دکتۆر کەمال میراودەلی : خوێندنەوەی قورئان بە قورئان  .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەشی پێنجەم

ئیشکالەکانی عەرەبیبوونی قورئان
دیارە بوونی کتێبێكی ئاسمانی بە زمانی تایبەتی قەومێک لە سەردەمێکی میژوویی دیاریکراودا کۆمەڵێ پرس و ئیشکال دەربارەی تێکستی کتێبەکە دێنێتە گۆڕێ .
١ – پرسێکی رۆحی/ ئیمانیی :
کە خودا خالیقی هەموو مرۆڤانە وەک [ گەلان و تیرەکان تا یەکتر بناسن و جیاوازی لە نێوانیان دا نییە ] بۆ نەتەوەیەک پێغەمبەری خۆی و کتێبی خۆی بە زمانی خۆی هەبێت و یەکێکی تر نەیبێت ؟
[[ یا يها الناس إِنا خلقناكم من ذكر وأنثى وجعلناكم شعوبا وقبائل لتعارفوا إن اكرمكم عند اللَّه أتقاكم إن اللَّه عليم خبير  ]] سورة الحجرات آية 13
[[ ئەی خەڵکینە ئێمە خەلقمان کردن لە نێرو مێ و ئێوەمان کرد بە نەتەوەو تیرەی ( زۆرو جیا) تا یەکتر بناسن ، بەرزترینتان ئەوانەن کە زیاتر هەقخوازن و خودا زانا و ئاگادارە ]].
ئەمە یەکێکە لە بنەما ئیمانییە هەرە گرنگەکانی قورئان کە جیاوازییی رەگەزو نەژاد کارێكی خوداوەندییەو مانای جیاوازی ماف و ئەرک و ئیمتیاز و فەزڵی گەلێک بە سەر گەلێکی تردا نییە بە چاکەکاریی نەبێت .
یەکترناسین: [ تعارف ] مانای ناسینی حەقیقەتیی جیاوازیی و مافەکانی یەکترییە وەک هۆکارێک بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیی و لە یەکترگەیشتن. مانای ناسینی جیاوازیی رەنگ و زمان و نەتەوەو تیرە یە ..
قورئان لەوە زیاتر پەیامە ئاسمانییەکە روون دەکاتەوە : نەتەوە چییە ؟
جیاوازی نەتەوەیەک لە نەتەوەیەک بە ڕەنگ نییە ، رەنگە زۆر نەتەوە هەمان رەنگ بن : رەش ، سپی ، بۆر ، زەرد ، سوور بەلام وەک تیرەو نەتەوە جیاواز بن ، ئەوەی جیاوازی نەتەوەیەک لە نەتەوەیەک بە ئیرادەی یەزدان دروست دەکات زمانە .
قورئان زمانی جیا وەک هەر موعجیزەیەکی خەلقکردن بە ئایاتی خودا ناو دەبات :
” ومن آياته خلق السموات والأَرض واختلاف أَلسنتكم وأَلوانكم إن في ذلك لآيات للعالمين ” ( الروم:22
لە ئایاتی خودا خەلقکردنی ئاسمانەکان و زەمین و جیاوازیی زمانەکانتان و ڕەنگەکانتان و ئەمە ئایاتە بۆ هەردوو جیهان.
دوایی لە بەشێکی تردا بە دوورودرێژی لە باسی نەتەوەو زمان لە قورئاندا دەدوێم.
کەوایە ئایا هاتنەخوارەوەی قورئان بە عارەبی مانای فەزلكردنی عەرەب و زمانی عەرەبییە بە سەر غەیرە عەرەبدا ؟ نەخێر .
١ – لە بەر جەهالەت و دواکەوتوویی و کوفریان بۆ عەرەب بە زمانی عەرەبی هاتووە تا عاقڵ بن وفیری خوداناسیی و زانست و رەحم و هەقناسیی و چاکەخوازیی بن . نموونەی زۆرمان لە بەشی پێشوودا بۆ ئەمە هێنایەوە.
” إنا أنزلناه قرآنا عربيا لعلكم تعقلون “{يوسف:2}
واتە : ئێمە وەک قورئانێکی بە عارەبییمان ناردۆتە خوارەوە بەشکم پێی عاقل بن .
٢ – وەک یاسایەکی ئاسمانیی یەزدانیی قورئان جەخت لە سەر ئەوە دەکات کە خودا بۆ هەموو نەتەوەیەک پێغەمبەری لە خۆیان و کتێبی ئاسمانییان بە زمانی خۆیان بۆ هاتۆتە خوارەوە ، هاتنەخوارەوەی قورئانیش بە زمانی عەرەبی ئەڵقەیەکە لە زنجیرەی ئەم پرۆسە میژوویی یە و پێداویستی دنیایی مێژوویی دروستی کردووە :
وما أرسلنا من رسول إلا بلسان قومه ليبيّن لهم ، فيضل اللَّه منيشاء ويهدي من يشاء ، وهو العزيز الحكيم ﴿ ابراهیم ٤﴾
واتە {[ ئێمە هیچ پێغەمبەرێکمان بۆ هیچ قەومێک نەناردۆتە خوارەوە ( ئیللا ) بە زمانی خۆیان نەبێت تا بە زمانی خۆیان ڕێگای راستییان نیشان بدات خودا کێی حەز لێ بێت رێگەی ڵێ ون دەکات، کێی حەز لێ بێت ریی پیشان دەدات . ئەو عەزیزو حەکیمە . ]] .
بە کورتی :
1 – قورئان جەخت لە سەر ئەوە دەکات کە مرۆڤ وەک رەگەزو نەتەوەو تیرەی جیا پەیدا بوون و
2 – هەموو زمانەکان پیرۆزن و نیشانەی ئایاتی مەزنیی و عەدالەتی خودایی و زەرورەتی فرەچەشنین لە نێو مرۆڤ و سروشت و گەردووندا.
3 – جەخت لە سەر ئەوە دەکات کە خوداوەند بۆ هەر میللەتێک پێغەمبەرێکی بە زمانی خۆی ناردووە.
4 – قورئان بە عەرەبییە تەنیا وەک شێوەی کەلیمات بۆ ئەوەی عەرەب لە جاهیلیەتەوە بۆ عیلم و زانست و ئیمان بگوێزێتەوە،
5 – ئەگینا پەیامەکانی قورئان هەمان پەیامی پێغەمبەرانی پێش محەممەد ن لەوانە یەکەمین و ڕێبەری پێغەمبەران ئیبراهیم زەردەشت خاوەنی یەکەمین کتێبی ئاسمانی
صُحُفِ إِبْرَاهِيمَ وَمُوسَىٰ ﴿١٩ الأعلى ١٩)
پەیامەکانی ئیبراهیم و موسا..
سەرنج بدەن ناوی ئیبراهیم لە پێش ناوی موسا وە هاتووە .
بەڵام ئایا ئەم حەقیقەتانە لە میژووی حاکمە ستەمگەرەکان و موفەسسیرە شۆڤێنیست و عەرەبچییەکانی قورئاندا حیسابیان بۆ کراوە ؟
نەخیڕ تەنانەت لای بە ناو هەندێ لە زانایانی ئیسلامیی خۆفرۆش و دینفرۆشی کوردیشەوە قورئان و دینیان کردۆتە هۆکارێک بۆ خۆفرۆشتن بە حاکم و دەسەلاتدارانی عەرەب و تورک و فارس پشتیان لە زمان و ناسنامەو دین و کەلتووری پیرۆزی نەتەوەی خۆیان کردووە .
ئایا بە پێی ئەم ئایەتە پیرۆزانە دەکرێ رژێمێك ، حاکمێک بە خۆی بڵێ ئیسلامیی و حوکمێک دابمەزرینێت کە نەک هەر ڕێگا لە خوێندن و فێربوونی مناڵەکانی بەو زمانە بگرێت کە خودا پێی داون بەڵکو لە سەر ئەوە دەیان ساڵ بیشیان چەوسێنێتەوەو لە سیدارەشیان بدات ؟
ئایا ئەوانە رژێمی تاغووتی و نیفاق نین ؟
تاوانی شاردنەوەی ئایەتەکان
بەلام ئایا شاردنەوەی هەندی ئایەتی بنەمایی و زالكردنی هەندی ئایەتی ترو تەفسیرکردنی خراپ بۆیان ، بۆ خاتری تایەفەگەریی و دەسەلات و پلەو قازانجی دنیایی، لای خودا جەزای چییە ؟
قورئان روونی دەکاتەوە:
إن الذين يكتمون ما أنزل اللّه من الكتاب ويشترون به ثمنا قليلا أولـئك ما يأكلون في بطونِهمْ إلا النار ولا يكلمهم اللّه يوم القيامة ولا يزكيهم ولهم عذاب أليم . سورە البقرە ١٧٤
ماناکەی : ئەوانەی ئەو ( ڕاستییانە ) دەشارنەوە کە خودا لە کتێبەکانیدا ناردوونیی تا پارەیەکی کەمی پێ پەیدا بکەن ئەوانە لە ناو دل و دەروونی خۆیاندا هیچ شتێ ناخۆن ئاگر نەبێت ، خودا رۆژی قیامەت نایان دوێنێ و پاکیان ناکاتەوەو عەزابێکی زۆر بە ئازار دەچێژن .
واتە ئەوانەی هەندی ئایەت بۆ خاتری مەبەست و قازانجی دنیایی یان شەڕو فیتنە دێننە ناو خەلک و ئایەتە بنەمایی و ئیمانییەکانی قورئان دەشارنەوە ئەوانە وەک ئەوە وایە کڵپەی ئاگر بخۆن و خودا لە قیامەتیش دا تەریک و عەزابداریان دەکات ..

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت