دکتۆر کەمال میراودەلی: فەلسەفەی من. بەشی حەوتەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەرەتایەک لەسەر فۆرم و ماک
هەموو پێناسە سەرەکییەکانی فەلسەفە دەگەرێنەوە بۆ مامۆستای یەکەم، بۆ ئەرستۆی مەزن. پێناسەو شیکارییەکانی ئەو بوونە بناغەی پتەوی فەلسەفەی زانستیی و زانستی فەلسەفیی.
پێناسەی فۆرم لای ئەرستۆ گرنگییەکی گەوهەریی لە تەواویی فەلسەفەکەیدا هەیەو بۆ لێکدانەوەی هەموو دیاردەکانی سروشتی ماددی بەکاری دەهێنێ. لە بەر ئەوە گرنگە بە وردیی، وردەکاریی ئەرستۆ لە بەرهەمهێنانی پێناسەکەی یان تیۆری فۆرمی ماددی بزانین.
ڕوانگەیەک بۆ پێناسەی بوون وەک فۆرم و ماددە لای ئەرستۆ
لای ئەرستۆ هەموو بوویەکی ماددی/ فیزیکی: فۆرم و ماددەی هەیە.
فۆرمی ماددیی [هیلۆمۆرفیزم] زاراوەیەکی فەلسەفیی و زانستیی گرنگیی داهێنراوی ئەرستۆیە.
ئەمە لە دوو وشەی گریک (هیولە) بۆ ماددەو (ئەیدۆس یان مۆرف) بۆ فۆرم/ شێوە پێکدێت. ئەم زاراوەیە دەورێکی گرنگی لە پەڕەسەندنی فەلسەفەی سەدەکانی نێوەند و میتافیزیکی هاوسەردەمدا هەبووە.
قورسیی تێگەیشتنی سەرەتایی لە بەکارهێنانی ئەم زاراوانە لای ئەرستۆ لەوەدایە بۆ هەموو بابەتەکانی لێکۆڵینەوە فەلسەفیی و زانستییەکانی بەکاریان دەهێنێت، بەڵام دوای تێگەیشتن و بەراوردیی بیرەکانی و کۆئاخنی بەکارهێنانیان، تێگەیشتنی ماناو گرنگیی فەلسەفییان بۆ ئەرستۆو بۆ ئێمەش ئاسانتر دەبێت.
لە زمانەوانییدا ئەرستۆ بۆ لێکدانەوەی پێوەندیی ناو- بابەت/ سەروتار [وەک گەوهەر] و پالدراو/ بەروتار [پریدیکەیت] بەکاری دەهێنێ و جیاوازی لە نێوان [ماک، بووی سەرەتایی] و وتراوەکان یان ڕەوشەکان دا دەکات: وەک پێوەندیی، چۆنێتیی، چەندێتیی و کردار و…هتد، و دەوری ئەم جیاوازیکردنە لە پێناسەی ماک و ڕەوشەکانی بووەی ماددیدا روون دەکاتەوە.
لە فیزیکس و میتافیزیکس دا، ئەرستۆ زاراوەی ماک و فۆرم بۆ گەڵاڵەکردنی پێناسە سەرەکیی و گەوهەرییەکانی ئەم دوو زاراوە بەکار دەهێنێت.
لە فیزیکس دا ئەرستۆ بە تایبەتی بایەخ بەوەدەدا چۆن ماکەکان/ بووە ماددییەکان پەیدا دەبن، گەرچی باوەڕی وایە کە [هیچ شتێک لە هیچەوە (ئێکس- نیهیلۆ) پەیدا نابێت]. لەم هەوڵەیدا زیاتر چوارچێوەیەکی فۆرمی ماددیی بۆ لێکدانەوەکانی گەڵاڵە دەکات.
لە میتافیزیکس دا، دەڵێ: فۆرم ئەوەیە کە ماددەیەک لە بابەتێکی تاکوێنەدا بەرجەستە دەکات کە لێکدراوەی هەردووکیانە واتە فۆرم و ماددە.
لە دی ئەنیما دا، رۆح/ گیان و لەش/ جەستە وەک کەیسێکی تایبەتیی فۆرم و ماددە وەسف دەکات و هەستیاریی (هەستداریی،هەستکاریی) [پێرسێپشن] وەک شێوەیەکی هەستکردنی بێ ماددە شی دەکاتەوە.
لە [ئەدەبیات / پۆیتیکس] دا، کاری درامی [تراژیدی یان کۆمیدی] وەک کاری پێکهێنەرو شانۆگەریی وەک فۆرمەکەی کە لەسەر شانۆ لاسایی ژیان دەکاتەوە، پێناسە دەکات.
شیعر، هۆنراوە وەک فۆرم و کێش و سەرواو وێنەو تەکنیکە هونەرییەکانی دی شیعر، وەک ماددەی پێکهێنەر/ ناوەڕۆک سەیر دەکات.
لە کتێبی [سیاسەت پۆلیتیکس] دا، دەستوورنامە وەک فۆرمی کۆمەڵگای شاریی [پۆلیس] و هاووڵات وەک ماددە وەسف دەکات، بەو پێیەی کە دەستوورنامە یارمەتی ڕێکخستن و یەکخستنی جەستەی شارەوانیی دەدات.
لەمەوە دەتوانین بە شێوەیەکی سادەکاروییی گشتیی بڵێێن:
ماددە:ڕەگەزی پێکهێنەرە.
فۆرم: شیوەی پێکهاتەکەیە بەماددەکەوە
لە زماندا: وشەی سادە: ڕەگەزی پێکهێنەرە.
ڕستە: شێوەی/ستراکتوری پێکهاتەکەیە.
لە کۆمەڵدا: هاووڵاتی ڕەگەزی پێکهێنەرە
ئیدارەی کۆمەڵگای شاریی/شارەوانیی/ کە دەستوور دیاری دەکات: فۆرمی پێکهاتە شارییەکەیە.
لە مرۆڤدا گیان و لەش ڕەگەزی پێکهێنەرن
فۆرمی مرۆڤی زیندوو پێکهاتەکەیە.
لە شیعردا: وێنەو کێش و سەروا ڕەگەزی پێکهێنەرن، هۆنراوەکە فۆڕمەکەیەتی.
بێگومان ئەم بنسازییکردنەی ڕوانگەکانی ئەرستۆ تەواو سادەیە و تەنیا وەک چوارچێوەیەکی گشتیی بۆ تێگەیشنی بەکارهێنانی لە ئاخاوتنی جیاوازدا لای ئەرستۆ دەشێ بە کەڵک بێت.
کێشەی سەرەتایی هەرە گرنگ کە ئەرستۆ خولیاو خەم و خواستە فەلسەفییەکانی پێ دەستپێدەکات: ئەرکی پیناسەیە.
7- پێناسەی بووەی ماددی/ماک/ئەست
لە بەرئەوەی پێناسەی ماک یان بوون دەوریی گەوهەریی لە پێناسەی فۆرم و فۆرمی ماددییدا هەیە لە پێشەوە ماناو بیرۆکەی ماک/ بووەی ماددی/ گەوهەرلای ئەرستۆ ڕوون دەکەمەوە.
ئۆزیا- ئەست/ئەز / ماکOusia،
ئەرستۆ بیرۆکەی بووە، ( بوون، ماک، ئەست) بە چەند شێوەیەکی پێکەوەبەند بەکاردێنێت.
ناوە یۆنانییەکە (ئۆزیا) یە کە فۆرمێکی کرداری ( ببێ، بوونە) کە دەکرێ وەک بووی راستەقینە تەرجەمە بکرێ. لە ئینگلیزیدا بە وشەی (سەبستەنس) تەرجەمە کراوە
[ بەرامبەر: ئەز، ئەست، هەس، هەست گەوهەر، ماک. ی کوردیی- لە شوێنێکی دی لەم کتێبەدا فەلسەفەی ئەم وشانە لە زمانی کوردییدا بە بەراورد لەگەڵ ئەرستۆ ڕوون دەکەمەوە]
بنەچەی وشەی سەبستەنس وشەی سەبستانشیا ی لاتینیی یە کە بە مانای ژێردان، ژێربەند، بنچیینە واتە ئەوەی لە ژێرەوە وەستاوە، دێت.
وەک زاراوەی فەلسەفیی زانستیی: سەبستەنس ئەو ماددە فیزیکییەیە کە هەر شتێکی لێ پێکدێت.
لە کوردییدا وشەی ماک دەگرێتەوە، وەک وشەی زگماک بۆ پەیدابوونی هەر شتێکی فیزیکی: ئەوە ماکی ئەوەیە.ماکی چاکە، ماکی خراپە.
هەروەک دەتوانین ئەست، بنەما، بنەچە، بن. گەوهەر بەکاربێنین.
بەڵام بۆ روونکردنەوەی زیاتر من ماک یان زاراوەی (بووەی ماددی) یان (گەوهەر)، بۆ سەبستانس بەکار دێنم و وشەی ماددە بۆ مەتەر، لە بەر ئەوەی ماددە ڕۆێشتووەو باوە. کەواتە لە هەر شوێنی ئەم وشانە ماک/ گەوهەر/ بووەی ماددی هاتن، مانای (سەبستەنس) دەدەن واتە ئەو ماددە فیزیکییەی شتەکانی لێ پێک دێت بەڵام دەشێ بوونی ناماددیش یان ئایدیایی بگرێتەوە وەک چاکە، خراپە، وەک نموونەی: ماکی چاکە، ماکی شەڕ.
پێناسەو لێکۆلێنەوەی ماک/ گەوهەر/بوون شوێنکی نێوەندی لە زۆربەی کارەکانی ئەرستۆدا هەیە.
لە کتێبی [کەتیگۆریس- چەشنەکان ]دا
ئەرستۆ هەندێ ماک- بووەی ماددیی وەک ئەسپ، درەخت، لە چەشنەکانی دیکەی بوون وەک چەندێتیی، پێوەندیی و کات و شوێن و ڕەوش و… هتد، جیا دەکاتەوە.
ماک بووی گەوهەری سەربەخۆیە بەڵام ئەمانەی دوایی ( چۆنێتیی، چەندێتیی، ڕەوش و… هتد) ناشێ بە خۆیانەوە هەبن و بوونیان بەندە بە بوونیان ‘لەناو’ ماک واتە بووەی ماددی سەرەتاییدا.
لە نێوان بووی ماددیدا جیاوازیی لە نێوان بووەی سەرەتایی/ ماک/ گەوهەر [تاک، شت کە بە بابەتەوە بەند نییە] و
بووەی دووەم (پێوەبەند) دەکات کە بریتین لە ژینۆی [جێنێرا] یان تایبەتمەندیی بووە ماددییە سەرەتاییەکان
لەو فەرهەنگەدا کە بۆ زاراوە فەلسەفییەکانی نووسیوە [میتافیزیکس: ٨] ئەرستۆ جیاوازییەکی جیا دەکات: لە وێدا دەڵێ بووەی ماددی دوو مانای هەیە: مانایەکیان ئەوەیە کە بابەتی بنەمایین مانای دووەم ئەوەیە کە هۆکاری بوونی (بوونسازیی) بووەی ماددی مانای یەکەمن.
ماک بە مانای دووەم بریتییە لە گەوهەر [ئیسێنس] واتە : [ئەوەی کە دەبێ.].کە فۆرمی [مۆرف یان ئەیدۆس ی] بووەی ماددیی یە بە مانای یەکەم.
بەم مانایە، ئەرستۆ لە زاراوەی وەک: بووەی ماددی شتەکاندا، بەکاری دەهێنێ وەک: [ دەوترێ گەوهەر بووەی ماددی (ماکی) هەر شتێکە]
لە [دی ئەنیما ] دا
De Anima II.1 (412a6-9),
ئەم جیاوازییە کەمێ جیاتر دەکات: لەوێدا بووەی ماددی وەک بابەت بە سێ مانا دیاری دەکات: ماددە، فۆرم، و پێکهاتەی ماددەو فۆرم.
لە میتافیزیکس دا
Metaphysics Z.1 ” (1028b24
ئەرستۆ بیرۆکەی بووەی ماددی (ماک) زیاتر گەڵاڵە دەکات و، دەڵێ: ” پرسی ئەوەی: بوون چییە؟ کتومت پرسیاریی ئەوەیە: ماک/ بووەی ماددی چییە؟ ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە لە نێو بووەکاندا واتە لە نێو ئەو شتانەدا کە بوونیان هەیە، ئەوە بووەی سەرەتایی ماددیین [بە پێچەوانەی چونێتیی و چەندێتیی و ڕەوشی بوون و پێوەندییەکان و… هتد، ] کە بنەمایین، چونکە بۆ ئەوەی تایبەتمەندیی چییەتی هەبێ دەبێ لە پێشەوە بووەی سەرەتایی هەبێت.
بە کورتی بۆ ئەوەی بتوانین پێناسە یان وەسفی هەر شتێ بکەین یان هیچیان دەربارە بزانین، بکەین دەبێ ئەو شتە لە پێشەوە بوونی تاک و جیابۆوەو سەربەخۆی خۆی لە خۆیدا هەبێت ئەمجا دەتوانێن لە چییەتی و چۆنییەتییەکەی ورد بێنەوەو پێناسەیەکی وردو زانستی بۆ بەرهەم بێنین.
مرۆڤ و مرۆڤایەتی وەک بیر و کۆزان هەرگیز نەدەبوون گەر لە پێشەوە نموونەی مرۆڤی تاکمان نەبایە. کەوایە دەبێ لە پێشەوە زینەوەرێک هەبێت کە فۆرم یان شێوەی مرۆڤی هەیە ئەوسا ئێمە لە سەرنجدان و شێکردنەوەی چییەتی فۆرمەکەی و چۆنێتیی ڕەوشی ژیانی دەتوانین پێناسەی مرۆڤ بکەین.
ئەو بووە پێشینە سەرەتایی یە تاک و سەربەخۆیە ئەرستۆ ناوی دەنێ ماک یان گەوهەر.
هەر شتێک دەربارەی بیلێێن بەو بووە سەربەخۆیەوە بەندە کەواتە بوویەکی دووەمی پێوەبەندە، یان پاڵداروە [پریدیکەیت).
واتە کە بڵێین: مرۆڤ زیرەکە، هۆشمەندە، دوو پێیە، مێشک زلە، کۆمەلبەندە و… هتد، ئەوە هەموویان وتەیەکی دووەمن بە بوونی گەوهەریی مرۆڤەوە بەندن.
پرسی فەلسەفیی هەرە گەورەی ئەرستۆ وەک دوایی لە کارە سەرەکییەکانی خۆیدا نیشانی دەدەین: پرسی دۆزینەوەو پێناسەکردنی ئەو گەوهەری بوونەیە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت