Dr.-kemal

دکتۆر کەمال میراودەلی : زمانی ستاندارد : پێناسە ، پرۆسە ، پێگەیاندن ، بەشی دووەم .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

(٧)

ئاشکرایەبۆ ئەوەی زمانیک وەک ستاندارد بناسرێ دەبێ ببیندرێ: واتە ببێ بە زمانی نووسین ئەوسا دەبێتە بەرچاوو بەردەست بۆ سەرنجدان، بەرواردکردن، لێکۆڵینەوە، چاولێکردن، لێوەرگرتن، لاساییکردنەوە، کردن بە نموونە. ئاشکراترین نموونە دەوری تێکستی (قورئان ) ە بۆ زمانی عەرەبی.

زۆر گەلانی ئەوروپاییش وەک زمانی دین لاتینی –یان وەک زمانی ستاندارد بەکار دێنا. تەنیا بە جیابوونەوەیان لە دەسەلاتی کەنیسەو رزگاربوونیان لە هەراو دەسەلاتی دینیی و دروستبوونی دەولەتی نەتەوەیی لە سەدەی شازدەهەم بە دواوە لە زاڵیی زمانی لاتینی خۆیان رزگار کردوبەرەوزمانی نەتەوەیی هەنگاویان نا. دەرکەوتنی تێکستی ئەدەبی نووسراو بە زمانی نەتەوەیی ، با لە ناوچەو دەڤەری جیا جیاش بووبن، دەوری سەرەکیی لە دەستپێکردنی پرۆسەی ستانداردکردندا بینی. راستی زمانی ستانداردی هۆلەندی بە هۆی گۆڕینی تێکستە دینییە لاتینییەکان بۆ زمانی [دەچ] بناغەی دروستنبوون وپرۆسەکەی دانرا. بیربکەنەوە لە جیاتی ئەوەی زانا ئایینیە کوردەکان هێندە خۆیان بە سەرف ونەحوو توڕەهاتی زمانی عەرەبییەوە ماندوو کردبایە، وەک حاجی قادری نەمر توانجی تێگرتوون، تێکستی قورئانی پیرۆزیان بکردایە بە کوردیی بێگومان هەم زیاتر خزمەتی دینەکەیان دەکرد چونکە خەڵک باشتر لە قورئان و پەیامی خودا تێدەگەیشتن، هەم بناغەیەکی بەهێزیشیان بۆ یەکێتی زمانی کوردیی هاندانی خوێندەواریی دادەنا: چونکە هەم لە بەر هۆکاری و دینیی و هەم لە خٶشیی خوێندنەوەو فێربوون بە زمانی نەتەوەیی، خەلکی هەموو دەڤەرەکانی کوردستان ئەو تێکستەیان دەخوێندەوە و دەستاودەستیان دەکرد.

لێرەدا تەنیا سەرنجیکی خێرا دەدەمە زمانی ئینگلیزی.

پێش سەدەی پێنجەم زمانی ئینگلیزی ستاندارد نەبوو. زمانی ستاندارد بە پلەی یەکەم لاتینی بوو، ئەوسا فەرەنسی. بەلام زمانی ئینگلیزی لە بەکارهێنانی ئەدەبییدا هەر زیندوو بوو. بەتایبەتی لە سەدەی چواردەدا بەرهەمی ئەدەبی گەشەسەندنێکی باسێ بەخۆیەوە بینی. [جێفری چۆسەر] دیارترین و گەورەترین ئەدیب و نووسەری ئینگیزیی سەدەکانی نێوەندو بە باوکی ئەدەبیی ئینگلیزی ناسراوە. کاتی ئەو بە دایەلیکتی ئینگلیزیی ناوچەی خۆی دەینووسی و هەر لەو کاتێشدا کەسانی تر هەبووون لە ناوچەی جیاوازی ئینگلستاندا کە بە دایەلێکتی خۆیان دەیان نووسی کە جیاواز بوو لەوەی چۆسەر. هەموو دایلەکتیکەکانیش ئەدەبیی بوون، واتە بۆ نووسینی شیعرو بابەتی داهینانی ئەدەبیی و تۆماری کاری فۆلکلۆری و داستانی میللی بە کار دەهاتن. واتە هەر دایەلێتێک دەتوانێت ببێتە زمانی ئەدەبیی و زمانی ئەدەبیی جیایە لە زمانی ستاندارد. زمانی ئەدەبیی ، خۆی لە خۆیدا زمانی ستاندارد نییە بەلام هەر زارێکی ئەدەبیی یان ئەدەب پێ نووسراو بناغەو نێوەندێکی کۆکردنەوە و بلاوکردنەوەی گرنگ بەرەوە دروستبوونی زمانی ستاندارد پێکدەهێنێت. بەلام [چۆسەر] لە بەر زۆریی و گرنگیی بەرهەمەکانی بە زمانی میللی توانی تەحەددای زمانی ستانداردی فەرەنسی بکات و رەوایی بە بەکارهێنانی دایەلێکتی ناوچەیی بۆ نووسینی ئەدەبیی و زانستیی و پەروەردەیی و حکومەتیی بدات. بەناوبانگترین و شەعبییترین کاری چۆسەر کۆمەلە چیرۆکێکە بە ناوی [حیکایەتەکانی کانتێربری] کە لای هەندێک لێکٶلەرەوەی زمان گرنگترین تێکستە کە رەوایی بە بەکارهێنانی زمانی میللی بەرامبەر زمانی ئەدەنی باوی لاتینی و فەرەنسی دا. بەلام چۆسەر تەنیا بەشێکی گەورە بوو لە پرۆسەیەکی مێژوویی. چونکە هەر لەوکاتدا کۆمەلە نووسەریکی تریش لە ناوجەکانی خۆیاندا هەبوون کە بە دایەلێکتی ناوچەیی خۆیان دەیاننووسیی..

ریچارد هۆگ [لە توێژینەوە بنچینەییەکانی مایکل سامیولس – ەوە کە لە ساڵانی شەستدا دەربارەی پرۆسەی ستانداردکردنی زمانی ئینگلیزی ئەنجامی داون] دروستبوونی زمانێکی ئینگلیزی ستانداردی نێوەند وەک ئەنجامی پرۆسەی سەرهەڵدان و لێکدان و کۆبوونەوەی چوار دایەلێکتی ناوچەیی کە بەرهەمی ئەدەبییان پێ نووسرابوو، بەبەڵگەو نموونەی پەرەسەندنی مێژوویی هەنگاو بە هەنگاو نیشان دەدات. ئەو چوار دایەلێکتە ناوچەییانەش ئەمانەبوون:

جۆری یەکەم: دەقەکانی [ویکلیفایت] ی ناوەراست تا دوادەمی سەدەی چواردەهەم. کە زۆربەیان لە ناوەراستی میدلاندەوە هاتوون وەک نۆرثامپشایەر، هەنتگتۆن وبێدفۆردشایەر.

جۆری دووەم: کۆمەلە تێکستێکی ناوەراستی سەدەی چواردەهەم نوێنەرایەتی دەکات کە لە ناوجەی لەندەن یان ئیسێکس – ەوە هاتوون.

جۆری سێیەم: دەقە نێوەندەکانی جۆری (٣) باشترین دەقەکانی چۆسەرن کە ءینگلیزی بەکارهاتوو لە لەندەن هەر نەبێت لە دادگادا لە دەوروبەری سالێ ١٤٠٠ نیشان دەدەن.

جۆری چوارەم: ساموێلس پێی دەلێت: [ستانداردی چانسیری] و بە زۆری لە بابەت و کەرەسەی نووساروی زۆریی حکومەت – دا خۆی دەنوێنێت کە لە دەوروبەری سالی ١٤٣٠- یەوە دەستپێدەکات.

گرنگی میتۆدی زانستی ساموێلس ا تویژەرەوانی ئەوروپایی بە گشتی بەکارهێننانی کەرەستەی زمانەوانی بۆ هەموو قۆناگێک و بەراوردکردنی پرۆسەی بەکارهێنان و گەشەسەندن و لیکنزیکبوونەوەو ستاندارد بوونیانە.

نموونەی بەکارهاتنی چەند وشەیەکی ئینگلیزی لەم چوار جۆرانەدا:

english

Type I

جۆری یەکەم Type II

جۆری دووەم Type III

جۆری سێیەم Type IV

جۆری چوارەم

sych such suche swich suche

þey they hij they they

Zouun gave yafe yaf gaf

her their hire hire theyre

وەک دەبینین جیاوازی زۆر لە نێوان بەکارهێنانی ناوچەیی ئەو چوار وشەدا هەیە. دیارە بەبێ دروستبوونی [چاوگەیەکی دەسەلات] کە لە نیوانیاندا شێوەیەک زال بکات ئەستەم دەبوو ستانداردکردن ببێت، بەلام دەرکەوتنی ئەم چاوگە یان مەرجەعی دەسەلاتەش ئەنجامی پرۆسەی مێژوویی بوو. ئەو ستانداردەی لە دواییدا زاڵ بوو، قبووڵکرا، کۆداندنی بۆ کرا، دایەلێکتی لەندەن بوو، نەک لە بەر ئەوەی باشتر بوو، بەلکو لە بەر ئەوەی نێوەندی دەسەلات بوو، کارە ئیداریی و سیاسیی و دادگاییەکان بەو دایەلیکتە رایی دەکران و هەروەها، مادام کەسانی دەسەلاتدار و کاربەدەست و بیرۆکراتی دەولەت لە پیتەخت خڕبوونەوە، بوو بە دایەلێکتی دەستەی سەربژاردەش (نوخبە). نووسەرو ئەدیبانیش تا دەرفەتیان بۆ کار، دەرکەوتن، چاپ وبلاوبکردنەوە هەبێت گەر بیانتوانیبایە روویان لە وێ دەکرد. بەلام تەنیا نووسەرو نوخبە روویان لە لەندەن نەدەکرد. خەلکیکی زۆریش بە دوای دەرفەتی کارو کاسبیی و گوزەرانی ژیاندا روویان لە لەندەن دەکرد. بەمجۆرە لە پاڵ شێوەزاری ئینگلیزی کۆنی لەندەن، شێوەزاری نا-لەندەنی وەک ئەو نموونانەی سەرەوە دەهێنران بۆ لەندەن. لە بەرئەوە ئەو زمانە ستانداردەی دەرکەوت بە هێج جۆر دایەلێکتی ئینگلیزیی لەندەن بە تەنیا نەبوو، بەلکو ئەو کاریگەری دایەلێکتە ناوچەییەکانیش بوو لە سەری.

(ئاینەر هاوگین ) پێشنیازی کردووە کە ستانداردکردن دەبێت چوار پێوانە بگرێتە خۆی :

هەڵبژاردن، کۆداندن، گەڵاڵەکردن، و قبووڵکردن

Selection, codification, elaboration and acceptance

وەک هەڵبژاردن ئینگلیزی ستانداردی لەندەن هەڵبژێردرا چونکە لەندەن پێتەختی حکومەت بوو، کۆداندنەکەشی کە سەرەتادا لە رێگەی چاپ و بلاوکردنەوە بوو، چونکە چاپخانەکان پێویستیان بە فۆرمی چەسپاو هەبوو، هەروەها لە رێگەی پەرەوەردەو خوێندنەوە بە زمانی ئینگلیزی لە جیاتی فەرەنسی و لاتینی کە داواکاری چینەکانی نیوەند بوو. بەلام بلاوبوونەوەی خێراو بەربلاوت ستانداردی لەندەنیی لە بەر ئەوە بوو کە زمانی حکومەت بوو بەلکو لە بەر شالاوی بەرهەمی ئەدەبی نووسراو بوو. لە ئەنجامدا ئەم سێ هۆکارە: بەکارهێنانی بۆ کاروباری حکومەت، بەکارهێنانی بۆ خوێندن و پەروەردە و بەکار‌هێنانی بۆ جاپ و نووسین و بلاوکردنەوە وای کرد کە دایەلێکتی تیکەلی لەندەنی وەک زمانی ستاندارد قبوڵ بکرێت.

لە کۆتایی سەدەی شازدەدا بەڵگەی هەولی بە فەرمیکردنی زالکردنی ستانداردی لەندەن و دەوروبەری بەدەستەوەیە. نووسەرێک جۆرچ پەتنهام ئەم ئامۆژگارییە دەنووسێت:

ye shall therfore take the vsuall speach of the Court, and that of London and the shires lying about London within lx. myles, and not much above. I say not this but that in euery shyre of England there be gentlemen and others that speake but especially write as good Southerne as we of Middlesex or Surrey do, but not the common people of euery shire

ئێوە دەبێ ئاخاوتنی ئاسایی دەرباری پادشایی بەکاربێنن و هی دەڤەرەکانی لەندەن ئەو دەڤەرانەی دەوروبەری بە شەست میل و زۆر دوورتر لەمە نا. من ئەمە نالێم بەلام لە هەر دەڤەرێکی ئینگلستان جوامێران و کەسانی تر دەبن کە وەک ئێمە [ستانداردی] باشووریی قسەدەکەن بەلام بەتایبەتی باش دەنووسن هەروەک ئێمەی [میدڵسێکس و سەریی] دەیکەین بەلام خەلکی عامەی هەر دەڤەرێک [ناتوانن] ئاوا قسەبکەن و بنووسن.

هۆگ دەنووسێ کە ئەم پێشنووسییەی پەتنهام بۆ زمانی ستاندارد وا پێشنیاز دەکات کە سێ ناسکاریی هەبوو بن: ١. لە ناوچەیەکی جوگرافیدا سنووردار کراوە

٢. نووسراوە زیاتر لەوەی هی قسەکردنە

٣. بنچینەی چینایەتی هەیە

 ڵیرەدا بۆ روونکردنەوەی بە کورتی ئەو هۆکارانە دەخەمە روو کە پێکەوە لە فەزای بوونی زمانی ئینگلیزیدا هەلومەرجی بەرتوانابوونی [ئیمکانبوونی] ستانداردکردنی ئینگلیزیی نێوەندیان فەراهەم کرد .

١ سەقامگیریی سیاسیی و دامەزراندنی حوکمی یاسا: لە سەردەمی شەری ناوچەیی و ناکۆکی ناوخۆیی مەحال بوو هەلومەرجی لەبار بۆ پرۆسەی گەشەکردنی زمانی نەتەوەیی و ستناداردکردن فەراهەم ببێت.

٢. ئابوویی: گوازتنەوەی شێوەی بەرهەمهێان لە شێوازی وەستاویی خۆژێنی فویدالیەوە بۆ ئابوورییەکی زیاتر مونافەسەکار لە رێگانی بازرگانی و سنعەتکاری و بازاڕو کارکردن بۆ قازانج- ەوە.

٣. نەتەوەییکردنی دین: سەردەمی سەدەکانی نێوەند [میدییڤال] ئیمپریالیزمی دیننی زاڵ بوو کە ئایدیای [مەملەکەتی کریستیان؛ کریستیاندۆم] ی سەپاند بوو. هەموو نەتەوەکانی ئەوروپا وەلایان بۆ پاپا لە رۆما کۆیانی دەکردنەوە. وردە وردە ئەم دەسەلاتە رەهایەی پاپاو رۆما کەوتە بەر پرسیار. لە ئینگلتەرا بزوتنەوەی [چاکسازیی پرۆتستانت] دەستی پێکرد[ پرۆتستانت ریفۆرمەیشن] یان چاکسازیی ئینگلیزیی، کە ئەمەش ناوەرۆکیكی نەتەوەیی هەبوو، ریگای بۆ ئابووری نوێی سەرمایەداری نەتەوەیی خۆش کرد. لەم سەردەمەدا بوو کە لە رێگای رەتکردنەوەی کاتۆلیزم و تەرجەمەککردنی ئینجیل بۆ زمانی ئینگلیزیی دەتوانین بلین دینی مەسیحی فۆرمێکی نەتەوەیی پێ درا.

٤. دەرکەوتنی دیاردەی هەڵکشانی کۆمەلایەتی [سۆسیال مۆبیلیتی] مەبەست لەمەش ئەوەیە کە خەلک دەیتوانی کارو کاسبی یان بازرگانی سەربەخۆ بکات و دەولەمەند بێت و لە چینیکی ژێرەوە بۆ جینیكی سەرووتر هەڵکشێت. لە ئەنجامی ئەوەدا چینی نێوەند دروست بوو. لە رووی هزرییشەوە، ئەم گەشەسەندنە کۆمەلایەتییە بووە هۆی بیری سیستمی کۆمەلایەتی پیرۆز یان خوا-کرد کە مرۆڤ بۆی لە دایک دەبێت و شایانی گۆڕان نییە وردە وردە نەما و خەلک باوەریان بە گۆڕین و گەشەسەندنی کۆمەلایەتی بەهێز بوو ئەم بیرو دیاردە نوێیانەش لە ئەدەبدا بە تایبەتی لە رۆماندا رەنگیان دایەوە.

٥. سیاسەت و نەتەوایەتی: لەو سەردەمەدا دەولەتی نەتەوەیی و بیری ناسیۆنالیزم دەرکەوت و نێوەندی سیاسی لە ویسێکس – ەوە گواسترایەوە بۆ لەندەن.

٦. پەروەردە: سسیستمی خوێندن و پەروەردە دەرکەوت و زانکۆ کۆنەکانی ئۆکسفۆرد و کامبریج دامەزران . زانکۆی ئۆکسفۆرد کۆنترین زانکۆی ئینگلیزیی-زمانە لە جیهاندا کە لە سەدەی یازدەهەمدا دامەزراو کامبریج – یش لە سەدەی سیزدەدا دامەزرا.

٧. سایکۆلۆجی : بیری تاک بەرمابەر کۆمەل و هەموو زیاتر جەختی لە سەر دەکرا و مۆدێلی بئرکردنەوەی عەقڵانیی کە پرسیاریان لە بیرەکان دەکردو داوای بەڵگەیان بۆ بیرو واگۆیەکان دەکرد جێگەی مودێلی بیرکردنەوەی سکولاستیکی کۆنی گرتەوە کە پشتی بە باوەڕ دەبەست

٨ تەکنۆلۆجی جاپ و بلاوکردنەوە: بە داهێنانی مەکینەی چاپ لە ئینگلتەرا لە لایەن ویلیام کاکستۆن لە سالی ١٤٧٦ دا، ئەدەبی زارەکان گەشەی کرد. بزوتنەوەی چاکسازیی ئینگلیزیش، کە لە سەرەوە باسمان کرد، بووە هۆی بەرهەمهێنانی ئەدەبیاتی دینیی و کتێبی دوعاێ ئایینی بە زمانی ئینگلیزیی ئەمەش کاریگەرییەکی هەمیشەیی لە سەر زمانی ئینگلیزیی دروست کرد. ئەو نووسینییە پەخشانییەی لە سەردەمی شاژن ئەلیزابێث و پادشا جەیمزی یەکەم بەرهەم هات بە رینیاسانس یان زمانی مودیرنی زووی ئینگلتەرا ناونران. وەک تایبەتییەکی ژیانی لەندەن و ئینگلتەرا، شانۆگەریی و بەرهەمی شانۆیی و دراما دەوری یەکجار گەورەیان لە پێشخستن و زالكرنی زمانی ئەدەبیی لەندەنیی و قووڵکردنەوەی ستاندارکردنی زمانی ئینگلیزی گێرا، شەکسپیر بوو بە دیاردەیەکی یەکجار مەزن و نەمری زمان و ئەدەبیی ئینگلیزیی گەرجی خۆی خوێندەواریی فەرمی و زانکۆیی نەبوو، زۆربەی کارەکانیشی لە سەرچاوەی بیانیی وەرگرتووە.

هەموو ئەم دیاردەو هەلومەرجە مێزوویی یە نوێیانە ژینگەو ئارای پێگەیشتنی پرۆسەی ستانداردکردنی زمانی ئینگلیزیان پیکهێنا.

دوای ئەوەی ئینگلیزیی لەندەن وەک ستاندارد قبوڵ کرا ئەوسا بە شێوەیەکی فراوان بە دەستپێشخەریی نووسەران وزانایان و زماناناسان، پرۆسەی کۆداندنێکی فراوان و بەردەوامی بۆ رەخسا: بە دەیان، سەدان، هەزاران فەرهەنیگی زمان و ڕێنمایی رێنووس و وتن و ڕێزمان و لکٶلینەوەی زمانەوانی بۆ کراوەو بۆ دەکرێت و لە رێگای بەردەوامی ئەو سێ سەرچاوە ستانداردییەشەوە: ١. زمانی دەوڵەت و سیاسەت، ٢. زمانی پەروەردەو خوێندن و ئەکادیمیا و زانست، ٣. زمانی ئەدەب و داهێنانی ئەدەبی بەردەوام و دوایش ٤. زمانی کۆلۆنیالیزم و ئیمپریالیزم و دەسەلاتی گلۆبالی جیهانیی، پرۆسەی ستانداردبوون و گۆڕان و پەرەسەندن و کۆداندن و کۆداندنەوەی زمانی ئینگلیزی هەم جێگیرو هەم بگۆڕو بەردەوامە. لە خوارەوە زیاتر باسی کۆداندن دەکەم. .

(٧)

کاریگەریی تێکستی دینیی بۆ ستنداردکردنی زمان

هۆکارێکی گرنگی تری دروستبوونی زمانی ستانداردی ئینگلیزی و زمانەکانی نەتەوەیی ئەوروپای خۆراوا گواستنەوە بوو لە سیستمی دەسەلاتی دینی یەوە بۆ دەسەلاتی نەتەوەیی، دروستبوونی دەولەتی نەتەوەیی و تەرجەمەکردنی بەشەکانی ئینجیل بۆ زمان و دایەلێکتە نەتەوەییەکان. لەم رووەوە کریستۆفەر ک. لێنش

Christophet K. Lensch: “ Bible Translations: Imapct on Modern Languages”’ WRS Journal 10/2 (August 2007), 27-30

تەرجەمەکانی ئینجیل بۆ زمانە نەتەوەییەکان وەک ‘ئامرازێکی ستانداردکردن’ وەسف دەکات .

تێکستی ئایینی دەورێکی [ئارک] ی گرنگی هەیە. [ئارک] بە مانای سەرەتایەکی پتەو وەک ئارکیۆلۆجی کە دەبێیتە چاوگەی چاولێکردنەوەکانی داهاتوو. لە بەر ئەوەی تێکستی دینیی وەک ئینجیل بە پیرۆز دادەندرێت و دەسەلاتیکی سەروو-زەمینیشی لەگەڵە، بلاوبوونەوەی تەرجەمەکانی ئینجیل بە دایەلێکتە نەتەوەیی یە ناستانداردەکان دەوری گرنگی لە دروستکردنی زمانیکی هاوبەشی دیندارکردن و فێرکردن و پەروەردەکردندا بینی

گەر چۆسەر بە باوکی زمانی ئینگلیزی [بە تایبەتی شیعر و چیرۆک] دادەندرێت، ئەوا وەک لێنش دەڵیت جۆن ویکلیف – یش بە باوکی پەخشانی ئینگلیزیی ناودەبرێت بە هۆی تەرجەمەکردنی ئینجیل – ەوە بۆ زمانی ئینگلیزی. ئەودوو کەسێتییە سەرەکییانە شێوەزمانی ئینگلیزی نێوەندیان [میدڵ ئینگلیش] گەیاندە دەڤەرە لاوەکییەکانی ئینگلستان. تەرجەمەو ستراتیجەکەی ویکلیف دەوریکی کاریگەری هەبوو. ئەو هەموو ئینجیلی بۆ زمانی ئینگلیزی لەو ئەسلە لاتینییەوە [لاتین ڤەلگەیت] تەرجەمە کرد، زیادلەمەش بانگەوازی لە هاولاتییەکانی کرد کە [مەسیح – کرایست] ی ناو کتێبەکانی ئینجیل بناسن و باوەڕی وا بوو کە:

مادام ئینجیل مەسیحی گرتۆتە خۆی زانینی ئینجیل بەسە بۆ ئەوەی مرۆڤ رزگاری ببێت، لە بەر ئەوە زاننینی ئینجیل تەنیا بۆ قەشەکان پێویست نییە بۆ هەموو کەس پێویستە:. [هەمان سەرچاوە ل ١٠]

هەروەها باوەڕی وابووکە دەبێت ئینجیل و لەرێگای ئەویشەو ە دین لە رێگای ئەو زمانەوە بە خەلک بناسرێت کە خەلک بە تەواوەتی لیی تێدەگەن کە ئەویش ئەو زارەیە خۆیان قسەی پێ دەکەن. بۆیە تەرجەمەکردنی ئینجیل بۆ ئەم باسکارەی زانکۆی ئۆکسفۆرد زۆر لە تەنیا پرسی تەرجەمەکردنی گرنگتر بوو. ئەو جەختی لە سەر ئەوە دەکرد کە مەسیح و موریدەکانی بە زمانی خەلک خۆیان باوەرەکەی خۆیان فێر دەکردن و تا خەلک باشتر لە رێگای زمانکەی خۆیەوە لە باوەڕەکە بگات باشترە بۆ تێگەیشتن و بلاوکردنەوەی دین. لە بەر ئەوەی بەند و بەشبەش ئینجیلی ئینگلیزیی دەدا بە قەشەکان و دەیناردن تا بە دێهات و دەڤەرەکاندا [وشەی ژیان] بلاو بکەنەوە. لە لایەکی ترێشەوە. لە بەر ئەوەی کارەکەی ئەو تازە بوو و هەرای نابۆوە، دەستەی خوێیندەوارو رووناکبیری چینەکانی سەرەوەش وەعزەکان و ئینجیلەکەیان دەخوێندەوەو باس و لێکۆلینەوەیان لە سەر دەکرد. لەم ساتەوەختە میژووییەدا بوو کە کاریگەریی یەکتر تەواوکەری چۆسەر و ویکلیف بووە هۆی زالبوونی [ئینگلیزی نێوەندی] لەندەن و ئۆکسفۆردو ناوجەی یۆرکشایەری ویکلیف، بە سەر دوو لەهجە سەرەکییەکەی تری ساکسۆنییدا. تەرجەمەکەی ویسکلیف کاری کردە سەر تەرجەمەکانی دوایی ئینجیلیش و زۆر لەو چیرۆک و وتەو وتارە ئینجیلییەکان دەماودەم یان بە نووسین دەگوێزرانەوە.

تەرجەمەی ئینجیل تەنانەت کاریگەریی گورەتری هەبوو لە پرۆسەی ستانداردکردنی زمانی ئەلامنی و هۆلەندیا لەوەی لە زمانی ئینگلیزیدا هەیبوو. تێکستی دینیی بو پیرۆز دانتاوو پاڵپستیکراو بە دامەزراوەکانی دین و حکومەت دەورێکی نێوەندی بنچینەیی لە پرۆسەی یەکگتنی زمان و ستانداردکردن و هاندانی خووێدنەوە و ئالوگۆڕو گەیاندن و فێرکردن هەیە. بە بێ مەدەرەسە دینییەکان و مزگەوت کوردیش نەیدەتوانی ئەو هەموو مەلایەی هەبێت و لە نێو ئەوانێشدا کەلەشاعیری نەتەوەیی و ئەدەبنووسی وەک جزیری و فەقیێ تەیران و نالی و سالم و کوردی ومەولەوی و مەحوی، هت تێدا هەلبکەوێت،.

بیربکەنەوە گەر لە جیاتی ئەوەی زانا ئایینیە کوردەکان هێندە خۆیان بە سەرف ونەحوو توڕەهاتی زمانی عەرەبییەوە ماندوو دەکرد، وەک حاجی قادری نەمر توانجی تێگرتوون، تێکستی قورئانی پیرۆزیان بکردایە بە کوردیی بێگومان هەم زیاتر خزمەتی دینەکەیان دەکرد چونکە خەڵک باشتر لە قورئان و پەیامی خودا تێدەگەیشتن، هەم بناغەیەکی بەهێزیشیان بۆ یەکێتی زمانی کوردیی هاندانی خوێندەواریی دادەنا: چونکە هەم لە بەر هۆکاری دینیی و هەم لە خٶشیی خوێندنەوەو فێربوون بە زمانی نەتەوەیی، خەلکی هەموو دەڤەرەکانی کوردستان ئەو تێکستەیان دەخوێندەوە و دەستاودەستیان دەکرد. بەلام هۆی سەرەکی راستیی تەنیا زانا ئاینییەکانمان نەبوون. ئەوان دەوری خۆیان بینیوە. وەک بینیمان لە ولاتی وەک ئینگلستان و ئەلمانیا بوونی یەک دوو کەس بەس بوو تا ریچکە بشکێنێت و تەرجەمەی ئینجیل بکا بە هۆکارێک و سەرچاوەیەکی گەورەی ستانداردکردن و بلاوکردنەوەی زمانی ستاندارد. بەلام ئەوان حکومەت یان دەسەلاتی نەتەوەیی خۆیان و دەستەیەکی رٶسنبیرو خوێندەواری چینی ئەرستۆکراتییان هەبووە کە پشتگیری کردوون. لای ئێمە هەر لە سەدەی شازدەدا شیخ ئەحمەدی خانی نەمر هەمان دەوری بینی و زیاتریش. ئەوقورئانی تەرجەمە نەکرد بەلام بابەتە دینییەکانی بە ناوی [عەقیدەی ئیمان] بە کوردی نووسی، فەرهەنگی کوردی دانا بۆ تەرجەمەکردنی زمانی عەرەبیی، و مەم و زینی وەک تیکستێکی تێکەڵی ئایین و نەتەوەیی بە کوردی نووسی، بەلام میرەکانی کورد بە گشتیی و میری ئەو کاتە بە تایبەتی ئەو هوشیاریی و رٶشنبیرییەیان نەبوو نرخی ئەوو جۆرە کارو پرۆژە دینیی-نەتەوەییانە بزانن. هۆکارەکە زیاتریش ئەوە بوو کە کورد لە دوای ولاتی میدیاوە، خاوەنی ولات و حوکمرانی سەروەر نەبووە: سەروەریی ئەوەیە لە سنووری ناوچەیەکی زەمینی ناوچەیی حوکمی تەواوت بە سەر خاکەکەتدا هەبێت و هەموو کاروبارەکانی لە ژێر ئیرادەی خۆتدا بن. میرەکانی کرد سەربە مەرکەزێکی ئیمراتۆری ناوچەیی داگیرکەرو بێگانە بوون. کاتێ هەولی ئازادی نەتەوەییشیان داوە سەرکوتکراون و سەرنەکەوتوون. ئەگینا میری سۆران و بەتایبەتی میرەکانی بابان گرنگی زۆریان بە کوردیی کردنی زمان و دەزگاکانی دەولەت و سنووری پارێزراو دەداو توانیان شارەکەیان سلێمانی و زمانی کوردیی [دایەلیکتی کرمانجی خواروو] بۆ هەتا هەتایە بکەنە قەلایەکی کەلتووریی هەرە مەزنی زمانی ستانداردی کوردیی. بەلام وەک لە هەلومەرجەکانی زمانی ئینگلیزییدا باسمان کرد: سەقامگیری سیاسی، دروستبوونی ئابووری نەتەوەیی و چینی نێوەند، نەتەوەییکردنی دین و گۆڕینی تێکستە دینییەکان بۆ زمانی نەتەوەیی، بوونی حکومەت و پێتەختی نەتەوەیی و بەکارهێنانی زمانی ستاندارد لە کاروباری دەولەتدا، سیستمێکی پەروەردەی پێشکەوتوو = و بوونی زانکۆ بە زمانی نەتەوەیی ئەوسا پرۆسەیەکی چڕو بەردەوامیی کۆداندن، هتد هەموو ئەمانە بەیەکەوە پێویستن بۆ دەرکەوتنی زمانی ستاندارد.

پرۆسەی ستانداردکردن : ئەنجام

به‌م چه‌شنه‌ ده‌بینین که‌ پرۆسه‌ی ستانداردکردن پرۆسه‌یه‌کی فه‌رهه‌نگیی/ دسیاسیی/ جۆگرافی / سۆسیۆلۆجی ئاڵۆزه‌ . له‌لایه‌که‌وه‌ پێوه‌ندی به‌ ده‌رکه‌وتنی ده‌وری که‌لتووریی و شاستانی دایله‌کتێکه‌وه‌ هه‌یه‌ وه‌ک ناسێنه‌ری تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی کۆمه‌له‌ خه‌ڵکێک که‌ به‌ هۆی ئه‌و زمانه‌وه‌ یان ئه‌و هۆشیاره‌ سیاسی و خۆناسینه‌ که‌لتوورییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ی له‌ رێی ئه‌و زمانه‌و ئه‌ده‌بیاته‌که‌یه‌وه‌ ده‌ری ده‌بڕن خۆیان وه‌ک نه‌ته‌وه‌ ده‌بینن، له‌ لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ پێوه‌ندی به‌و هه‌لومه‌رجه‌ سیاسییانه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ یارمه‌تی دروستبوون و گه‌شه‌سه‌ندنی ئه‌و هوشیارییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌و گه‌ڵاله‌بوونی له‌ پرۆژه‌ی دروستبوونی ده‌وڵه‌تدا یان ئاماده‌کردنی هه‌لومه‌رجه‌ په‌روه‌رده‌ییو زانستی و که‌لتووری و یاسایی و ته‌کنیکییه‌کانی گه‌شه‌کردنی کۆمه‌لگایه‌کی جوگرافی دابه‌شدابه‌ش بۆ کۆمه‌ڵگایه‌کی مه‌ده‌نی خاوه‌ن پرۆژه‌ی که‌لتووریی نه‌ته‌وه‌یی هاوبه‌ش ده‌ده‌ن .

ئه‌م پرۆسه‌یه‌ ده‌کرێ به‌ شیوه‌ی سه‌پاندنی سیاسی/ده‌زگایی بکرێ وه‌ک له‌ زۆر ولاتاندا کراوه‌. یان به‌ شیوه‌ی دیمۆکراسی/ده‌زگایی زانستی بکرێ‌، یان هه‌ردووکیان پێکه‌وه‌، وه‌ک له‌هه‌ندێ ولاتاندا به‌تایبه‌تی له‌ سه‌رده‌می تازه‌دا به‌ نێسبه‌ت زمانه‌ تازه‌کانه‌وه‌ ده‌کرێ‌.

ئه‌م هه‌ڵبژێره‌ی دووه‌م سه‌رکوتکردنی یان فرامۆشکردنی دایه‌لیکت و زمانی ئیتنیکی جیاواز ناگرێته‌وه‌ به‌ڵکو هه‌لومه‌رجی پێکه‌وه‌ ژیان و لێککاری و یه‌کتر ده‌وله‌مه‌ندکردن و پێشکه‌وتن بۆ ئه‌وانیش دابین ده‌کات. ئه‌وه‌ نه‌بێ که‌ له‌ هه‌موو کاتدا دایه‌لێکته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان وه‌ک زمانی خوێندن و یاساو کاروباری ده‌وله‌ت به‌کار نایه‌ن و له‌م ئه‌رکه‌دا به‌ ئاقاری یه‌کگرتنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ زمانه‌ ستاندارده‌ هاوبه‌شه‌که‌دا ده‌ڕۆن یان ده‌بردرێن.

به‌لام ده‌کرێ گرۆیه‌کی ئه‌تنیکی خاوه‌ن قه‌واره‌ی دیار، زمانی خۆی وه‌ک مافێکی نه‌ته‌وه‌یی سیاسی، بۆ خوێندن و کاروباری ده‌وله‌ت وه‌ک زمانی دووه‌م یان هاوتای زمانی یه‌که‌م به‌ ره‌سمی بناسرێ و به‌کاری بێنێ. به‌م چه‌شنه‌ زمانی ستانداردی یه‌کگرتووی کوردی ، بۆ نموونه‌، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک مانای رێگرتن له‌ دروستبوونی زمانی ستانداردی تورکمانی یان که‌لدانی یان ئاسووری نییه‌.

به‌ڵام ناکرێ دایه‌لێکتێکی دیکه‌ش له‌ ناو هه‌مان نه‌ته‌وه‌دا ببێ به‌ زمانی ستاندارد. ئه‌و کاته‌ دیاره‌ دوو گرۆی نه‌ته‌وه‌یی جیا دروست ده‌بن. ئه‌مه‌ش دیسانه‌وه‌، که‌ رێگای زانستی دیمۆکراتی هه‌ڵبژێرین، مانای فرامۆشکردن، یان کوشتنی دایله‌کتیکه‌کانی تر نییه‌، وه‌ک هه‌ندێ ئایدیۆلۆجیستی دژه‌نه‌ته‌وه‌یی ئێکستریم، گه‌مژانه‌ بۆی چوون، به‌لکو مانای دروستکردنی ئامێزێکی نه‌ته‌وه‌یی دیمۆکراتی هاوبه‌شه‌ که‌ جێگه‌ی هه‌موو دایه‌لێکته‌کانی تێدا ببێته‌وه‌ به‌ سوود وه‌رگرتن له‌ پرۆسه‌ی پێشکه‌وتنی مێژوویی یه‌کیک یان زیاتر له‌ دایلێکته‌کان به‌ ئاقاری ستانداردبوون یان وه‌رگرتنی ره‌وشی ستاندارد بوون وه‌ک له‌ سه‌ره‌وه‌ روخساره‌کانیم ده‌ستنیشان کردن.

راستی پرسی هه‌ڵبژاردن و پێگه‌یاندنی زمانی ستاندارد، جگه‌ له‌وه‌ی پرس و پرۆسه‌یه‌کی جوگرافی، مێژوویی، شارستانییه‌ که‌ ئه‌مه‌یان ده‌ور ده‌بینێ له‌ کاندیدکردنی یان ده‌رکه‌وتنی ئاسایی دایه‌لیکتێک یان فیدراسیۆنی گرۆیه‌ دایه‌لێکتێک، بۆ بوون به‌ زمانی ستاندارد، له شیکردنه‌وه‌ی دواییدا پرسی عه‌قلییه‌تی سیاسی و هوشیاری و به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌ییه‌.

عه‌قلییه‌تێکی خێڵه‌کی دواکه‌وتووی ناوچه‌یی یان سه‌ر به‌ داگیرکه‌ر، دیاره‌ نه‌ک بۆ دروستبوونی زمانی ستانداردی نه‌ته‌وه‌یی به‌ په‌رۆش نابێ، به‌لکو بۆ به‌رژه‌وه‌ندی دژه‌نه‌ته‌وه‌یی ‌خۆی، ده‌شی دژیشی بوه‌ستێ و بنکؤڵیشی بکات. ده‌سه‌لاته‌ که‌ ‌ دواجاربڕیار ده‌دا ته‌نانه‌ت زمانێ هه‌شبێ یان حوکمی مه‌رگی به‌سه‌ردا بدرێ وه‌ک سیستمی ده‌سه‌ڵاتی ره‌گه‌زپه‌رستی تورک ده‌رهه‌ق به‌ زمانی کوردی کردووه‌. ته‌نانه‌ت ده‌سه‌ڵاتی سته‌مگه‌ر به‌ لایه‌وه‌ ئاساییه‌ له‌ زمانکوژییه‌وه‌ بۆ که‌لتوور کوژیی و کۆمه‌لكوژیی نه‌ته‌وه‌یه‌کیش بڕوات.

سه‌رهه‌ڵدانی دایه‌لێکتیک وه‌ک چوارچێوه‌و ئامرازی زمانی ستاندارد له‌ ئه‌زموونی گه‌لاندا له‌ سه‌ره‌تاکانی پرۆسه‌ی ستانداردکردن جیا ناکرێته‌وه‌ هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م ستانداردکردنه‌ هێواش و هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو بێ و ماوه‌یه‌کی مێژوویی دوورودرێژ بخایه‌نێ. لە نموونەی پرۆسەی ستاندارکردنی زمانی ئینگلیزیدا، کە زۆر بە کورتی لێی دواین، بۆمان دەرکەوت کۆمەلە هۆکارێکی مێژوویی بابەتی یان رێکەوت و هەوڵیتاکەکەسێش دەوری گەورە لە بەکارختسنی زمان و بەرهەمهیناننی کاری ئەدەبی نووسراوو رێگە خۆشکردن بۆ دەرخستن و هەڵبژاردنی دایەلیکتێک یان کۆمەلە دایەلێکتێک لە ناوچەیەکی جوگرافی دیاریکراودا دەبینن :

راستی ، پرۆسه‌ی ستاندارکردن قه‌ت ته‌واو نابێ. بۆیه‌ تا ئێستا پێناسه‌یه‌کی کۆتایی بۆ ستانداردبوونی هیچ زمانێک نییه‌. ته‌نیا ئه‌و ره‌وش و رواله‌تانه‌ ده‌ستنیشان ده‌کرێن که‌ وابووی (واقیعی) چه‌سپاوی ستانداردبوونه‌که‌ له‌ هه‌موو لایه‌نه‌کانی ژیانی نه‌ته‌وه‌دا ده‌رده‌خه‌ن. زمان هه‌میشه‌ شایانی گۆڕانه‌و ‌ جۆر-رواڵه‌تی جیای له‌ نۆرم و نه‌ریتی به‌کارهێناندا له‌ به‌ر هۆی جۆگرافی، سۆسیۆلۆجی، جیهانگیریی، کۆچ و تێکه‌ڵاویی، هتد ناو به‌ناو لێره‌و له‌وێ تێدا ده‌رده‌که‌وێ. به‌ڵام ئه‌مه‌ کار له‌ ته‌واویی په‌یکه‌ری یان چوارچێوه‌ی زمانی ستاندارد یان ره‌وشه‌که‌ی وه‌ک له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ده‌ستنیشانم کرد ناکات. بۆ نموونه‌ ئه‌و جیاوازییانه‌ی له‌ نێوان ئینگلیزی ئه‌مریکی و ئینگلیزی به‌ریتانی دان‌ جیاوازی ستانداردی زمانی نه‌ته‌ویی نین به‌ڵکو جۆر-رواله‌تی هه‌مان زمانی ستانداردن. بۆیه‌ نووسینی :

به‌ شێوه‌ی به‌ریتانی centre یان به‌ شێوه‌ی ئه‌مریکی center

بە شێوەی ستانداردی ئەمریکی یان Realize

ستانداردی ئینگلیزیی بە شێوەی Realise

ته‌نیا جۆر-رواڵه‌تی هه‌مان وشه‌ن و مانای بوونی دوو جۆره‌ ستانداردی چه‌ند رواله‌تێکی که‌می زمانه‌که‌ن، چونکه‌ هه‌ردووکیان شیوه‌ی قبوڵکراوی زمانێکی خاوه‌ن یه‌ک ستانداردی گشتی به‌ربڵاوو به‌هێزو چه‌سپاون. ده‌یان به‌ڵکو سه‌دان فه‌رهه‌نگی زمانی ئینگلیزی هه‌ن که‌ هه‌موو لایه‌نه‌کانی ئه‌و زمانه‌ ستاندارد ده‌که‌ن وه‌ک شیوه‌ی وتنی وشه‌کان، شیوه‌ی نووسینیان، ره‌گی وشه‌کان، مانا فه‌رهه‌نگییه‌کان، مانا زاراوه‌ییه‌کان، جۆر-رواله‌تی ده‌رکه‌وتنیان، هتد. ئه‌مه‌یه‌ که‌ پێی ده‌وترێ کۆداندن، که‌ زمانه‌که‌ کۆدێندرا ئیدی ورده‌ جیاوازی هه‌بوو یان ده‌رکه‌وت یان رێکه‌وت لێره‌و له‌وی ته‌نانه‌ت که‌ ببنه‌ ورده‌ شه‌پۆلیش هیچ له‌ ئۆقیانووسی چه‌سپاوی زمانه‌ ستادارده‌که‌ ناگۆڕێ. هه‌میشه‌ جۆرکاری زیاتر له‌ ئه‌نجامی په‌ره‌سه‌ندنی زمان وه‌ک هۆکاری پێکگه‌یاندن له‌ لایه‌که‌وه‌و وه‌ک ئامرازی زانست و ته‌کنۆلۆجی ده‌رده‌که‌ون که‌ پێویست ده‌کا زمان له‌گه‌ڵیان بڕواو ستناداردییان بکا. بۆ نموونه‌ ئه‌و نیشانه‌و هێمایانه‌ی بۆ ئاخاوتنی ته‌کنۆلۆجی و ئینته‌رنێت به‌کاردێن. راستی له‌ به‌ر زاڵبوونی دیارده‌ی جیهانگیریی و زاڵبوونی زمانی ئینگلیزی وه‌ک داهێنه‌رو ستانداردکه‌ری ئه‌و نیشانانه‌ ده‌بینین زمانی ستانداردی کۆمپیؤته‌رو ئێنته‌رنێت زیاتر زمانی ئینگلیزییه .‌

1,523 جار بینــراوە  لەڕەهێڵپۆست .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت