دکتۆر مەدیحە سۆفی: باشوری کوردستان، پێگەی ژن لە ناوەندەکانی بڕیاردا!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کورتکراوەی بابەتێکی بەربڵاو لەبارەی پێگەی ژن لە ناوەندەکانی بڕیاردا
سامانی مرۆیی کۆڵەکەی پێشکەوتن و بەردەوامی پێشکەوتنە، پەروەردەکردنی ئەو سامانە و خستنەگەڕی لەسەر ڕێڕەو و پێوەری توانا و دڵسۆزی و کارامەیی و شارەزایی و لێهاتوویی، دەبێتە دینەمۆی ئەو کۆمەڵگایە لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و دارایی و دەسکەوتی مۆڕاڵی و پەروەردە و ڕایەڵبوونی تەواوی ئەو بوارانە بە ڕەوڕەوەی سەردەمەکەیەوە.
بۆ ئەمڕۆ و لەژێر ڕۆشنایی ئەم هەموو گۆڕانانەی، کە هیچ ئامادەکاریەکی زانستی بۆ ناوەڕۆکەکەی نەکراوە و کەڵەکەبوونی قەیران و بوونی میکرۆبی هەرەسهێنەری ئینتیما و بۆشایی زۆری متمانە و ئاسۆیەکی ڵێڵ و بێ هیوایی و ڕۆچوون و لەق بوونی زەوی ژێر پێی هەموو تاکێ، کە نازانێ لە قوڵاییەکی زۆرتری بوونی ئەو قەیرانانە، چۆن مامەڵەی ژیان دەکات و بکات، ئەم هەموو نائارامیە، بە هۆی غیابی بەرنامە و پەیڕەوی نیشتیمانی گونجاوەوەیە کە دەمێکە چین و توێژی میللەتی لە یەك جیاکردووەتەوە و تا دێ چینی ناوەڕاست تەنك دەکاتەوە و کۆمەڵگا دەکاتە دوو چینی هەستیار کە دەسەڵاتدار و خاوەن سەرمایە و چەك و حوکمە لەگەڵ چینی هەژار و نەدار و سەرلێشێواو و چاوەڕوان و بێ ڕابەر.
لێرەدا و لە ئەمڕۆدا و لە نێو گەرەلاوژەی ئەم گۆڕانانەی بە زۆر خۆی دەسەپێنێ، بۆشاییەکی گەورەی بڕیار و ڕۆڵ و کاریگەری و دەنگ و ڕەنگ و سیمای هاوچەرخی دەبینرێ، کە هەموو ماڕشەکان لەنگتر و لەقتر و لەسەرخۆتر دەکەن، ئەوەندەیتر لە دونیای سەردەم و مۆدێرن و شایەن بەم چەرخەی ئێستای گلۆبال دوور دەخاتەوە، ئەویش بریتیە لە بۆشایی ڕۆڵی ژن لە باشوری کوردستان.
لاوازی بوونی ڕۆڵی ژن لە باشور، هۆکارەکەی نەبوونی ژنی بەتوانا نیە، بەڵکۆ کۆمەڵێ هۆکاری تێهەڵکێشی ئێستا و مێژووە، شتروکتوری کۆمەڵگا و گەشە و بڕوای سەقامگیربووی لەسەر کۆمەڵێ بنەمای دژ بەخۆی و پێش هەمووی کەلێنی گەورەی نێو پەیڕەو و پرۆگرامی سیاسی پارتەکان، کە ئەگەر بڕگەیەکی بۆ گەشە و بەشداری و سەلماندنی پێگەی ژن بووبێت، ئەویش هەر بۆ بەدیهێنانی بوونی مەرجێکی تیوری ئەو پەیڕەو و پرۆگرامە بووە، ئەگەر نا تا ئێستا بە دەق و بە پڕاکتیك زۆر کەمتر کاری پێ کراوە لە چاو ئەوەی دەبوو هەبێ، بەتایبەتی بۆ ئەم ئەمڕۆیەی کە دەرگا واڵایە و سامانە مرۆییەکەت هەیە و تواناکەی نکوڵی لێ ناکرێت کە توانای ژنە.
ئەو ڕاستیەی هەندێ جار هەڵوێست و مەقامی سیاسەتی باشور لە ئاستی ڕۆڵی ژن شەرمەزار دەکات یا لەنگی و کەلێنێك لە پرۆگرامەکانی ئاشکرا دەکات، سەرکەوتنەکانی ڕۆژئاوان، پێگەی ژنی کورد لە ڕۆژئاوا، نەك ئێمەی ژنی کوردی لە جیهاندا زیندوو ڕاگرت، بەڵکو تێڕوانینی هەموو دونیای بەرامبەر توانا شارراوەکانی ژن گۆڕی.
واتە ژن دەتوانێ و زاڵە بەسەر ئەو دیاردە و تیوریەی تا ئێستا ڕێگرە و نەهی لە جوڵەی دەکات، ژن لە باشوردا لەگەشەکردندایە، دەیەوێ لەو قۆزاخەیەی سەدەی ڕابووردوو دەرچێ، جوڵە دەکا و چەکەرە دەکا و جار جار بە ناچاری سەرکێشێش دەکا، بەڵام لە ڕۆژئاوا پێویستی بە سووتاندنی ئەو هەموو وزەیە نیە بۆ جوڵە و سەرکێشی، چونکە سیستەم هەیە و یاسا و داواکاری ڕۆژە سەختەکان توانای ژنی هاوپێچی نێو سەنگەر و بەرنامە و داڕێژانی داهاتوو و فەرمانکردن و فەرمانڕەوایی و شکاندنی ڕچەڕێ کردووە، واتە لەوێ کۆمەڵگای دروست داهاتووی دروست بۆ هەموو دروست دەکات، نەك وەکو زۆربەی شوێنەکانی دی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی سێیەم، نیوەی کۆمەڵگا بە ناتەواوی داهاتوویەکی ناتەواو و لەق بۆ هەموو دروست بکەن.
ئەو کەلێنەی لە باشور دەبینرێ، وا ئاسان پڕ ناکرێتەوە ئەگەر هەروا بە شێواوی بمێنێتەوە، ئەو دیسیپلین و ڕێڕەو و سیستەمانەی زۆر ئاسایی توانا و ڕۆڵی ژن بە بڕواو و متمانەوە تێهەڵکێشی کاری هەموو بوارەکان دەکەن، پەروەردەی دەوێ، پەروەردەی کۆمەڵایەتی، کە ئەمەش هەموو تاکێك دەگرێتەوە و چونکە لە جیهاندا گرفتێك یا کێشەیەك نیە بەناوی کێشەی ژن، کێشەیەك هەیە بە ناوی کێشەی کۆمەڵگا، کە هەموو لێی بەرپرسیارین.
لێرەدا پێویست بە داڕێژانی سیستەمێکی بنەڕەتی و زانستی دەکات، کە هێدی هێدی ئەم کێشەیە لەگەڵ خۆی پەلکێش بکا و بە تێپەڕبوونی زەمەن ڕێژەیەکی کێشەکە کەم بکاتەوە، دەمێکە زەمینەی باشوری کوردستان لەبارە بۆ دیراسەی ئەم کێشەیە، بەڵام چارەکە سەدەیەکە ئاوڕێکی زانستی و شیکردنەوەیەکی زانستی بۆ نەکراوە، کە هیچ نەبێ تاقیکردنەوەکان بکاتە دەرئەنجام و لە ژیر سایەیدا گۆڕانی تێدا بکات.
هەر شٶفێری و نانکردن و سەفەر و هەندێ کاری لاوەکی بەس نیە، بکرێ بە پێوەر بۆ ڕۆڵی ژن، کۆمەڵگا دەبێ تاکی لە ناوەندی بڕیاڕدا هەبێ، دەبێ ژن ڕێژەیەکی باشی لە ناوەندەکانی بریاڕ هەبێ، تا گۆڕان بخاتە ئەو بیر و هۆشەی کە بووە بە شەختە، کە بتوانێ گۆم بشڵەقێنێ، کە کاری ڕاستی و زانستی بۆ پەراوێزەکانی کۆمەڵگا بکات و چینی ژێرەوە بەرەو ئاستی چینی ناوەند پاڵنا، چونکە چەند چینی ناوەندنت ئەستورتر بێت، ئەوەندە جیاوازی نێوان چینەکان کەمتر دەبێتەوە.
بوونی ژن لە ناوەندەکانی بڕیاڕدا، داواکاری بزووتنەوەی ژنانی ئەڵمانیا بووەلە شەستەکاندا، ئێستاش ئەو داواکاریە هێشتا هەر ماوە، ڕۆژئاوای کوردستان پێش ئەوەی کۆرپەڵەی نیو سکی بزووتنەوەکەیان دروست بێ، سیستەمەکەیان داڕێژاوە، بۆ ئەمڕۆ و بۆ سبەی و داهاتوو قورسترین ئەرکی لە خۆی داماڵیوە، کە ئێستا وڵاتانی ڕۆژئاوا هێشتا پێی نەگەیشتوون.
هیوادارم ڕێژەی ژن لە هەموو ناوەندەکانی بریاردا زیاتر و ئاکتیڤتر بێت و بەتایبەت لە ناوەندە هەستیار و پێویستەکاندا و لە خزمەتی بەهۆش هاتنەوە و سەرلەنوێ داڕێژانی شتروکتوری نێوخۆ و دوروستبوونێکی دروستی تاك بێت، کە کاریگەری لەسەر ڕوانگەی خودی خەڵك هەبێ و ڕوانگەی دوێنێی بگۆڕێ، چونکە تا ڕوانگەکان نەگۆڕێن، پێگەکان ناگۆڕێن.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت