دەوەن مەعروف: گۆرانی (دەریا) چڕینێکی لەبیرنەکراو.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هونەر بریتییە لە سەنعەتکاریی و لێکۆڵینەوەو جێبەجێکردن) ئالاین. 1868 – 1951
گەر ئەدەب بەناو شادەمارەکاانی فەلسەفەدا هاتووچۆ بکات، ئەوا نزیک دەبینەوە لە یەکێک لە فەیلەسوفانی سەدەی بیستەم کە “سارتەر”ە بەتایبەتی لە کتێبە نێودارەکەیدا بەناوی(ئەدەب چییە) لێرەوە کۆمەڵێک هەقیقەتی میژوویی و سیاسیی و کۆمەڵناسیمان بۆ ڕوون دەبێتەوە. بێشک هونەریش شانبەشانی ئەدەب و فەلسەفە، بەردەوام لە جێگۆڕکێی سەرسامیدا بووە. بەتایبەتی هونەری گۆرانی چڕین.
گەلێک لە بیریارانی ڕۆژئاوا وەک (سانتاینا، هینری بریگسۆن، ئەندرێ ماڵڕۆ، ئالبێر کامۆ، سۆزان لانگەر)و گەلێکیتر، نووسین و دیبەتی گەرموگوڕیان هەبووە لەسەر هونەرەکانی موزیک و گۆرانی چڕێن. بەتایبەتی کتێبە بەنرخەکەی”یئێمیل شارتیێ”ناسراو بە”ئالاین”(پێودانی هونەرەجوانەکان) ئەم کتێبە خۆی لەناو سێ بەشی گرنگ و ماناداردا کۆکردۆتەوە، بەجۆرێک کە موزیسیان و موزیکژەنەکان سوودی زۆر بەیاخیان لێ بینیوەو بووە بەبەشێک لە کارە هونەریی و پێشەییەکانیان.
هونەر گەڕانەوەیە بۆ سەرەتای هەموو شتە جوانەکانی مرۆڤ و شارستانییەتە گەورەکانی دونیا. ئەکرێ بڵێین: کە هونەری موزیک و هونەری گۆرانی چڕین، لەسەردەمەکانی دێرینەوە جێگەی بایەخ و گرنگی کۆمەڵگەکان بووە. کوردیش وەک هەموو نەتەوەو گەلانی تری دونیا، جێی خۆی هەیە، بەتایبەتی لەناو ” سولەم”ەکانی موزیکدا، واتە مەقام، مەقام بونیادو سەرەتای هەموو ئاوازێکی ڕەسەنە، گەر گۆرانیچڕین مەرجەکانی مەقامی تێدا نەبێت، ئەوا مەحاڵە ببێتە گۆرانیی یان گۆرانی ڕەسەن.
گەر ئاوڕێک بدەینەوە لە ساڵەکانی 1991 بەتایبەتی لەدوای ڕاپەڕین، دەبینین لەناو ئەو ژاوەژاوی ڕاو و ڕووتەدا، کۆمەڵێک دەنگی ڕەسەن بەر خۆمان و یادەوەرییەکانمان کەوتن، یەکێک لەو دەنگە ئەفسووناوییانە دەنگە بەسۆزەکەی خاتوونی دەنگخۆش (ئەمەل سەعید کوردە)یە بەتایبەتی گۆرانی دەریا. ئەم گۆرانییە هۆنراوەی: مامۆستا ڕەئوف بێگەرد، ئاواز و دابەشکردنی موزیک: مامۆستا ئەنوەر قەرەداخی، چرینی میلۆدی: ئەمەل سەعید کوردە. جوانی و سەلیقەی ئەم گۆرانییە لەوەدایە کە ئاوازدانەر زۆر بە شارەزایانە کاری لەسەر تۆنی دەنگ کردووە. بەو مانایەیی ئەو دەنگەی ناسیوە کە دەتوانێت بە تۆنێکی پاک و ئادائێکی باش گۆرانییەکە بچڕێت. کە دەکرێ بڵێم: گۆرانی دەریا، یەکێک لە گۆرانییە هەرەجوان و ڕەسەنەکانی هونەری گۆرانی و موزیکە لە باشووری کوردستاندا.
شەڕی هەرە گەورەی هونەمەندی ڕەسەن ئەوەیە، کە دەتوانێت لەناو جەنگ و شەڕدا، ئاوازو گۆرانی ڕەسەن بەرەهەم بێنێت. مامۆستا ئەنوەر قەرەداخی و ئەمەل سەعید کوردە. یادەوەرییەکیان بۆ جێ هێشتووین، کە هەرگیز ئەو گۆرانییە جوان و ڕەسەنەمان بیر ناچێتەوە.
گەر لە باشووری کوردستاندا پەرە بە هونەری ئۆپێرا و هونەری ئاستبەرزی هونەری گۆرانی چڕێن بدرایە. بێشک ئەمەل سەعید کوردە، یەکێک دەبوو لەو دەنگخۆشانەی کە دەیتوانی ئەو بۆشاییە گەورەیەی موزیک و هونەری ئۆپێرا پڕبکاتەوە. چوون خاتوو ئەمەل، لەناو ئەو تاقیکردنەوە ڕۆحی و جەستەیی و هەستییەدا دروست بووە، بەتایبەتی پەیمانگای هونەرجوانەکانی سلێمانی، بەشی موزیک. ئەمەش کارێکە ڕێگە دوورەکان بۆ هاتنە دی ئەو ڕۆژگارە زیاتر خۆش دەکات. کە دەکرێ ئێمەش وەک ڕۆژئاواییەکان گرنگی بدەین بە ئۆپێرا و هونەری ڕەسەن.
تێکستی زۆر نەمرمان هەیە، بەتایبەتی ( مەم و زین) یەکێک لەو تێکستانەیە کە دەکرێ بۆ ئۆپێرا سوودی لێ ببینرێت، هیوادارم ڕۆژێک بێت و ئەم هونەرە مەزنە بە دەنگە بە سۆزەکەی خاتوو ئەمەل سەعید کوردە. دەنگ بداتەوە.

https://www.youtube.com/watch?v=fZdpORrqxlI&feature=youtu.be

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت