دکتۆر کەمال میراودەلی : گەندەبوونی عەقڵ و گەشەکردنی جەنگەڵ .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەر شتێ دەمەوێ بینووسم دەربارەی ئەم دەسەلاتە

دەبینم سەد جاری تر نووسیومە

مانگێ لەمەوبەر

ساڵێ لەمەوبەر

سێ ساڵ لەمەوبەر

دە ساڵ لەمەوبەر

سیی ساڵ لەمەوبەر

 

بە کوردیی

بە عەرەبی

بە ئینگلیزیی

 

بە زمانی بیر

بە زمانی ژییر

زمانی عەقڵ

 

بە زمانی سۆز

بە زمانی دڵ

زمانی گوڵ

زمانی شیعر

 

بە قسەی هەق بە قسەی رەق

زمانی زبر

زمانی چقڵ

 

نەمبینیوە

بیست ساڵ، سی ساڵ

تەنانەت شێتیش

بە سەر دیواردا بشیڕینێ

دەبێ وشەکان ببن بە ‌پاچ

توند بکێشێ بە دیواردا تا لە بنڕا بیتەپێنێ 

سەرسەری گوێ لە رۆشنبیر ناگرێ

رۆشنبیر سەر بۆ سەرسەری دەگرێ

[هۆنراوەی نووسین و دەسەلات، ٢٠١٢]

ئازادیی و بەرەلایی نووسین مانای پێشکەوتنی هزریی و عەقلیی و شارستانی نییە. مانای ئازادی بیریش نییە. پێشینان جوان فەرموویانە هەر شتێ زۆر بوو بۆر دەبێ. زێڕ زۆر بووایە لە ئاڵتون ومەحەکەوە دەبوو بە چەک و شمەک.

دەسەلاتی کوردیی نەیتوانی بەر بە ئازادی بیروراو بلاوبوونەوەی نووسین بگرێ بە تایبەتی کە لەم سەردەمە سەرسامکەرەی شۆرشی زانیاری گەیاندندا مەحالترین مەحاڵە، هات بە دامەزراندنی دەیان کەنالی تەلەفزیۆن و رادیۆو دەزگای میدیایی و بلاوکردنەوەی سەدان گۆڤارورۆژنامەی حیزبیی و سێبەر و ناچارکردنی رۆژنامە (سەرجۆ) کانیش [سەرجۆ واتە مەینستریم ، جۆگای سەرەکی، بە رۆژنامە ناسراوو دامەزراوەکان دەوترێ. لە کوردستاندا وەک هاولاتی و ئاوێنەو لڤین] کە هەم لە رووی بەرژەوەندی سەرمایەخوازیی وهەم وەک ناوەرۆک و ئاقارو ئاکار و ئەنجام ، هەم لە بەر نەبوونی پرۆسەی زانستی بە خۆداچوونەوەو چەقنەبەستن، راستەوخۆ یان پێچاوپێچ لەگەل رەوتی گشتی میدیای دەسەلاتییدا تێکەڵ ببنەوە، دنیای نووسین و رۆشنبیری کردە زبڵخانە.

زۆربەی ئەوەی لە کوردستان بلاو دەبێتەوە لە پێش هەموو شتێکدا تاوانە بەرامبەر کاغەزو ژینگە. ئەوسا مەرەکەب و کاری چاپ، ئەوسا ئەو پارەو سەرمایەی تێی دەچێت.

بەلام تاوانە گەورەکە دوای ئەوە دەستپێدەکا: تاوان بەرامبەر زمانی کوردیی، کەلتووری کوردیی، مرۆڤی کورد، نەتەوایەتی کوردی، مێشکی گەنجی کورد و ئاخری دەوری وشە و عەقڵ وەک گەورەترین جیاکەرەوەی مرۆڤایەتی مرۆڤ لە دنیای دڕندەو شت و بت.

لە کۆتایی شەستەکان وسەرەتای حەفتاکاندا تەنیا رۆژنامەی حەفتانەی هاوکاری هەبوو، کە رۆشنبیران و نووسەرانی ئەوسا شتمان تێدا دەنووسی. لە بەر ئەوەی باسی سیاسی زەق ئازاد نەبوو، گرنگیان بە لایەنی رٶشنبیریی و ئەدەب دەدا. ئەمە وای کرد ئێمە وەک نووسەر لە لایەکەوە هەوڵ بدەین بابەتی سیاسی و نەتەوەیی لە ڕێگای رەمزو وێنەوە لە شیعرو بابەتی ئەدەبیدا جێ بکەینەوە، لە لایەکی ترەوە لەپاڵ نووسینە ئەدەبییەکان چالاکییەکی رەخنەیی و فیکریی کەم یان زۆر لە ئارادا بێت. ئەمەش وای کرد ئەدەب و بابەتی رۆشنبیریی ببنە مادەی سەرەکی بایەخپێدانی خوێنەر کەبۆ ئەوەی لەو دەقە ئەدەبیی و گوتارە فیکریی و رۆشنبیرییانە بگات دەبوو ئاستێکی باشی لە زمان و تێگەیشتنی ئەدەبی کلاسیکی و نوێدا هەبایەو بۆ باتە رەخنەییەکانێش بەدوای بابەتە فیکرییەکاندا چووبایە. مادام ئەدەب بەتایبەتی شیعر بالاترین دەربرینی زمانە و تێگەیشنی پێویستی بە شارەزایی زمان و زانیارییەکی باش هەیە بۆ لێکدانەوەی رەمزو ژێرماناو مەبەستەکان. ئەم سیاسەتی بلاکردنەوەیە بووە هۆی پێگەیاندنی خوێنەرانێک لە ئاستێکی بالای بەدواداچوون و تێگەیشتندا و ژمارەی خوێنەرانی کاری ئەدەبیی ئەوسا بێگومان زۆر لە ئێستا زیاتر بوو. یەکەم دیوانی شیعریم (بارانی پەڵەهەورێکی کۆچەری) کە یەکەم بەرهەمی بلاوکراوەی خۆم بوو[پێشتر دیوانی فانی . باوکمم بە چاپ گەیاندبوو] لە سالی ١٩٧٨ بە یارمەتی کۆری زانیاری کورد چاپ کرا، لەم رۆژانەدا سەیری بەرگی دیوانەکەم کرد لێی نووسراوە: سێ هەزار دانەی لێ چاپکراوە، کە بلاوبۆوە من خۆم لە قەلادزێ بووم، دوای دوو حەفتە چوومە سلێمانی تاقە یەک دانەشی لە بازاڕدا نەمابوو. ئێستەش دوای بیست ساڵ دەسەلاتی کوردیی، زۆربەی کتێب ٥٠٠ دانەی لی چاپ دەبێت و گومان دەکرێ ٥٠ شی لێ بفرۆشرێت

ئێستا دیاردەی زەقی رۆژنامەنووسیی کوردیی پشتکردنە لە کەلتوورو زمان و ئەدەب و رٶشنبیریی و فەلسەفەو هزرو گرنگی دانە بە سیاسەتی رۆژ. سیاسەتیش بێماناترین، سەخیفترین، بۆشترین نەخشەو ناوەرۆکی پێک دێنێ. من نامەوێ بکەومە ناوهێنان و نموونە هێنان و کەوتنە ناو داوی شەخساندنەوە. بەلام بە گشتی دەلێـم: هەر چاوکەوتن بە زۆر لە مانشێتەکان و سەرباسەکان و هەواڵەکان مرۆڤی هۆشیار تووشی رشانەوە دەکات. لە بەرئەوە نا کە هەمووی بۆش و خراپە، لە بەر ئەوەی کە بەلای کەمەوە دە سالە گوتاری رۆژنامەگەریی کوردیی نەک هەر نەگٶڕاوە بۆ دواوەش گەراوەتەوە، بە دلنیایی یەوە ٢٠٠٨ ی رۆژنامە سەرجۆکان لە ٢٠١٢ یان زۆر باشتر بوو. ستووننوسەکان هەمان راو سەرنجی خێرای بێ ناوک و ناوەرۆک دووبارە دەکەنەوە، دەربارەی هەمان بابەت و هەمان فسفسپالەوانانی مەیدانی سیاسەتی کوردیی وشەی، لە رووی زمانەوە، سەقەت ریزدەکەن و دەڕێسن . هەمان دەمو چاوی سیاسیی ئێکسپایەر دە سالە لەسەر بەرگی گۆڤارەکانیان دووبارە دەبنەوەو، مێژوویەکی فشەیی رۆمانسی و خەیالی بۆ پالەوانانی خیانەت و جەهالەت و گەندەلی دروست دەکەن، کەچی خۆشیان بە بەرەی بەرهەلستی دەسەلات دادەنێن، بۆ جاری هەزارەمین هەمان وتارو رەفتارو چیرۆکی سواوو زەلی زەلکاو پەخشان دەکەن کەچی مەناعەشیان وەرگرتووەو نابینن و هەست ناکەن و بۆن ناکەن. بۆ ئەوەی هەروا ئەبستراکت نەدوێم، دەلێم کەس ناتوانێت ئینکاری دەوری گەورەو ئازایانەی لڤین و بەرێوەبەرانی و نووسەرانی لە قۆناغێکی تایبەتی رۆژنامەگەری بکا، بوونی شەهیدیکی وەک سۆران مامە حەمە، لوتکەی ئەو دەورەی نیشان دەدات. بەلام ئایا ساڵ بەسال، یان ژمارە بە ژمارە بیگرین چ پێشکەوتنێک لە [لڤین] دا بە دی دەکەیت؟ زەلکاویبوون و گەرانەوە بۆ دواوە. بەراستی بە بێ موبالەغە، گەر بە ڕێکەوت و ناچاری چاوم بە سەردێری هەوالەکانی و وێنەی بەرگی ژمارەکانی دەکەوێت، دڵم تێکەڵ دێت و رشانەوەم دێت.

کارەساتەکە ئەوەیە ئەم هەموو نووسینە هیچ ئامانجی نییە، کەس نازانێت رۆژنامەو گۆڤار بۆ دەردەچن، کتێب بۆ بلاو دەکرێنەوە، “نووسەر” بۆچی و بۆ كێ دەنووسێ..

هەزاران راو سەرنج و پێشنیازی بەنرخ بە پوولێک، لە ولاتی بێ دەستوور و سیستم و پلان و عەقڵ و ئەخلاق و لێپرسینەوەدا، عەبقەریترین پارچەئاڵتوونی نووسین لەوە زیاتر نییە کە بەردێک فڕێ بدەیتە ناو گۆمێکی قووڵەوە.

رەنگە هەندێ نووسەر تەنیا دڵیان بەوە خۆش بێت کە ئەوانیش وەک سەرانی حیزبەکان و مافیاکان، خێلێکی خوێندەواری کۆیلەیان بەدوای خۆیان خستووەو فێریان کردوون چۆن ببنە دەروێش و بیرنەکەنەوە تەنیا گوێ بگرن و لە هیچیش حالی نەبن وەک حافزەکانی قورعان هەندێ دێرو دروشم بۆ بۆنەکا ن لە بەرکەن، ئافەرین و ئەشەدوبیللا بکەن زیکری ناوو نووسینە کانی ئەوان بکەن. رەنگە چیشتێکی مجێورو وردە پارەیەکیشیان لەمە دەستکەوێت. لەوە بەولا من هیچ مانایەک بۆ هەڵرشتنی لاشەی وشە خواستراوەکان نابینم.

زەقترین دیاردەی کوشندەی گوتاری نووسین لە ژێر سایەی دەسەلاتی بەربەریی حیزبیی کوردییدا: کوشتنی رەخنەو دروستکردنی بت و مۆمیایە.

رەخنە هەر دەربارەی هیچ نییە. هی شیعر، بەرهەمی ئەدەبی، رۆمان، چیرۆک، کتێب، وتارو بیرو رای سیاسیی.

نەبوونی رەخنە مانای ئەوەیە دەمێکە عەقڵ و بیرکردنەوە کوژراون و لە ناو زبڵخانەکانی نووسینی کوردی ژیر دەسەلاتی بەربەرید ا نێژراون. مەگەر نووسەرێ خۆی ببێتە رەخنەگری خۆی و باسی بەرهەمی خۆی بکات، ئەگینا هیچ هەر هیچ! باسی خۆکردنیش دیسان دەچێتە نێو خانەی ‘من وخۆم و خێڵەکەم’ ەوە.

بەبێ رەخنە مەحاڵە قەت نووسینی باش ناناسرێت، دروستیش بێت بەردەوام نابێت. نووسەری گەورەی راستەقینە دروست نابێت. نووسەری وەهم، نووسەری خۆم و خۆم و یان خۆم و خێڵەکەم، نووسەری پێشکەوتن بۆ دواوە دروست دەبێت. نووسەرێک کە خوێنەر فێری بیرکردنەوەی تاک و رەخنەگرتن لە خودی نووسەرەکە خۆی نەکات نووسەرێکی بێ بیرو پووچەڵە. کۆمەلێک رەخنەگری تێدا نەبێت کۆمەلێکی ناوبۆش و گەندەلە.

نەبوونی رەخنە مانای نەمانی خودی پێناسەو ستانداردی سەرەتایی یە بۆ شتەکان: بۆ شیعر، بۆ چیرۆک، بۆ وتار، بۆ کتێب، بۆ رۆژنامە، بۆ گۆڤار، بۆ میدیا، بۆ نووسەر، بۆ شاعیر، بۆ رۆژنامەنووس، بۆ ئەکادیمی، بۆ چاودێری سیاسیی، بۆ پرۆفیسۆر و پسپۆرو توێژەرەوە ، بۆ زانکۆ، بۆ ئەکادیمیا ، بۆ پەرلەمان، بۆ وەزارەت، بۆ دادگا ، بۆ یاسا، بۆ عەقڵ، بۆ شارستانێتی، بۆ سیاسەت. هەموو شتەکان وا تێکەڵ وپێکەڵ بوون، وا زڕاون و زڕ بوون، هیچ بۆتە پێناسەی هەموو شتێک و هیچ شتێکیش نابێ بە هیچ تا نەبێ بە هیچ! ساختەکردن و ساختەچێتی ساختی هەموو شتەکان و پێناسەکانە.

چ وای کردووە ئەمە سەرهەڵدا و بەردەوام بێت و کەس گوێ نەداتێ؟

حەتمەن لۆجیکێک بۆ ئەمە هەیە!! مرۆڤ بۆچی کار دەکات؟ بۆ ژیان!

ژیانی سەردەم بە چی دابین دەبێ : بە پارە!

ستانداردو لۆجیکی پارە چییە: تا زۆر بێ کەمە!

پارەش لە هەموو لاوە رژاوە بۆ هەڵنەگیرێتەوە!

مادام وایە ئەم حیکمەتە لە کاردایە: ” بە هەرشیوەیەک بێت، بە زووترین کات، کەمترین ئەرک، هیچترین بەرهەم، فشەترین ستاندارد، تەنانەت سووکترین کارو رەفتار: : پارە ی زیاتر پەیدا کە و گوێ مەدەیە.

زۆربەی دەزگاکانی بلاوکردنەوەی حیزبیی و نیمچەحیزبیی تەنیا لە بەر ئەوە کتێب و گۆڤار بلاودەکەنەوە، تا پارەی گەندەڵییەکەیان سپی بکەنەوە. دیسانەوە زۆرو بۆر. لیستی بلاوکراوەیەکی زۆری بی ئامانج و بێ خوێندەوار ، تا پاکانە بۆ پارەکانیان بکەن. ئەگینا تەرجەمەی کتێب، کتیبی فەلسەفی، کتیبی رەخنەیی و زانستی، تەنیا لە چوارچیوەیەکی ئەکادیمی بەرنامەبۆرێژراوی راستەقینەدا نە بێت، نابێ بلاو بکرێنەوە، ئەگینا وەک زمان، وەک بابەت، وەک هونەرو دروستیی تەرجەمە، وەک ستراتیجی پیشکەوتنی ئەکادیمی و زانینی نەتەوەیی، دەوری شێوێنەرو رووخێنەری لە دەوری عەقلسازی و رەخنەسازی زیاتر دەبێت.

زۆر و بۆر . بلاوکەوەو و ژمارەکان بخە سەر لیست .

نووسین، ئەدەب ، زانکۆ، ئەخلاق، کەلتوور، کۆمەڵ، نەتەوە، چییان بەسە ردێ: ئەوە بە پیتی گەورە بنووسە: چش!

گەر بۆ خۆم دەستدارو دەولەمەند بم با دەوروبەرم دەردمەندو داوەشاو بێت.

نان ئەو نانەیە ئەمرۆ لە خوانە.

ئەمرۆش چرکەساتی مێژوویی ملیۆنەران و پارەدارانە.

بەڵێ ئەم لۆجیکەیە کە فەلسەفەی ‘هەرکەسە بۆ خۆی’ دامەزراندووەو لە نێو خۆیەکاندا [خۆ] یەکی گەورەتر، خۆیایەتییەک، کۆمەڵ، نەتەوە، نێشتمان نە ماوە، نە باوی ماوە. ئەگینا چ بێ ویژدانیی و ساختەچیتییەکی سووتێنەرو رووکەشییەکی هەڵخەڵەتێنەرە کە لە شاریکدا شیعری دڵداری بنووسی و شیعرو گۆرانی دلداری سەخیف لە کەنالە تەلەفزیۆنە سەخیفترەکانی حیزبدا بلاو کەیەوە کە هەر مانگی دەیان ئافرەتی تێدا بکوژرێ و بسووتێندرێ و فڕێبدرێ و لەشی سەگ بیخوات بە بێ ئەوەی تەنانەت ناوەکانیشیان ئاشکرا بکرێت و هیچ هەڵوێستێکیشت بەرامبەر ئەم دەسەلاتە نەبێت لە خزمەتکاری بەولاوە؟

ئەم دیاردەیە بۆ زیاتر لە ٢٠ ساڵیشە بەردەوامە. ئایا لە بەربەریترین کۆمەلگای ئەم دنیایەدا شتی وا هەیە؟ ئایا لە دڕندەترین جەنگەلدا دڵرەقیی ئەوا هەیە؟ ئایا ئەمە چی دەربارەی ئاستی بۆگەنبوونی زلە شاعیرو نووسەرو بۆشنبیرەکان دەڵێت؟

کە لیستی دا‌هێنەرەکانم بینی مووچرکم پێدا هات. ئاخر بۆ؟ زۆربەی هەرە زۆری نە پێویستی بەو ناوە هەیە نە بەو بڕە پارەیە. کەچی دوای ئەم هەموو هەراو هەڵایەش بێدەنگ بوون. بێدەنگبوون بۆ پارەو بەرامبەر پارە و لۆجیکی: تا زۆر بێ کەمەو من و خۆم، کۆمەڵ و چش! مادام رژاوە بۆ هەڵنەگیرێتەوە!

گوێ مەدەیەو گوێ مەگرە

سەری خۆت شۆڕکەو پارەکە وەرگرە

کارەساتی ئێمە سیاسییەکان نین. سیاسیی لای ئێمە بە پێناسە دەبێ پسپۆریی لەخۆفرۆشتن و درۆکردن و ساختەچێتیی و خەلکهەڵخەڵەتاندن و گەندەڵییدا هەبێت

کارەساتەکە بٶشنبیرانمانن هەر لە رۆژنامەکانەوە بۆ ئەو شتە عەجیبەی لە ولاتی بەربەرستاندا پێی دەوترێ زانکۆکان کە لە پلەی ستانداردی زانکۆیی جیهانیدا پلەی دەهەزارەمینیشیان نییە

کارەساتەکە مردنی کەسێتی و کەرامەتی رۆشنبیرە لە ئاست پارەدا

کۆمەلێکیش ڕۆشنبیرەکانی بێ کەسێتیی و بێ کەرامەت بن و پاشکۆی حیزب و دەسەلات بن، مەیموونی سەر شاشەکانی تەلەفزیۆنی حیزبیی بن، حەتمەن نووسینی تیدا دەبێتە زبڵ، رەخنەی تێدا دەبێتە ریخ، عەقڵی، بە مانا عەرەبییە ئەسڵییەکەی، تێدا دەبێتە هەوسارو پەتنی بەستنەوە.

نیشتمانی تێدا دەبێتە کۆلۆنی داگیرکەران. نەتەوەی تێدا دەبێتە هەتیوخانە.

کۆمەڵی تیدا دەبێتە جەنگەڵ .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت