دڵشاد حامید دەروێش: دەوڵەتی کوردی وەک ئەوی دیکەی گەورە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سلاڤۆی ژیژەک لە فیلمە دیکۆمێنتریەکەیدا (The pervert’s guide to ideology) ڕستە بەناوبانگەکەی ڕۆمانی (برایانی کارامازۆڤ)ی دۆستۆیڤسکی سەرەوژێر هەڵدەگێڕێتەوە و دەڵێت: ئەگەر خودا هەبێت هەموو شتێک ڕێگەپێدراوە. هەڵبەت ئێمە وەک کوڕی جوگرافیایەکی تژی و کەیل بەو فیگۆرانەی کە ویستی خودا بە کوشتن و پایەماڵکردنی مافەکانمان ماتەریاڵیزە دەکەن بە باشی لە مەبەستی ژیژاک تێدەگەین، لەبەر ئەوە درێژەی پێنادەین و بەردەوام دەبین لە گواستنەوەی وێناکە، بەبڕوای ژیژەک ئەوە تەنیا ئاییندارە ئەوپەڕگیر و تووندئاژۆکان نین کە خۆیان دەکەنە ئامرازی بەدیهێنانی بانگە یەزدانیەکان. لە ڕاستیدا ئەم (خۆ- بە- ئامراز- کردن)ـە لە گشت فۆرمە تۆتالیتاریەکاندا ئارایی کارای هەیە، ئەو ستالینیزم وەک نمونە وەردەگرێت، لەم مۆدێلەدا کەسی ستالین کە لە لوتکەی هەرەمی سیستەمەکەدا بوو، هیچ نەبوو جگە لە خزمەتکارێکی گوێڕایەڵی ئەوی دیکەی گەورە کە لەم بۆتەیەدا دەکاتە (ناچاری مێژوویی هەنگاون بەرەو کۆمۆنیزم، گەیشتن بە دوا وێستگەی مێژوو، بەدیهینانی کۆمەڵگایەکی کۆمۆنیستی). بە کورتی ستالین ئامراز یاخود پێکارێکی هێڵی حەتمی مێژوو بوو، ئەو هێڵە حەتمییەی ئاو بە ئاشی ستالین (دیکتاتۆرە بە ئامراز بوو)کەدا دەکات و بۆیدەبێتە پاساوێکی ئامادەی لەم جۆرە (من بەرپرسیار نیم! من تەنیا لە بری ئەوی دیکەی گەورە ئەم خوێنەم ڕشتووە).
خاڵی ترسناک لە پرۆسەی (بەئامرازبوون- بۆ- ئەوی دیکەی گەورە) لە ئایدیاڵیزە کردنی چەمکی (گەل)دا خۆی بەیان دەکات، بە شێوەیەک کە چیتر گەل کۆبوونەوەی کۆمەڵێک تاک نیە لە سەر سفرەی گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی، یان با بڵێین گەل ئەوە نیە کە لە دەرەوەڕا و لە واقیعدا بوونی هەیە، نەخێر گەل لێرەدا بە قەولی ژیژەک دەبێتە خاڵێکی سەرشار(مرجع)ی ئەندێشەیی و زۆر کات پێچەوانە دەوەستێت لەتەک خودی گەلدا، واتا ئامانج و ویستی (گەلی ئایدیاڵی) ئامانج و ویستی (گەلی واقیعی) نیە، لێرەوە ئەو بەشەی گەلی واقیعی کە دژ بە ئەوی دیکەی گەورە هەنگاو دەنێت تەنانەت ئەگەر زۆرینەش بێت لە باشترین دۆخدا دەبنە کۆمەڵێک گومڕای بوودەڵەی دەرەگەلی ئایدیاڵی.
هەر لەم بەستێنەدا شتێکی دیکەی گرنگ کە ژیژەک هێمای بۆ دەکات ئەوەیە کە لێدان لە (ستالینیزم) بە بچووککردنەوە و هەجووی خودی ستالین (ئامراز یاخود پێکاری دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی کۆمۆنیستی) ناکرێت، بەڵکو دەبێت لەو خاڵە سەرشارە (دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی کۆمۆنیستی) بدرێت کە لە خزمەت سەرکردەی ستالینیدایە.
مەبەستمان لە گواستنەوەی میکانیکی ئەم چنینە ژیژەکیانە ئەوەیە بڵیین کە هەنووکە پرسی سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردی زیاد لەهەر کات وەک ئەوی دیکەی گەورە خۆی بەیاندەکات و سیاسییەکانیشمان زۆرترین ئادگاری ئامراز و پێکاری ئەوی دیکەی گەورەیان هەڵگرتووە. ئەم تەقەلایە بۆ هاوشوناسیکردن لە نێوان ئەوی دیکەی گەورەی (ستالینیزم) و ئەوی دیکەی گەورەی (کورد) دا دەستگیرۆییەکی باشمان دەکات تاکو لەمانە تێبگەین. یەکەم: بۆچی ئەوانەی گشتپرسی و دەوڵەت ڕەتدەکەنەوە وەک بەشێک لە گەل دەرناکەون و زیاتر سیمای کۆمەڵێک گێرەشیوێن وەردەگرن. دووەم: بۆچی هەندێک کەس و لایەن وایدەبینن دژایەتی ئەو سیاسیانەی کە بە قەولی خۆیان چەندین ساڵە سەرگەرمی گەندگۆیی و غەلبەغەڵبی سیاسیین بە بەگژداچوونەوەی دەوڵەتی کوردی نەبێت، ناکرێت.
لەم دووانە بترازێت ئەم تەرزە لە بیرکردنەوە بەشێوەیەک لە شێوەکان توانستی ڕاڤەکردنی ئەو ترسەشی هەیە لە هەناوی زۆرێکدا جێگیر بووە، واتا پێماندەڵێت ئەو دەوڵەتەی کە بۆی دەمرین بۆچی دەترسین پێی بمرین؟ زۆر بە سادەیی ئەم بیمە گەورەیە لە بە دیالیکتیک کردنی ئەوی دیکەی گەورەوە ڕەگدەگرێت و سەر ڕیگا دەکەوێت، خۆگونجاندن و گۆڕانی ئەوی دیکەی گەورە لەتەک پێدراوەکاندا (بۆ نموونە لە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردیەوە بۆ پاراستنی دەوڵەتەکە و بەهێزکردنی و…. هتد) دەمانخاتە بەردەم سەرمەدیبوونی ئەوی دیکەی گەورە، ئەمەش خۆبەخۆ ئەبەدیبوونی ئامراز و پێکار و پاساوەکانی بەدوادا دێت و دواجار گەلی واقیعی کوردستانیش دەبێتە سووتەمەنیەکی هەمیشەیی ئەویدیکەی گەورەی کورد.

سەرچاوە: کەلتوور مەگەزین

ژێدەرەکان
The pervert’s guide to ideology
فیلمێکی دۆکۆمێنتاری بەریتانیە لە دەرهێنانی (Sophie Fiennes) و نووسین و پێشکەشکردنی فەیلەسووف و دەرونشیکار (Slavoj Žižek)ە. دەتوانن لەم لینکەوە بینەری ئەو بەشە بن کە وەرمانگرتووە :

https://www.youtube.com/watch?v=FRTsInTXAgk

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت