دکتۆر کەمال میراودەلی : ڕێزمانی بنچینەیی کوردی ، وانەی حەوتەم .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕستەی دەنگی بەکاری دیارو دەنگی نەکاری نادیار

Active and passive voices
هەردوو جۆرە زاراوەکە بۆ وەسفکردنی دوو جۆرە ڕستە بەکاردێنین و لێرەدا روونی دەکەمەوە .
بەکار : واتە کردارەکە بەکارو چالاکە
نەکار : واتە کردارەکە نەکارو پاسیڤە
دیار : واتە بکەر ، کارساز یان ئەنجامدەری کارەکە ، دیارە .
نادیار : واتە بکەر یان ئەنجامدەری کارەکە لە ڕستەدا نادیارە
لە کوردییدا بە کەسێک کارەکانی باش ڕاپەرێنێ دەلێین : گورج ، چالاک یان بەکار، کەسێک کە کارەکانی گورج نەبن دەلێین خاو یان نەکار ، کار لە دەست نەهاتوو .
کرداریش بەو شێوە جیا دەکرێنەوە، هەندێ کردار بەکارو خاوەن بکەری کاریگەرن، هەندێ نەکار و بی بکەر یان خاوەنی بکەری نادیارکراون .
پێشتر چەندین جۆری ڕستەم لە ڕوانگەی بنسازییانەوە باس کرد . ئێستا دوو جۆر ڕستەی تر کە پەیوەندییان بە دەنگی یان چۆنێتیی کردارەوە هەیە باس دەکەین .
٧.١ دەنگ و کردار voice
لە زمانی ئینگلیزییدا زارەوەی دەنگ [ ڤۆیس ] لە ڕێزماندا بۆ چۆنێتی ئەو شێوەیەی کردار وەریدەگرێت بەکاردێت بۆ نیشاندانی ئەوەی داخۆ کردارەکە چالاکییەکە ئەنجام دەدات یان وەری دەگرێت ، بدەرە یان وەرگرە ، واتە داخۆ بەکارە [ ئەکتیڤە ] و یان نەکارە [ پاسیڤە ] ..

Voice is the form a verb takes to indicate whether the subject of the
verb performs or receives the action.

لە ئینسکلۆپیدیای بەریتانییدا دەنگی کردار ئاوا وەسف کراوە :

voice, in grammar, form of a verb indicating the relation between the participants in a narrated event (subject, object) and the event itself. Common distinctions of voice found in languages are those of active, passive, and middle voice. These distinctions may be made by inflection, as in Latin, or by syntactic variation, as in English. The active-passive opposition can be illustrated by the following sentences
The action remains the same, but the focus is different

دەنگ لە ڕێزماندا شێوەیەکی کردارە کە دەستنیشانی پێوەندیی نێوان بەشدارانی رووداوێکی باسکراو دەکات [ بکەر ، بەرکار ] ورووداوەکە خۆی . جیاوازیی باوی دەنگ کە لە زمانەکاندا دۆزراونەوە ئەوانەی دەنگی بەکار [ ئەکتیڤ ] و دەنگی نەکار [ پاسیڤ ] و نێوانەدەنگ ( دەنگی ن ێوەند ) ن . ئەو جیاوازییانە دەشێ بە شێوەگۆڕیی ( تێکوپێکی ) کردارەکە وەک لە لاتینیدا هەیە دروست ببێ یان بە شێوەیەکی پێکەوە – لێکدان ، وەک لە ئینگلیزییدا هەیە .
بەرواردی بەکارو نەکار لەم ڕستەیەدا روون کراوەتەوە :
بەکار : راوچییەکە ورچەکەی کوشت .
نەکار : ورچەکە کوژرا ( لەلایەن راوچییەکەوە ]
کردارەکە [ کوشتن ] وەک خۆی دەمێنێتەوە ، تەنیا چەقی باسەکە جیاوازە .
ئەم پێناسە ئەوە دەگەیەنێت :
١- رووداوێک . کارێک ، هەیە کە دەگیڕدرێتەوە یان باس دەکرێ واتە دەکرێ بە ئاخاوتن
٢ – لەم ئاخاوتنەدا چەند لایەنێك بەشدارن بە تایبەتی بکەری کارەکە ( ئەکتەر ، کارساز ، پاڵەوانی رووداوەکە هەرچییەکی ناودەنێی ) لەگەڵ بەرکار ( بابەت ، ئامانجی رووداوەکە )
٣ – جیاوازی لە دەنگی کردار واتە دەوری ئەو ئەکتەرانە لە کارەکەدا هەیە
٤ – ئەو جیاوازییە بە گۆڕان لە شێوەی کردارەکەدا ( گەردانکردنی ) نیشان دەدرێ و بە سێ جۆر واتە سێ دەنگ خۆی دەنوینێ: دەنگی بەکار ( ئەکتیڤ ) ، دەنگی نابەکار ( پاسیڤ ) و دەنگی نێوەند لە نێو ئەو دووەدا .
لە ( ویکیپیدیا ) شدا دەنگ ( ی کردار ) ئاوا وەسف کراوە :

In grammar, the voice (also called diathesis) of a verb describes the relationship between the action (or state) that the verb expresses and the participants identified by its arguments (subject, object, etc.). When the subject is the agent or doer of the action, the verb is in the active voice. When the subject is the patient, target or undergoer of the action, the verb is said to be in the passive voice

لە ڕێزماندا دەنگی کردار [ ڤۆیس کە دایەسیسیشی پێ دەوترێت ] وەسفی پێوەندی نێوان ئەو کارە [ یان ڕەوشەی ] کردار دەری دەبرێت و بەشداران لە ئاخاوتنی ئەو کارەدا [ بکەر و بەرکارو هی تر ] دەکات .
کاتێک کە بکەرەکە کارسازە [ واتە ئەنجامدەری کارەکەیە ] ئەوا کردارەکە دەنگی بەکار دەبێت .
کاتێك بکەرەکە کارگرە [ کار وەرگرە ] واتە ئامانج یان بەردەستی کارەکەیە ، ئەوا دەوترێ کردارەکە دەنگی نەکار [ پاسیڤ ] ی هەیە .
بەکورتی ئەمە ئەوە دەگەیەنێت :
کاتێک مرۆڤ باسی هەر رووداوێک ، هەر چالاکییەک لە جیهان یان لە ژیاندا دەکات ، بۆ دروستکردنی ئاخاوتنەکەی ( کردار ) لە ڕستەدا بەکاردێنێت ..
کاتێك کردارمان لە ڕستەدا هەیە ، یان کەسێک / بوونەوەرێک / شتێک کردارەکە دەکا : کە کارساز ، بکەر یان بدەری کارەکەیە agent
یان کەسێك / شتێک کارەکە وەردەگرێ واتە دەکەوێتە ژێر کاریگەریی کردارەکە کە پێی دەوترێت وەرگر ، کارگر ، بەرکار بە پێی جۆری کردارەکە . patient
یەکەمیان کە بکەر تێێدا دیارەو چالاکە : دەنگی بەکارە .. active
دووەم کە بکەر تێێدا کارەکە ناکات وەری دەگرێت : دەنگی نەکارە . passive
نموونە :
ئازاد نامەکەی نووسی
ئازاد بکەرە ، کارسازە ، کاردەرە ، کاری چالاکی نووسین ئەنجام دەدات و کار لە نامەکە دەکات : ئەمە دەنگی بەکارو دیارە
نامەکە نووسرا .
نامەکە جێی بکەری گرتۆتەوە بەلام بکەر نییە ، کارساز نییە ، کاردەر نییە ، بەلکو کاروەرگرە ، نازانین كێ نامەکەی نووسیوە ، ئەمەش دەنگی نەکارو نادیارە .
٧.٢ فەلسەفەی ڕستەی دەنگی بەکارو نەکار
دیارە لە ڕیزماندا وەسفکردنەکە زۆرجار ڕیزمانەکە قورستر نیشان دەدات لەوەی هەیە . ئەمەش لەبەر ئەوەی لایەنەکانی زمان زۆرو جۆراوجۆرن و بۆ وەسفکردنیان پێویستیمان بە زاراوەی زۆرو جۆراوجۆر دەبێت . دەنگی بەکار و دەنگی نەکار لەو زاراوانەن کە بۆ وەسفکردنی شێوەیەکی بەکارهێنانی کردار لە ڕستەدا کەڵکیان لێ وەردەگیرێت .
لێرەدا گرنگە جیاوازیی کرداری بەکارو نەکار روون بکەینەوە ، بۆ ئەم مەبەستەش با کەمێک بگەرێینەوە بۆ ئەو فەلسەفەیەی ڕێزمان کە لە سەرەتاوە باسمان کرد .
وتمان کە بنسازیی زمان لە سێ بنەی سەرەکی پێک دێت .
مرۆڤ جیهان کار
یان
من جیهان کار
واتە : بکەر بەرکار کردار
کە بیکەین بە ڕستە دەبێت بە :
من کار لە جیهان دەکەم .
من جیهان دەگۆڕم .
چۆن من کار لە جیهان دەکەم ؟
وەڵامی ئەوە بە جۆری کردارەکانەوە بەستراوەتەوە ، واتە بە جۆری ئەو چالاکیی یان کاریگەرییەی کە کردارەکان ئەنجامیان دەدەن یان نادەن .
هەموو کردارێك چالاک نین .
لە لایەکی تریشەوە هەر ئێمە وەک مرۆڤ کار لە جیهان ناکەین بەلكو جیهان ( دەوروبەر ، سروشت ، شتەکان ] یش کار لە ئێمەو لە یەکتر دەکەن .
واتە من دەتوانم ببم بە بکەرو کارسازو کار لە جیهان یان لە سەر شتەکان بکەم واتە بیانکەمە بەرکاری خۆم .
یان جیهان دەشێ ببێتە بکەرو من بکاتە بەرکاری خۆی . وەک :
من چەترم هەڵگرتبوو .
باران تەڕی کردم .
لە یەکەمدا من بکەرم ، بەکارم ، چەتر هەڵدەگرم .
لە ڕستەی دووەمدا باران بکەرە ، بەکارە ، من تەڕ دەکات .
ئەمە ئەوە دەگەیەنێ کە ( بکەر ) و ( بەرکار ) لە فەلسەفەی ژیان و لە لۆجیکی بنسازیی زماندا شوێنی هەمیشەیی و ڕەهایان نییە بەلکو ئەمە بە پێی کۆئاخن [ کۆنتێکست ] و هەلومەرج و لە ئاکامدا چەشنی کارەکان و پێوەندییەکان و تەنانەت پێوەندی دەسەڵات دەگۆڕێت . واتە دەشێ بکەر و بەرکار جێگۆڕكێ بکەن ، شوێن و دەوری یەکتر بگرنەوە ، یان بکەر هەر بسڕدرێتەوە ! یان ناوی کوێر بکرێتەوە ! ئەوەی دەمێنێتەوەو وەک جەوهەر ناگۆڕێ : کارە ، کاریش لە هێزو بزاڤ وتوانای کردنەوە دێت .
بەکورتی : ( دەنگ ) لە ڕێزماندا بەکاردەهێنین بۆ جیاکردنەوەی ئەوەی
١ – داخۆ کردارەکە [ بەکارە ] یان [ نەکارە ] .
ئازاد نامەکەی نووسی ] دەنگی بەکار ]
نامەکە نووسرا [دەنگی نەکار ]
٢ – داخۆ بکەرەکە کارەکە دەکات ، یان کارەکە وەردەگرێت
ئازاد نامەکەی نووسی . [ ئازاد ، بکەر ، کاری نووسینەکە دەکات ]
نامەکە نووسرا . [ نامەکە کاری نووسینەکە وەردەگرێت ]
٤ – داخۆ بەرکاری راستەوخۆی ، واتە ئەو بابەتەی کاری لەسەر دەکرێ ، هەیە ، یان نا .
ئازاد نامەکەی نووسی [ نامەکە بەرکاری راستەوخۆیە ]
نامەکە نووسرا : [ بەرکار جێگەی بکەری گرتۆتەوە ، بۆتە بابەتێک کارەکە وەردەگرێ نەک بیکات . ڕاست نییە پێی بلێین بکەر چونکە لە رووی لۆجیکی ماناوە هێشتا بەرکارە بەلام جێگەی بکەری گرتۆتەوە کەواتە پێویستە وەک : جێگرەوەی بکەر وەسفی بکەین نەک بکەر . لە عەرەبییدا وەک دوایی ئاماژەی پێ دەکەین پێی دەوترێ : نائب فاعل .
لە کوردییدا وتمان بکەر لە پێش کردارەوە دێت ، بەم پێیە لە ڕستەی ( نامەکە نووسرا ) دا ، نامەکە لە پێش کرداری نادیارکراوی ( نووسرا ) دێت بۆیە جێگەی بکەری گرتووە ، بەلام کارساز agent نییە بەلکو کارگرە patient ، واتە نامەکە کاری لەسەرکراوە ، کراوەتە نووسراو ، لە رووی واتاناسییەوە هێشتا بەرکارە بەلام لەرووی شوێنی ڕێزمانییەوە پێی دەلێێن جێگری بکەرێكە کە کارگرە patient نەک کارساز agent
٣ – داخۆ بکەر دیارە یان نادیارە :
ئازاد نامەکەی نووسی ] بکەر دیارە : ئازادە ]
نامەکە نووسرا [ بکەر نادیارە : نازانین کێ نووسیویەتی ]
بە ڕستەی یەکەم : ئازاد نامەکەی نووسی دەلێین : رستەی دەنگی بەکار و دیار
Active voice sentence
بە هی دووەم : نامەکە نووسرا دەڵێین : ڕستەی دەنگی نەکار و نادیار
Passive voice sentence
٧.٣ جۆرەکانی کردار لە ڕوانگەی دەنگەوە :
1 – کرداری وەستاو : سەرنجی ئەم کردارانە بدە :
من ماندووم .
من خەوتم .
من کەوتم .
من هەستم بە ماندوویی کرد .
من بریندار بووم .
من نەخۆش کەوتم .
من هەستام .
من پێدەکەنم .
من دەگریم .
من هاوار دەکەم .
سەرنج دەدەین ئەو کردارانە هیچیان چالاک نین ، واتە کار لە شتێ لە دەرەوەی خۆیان ناکەن بەڵکو جۆرێ لە ڕەوش دەردەبڕن . بەم جۆرە کردارانە دەوترێ کرداری خاو یان وەستاو ( ستاتیکی ) static واتە هیچ چالاکییەک و گورجییەکیان تێدا نییە بۆیە تێپەڕایەتی یان تێپەڕاندنیان transitivity بۆ دەرەوەی خۆیان تێدا نییە .
بکەر چالاکییەک ئەنجام نادات ، یان کار لە کارەکە ناکات ، کارەکە ڕەوشی بکەر دەردەخات ( ماندوو ، خەوتوو ، هەستان ، کەوتن و … هتد)
لە رستەی دواییدا گەرچی ( هاوار ) ناوە ، و ( دەکەم ) کردارە ، بەلام هاوار لە دەرەوەی بکەر نییە ، تا کاری تێ بکات . بەلکو ڕەوشی ناوەوەی بکەر خۆیەتی .
کردارێک کە بەرکاری نەبێت ، شێوەی نەکارو نادیاری نابێت .
٢ – کرداری خۆکار / تێنەپەڕ : سەرنجی ئەم کردارانە بدە :
شیرەکە ڕژا .
تابلۆکە بەربۆوە .
مناڵەکە خەوت .
بەفر دەبارێ .
دنیا وێران بووە .
کار لە کار ترازاوە .
نەخۆشەکە مرد .
نەخۆشەکە چاک بۆوە .
سوارەکان هاتنەوە .
میوانەکان رۆیشتن .
گەڵاکان دەوەرن .
لەم لیستەشدا کردارەکان چالاک نین ، خۆکارن ، جۆرێ لە رەوش و دەنگی نەکار [ پاسیڤ ] دەردەخەن ، کردارەکان هێزو بزاڤی تیپەڕاندنیان بۆ کارکردن لە جیهان ، لە شتێک لە دەرەوەی بکەر نییە .
گەرچی [ زێدەبەند ] یشیان بۆ زیاد کەین [ بڕوانە وانەی ٦ ] وەک : سوارەکان لە ڕاو هاتنەوە ، یان میوانەکان بۆ دەرەوەی شار رۆیشتن ، یان گەڵای درەختەکان لە پاییزاندا دەوەرن ، ئەمە تەنیا رەوشی کردارەکە زیاتر روون دەکاتەوەو لە سروشتی نەکاری کردارەکە ناگۆڕێت .
٣ – کرداری چالاک یان بزێو : سەرنجی ئەم کردارانە بدە :
من ئازادیی دەخوازم .
من هۆنراوەیەکم خوێندەوە .
مندالەکان پەنجەرەیەکیان شکاند .
كچەکە گوڵێکی پێشکەش کردم .
با هەورەکانی لێخوڕی .
ئاسمان تەرزە دەبارێنێ .
سوارەکان زەمینیان خستە لەرزە .
تیپی بەرازیل دوو گۆڵی لە تیپی ئەرجەنتین کرد .
گەر سەرنجی کردارەکان لەم ڕستانەدا بدەین دەبینین هەموویان چالاکی ، بزاڤ ، تێپەڕایەتییان تێدایە ، بکەر کردارەکە دەکات ، کردارەکە بەهێز دەکات ، بزاڤی دەداتێ کار لە شتێ لەدەرەوەی خۆی ، لە جیهان و دەروبەر بکات : ئەمانە کرداری تێپەڕن ، تیدەپەڕن لە بکەرەوە بۆ بەرکار ، واتە بەرکاری راستەخۆ وەردەگرن . بەم جۆرە رستانە دەوترێ : دەنگی بەکارو چونکە بکەر دیارە دەنگی بەکاری دیارن .
گەرچی خواستن کارێكی دەروونییە ، بەلام لە ڕستەی یەکەمدا خواستن لەناو دەرووندا نامێنێتەوە تیدەپەرێ بۆ ئامانجێک ، بابەتیك ، لە دەرەوەی خۆی کە ئازادی یە ، واتە ئازادی دەکاتە بەرخواست یان بەرکاری خۆی .
لە ڕستەی دووەمدا خوێندنەوە هۆنراوەیەک دەکاتە بەرخواست و بەرکار .
لە ڕستەی سێیەمدا شکان چالاکییەکە کە پەنجەرەیەک دەکاتە بەرنیشان و بەرکاری خۆی .
چوارەم گوڵ دەبێتە بابەتی پێشکەش کردن .
پێنجەم با هەور لیدەخوڕێ .
بەم جۆرە هەموو کردارەکان بەکارن ، کرداری چالاکی و بزاڤن .
کار لە دنیای دەرەوەی خۆیان دەکەن .
لە بەر ئەوەی هەموو پێشکەوتن و شارستانیی وتەکنۆلۆجیای مرۆڤایەتی ئەنجامی دایلەکتیکی کارتێککردنی بەردەوام و کاری چالاکە ، شتێکی ئاسایی یە کە زۆربەی کردارەکان لە هەر زمانێكدا گرۆی کرداری چالاک بن و دەنگی بەکاریان هەبێت .
٤ – دەنگی نابەکار / پاسیڤ / نادیار کراو : سەرنجی ئەم کردارانە بدە :
١ – هەق دەستێندرێ نادرێ
٢ – لە تەقینەوەیەکدا لە بەغدا ، ٢٠ کەس کوژران و ٥٠ بریندار کران .
٣ – دوێنێ ماڵەکەیان سووتێندرا .
٤ – دوورۆژنامەنووس لە سوریا فرێندران .
٥ – ٥٠ داعش کوژراون و دەیان بە دیل گیراون .
٦ – ئەم پرۆژەیە گەندەڵی زۆری تێدا کراوە .
٧ – یەکەم جار ئاوەکە دەکوڵێندرێ ، ئەوسا ساوەرەکە دەکرێتە ناو مەنجەڵەکەوە و ڕۆن و خوێی تێدەکرێ .

٧.٤ بەکارهێنانەکانی دەنگی نەکار و نادیار
گەر بە وردی سەرنجی ئەم ڕستانە بدەین و بنسازیی : مرۆڤ ، جیهان ، کار ، یان بکەر بەرکار کردار – یان بۆ بەکاربێنین دەبینین کە هیچ کام لەم ڕستانە بکەری دیاریان نییە ، واتە چالاکی بکەرو تێپەڕیی کردار لەم ڕستانەدا نەهێشتراوەو پێوەندی نێوان بکەرو بەرکار پێچەوانە بۆتەوە ، واتە بەرکار چۆتە جێی بکەرو بکەر لە جیاتی ئەوەی چالاک و کاراو کاریگەر بێت ، خۆی بۆتە بەرکاری یان وەرگری کردارێک .. کەوایە بە پێی ئەو پێناسەی لە سەرەوە بۆ دەنگی کردارمان کرد لێرەدا دەنگی نەکار یان پاسیڤمان هەیە . چونکە بکەر کار لە سەر کردارەکە ناکاو کردارەکە چالاک و تێپەڕ نییە .
بەڵام گرنگتر بەکارهێنانی دەنگی نادیارە لە ڕووی ماناو مەبەستەوە ..
١ – ڕستەی یەکەم :
هەق دەسێنرێ ، نادرێ .
سەرنج بدە دەربرێنیكی چەند بەهێزە ، سەرنج بدە پێشینانی مەزنمان چ ڕێزمانێکی ساغ و دەربڕینێکی بەهێزیان بەکارهێناوە . لێرەدا بەکارهێنانی نادیار زۆر کاریگەرترە لە دەنگی دیار . چونکە ئەمە وەک پەندێک وەک حەقیقەتێك کە لە ئەزموونی ژیان و مێژووەوە هاتووە بە کەمترین وشە دەربڕدراوە . لێرەدا دوو کردارمان هەن کە هەر یەکە خۆی لە خۆیدا کورتکەرەوەی ڕستەیەکە ، واتە دوو ڕستەی ڕێزمانیی تەواو لە تەنیا سێ وشەدا دەربڕدراون !
کە بمانەوێ بیکەینەوە بە دەنگی دیار دەبێ بوەستین و بیر بکەینەوە :
دەنگی بەکار / دیار دەنگی نەکار / نادیار
کورد هەق دەستێنێ هەق دەستێندرێ
دوژمن هەق نادات بەکورد هەق نادرێ
بەلام جێگری بکەر هەق پێویست نییە لە ڕستەی دووەمدا دووبارە بێتەوە ، بۆیە نانووسرێتەوە ، هەروەها مادام ماناکە گشتیی و گەردوونییە و بۆ هەموو مرۆڤ وگرۆو نەتەوەیەک دەبێت . پێویست ناکات بنووسرێ :
هەق دەسێنرێ [ لە لایەن کوردەوە یان خەلکەوە ] و
هەق نادرێ [ بە کورد لەلایەن دوژمن یان هیچ کەسەوە ] ، بەلکو کورت و پوخت دەبێ بە : هەق دەسێنرێ ، نادرێ .
٢ – ڕستەی دووەم :
لە تەقینەوەیەکدا لە بەغدا ، ٢٠ کەس کوژران و ٥٠ بریندار کران .
لێرەدا بەکارهێنانی دەنگی نادیار لە هی دیار باشترو دەرىڕترە . لە هەموو نووسینێکی راپۆرتی هەواڵدا زۆربەی کات دەنگی نادیار بەکار دێت مەگەر بکەرەکە ناوێكی گەورەو گرنگ بێت و پێویستی بە وتن بێت یان کارەکە لە روویی ناشیرینیی یان گرنگیی یان بەرزییەوە تایبەتی بێت و ئاشکرا کردنی بکەرەکەی پێویست بێت وەک :
داعش دوو ڕۆژنامەنووس سەردەبڕن
لێرەدا بۆ ئاشکراکردنی تایبەتبوونی ئەم جۆرە تاوانانە بە گروپی داعش ناوهێنانی بکەر پێویستە .
٣ – دوێنێ ماڵەکەیان سووتێندرا .
لێرەدا شێوەی دەنگی نادیار بەکارهاتووە لە بەر ئەوەی لای زانبێژ [ زانیاریبێژ ] بکەرەکە نەزانراوە .
٤ – دوو ڕۆژنامەنووس لە سوریا رفێندران
ئەمەش راپۆرتێکی هەوالە کە بکەری کارەکە نەزانراوە .
٥ – ٥٠ داعش کوژراون و دەیان بە دیل گیراون .
لێرەدا دەنگی نادیار بەکارهاتووە چونکە بکەرەکە ئاشکرایە و پێویست بە وتن ناکات . دەشێ بەشی پێشەوەی ڕستەکە ئەوە بێت یان خوێنەر مەزندەی بکات :
لە شەڕێکدا لەگەڵ پێشمەرگە ، ٥٠ داعش کوژراون و دەیان بە دیل گیراون .
واتە بکەرەکە دیارە کە هیزی پێشمەرگەیە ، بۆ دووبارەنەبوونەوەو دەربڕینی باشتر دەنگی نادیار بەکار دێت .
٦ – ئەم پرۆژەیە گەندەڵی زۆری تێدا کراوە
لەم جۆرە ڕستانەدا بە مەبەست بکەر شاردراوەتەوە بۆ ئامانجی سیاسیی یان گەندەڵیی .. زۆر جار دەنگی نادیار بۆ شاردنەوەی هەقیقەت و دەستنیشان نەکردنی تاوانکارو کەتنکەران بەکار دێت . وەک زۆر جار بەرپرسانی گەندەڵ کە دەربارەی تاوانەکانیان پرسیاریان لێ دەکرێ وەڵامی ئاوا دەدەنەوە :
راستە ‌هەڵە کراون .
ئەم ڕستەیە دەنگی نەکارو نادیارە .[ هەڵە دەکا = هەڵەکراون ]
ئەمە هەم گشتیی کردنە ، هەم شاردنەوەی بکەرە : کێ هەڵەی کردوون و دووبارەیان دەکاتەوە ؟
هەروەها میدیای حیزبی زۆرجار راستییەکان بە ناونەهێنانی بکەر واتە بەکار‌هێنانی دەنگی نەکارو نادیار ، دەشارێتەوە ، وەک :
گەندەلی لە پرۆژەکاندا دەکرێن .
ئەم مانگەش مووچە نادرێت .
پارەی بانکەکان بەتاڵ کراون .
نەوت بە قاچاغ دەفرۆشرێ .
بازار پڕکراوە لە خواردنی ئێکسپایەر .
بازرگانی لەگەڵ داعش دەکرێت .
سەیرانگاکان تەلبەند دەکرێن .
دوو ملیۆن بێگانە بۆ کوردستان هێنراون .
رێگاکان کراونە ئەنفالی مەرگ .
گەنجەکان بێ هیوا کراون .
دامەزراندن راگیراوە .
ئەمانە هەموو بکەر دەشارنەوە ، وەک دەسەڵاتی بنەماڵەیی ، مافیای حیزبیی ، حکومەتی نادەستووریی و … هتد .
٧ – یەکەم جار ئاوەکە دەکوڵێندرێ ، ئەوسا ساوەرەکە دەکرێتە ناو مەنجەڵەکەوە و ڕۆن و خوێی تێدەکرێ .
لەڕستەی ئاوادا کە باسی پرۆسەو تاقیکردنەوەی زانستیی دەکرێ ، دەنگی نەکار بەکاردێت چونکە پێوسیت ناکات ناوی بکەر بببردرێ ، جەخت و چەقی باسی گرنگ پرۆسەکەو زانیارییەکەیە :
دەلێین :
ئۆکسجین و هایدرۆجین تێکەڵ دەکرێت و ئاوی لێ دروست دەبێت .
خالەکانی سێگۆشەکە بە یەکەوە دەبەسترێنەوە . بازنەیەک لە ناوەڕاستدا دەکێشرێ و … هتد .
دیارە دەشێ رەوشی تری بەکارهێنانی دەنگی نەکارو نادیار بدۆزینەوە . تا ئێستا روونمان کردەوە دەنگی نەکار بەکار دێت کاتێک :
١ – بکەرەکە زانراو نییە
٢ – بکەرەکە زانراوەو پێویست بە ناوهێنانی ناکات
٣ – بۆ شاردنەوەی بکەر
٤ – بۆ جەختکردن لە سەر کردارەکەو بەهێزکردنی ماناو دەربڕینەکەی
٥ – بۆ راپۆرت دان و گێڕانەوەی چیرۆک
٦ – بۆ باسی پرۆسەو ئەزموونی زانستیی
لە بەشی داهاتوودا باسی تایبەتمەندییەکانی رستەسازیی
نەکارو نادیار لە زمانی کوردییدا دەکەم .
تاقیکردنەوە :
١ – مەبەست لە دەنگی بەکار چییە ، بە نموونەوە پێناسەی بکە .
٢ – لە چ کاتێکدا بە ڕستەیەک دەلێین دەنگی نەکارە ؟
٣ – ئەم ڕستانە لە ڕوانگەی پێوەندی بکەرو کردارو بەرکارەوە شی بکەرەوە :
١ – چراکە کوژایەوە .
٢ – ئاڵای کوردستان هەڵکرا .
٣ – ئازادییمان دەوێت .
٤ – زاراوەی دەنگ لە ڕێزماندا چ جۆرە پێوەندییەک روون دەکاتەوە ، لە نێوان كێ دا ؟
٥ – دەنگی نەکار و نادیار بۆ چ مەبەست و مانایەک بەکاردێن ، بە نموونەوە روونی بکەوە .
٦ – بۆچی دەلێین هەندێ کردار بەکارن ، هەندێ خۆکارن ؟
٧ – لە ڕوانگەی پێوەندی مرۆڤ بە جیهانەوە کام لەمانە گرنگترە ، بۆ ؟ : بیر ، کار ، خود ؟
٨ – سەرنجی ئەم هۆنراوەیە بدەو ڕستەکانی دەنگی بەکارو نەکار / نادیار جیا بکەوەو لە سێ ڕستە لە هەر پۆلێکیان بدوێ :

ساکینەم هیشتاکانێ گچکە بوو
لێوی سووردەکردن وە ک سوورەگوڵی ،
گۆنای زەرد دەکرد وەک لیمۆیە ،
سنگی سەوز دەکرد وەک داربەرووی بناری
دەبووە هاوکوفی فریشتان ، دەچۆ حەوت تەبەقەی ئاسمانان ،
باڵی لێکدەدان دەفڕی ،
لە شاخی ، لەدەشتی ، لە گوندی ، لە باژێری ، لە شاری
لە ئەلعەزیزی ئازیزان ، لە دەرسیمی سەید رەزایە ، لە ئامەدی میدیایە
هەڤاڵی خۆی دەدیتن بە زستانێ ، بە هاوینێ ، بە پاییزێ و بە بەهاریی
ئاخ ، ئاخم ئاخ ، بابی من
دری وی قەلای ئامەدێ بوو ، ترس و خۆف و وەسوەسە
نە دەوێران نزیک بن لێی
هەڵدەهاتن بە روو زەردیی و شەرمەزاریی
دوژمن چەند حەلان لێی هێنا فرسەتێ ،
بە تەڵەو بە تەپکەو کەمین و کەوخوێن و خۆوەشاریی
دە سالان خستیانە ناو زیندانێ
ئەشکەنجەیان دا لە ئەلعەزیزی ، دەمیان دروو لە دەرسیمی،
مەمکیان بڕی لەدیاربەکری ،
شێرەکچەکەم دڵی نەلەرزی لە بەر داگیرکەری غەدداری
پێیان دەوت : ئەتۆ تورکی شاخیی
دەیگوت : نا من خانزادی میدیام، کچەزای زەردەشتم ، زمانم زمانی جودی و برایمە ، ٥
هەزار نەفرەت لە ئەتاتورکی ، لە فاشیستی ،
لە خێنخۆری ، لە داگیرکەری ، لە نەیاری
ئازاد بوو فڕی بۆ قەندیلی ، دوژمن وەدووی کەوت
هێرشی بردێ بە جێتان ، بەهێلیکۆپتەران ، بە درۆنان ،٦
بە موشەکان ، بە هاوەنان
بە بۆمبای فسفۆریی و
سەف سفی دەبابە و لەشکری هەزار بە هەزاریی
شێرتر لە شێری ، بەورتر لە بەوری، پلنگتر لە پڵنگێ ،
ساکینەی من لێی دەگرتن مەیدانی جەنگێ
دەیشکان لەشکری خوێنکاریی
ئاخ ئاخ ئاخ بابی من
وەکی فریشتەی ئاسمانێ دەفڕی بۆ پاریسێ بۆ بەرلینێ بۆ برۆکسلێ
دەیوت بەشکم ئەوانە ئازادن دیمۆکراتن هەقزانن
لە تاوانی کۆنیان ژێوانن
بۆ گەلی برینداری من دەبنە دۆست و یاریی
ئاخ ئاخ ئاخ بابی من
وەلی بۆ هەرلایێ دەفڕی تەڵەیان بۆ دادەنا ،
لە بەرلینێ خستیانە ناو قەفەزی ، دەیچریکان بە زاری
هەی لۆ هەی لۆ هەی لۆ
خەیاڵێ مەکەن ئەز تەنیامە ، بێ هیوامە ، نە دۆستم هەیە نە پەنا ، 
نیمە زانست و هشیاریی
من کچی ئاگرم ، هەڤالی ئاپۆمە ، هەڵۆی قەندیلم ،
نە لە ئێوە دەترسم نە هەڵدێم نە دەکەم فیراری
دەیان وت : دەباشە هەڵۆی قەندیلێ
ئەتۆ فرە زاناو زیرەک و بەجەرگی ، زمانان دەزانی
وەرە گفتوگۆیان بکە لەگەل سەرۆکی فەرەنگان
گەورە پیاوی دە ئەوروپایە
بۆ خۆت بفڕە بە ئازادی
لە هەموو شارو هەواری
ئاخ ئاخ ئاخ بابی من
ئەوی رۆژێ لە دوای ئەرک و رەنج وئازاری
ساکینەم پشوویەکی دەدا لە مالی کوردان لە پاریسێ
دەیروانیە پێتەختی ئازادی و یەکسانی
شاری جوانیی و دڵداریی
لە گەل دوو تەیرە عاشقان لە خەوێدا سەریان بڕین
فرسەتیان لێ هێنان بە ترسنۆکیی ، بە غایەنەتی ،
بە بێ رەحمی ، بە نامەردی ، بە تاوانکاریی
شۆڕەژنەکەی منیان لە خوێندا نوقم کرد
بۆ میتی تورکانیان ناردەوە بە دیاری
ئا درەکەم ، ساکینەم رۆێشتووە ،
لەبەرم هەڵگیراوە حەجمین و قەراریی
وەڵڵاهی هەر داخی ئەوەم نییە شۆڕەژنەکەم شەهیدە ،
وەلی غەدرێکی ‌هێندە گەورەیە ، هێندە تاوانە ، لە درمدا بۆتە گرێ
باس ناکرێ بەزاری
وەڵڵاهی ، دری من ناسەکنێ هەتا رۆژی حەشرێ
هەتا ئامەد نەبینێ رۆژی ئازادیی و رزگاریی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت