دکتۆر کەمال میراودەلی : پیکهێنان و دەسەلات و بەرپرسییەکانی حکومەت لە دەستوورنامەدا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

Dktor. Kemal Mirawdeli

بەشی حەوتەم : حکومەتی هەرێمی باشووری کوردستان

 

بەندی ٦٠: [ پرینسیپە گشتییەکان ]

١ . حکومەتی هەرێمی باشووری کوردستان لە سەرۆک وەزیران و جێگر یان جێگرانی سەرۆک وەزیران و وەزیرەکان پێک دێت .

٢. حکومەتی هەرێمی باشووری کوردستان دەسەلاتی جێبەجێکردن بە گوێرەی دەستوور و یاسا پراوە دەکات .

٣. حکومەت ئەو یاساو بڕیارنامانە جێبەجێ دەکات کە پەرلەمانی باشووری کوردستان دەریکردوون و دەسەڵاتەکانی لە ناو چوارچێوەی ئەو ئەرکانەدا کە دەستوورنامەو و یاسا دیاری کردوون ، پراوە دەکات .

٤. حکومەت بەپێی دەستوور و یاساکان بڕیار دەدات ، پێشنیازی پرۆژەی یاسایی دەکات ، پێشنیازی هەموارکردنەوەی یاسای کارا و یاسای تر دەکات و دەتوانێ رای خۆی دەربارەی ئەو یاسایانەش دەرببرێت کە لەلایەن خۆیەوە پێشنیاز نەکراون .

بەندی ٦١: [ دەسەڵات وئەرکەکانی حکومەت ]

١. پێشنیازی سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەوەیی دەکات و سیاسەتەکان جێبەجێ دەکات

٢. نەخشەسازی بۆ پێشکەوتنی هەمەلایەنەی ئابووری ولات دەکات و کار بۆ گەشەکردنی هەموو کەرتەکانی ئابووری دەکات .

٣. پێشنیازی پرۆژەی یاسایی و بڕیارنامەی تر بۆ پەرلەمان دەکات

٤. بریارنامەو رێکاری یاسایی پێویست بۆ جێبەجێکردنی یاساکانی پەرلەمان دەردەکات .

٥. پێشنیازی بودجەی هەرێمی باشووری کوردستان دەکات .

٦. رێنمایی و سەرپەرشتی قەوارە و دەزگا ئیدارییەکانی ولات دەکات [ ئیدارەو ئەنجومەنی پاریزگاکان و شارەوانییەکان و بەریوەبەرایەتییەکان ] .

٧. نەخشەسازیی بۆ دامەزراندن و پێشخستنی خزماتگوزارییە گشتییەکان دەکات و رێنماییان دەکات .

٨. پێشنیازی دامەزراندن و لابردنی نوینەرانی سەفیرو دیپلۆماتی هەرێم لە سەفارەتەکانی عێراق لە دەرەوە دا بۆ سەرۆکی هەرێم دەکات .

٩. پێشنیاز بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور دەکات

١٠. ئەو ئەرکە ئیدارییانەی تر دەبینێت کە بۆ دەزگا ئیدارییە نێوەندییەکان و لۆکالەکانی تر دانەندراون .

 

بەندی (٦٢) دەسەڵاتەکانی سەرۆک وەزیران

سەرۆک وەزیران ئەم دەسەلاتانەی خوارەوەی هەیە :

 

١. نوێنەرایەتی و سەرۆکایەتی حکومەت دەکات

٢. دڵنیایی لەوە دەکات کە هەموو وەزارەتەکان بە پێی سیاسەتی حکومەت کار بکەن .

٣. دڵنیایی لەوە دەکات کە هەموو ئەو یاساو ڕیکارانەی حکومەت بریاری داون ، جێبەجێ دەکرێن .

٤. دەتوانێ وەزیرەکانی کابینەکەی بە بێ رەزامەندی پەرلەمان بگٶڕێت .

٥. سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەکات .

٦. بەرێوەبەری پۆلیسی گشتیی هەرێم دادەمەزرێنێت .

٧. هاوسازیی و هاوکاریی لەگەڵ سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی پەرلەمان لە پرسەکانی ئاسایش و هەواڵگرییدا دا دەکات .

٨. بە هاوسازیی لەگەڵ سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی پەرلەمان ، بەرێوەبەرو جێگری بەرێوەبەر و پشکنیاری گشتی هەواڵگریی هەرێم دادەمەزرێنێت .

٩. بۆ هەموو کارو بارێکی سیاسەتی دەرەوەو بە جێگەیاندنی ، راوێژ لەگەل سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی پەرلەمان دەکات .

١٠. هەر ئەرکێکی تر کە دەستوور و یاساکان دیاری بکەن ، جێبەجێ دەکات .

 

بەندی ٦٣ [ پێکهێنانی حکومەت ]

 

١. دوای تەوابوونی هەڵبژاردن و راگەیاندنی ئەنجامەکانی کۆتایی ، سەرۆکی هەرێم بە راوێژکاری لەگەڵ ئەو حیزبە یان هاوپەیمانییەی زۆرترین کورسی ‌ پەرلەمانیی هێناوە ، کاندیدێک بۆ سەرۆکایەتی وەزیران دەستنیشان دەکات و ئەرکی پیکهێنانی حکومەتی پێدەسپێرێت .

٢. ماوەی راسپاردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران بۆ پێکهێنانی حکومەت نابی لە ٣٠ رۆژ زیاتر دوای راگەینادنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن ،  تێپەڕێت .

٣. کاندیدی سەرۆکایەتی وەزیران دەبێ لە ماوەیەکدا کە لە ١٥ رۆژ تێپەڕ نەکات ، کابینەکەی پێک بێنێت و پێشکەشی پەرلەمانی کوردستانی بکات بۆ متمانە پێدانی .

٤. متمانەدان بە حکومەت بە زۆربەی دەنگی پەرلەمانتاران دەبێت و ئەوسا حکومەت بە هەڵبژێردراو دادەندرێت .

٥. گەر کاندیدی دەستنیشانکراو نەیتوانی متمانەی زۆربەی پەرلەمان بەدەستبهێنێت . سەرۆکی هەرێم لە ماوەی ١٠ رۆژدا کاندیدێکی تر لە حیزبی زۆربەی دووەم لە پەرلەمان بە هەمان پرۆسەی سەرەوە دەستنیشان دەکات . گەر بۆ جاری دووەم حکومت متمانەی نە‌هێناو دانەمەزرا ، سەرۆکی هەرێم هەڵبژاردنی نوێ بۆ پەرلەمان رادەگەیەنێت کە لە ماوەیەکدا لە ٤٠ رۆژ زیاتر نەبێت لە رۆژی راگەیاندنەکەوە ، ئەنجام بدرێت .

٦. گەر سەرۆک وەزیران دەستی لە کارکێشایەوە ، یان لەبەر هەر هۆیەکی تر پۆستەکە خاڵی بوو ، ئەوا حکومەت دەوەستێ و سەرۆکی هەرێم کاندیدێکی نوێ بە راوێژ لەگەل حزبی یان هاوپەیمانی زۆربەی پەرلەمان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ دەستنیشان دەکات .

٧. دوای هەڵبژاردنیان ، وەزیرەکانی کابینە لە بەردەم پەرلەمان سوێندی یاسایی دەخۆن . دەقی سویندەکە بە یاسا دیاری دەکرێت .

بەندی ٦٤ ( وەزیرەکان و نوێنەرایەتی کۆمەڵگاکان )

١. وەزارەتەکان و دەزگا ئیدارییەکانی تر بە پێی پێداویستی بەجێهێنانی ئەرکەکانی لە چوارچێوەی دەسەلاتەکانی حکومەت ، دروست دەکرێن .

٢. ژمارەی ئەندامانی حکومەت بە بریارنامەیەکی ناوخۆیی حکومەت دیاری دەکرێ .

٣. دەبێ بە لای کەمەوە وەزیرێک لە کۆمەلگای نەتەوەیی تورکمان و وەزیرێک لە ئاشووری- کلدانی لە ناو کابینەدا هەبێت . ئەم رێژەیە چاوی پێدا دەخشێندرێتەوە کاتێ کەرکوک و (یان) موسڵ ىێنە سەر ئیدارەی هەرێمی کوردستان .

٤. سەرۆک وەزیران ، جێگرەکانی و وەزیرەکان لە کەسانی بە توانا لە دەرەوەی پەرلەمان هەلدەبژێردڕێن .

٥. دەشێ وەزیرەکان لە ناو پەرلەمان هەڵبژێردرێن بەلام ئەو کات پەرلەمانتار دەبێت دەست لە کاری پەرلەمانیی بکێشێتەوەو بە پێی ریزبەندیی هەڵبژاردن لەبرییەکەی دەستبەکار دەبێت .

 

بەندی ٦٥[ بەرپرسیارێتییەکانی حکومەت]

 

١. لە هەموو کارەکانیدا حکومەت بەرپرسیارە بەرامبەر پەرلەمانی باشووری کوردستان .

٢. سەرۆکی حکومەت و جێگر(ان) ی سەرۆکی حکومەت و وەزیرەکان بە کۆمەڵ بەرپرسیارن لەو بڕیارانەی لە لایەن کابینەوە دەردەچن و تاک تاکەش بەرپرسیارن لەو بریریارانەی لە بواری دەسەلاتی تایبەتی خۆیاندا دەیدەن .

٣. سەرکی حکومەت بەلای کەمەوە مانگی جاڕێک بۆ ماوەی دوو سەعات لە کۆبوونەوەیەکی پرسیارو وەلامدا لە پەرلەمان ئامادە دەبێت و وەلامی پرسیارەکانی ئۆپۆزسیۆن و پەرلەمنتاران دەداتەوە .

٤. پەرلەمانی کوردستان یان کۆمیتەکانی دەسەلاتی ئەوەیان هەیە هەر کاتێ هۆکاری پێویست هەبیت جێگرانی سەرکی وەزیر یان وەزیرەکان بۆ پرسیارو لێکۆلینەوەو ساغکردنەوەی پرس و راستییەکان بانگ بکەن .

 

بەندی (٦٦) [ پاسایی = پاراستنی یاسایی = حەصانە ]

 

١. ئەندامانی حکومەت پاسایی یان لە داوای دادگایی و، شکاتی مەەدنیی و لابردن هەیە لە بەر ئەو کارانەی یان بریارانەی کە لە چواجێوەی ئەرکەکانی خۆیان وەک ئەندامی حکومەت دەیانکەن . ئەمە ئەو کارانە ناگرێتەوە کە لە دەرەوەی ئەرکی حکومەتی یان پێچەوانەی دەستوورو یاسان دەکرێن .

بەندی ٦٧ [پرۆسەکان]

شێوازی کارکردن و بریاردان و پرۆسەکانی بە یاساو ڕێکارییە یاسایی یەکان رێک دەخرێت .

بەندی (٦٧) [ دەستپێشخەری متمانە لێسەندنەوە ]

 

١. دەستپێشخەریی متمانەلێسەندنەوە دەشی دژی حکومەت بە دەنگی سێیەلکی ١/٣ هەموو ئەندامانی پەرلەمان پێشکەش بکرێت .

٢. سەرۆکی وەزیران دەتوانێ داوای دەنگدان لە سەر متمانە وەرگرتنەوە لە حکومەت بکات .

٣. دەستپێشخەریی متمانە وەرگرتنەوە لە ماوەیەک لە دوو رۆژ زووترو لە ٥ رۆژ زیاتر دوای پێشکەشکردنی تێپەڕ نەکات ، دەخرێتە ئەجندای کاری پەرلەمانەوە .

٣. گەر زۆربەی ئەندامانی پەرلەمان دەنگیان بۆ دەستپێشخەرییەکە دا بە قبوڵکراو دادەندرێت و حکومەت هەڵدەوەشێتەوە .

٤. گەر دەستپێشخەریی یەکەم بۆ متمانە وەرگرتنەوە لە حکومەت سەرینەگرت ، نابێ تا ماوەی٩٠ رۆژی تر دەستپیشخەرییەکی تری متمانە وەرگرتنەوە پێشکەش بکرێتەوە .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت