دکتۆر کامەران مەنتک : باکوری کوردستان گڕی تێبەردەدرێت و ، لێرەش …..

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سوپای تورکیا دڕندانە کەوتۆتە وێزەی خەڵکی سڤیلی باکوری کوردستان ، شارەکان و گەڕەکەکان و ماڵەکان ، وێران دەکات ، ژن ، پیاو ، زارۆک ، پیر، خۆرت و کیژۆڵەی کوردان تیرۆر دەکات ، ئەندامەکەی ناتۆ ، کە خۆیان لا پارێزەری مافی مرۆڤ و دیموکراسی و ئاشتی گەلانە ، زۆرداری و نامرۆڤانەو شەڕی ئاشتی خەڵکی ئاشتیخوازی باکوری کوردستان دەکەن ، سەگە پۆلیسیەکەی ناتۆ لە رۆژھەڵات ، چۆتە پاڵ تیرۆریستانی داعش و بەناوی شەڕی تیرۆرەوە شەڕی منداڵانی بێنازی باکورو رۆژئاوای کوردستان دەکات ، عوسمانییەکان نوێیەکانو کۆنەکان ، ھەمدیس بە وێنەی سوڵتانە خوێنرێژەکانی باپیرانیان ، کەوتوونەتە بۆردومان کردن و رووخاندنی قەڵای کوڕە ئازاو لە خۆبووردوو قارەمانەکانی باکووری کوردستان ، کەوتوونەتە سوتماک کردنی ماڵ و خانووی قوڕی ھەژارو لێقەوماوانی باکوری کوردستان ، پۆلیسە دیموکراتیخوازەکەی ناتۆ،دۆستە ستراتیژییەکەی ئەمریکای مرۆڤ پەروەر!!!! بە بەرزەقەی چاوانی ھەموو دنیا ، جینۆسایدی گەلێک دەکەن لە باکووری کوردستان ، وێنەی داعش،دەیەوێت کچ و ئافرەتانی کورد بکاتە کۆیلەو ( سەبایا ) و لەبازاڕەکانی ئەوروپای دیموکراسیخواز بیانفرۆشێت . 

چ شەرمێکە بۆ مرۆڤایەتی ، کە ئەو جینۆسایدە پەردەپۆش دەکات ، چ شەرمێکە بۆ راگەیاندنەکانی بەناو دنیای ئازاد ،کە چاوییان لە ئاست ئەو شەرمەزاری و ئەو ھەموو تاوانانەی عوسمانییە نوێیەکان دەنوقێنن ، چ شەرمەزاییەکە بۆ ئەمریکا ،کە بەدەمیدا بێت باسی مافی مرۆڤ و مرۆڤایەتی بکات ، چ شەرمەزارییەکە بۆ ( کۆمەڵگای ) مرۆڤایەتی کە لەسەدەی بیست و یەکەمدا رەفتارەکانی چاخە ناوەڕاستەکان و داگاکانی تەفتیش لە باکووری کوردستان قبووڵ دەکات .
تورکیای عوسمانییە نوێیەکان ، لە پەنای دروشمە بریقەدارەکانیاندا ، ھەمدیس بە وێنەی کەمالییە شۆفینسیتەکان ، ( تورکە شاخییەکان ) بە چەکی کیمیاوی و بە تانک و تۆپ و زرێپۆش و فڕۆکەی فانتۆمی ئەمریکی ، بە شارستانی دەکە ن !!! زۆر شەرمەزاریییە ، زۆر شەرمەزرایییە ، زۆرۆۆۆۆۆۆۆۆۆ شەرمەزاریییە ، بەڵام لە ھەموو ئەو شەرمەزارییانە شەرمەزاریتر ئەوەیە کوردێک لە باشوور سوڵتانە دەست بەخوێنەکەی ئەنقەرە بە فریاد رەس تێبگات !!! لە ھەموو ئەو شەرمەزارییانە شەرمەزاریتر ، ئەوەیە وەکورد لە باشوور خەریکی ھەژمارکردنی مووەکانی کلکی کەری دەجاڵ بێت و چاوی چەند بستێک لە خوار لووتییەوە نەبینێت کە براکانیان رەشەکوژ دەکرێن ، لەو ھەموو شەرمەزارییانە شەرمەزاریتر ، دەرگای باشووری کوردستانیش بۆ تورکیا بکەینەوە کە بێت لە داعش و لە براکوردەکانمان رزگارمان بکات ، ئای چ شەرمەزارییەکە ، مرۆڤ لەسەدەی بیست و یەکەمدا بەو شێوەیە سیاسەت بکاو دنیا ببینێ … چ شەرمەزارییەکە بۆ میدیای کوردی کە گوێی کەڕ بووەو خەریکی قال و قەوەلەی بەرپرسە ناپاکەکان و قەڵەمە دزێو جنێوفرۆشەکان و قسەی باقو بریقەداری بەناو رۆشنبیرە ھەلپەرستەکانە .
ئەگەر گەلی کورد لەو بێباکییە بەردەوام بێت و تا ماوە چاوی لە جق و نقەکانی باشوور بێت ، تا ماوە کورد فرۆشان و بازرگانانی کوردایەتی و جاش و خۆفرۆشانی رۆم و عەجەم بە سەرکردەو قارەمان و تاکە سەرۆک و رزگاریکەر بزانێت ، ئەوە شایەنی ئەوەیە کە نەک بە تەنیا سەدەی بیست و یەکەم بەڵکو ھەموو تەمەنی خۆی لە کۆیلایەتی بەسەر بەرێت ، گەلێک ھێندە بێباک بێت و بریاری دابێت کە بەکۆیلایەتی بژیت و توانای ئەوەی نەبێت کە لە دووری چەند کلیومەترێکدا چاوی رەشەکوژی و قڕانی براکانی ببینێت ، یاخوا ئەو گەلە دیلی و بن دەستی و کۆیلایەتی پیرۆز بێت .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت