دکتۆر محەمەد گه‌ناوی : پانۆرامای سیناریۆ ره‌شه‌کان .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هه‌ر دوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یه‌کێتی سۆڤیه‌ت و لێکترازانی هاوسه‌نگی هێزی جیهان ، کرانه‌وه‌ی جیهان به‌ڕوی یه‌کداو کرانه‌وه‌ی سنوره‌ جوگرافی‌و ئاینی و ئایدۆلۆژی و فه‌رهه‌نگی و ئاینی و شارستانیه‌کان ، کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی خۆی له‌بۆشاییه‌کی فکری‌و ئایدۆلۆجیا دۆزیه‌وه‌.
له‌گه‌ڵ ئه‌م کرانه‌وه‌ مه‌زنه‌ی جیهاندا که‌ناونرا جیهانگیری ، هه‌ر میلله‌ت و گروپێکی ئاینی ، مه‌زهه‌بی هه‌موو هێزێکی ناوچه‌یی هه‌وڵی ئه‌مه‌یاندا که‌ ئه‌م بۆشاییه‌ فکری و ئایدۆلۆجیه‌ پڕبکه‌نه‌وه‌ که‌پاش ده‌ورانی شه‌ڕی سارد له‌نێوان رۆژئاوا و رۆژهه‌ڵاتدا هەبوو.
دوای روخانی سۆڤیه‌ت له‌سه‌ره‌تای نه‌ته‌وه‌کانی سه‌ده‌ی رابردوو شاهیدی جوڵانه‌وه‌ی جۆراوجۆری مه‌زهه‌بی‌و ئاینی بوین که‌بونیادگه‌رایه‌کان به‌شێوه‌یه‌کی فراوان چالاکبون له‌گروپی بنیاگه‌رایه‌ ئیسلامیه‌کانه‌وه‌ تا ئه‌گاته‌ هه‌تا گروپی ئاینی مه‌سیحی .
ئه‌م گروپه‌ دینی و مه‌زهه‌بیانه‌ ته‌نها به‌وه‌ نه‌وه‌ستان که‌بانگه‌شه‌ی خۆیان بکه‌ن له‌ڕێی دامه‌زراوه‌ ئاینیه‌کانه‌وه ‌، به‌ڵکو ئاره‌زوی ئه‌وه‌شیان بۆ په‌یدابوو که‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به‌ده‌ستبگرن ( به‌هۆی دروستبونی بۆشایی فکری دوای روخانی سۆڤیه‌ت ) جگه‌ له‌مه‌ش بۆ نیشاندانی هێزی خۆیان وه‌ک ده‌ستکردن به‌دامه‌زراندنی پایه‌کانی خۆیان ، ده‌ستیانکرد به‌جه‌نگی چه‌کداری و هێرشکردن بۆ نمونه‌ هێرشی گروپی مه‌سیحی له‌( ئۆکلا‌هوما ) ی ئه‌مەریکا له‌ساڵی (1995) که‌زیاتر له‌سه‌د قوربانی لێکه‌وته‌وه‌ ، ئه‌مجار هێرشی 11ی ئه‌یلولی 2001 له‌لایه‌ن قاعیده‌وه‌ وه‌ک گروپێکی بنیادگه‌رای ئیسلامی که‌ هه‌زاران قوربانی لێکه‌و‌ته‌وه ‌، گیانی مه‌زهه‌بی و جه‌نگی مه‌زهه‌بی له‌زیاتر له‌چه‌ند شوێنی دنیا زیندوکردوه ‌.
دنیای به‌ناو ئیسلامی ئه‌مڕۆ بۆته‌ مه‌یدانی جه‌نگی ئاینی و مه‌زهه‌بی که‌ده‌ره‌نجامه‌که‌ی ئه‌وه‌یه‌ که‌ڕۆژانه‌ ئه‌بینین هه‌ر جاره‌ی له‌وڵاتێ ، له‌شوێنێ به‌هه‌زاران و هه‌تا ملیۆنان خه‌ڵک ناچار ئه‌بن شوێن و ماڵی خۆیان جێبهێڵن ، به‌کارهێنانی ئه‌وپه‌ڕی توندوتیژی کوێرانه‌ دژ به‌یه‌ک که‌ هه‌موو سنوره‌کانی په‌زاندوه ‌.
له‌سه‌ر ئاستی جیهان ، قه‌یرانی ئابوری له‌ڕۆژئاواو نه‌توانینى وڵاتانی پیشه‌سازی گه‌وره‌ له‌په‌یداکردنی رێگه‌چاره‌یه‌کی ته‌ندروستانه‌ بۆ گرفته‌ ئابوریه‌کان ، هه‌روه‌ها له‌وڵاتانی دنیای سێهه‌م هه‌ژاری ، سته‌م ، گه‌نده‌ڵی هه‌ره‌شه‌ی جدین بۆ سه‌ر ئاشتی ناوچه‌یی و جیهانی ، ئه‌م هه‌ره‌شانه‌ ، هه‌رجاره‌ی له‌شوێنێ به‌شێوه‌ی سیناریۆی ره‌ش خۆیان ده‌رئه‌خه‌ن که‌تاوانی دژی مرۆڤایه‌تی تیا ئه‌نجامئه‌درێ و ئاینده‌ی مرۆڤ‌و ئاشتی و به‌ره‌و سه‌رنه‌وشتێکی ترسناک ده‌به‌ن.
له‌ئێستادا رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌کوردستانیشه‌وه‌ ، پاش به‌گومراکردن‌و به‌میلیتاریزمکردنی شۆڕشی هه‌قخوازانه‌ی به‌هاری عه‌ره‌بی بۆ ئازادی و نان و سه‌روه‌ری و که‌رامه‌تی تاک ده‌رگای بۆ سیناریۆ هه‌ره‌ ره‌شه‌کان کرده‌وه‌ له‌م سه‌رزه‌مینه‌ی که‌ناوی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌ زمانی چه‌ک ، توندوتیژی کوێرانه‌ به‌ره‌و زاڵبونی ته‌واو ئه‌ڕوات به‌سه‌ر زمانی یه‌کتر قبوڵکردن له‌یه‌ک تێگه‌یشتن رێزگرتن له‌مافی تاک و گروپ و دین و نه‌ته‌وه‌کان . تا کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ، ئاینی ، قه‌یرانی ئازادی و دیموکراسی و سه‌روه‌ری تاک چاره‌سه‌ر نه‌کرێ به‌شێوه‌یه‌کی راسته‌قینه‌و دیموکراتیانه‌ وڵاتانی ئیسلامی ناتوانن له‌ئاسایشی سیاسی و ئابوری و هه‌تا گیانیدا ژیان به‌سه‌ربه‌رن .
به‌له‌به‌رچاوگرتنی هه‌موو ئه‌م خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه‌ ئه‌توانین پێشبینی ئه‌م روداوانه‌ بکه‌ین که‌ دیمه‌نی ( پانۆرامای) سیناریۆ ره‌شه‌ چاوه‌ڕوان کراوه‌کانن.
له‌گه‌ڵ روداوه‌کانی موسڵ پێشبینی ئه‌م سیناریۆ ره‌شانه‌ ئه‌کرێ که‌هیوادارم معجیزه‌یه‌ک یان عه‌قڵی بتوانێ ئاڕاسته‌ی روداوه‌کان بگۆڕێ و گه‌لانی ناوچه‌ له‌کاره‌ساتی مرۆیی دوربکه‌ونه‌وه‌.
ئه‌مرۆ ئه‌گه‌ری ئه‌م سیناریۆ ره‌شانه‌ هه‌یه‌ :
1- له‌گه‌ڵ پێشڕه‌وی داعش و چه‌کداره‌کانی تر به‌ره‌و به‌غداد ، شه‌ڕی مه‌زهه‌بی نێوان شیعه‌و سوننه‌ گه‌رمتر ئه‌بێ ، له‌م حاڵه‌ته‌دا ئێران بێ دوودڵی به‌هه‌موو تواناوه‌ به‌شداری شه‌ڕی شیعه‌ دژی سوننه‌ ئه‌کا . بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ئێران ئه‌گه‌ری جددی هه‌یه‌ تورکیا ، ئه‌رده‌ن وڵاتانی که‌نداو به‌شداری شه‌ری شیعه‌و سوننه‌ بکه‌ن . ئیتر هه‌موو ناوچه‌ تا ئاینده‌یه‌کی دور گرفتاری شه‌ڕی ناوخۆو خۆوێرانکردن ئه‌بێ به‌هه‌مان ئه‌م جۆره‌ی که‌ له‌سوریا ئه‌بینرێ له‌شه‌ڕێکی وادا جگه‌ له‌ئه‌نجامدانی تاوانی جه‌نگ به‌رامبه‌ر گه‌لان ، نه‌خۆشی ، هه‌ژاری ، گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ده‌ورانی پێش پیشه‌سازی و دنیای مۆدێرن ئه‌بێته‌ کاراکته‌ری ناوچه ‌.
2- دابه‌شبونی هێزی کورد به‌سه‌ر دوو به‌ره‌ی جیاوازدا له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌و جیهان له‌م حاڵه‌دا ئه‌شێ کوردستان ببێته‌ شوێنی جه‌نگ ، شوێنی یه‌کلاکردنه‌وه‌ی جه‌نگی هێزه‌ دژیه‌که‌ ناوچه‌یی و جیهانیه‌کان که‌ بێگومان له‌م کاته‌دا به‌هاکه‌ی ئه‌بێ خه‌ڵکی هه‌ژارو خێر له‌خۆنه‌دیوی کوردستان بیدات .
ئه‌مانه‌ هه‌موی سیناریۆی ره‌شن که‌هێزه‌ دژ به‌مرۆڤ و ئازادیه‌کانی میلله‌تان خوازیارن ، له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌خوازرێ خه‌ڵکانی دڵسۆزو مرۆڤدۆست ده‌نگ و کاریگه‌رییان هه‌بێ ‌به‌ره‌یه‌کی دیموکراسی مرۆڤدۆست ، دڵسۆزانی خه‌ڵک و ئاشتی دروستببێ هه‌تا ئه‌گه‌ر نه‌تواننن به‌رگری سیناریۆ ره‌شه‌کان بگرن کاریگه‌ریه‌کانیان که‌مبکاته‌وه‌ بۆ نزمترین ئاست .
3- دابه‌شکردنه‌وه‌ی ناوچه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌خشه‌ی نه‌وت و گاز بێ له‌به‌رچاوگرتنی مافی مێژوی و جوگرافیاو نه‌ته‌وه‌یی میلله‌تانی ناوچه ‌. ئه‌مه‌ش ئه‌توانێ هه‌موو گه‌لانی ناوچه‌ بۆ ساڵانێکی زۆر بخاته‌ ناو شه‌ڕێکی پڕ له‌تراجیدیا که‌ هه‌موو ناوچه‌ بگێڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تاکانی مێژوو .
بۆ نمونه‌ شه‌ڕی کورد له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب – تورک و شه‌ڕی عه‌ره‌ب له‌گه‌ڵ فارس – تورک و ئیسرائیل . شه‌ڕی بلوچ له‌گه‌ڵ فارس . ئۆردو ( پاکستان ) په‌شتو… هتد..
واته‌ ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌ی دابه‌شکردنی عێراق و وڵاتانی تر له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی میللی وا مافی میلله‌تان نه‌بێ ئه‌وا سایکس بیکۆیه‌کی خوێناوی له‌ڕه‌شترین سیناریۆدا دروستئه‌بێ . ئه‌وه‌ی ئاشکرایه‌ له‌کاتی ئێستادا تەحەدیاته‌کان گه‌وره‌ن فکرو عەقڵیه‌ت و فه‌رهه‌نگی مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ تەحەدیاته‌کاندا بچوکن ئه‌مه‌ گرفتی سه‌ره‌کیه‌ که‌نه‌توانرێ به‌رنامه‌کانی سیناریۆ ره‌شه‌کان پوچبکرێنه‌وه‌ به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا خه‌ون و هیوا بۆ داهاتویه‌کی باشتر هه‌ر ئه‌مێنێ .

مامۆستا له‌زانکۆی سلێمانی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت