ، کە جوانی تیایە ، لە بەر ئەوە شتەکان هەتا ئەگەر رەگەزى جوانیان تیا بێ بەلام ئەگەر هارمۆنى نەبێ لە گەل هەست ، ئاگایی ، فکر ، دەرون وە ویژدانى عقلى تۆ ناتوانرێ زەوقى جوانى هەبێ .
لێرەدا زەوق ( Taste) رۆڵی گرنگ دەبینێت لەسەر ئاستی بونی سازندەیی (harmony) بۆ نمونە ، هەر مرۆڤێک حەزی لە مۆسیقایە بەڵام هەمومان وەکو یەک حەز لەیەک مۆسیقا ناکەین ، واتە ئاستی سازندەیمان(harmony) مان جیاوازە کە دەشێت پەیوەندی بە گەلێ شتەوە هەبێت کە بابەتی ئێستامان نیە ، دیسان هەر لەم نمونەیەدا بۆ نمونە پێش ساڵانێک حەزمان لە جۆری ئاوازو مۆسیقا نەبوو بەڵام ئێستا زۆر گوێی لێ دەگرین یا بە پێچەوانەوە کە حە تمەن هەر یەکێ لە ئێمە ئەم ئەزمونەی هەیە ، واتە ئەم هەست و معریفەی ئێستامان لەگەڵ ئەزمونى معریفى و فکرى کە هەمانە زیاتر پەی بە رەگەزەکانى جوانی یا ناجوانى ئەبەین لە گۆرانیەکا ، ئاوازێکا یان لە تا بلۆیەکا بە هۆى زیاتر پەى بردن وە تێگەیشتن لە مانای وشەکان ، ئاوازەکە یان هێل و رەنگەکانى تا بلۆیەک . ئەم پەى بردنە و تێگەیشتنە هارمۆنیمان زیاتر دەکات و زیاتر هەست بەجوانی دەکەین لە زهندا ، ئەمە دەشێت هەتا لە بینینا دروست بێت کەئەمەی ئەمڕۆ لەشتەکانا وێنەى جوانی یان ناشیرینی تیا دەبینین دەشێت زوتر نەمان بینیبێت . بەهەمان جۆر لە حاڵەتی جوانی گفتوگۆ (communication eastatics) یان جوانی سیاسەتدا (politics eastatics) یا هەر جوانیەکى eastatics تر . لێرەدا کە بابەت جوانی سیاسەتە ، سیاسەتیش بابەتی ڕۆژانەی هەر تاکێکە لە هەموو بوارو ئاستەکانی ژیاندا هەر لە سیاسەتی باوک و دایک لەگەڵ مناڵ ، ئەمجار سیاسەتی تۆی تاک لەگەڵ دەوروبەرو شوێنی کارت تا ئەگاتە بوارى فراوانتر لە سەر ئاستى ئابوری ، کارگێرى ، دامەزراوە وە دەوڵەتداری و … هتد ، بۆیە گرنگە بزانین جوانی سیاسەت چی یە ؟ مامەڵەمان چۆنە لەگەڵیدا وە رۆڵی eastatics جوانی لە سیاسەتدا چیە ؟
زۆر لە شارەزایان و رەخنەگرانی بواری eastatics جوانی سیاسەت هاوران لەسەر ئەوە ، کە لەشوێن و کاتێکی دیاری کراودا دەربرینی جوانی سیاسەت بریتیە لە جوانی سستەمێکی سیاسی ، وە سێیان وایە تۆ ناتوانی لە سیاسەت تێ بگەی بێ تێگەیشتن لەجوانی سیاسەت ، بەڵام تۆ ناتوانی لە جوانی تێبگەی وەکو سیاسەت ( واتە سیاسەت جوانیە بەڵام جوانی سیاسەت نیە )
جوانی سیاسی لەختابی سیاسیدا رەنگ دەداتەوە ، وە زۆرێک پێیان وایە کە هەتا هونەر چ هونەری عاممى (vernacular) بێت یان هونەری رەسمی بەختابی سیاسی دەژمێردرێت ، بۆ نمونە مۆسیقای رۆک ، پاپ ، یان جاز وە یان هەر جۆرە مۆسیقایەکی تر یان کارێکى هونەرى تر لە کات و شوێنی دیاری کراودا دەربرینە لە هەست و ویژدانی سیاسی .
(startwell) رەخنەگری بواری فەرهەنگی (culture) پێی وایە هەتا مۆسیقا ، نەخشەو نیگار زۆر زیاترن لەوەی کە هەر بازوی پروپاگەندەی سستمی سیاسی بن بەڵکو بنەماو دەستوری سستمی سیاسین .
(startwell) فەلسەفەی سیاسی ، زانستی سیاسی وە مێژوو فەلسەفەی هونەر بەیەکەوە کۆ دەکاتەوە بە ڕێگەیەکی تازە بۆ رونکردنەوەی باڵای ( شکۆ) ی جوانی ، و ە بەکارهێنانیان لە زەمینەیەکی سیاسیدا ، بۆنمونە جوانی ناسیۆنالیزمی ڕەش پێستەکان . مردنی کەنەدی ، یان لە مێژوی ئەمرۆماندا روخانی دیواری بەرلین ، روخانی رژێمەکانی عەرەبی . ئەوەی startwell)) باسی دەکات وەکو رەخنەگر زیاتر گرنگی بە دیاردەو ڕووکەش و شیکاریە مێژوییە هونەری و فەلسەفیەکان دەکات ، بەڵام هەروەکو لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا کە جگە لە فەلسەفەو زانستی سیاسی و جوانی و مێژوی و هونەری کە هەر یەکەیان رۆڵی تایبەتی خۆیان لە جوانی سیاسەتا .
بەرای من بۆ ئەوەی جوانیەکی بەرجەستەو هەست پێکراومان هەبێت پێویستە هەما هەنگی و هارمۆنی هەبێت لەگەڵ هەموو ئەو ڕەگەزانەدا لەگەڵ هارمۆنی ویژدان ، عقڵ ، دەرون ، فکر وە شعوری انسانى لەگەڵ سستەمی سیاسیدا. هەر کاتێک هارمۆنی تەواو(complete harmony) دروست بوو ئەوا ئێمە سستەمێکی سیاسی وامان دەبێت کە زیاتر لە کامل بوون (perfection) نزیک دەبێتەوە ، بە پێچەوانەوە چەندێ هارمۆنی کەم تر بێ ئەوا زیاتر لە دارمان (meltdown) نزیک دەبێتەوە .
ئەشێ لە سستەمێکی سیاسی دیارى کراوا لە بوارێکدا جوانی تیا هەست پێبکەین بۆ نمونەی ئەگەر ژیانی ئابوری باش و جێگەی رەزامەندی خەڵک بێت ، بەڵام لە ژیانی سیاسیدا سستمی سیاسی دیکتاتۆر و ستەم کاربێت ئەوا لە جیاتی هەستکردن بەجوانی هەست بە ناشیرینی دەکەین ، وە تا رەگەزی جوانی زیاتر بێت لەهەر سستەمێکدا ئەوا شانسی مانەوەو بەردەوام بوون زیاتر دەبێت ، بە پێچەوانەوە تا رەگەزی ناشیرینی زیاتر بێت ئەوا زیاتر ژیان بێزار ئەکا و سستەمى سیاسى بەرەو دارمان ئەبات .
* بابەتی جوانی eastatics ، گرنگیەکی گەورەی هەیە لە ژیانی سیاسی ، گفتوگۆ ، هونەر ، ئەدەب ، هەتا لە ژیانی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و … هتد ، بەڵام بە داخەوە کتێبخانەى کوردى لەم بوارەدا هەژاریەکی ترسناک هەیە ، تا ئێستاش پاش نزیکەی چل ساڵ تەنها بابەتێک کە لەسەر جوانی بە کوردى نوسرابێت کتێبەکەی دکتۆر کمال میراودەلیە ( فەلسەفەی جوانی و هونەر ) ، بەراستی تێ ناگەم دەیان زانکۆ هەیە دەیان کۆلێژی زمان ، هونەر ، ئابورى وە سیاسەت هەیە بەسەدان بەناو مامۆستا هەیە ئەبوو لانی کەم دەیان بابەت لەسەر ئیستاتیکا هەبایە لە بوارى جیاواز جیاوازا بەڵام خۆم تا ئێستا هەتا وتارێکیشم نەبینیوە .
هیوادارم گەنجەکان کە خوێندکاری بواری زمان ، هونەر ، ئەدەب ، ئابورى وە سیاسەتن ، گرنگی بەم بابەتە بدەن هەروەکو بەشێک لە بەرنامەی خوێندنیان ئەگەر هەبێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت