Nazik

  دکتۆر کەمال میراودەلی : تکایە بێدەنگییم بریندار مەکە  .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە دوو هۆنراوەی نازک ئەلمەلائیکەوە

مەپرسە لە نهێنیی
چۆڕاوگەی ئەسرینم
هەندێ راز نایانەوێ
بێنە بەر خۆر
دەیانەوێ وەک مەتەڵێک
لەو دیو دیواری برینم
بژین وەک ناسۆر

هەندێ ڕاز گەر دەرکەون
دەبنە ئەشقێکی
ئەتککراو
هەندێکیان ئەوەندە گەورە بوون
ئەودیویان نابینرێت
نایەنە بەر چاو

سەدان راز لە تنۆکە فرمێسکی
لە چاو قەتیسدا حەشارن
سەدان مەتەڵ لە بێدەنگییدا
لە ناو دوو لێوی بەستراودا
دەلەرنەوەو نادیارن

پرسیارم لێ مەکە ئامان
مەکە لێم پرسیار
رازەکانی ناو دەروونم
مەکە زامدار
گەورەیی بێدەنگییم مەسڕەوە
گەر بێمە دەنگ
لە هەموو لەفزێکما
گۆڕیچەی خەونێکەو
بەرەبەیانی
برینیكی بێ قەرار

گەر بێمە دەنگ
دەبینی چۆن شیعرم لە خەمدا
هەڵدەلەرزێ
لە ئامێزی هیلاکییدا سەردەنێتەوە
گەر ڕازی قووڵیی ناو دەروونمت
بۆ دەربڕم
جگە لە لاشەیەکی سڕ
چی لە من ، دەمێنێتەوە؟

گەر بێمە دەنگ
خورپەیەکی ژیان و بوونم
ناچارم بکا بۆ نوتقێ
بێدەنگیی قووڵم
هەناسەکانم توند دەکاو
دڵم خەریکە بتەقێ

لێم گەڕێ چییە وا قیڕسچمە
لە رازم دەپرسی
خۆشەویستیی من دەمرێ
گەر دەرخا
نهێنیی ترسی

من وەک شەوم :
هێمنیی، قووڵیی ،
ئاسۆی فراوان
من وەک ئەستێرەم :
پەنهانیی ، دووریی
دیمای درەخشان

سا گەر لە شەو گەیشتی
تێش بگە لە هەستم
گەر بە ئەستێرەش گەیشتی
وەرە دەستت
بخەرە ناو دەستم

سەرنج :
نازک مەلائیکە ، لەگەڵ بەدر شاکر سەییاب . پێشەنگی شیعری نوێی عەرەبی و شیعری ئازاد بوون . نازک لە سالی ١٩٤٧ یەکەم دیوانی [ عاشقی شەو- عاشقە اللیل ] بلاوکردەوە ، سالێ ١٩٤٩ دیوانی دووەمی [ شظایا و رماد] دەرکرد لە وێدا ، لە پێشەکییەکی درێژدا ، جەختی لە سەر پێشەنگی خۆی بۆ شیعری نوێی عەرەبی کردەوە .. ساڵی ١٩٥٧ دیوانی سێیەمی بە ناوی ( قرارە الموج ) بلاوکردەوە و سالی ١٩٦٨ دیوانی چوارەمی بە ناوی ( شجرە القمر ) باڵاو کردەوە . لە سڵی ١٩٧٠ دیوانی پێنجەمی بە ناوی [ تراژیدیای ژیان و گۆرانییەک بۆ مرۆڤ ] بلاوکردەوە کە هۆنراوەیەکی درێژە لە ٥٠٠ لاپەڕەدا …
کۆکارەکانی نازک لە دوو بەرگدا بەناوی دیوان نازک الملائکە لە لایەن ” دارالعودە ” ی بێروت چاپکراون . بەرگی دووەمیان لە ساڵی ١٩٧٧ چاپکراوە. ئەم هۆنراوەیەم لە بیری دوو هۆنراوەی نازک وەرگرتوون کە هەمان بیرو ناوەرۆکە بە دوو شێوەی شیعریی وەک ئەزموونی خۆی لە شیعری نوێدا دایڕشتوون : یەکەمیان بە ناوی ( کبریاء) هۆنراوەی یەکەمی بەرگی دووەمی شیعرەکانێتی ( ل . ٣١) و هی دووەم بە ناوی ( الغاز ) ل. ٩٨. ئەم هۆنراوەی من تەرجەمەیەکی دا‌هێنەرانەی بیرەکانی ناوەرۆک و داڕشتنەکانی چەند بەیتێکی هەڵبژاردەی ئەو دوو هۆنراوەیەی نازکن . کە راستی هەدووکیان بە پێچەوانەی داڕشتنەکی منەوە ، شیعری ئازاد نین و شێوەی بەیتی چوارینەی قافیەدارە لە یەکەمدا و شێوەی قەسیدەی کلاسیکییە لە دووەمدا ، بەلام دیارە ناوەرۆکەکەیان وجوودی و خۆیی و تازەیە .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت