Xiam

د کتۆرکەمال میراودەلی : چوارینەکانی خەیام – فێتزگێرالد بە کوردیی .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کوردییکردن و شیکردنەوەی رەخنەیی و لێکدانەوەی : 

بەرایی :

ئەوەی خەیام و چوارینەکانی خەیام – یان کردە بەشیکی مەزن و چەسپاوی گەنجینەی ئەدەبیی رۆژاوا ، تەرجەمە بە ناوبانگەکەی شاعیری ئینگلیزی ئێدوارد فێتزگیرالد – ە (١٨٠٩- ١٨٨٣) لە ناوەراستی سەدەی نۆزدەدا . لەوکاتەوە [ روباعیاتی خەیام ] یەکێکە لە بەناوبانگترین نموونەی شیعری ئینگلیزیی.

یەکەم چاپی تەرجەمەکان ٧٥ چوارینەی گرتبووە خۆی و لە سالی ١٨٥٩ دا بۆ یەکەمجار بە بێ ناو بلاوکرانەوە ، هەر لەو ساڵەدا کە کتێبە مێژووییەکەی داروین [ بنەچەی چەشنەکان ] ی تێدا بلاو بۆوە .

چاپی دووەم لە ١٨٦٨ دا بوو ، ئەم جارە ١١٠ چوارینە بوو . چاپەکانی تر لە ١٨٧٢، ١٨٧٩، ١٨٨٩ هەموویان ١٠١ چوارینەن .

لەو کاتەوە دەیان جاری تر چاپ کراوەتەوەو خەیامی کردە عەملاقێکی ئەدەبی ئەوروپایی . خەیام بە دەیان شێوە ، بۆ زمانە ئەوروپاییەکانی تر تەرجەمە کراوە

 

تایبەتمەندیی تەرجەمەکەی فێتزگیرالد

ئەوەی رەخنەگران لە سەری هاوڕاو رێکن ئەوەیە :

١ . تەرجەمەکەی فێتزگێرالد زۆر لە چوارینە ئەسلییەکانی خەیام بەهێزترو بە پێزتر و هونەرییترن

٢. فێتزگێرالد مانایەکی تری دا بە تەرجەمەی شیعر: وەرگرتنی ئایدیا وتیم و وێنەکان نەک تەرجەمەی حەرفی . لەمەوە ئەو ئازادیی تەواوی بە خۆی داوە ، گۆڕان و زیادو کەمی و تێکەڵیی کردووەو تەنانەت چوارینەی خۆشی زیاد کردووە . واتە ئەو لە جیاتی تەرجەمە : دووبارە داهێنانەوەی ئایدیاکانی کردووەو وەک کارێکی خۆکردی خۆی دایڕشتوونەوە . بەلام هێشتا دڵنیای کە ئەوە خەیامە قسە دەکات نەک ئەو: ئەو دنیایەی کە فیتزگیرالد بە ئامرازێکی هونەریی بالاو بیرێکی فەلسەفی قوولتر دایڕشتۆتەوە ، جیهانی بیرو وێنەو ئەندێشەی خەیامە نەک هی خۆی ، ئەوە سەرسامیی ئەوە بەو دنیایە لە لایەکەوەو شارەزایی قوولیی خۆی ، وەک موتەرجیمیکی ئەدەبی کلاسیکیی یۆنانیی ، لە هونەری شیعرو بالادەستیی بێوێنەی لە زمانەکەی خۆیدا ، زمانی ئینگلیزیی ، کە بۆ فیتزگێرالدی لواند دنیای خەیام بکاتە بەشێکی ئاوەدان و دڵگیرو سەرسامکەریی جیهانی شیعری ئینگلیزیی .

٣. فێتزگیرالد وەک سرۆش و وەک پرۆژە کارەکەی تەرجەمە کردووە : چوارینە دەخوازێت مانایەکی چڕو پڕ لە مەوادیەکی کەمدا جێبکەیتەوە . کاری فێتزگێرالد رێزمانیی و ئەندازیاریی و ئەرکیتێكچەرییە : ئەو شاکارێكی هونەریی و فەلسەفی بالا بە وشەو وێنەو دارشتەی زمانی ئینگلیزیی لە کەرەسە خاوەکەو نەخشەسازییەکەی چوارینەکانی خەیام دروست دەکات . بەمە ئەو ژانرە نوێیەی بە پێزێکی فەلسەفیی و تەکنیکێکی هونەری و جوانییەکی ئیستاتیکی چرەوە هێنایە ناو ئەدەبی ئینگلیزیی و ئەوروپایی یەوە.

٤. فێتزگێرالد بەردەوام کاری لە سەر چوارینەکانی کردووەو پێیان داچۆتەوە بۆیە جیاوازی لە نیوان دەقەکانی چاپی یەکەم و چاپەکانی دواییدا هەیە .

٥ . فێتزگیرالد هەلبژاردن و ریزکردنی چوارینەکانی بە شێوەیەک کردووە کە بیرۆکەو تیم و پلۆتی درامی بۆ چوارینەکان دروست بکات : واتە بە ئاشکرایی ناوەرۆک و دامێنی فەلسەفیی چوارینەکان دەرببرێت و جۆرە یەکێتییەکی بیریی بابەتییان پێ بدات .

لە سالی ١٨٦٩ دا ئەکادیمی و رەخنەگری ئینگلیزیی ئیلیۆت نۆرتۆن دەربارەی کارەکەی فێتزگیرالد لە گۆڤاری [ نۆرث-ئەمێریکان ریڤیو ] نووسیوێتی : [ روباعیات – ەکان کاری شاعیریکە کە کاری شاعیرێک تر سرۆشی داوەتێ نەک کۆپی . بەرهەمهێنانەوە ، نەک تەرجەمە بەلکو گەیاندنی سرۆشیکی شاعیرانە . ] نۆرتۆن کە خۆشی وەرگێری ئەدەبی بووە ، زیاتر نووسیوێتی : لەوانەیە لە نێوان ئەو هەموو کارانەی تەرجەمەی ئەدەبی رۆژهەلات کارێک نەبێت لەگەل ئەم کتێبە بچکۆلەی [ روباعیات ] بەروارد بکرێت لە رووی بەهادارییەوە وەک شیعری ئینگلیزیی . لە هێزی بنسازی ئاهەنگ وئیقاعدا ، لە بەهێزیی دەربڕیندا ، لە هاوکێشەیی مۆسیقیدا ، لە وەستایی زماندا ، کارەکتەری دەرەوەی هۆنراوەکە هێشتا لەگەڵ خاسێتیی نایابتری خەیاڵ وهەستیاریی رۆحی کە دەری دەخا ، هاوساز دەوەستێ ..

In 1869, scholar and critic Charles Eliot Norton (1827-1908) wrote in The North American Review that the Rubáiyát “is the work of a poet inspired by the work of a poet; not a copy, but a reproduction, not a translation, but the redelivery of a poetic inspiration.” In the same article, Norton, who himself was a translator of foreign-language literary works, wrote that ” There is probably nothing in the mass of English translations or reproductions of the poetry of the East to be compared with this little volume [the Rubáiyát] in point of value as English poetry. In the strength of rhythmical structure, in force of expression, in musical modulation, and in mastery of language, the external character of the verse corresponds with the still rarer qualities of imagination and of spiritual discernment which it displays.”

من و خەیام

یەکەم جار لە قۆناغی ئامادەییدا تەرجەمەکەی شێخ سەلام – م بۆ چوارینەکانی خەیام خوێندنەوەو دواییش لێرەو لەوێ تاک تاکەی تەرجەمەکانی گۆران – م دەبینین . یەکەم جار کە چەند ساڵ پێش تەرجەمە ئینگلیزییەکەی فێتزگێرالد م لە لەندەن خوێندەوە ، سەرسام بووم : چونکە ئارکیتێکتەری هۆنراوەکان ئەوەندە توند تۆڵ و بەهێزن یەکسەر هەست دەکەی ئەمە ئینگلیزییکردنی فەلسەفەو هونەری خەیام – ە نەک تەرجەمەکردنی . هەر لە خەیاڵمدا بوو منیش بەختی خۆم لە تەرجەمەی خەیامدا تاقی بکەمەوە . دیارە چەند جار لە دەقە فارسییەکەیەوە خەیام کراوە بە کوردیی : شێخ سەلام . گۆران ، هەژاری موکریانی ، دوکتور کامەران عەونی و . حەسەنی ئەییوب و … هتد . ئەم کارەیان کردووە ، بە داخەوە ئەو دەرفەتەم نەبووە ئەو تەرجەمانە ببینم . بەلام کە بەراوردی هەندێ لە چوارینەکانی فێتزگێرالدم لەگەل دەقە ئەسڵییەکەی خەیام کرد ، ئەوەم لا روون بوو کە هی فێتزگێرالد بەهێزترن و ئەو زیاتر بە قوولایی بیرەکانی خەیام دا رۆچووە تا ماناو درامە فەلسەفییەکانیان هەڵینجێت و داهێنەرانە دایانبڕێژێتەوە..

بۆیە بڕیارم دا هەر لە چوارینەکانی خەیام – فێتزگێرالدەوە هەندێکیان بکەم بە کوردیی .

ئەو چوارینانەی کردوومن بە کوردیی ٤٦ چوارینەن لە ٧٥ چواریەکەی چاپی یەکەمی فێتزگێرالد .

دیارە منیش تا رادەیەک ئازادییم بە خۆم داوە تا کارەکە زیاتر کوردییکردنی هونەرەکەی فێتزگێرالد بێت نەک وەرگێرانی زمانیی . بە تایبەتی بە دوای سسیتمی رایمی ( قافیەی) چوارینە نەکەوتووم : کە دوو دێری یەکەم و دوادێری چوارینەکە قافیەدار بن .

وتاری فەلسەفی چوارینەکانی خەیام / فیتزگیرالد

( نموونەکان هی کوردییکردنەکەی خۆمن )

١ . خودیاریی رۆمانسیی

چوارینەکانی خەیام شیعری لیریکی خودیاریین لەمەدا پێشرەوی شیعری رۆمانسیینن، واتە هەستی خۆیی مرۆڤێکی شاعیرو بیرمەند دەردەبرن وەک تاکێک بەرامبەر پرس و ترس و خۆشییەکانی ژیان و مردنن. [ من ] ی شاعیر دەربرو بریاردەری رەوشی وتارە ئیستاتیکی و فەلسەفییەکەیە .

٢ . دەنگی تاکپاڵەوان

لە هەموو چوارینەکاندا دەنگی پالەوان دەنگی پیرە خەیام خۆیەتی کە لە هەندێکیاندا ناوی خۆشی وەک پالەوانی درامای ژیان دێنێت . خەیام تەمەندارە ، پرسەکانی ژیان و مەرگ ، راستیی و ئەفسانەکان ، لێک دەداتەوەو دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە ناتوانێت باوەڕ بە ئەفسانەکانی بەهەشت و حۆری و دنیای دی بکات و ژیانی ئازادو بەختەوەریی لە بەر هەتاوی ئێستاو ئێرەدا بە سەر تاریکستانی غەیب و نەزانراودا هەلدەبژێرێت

بێ لای مامە خەیام ، عەیام جێ بێڵە

کەیقوباد و کەیخوسرەو لە بیربەرەوە

با رۆستەم چۆن دەخوازێ وا بکات

یان حاتەم خواندار بێت – ئاوڕیان لێ مەدەوە .

 

٣ . منی یاخیی

هەر لە بەر ئەوە [ من ] ی چوارینەکان من – ێکی رۆمانسی وجوودیی یاخییە ، گالتە بە بیرە زاڵ و باوەکانی سەردەمەکەی دەکات

 

وەرە لای خەیام – حەکیمان جێ بێڵە بۆ خۆیان هەر بلێن –

یەک شت یەقینە : ژیان زوو فڕینە ،

یەك شت یەقینەو ئەوی تر درۆیە:

یەکجاریی دەمرێت ،

ئەو گوڵەی یەک جارگەش و بە بۆیە !!

 

٤. نەزیاریی ( ئەگنۆستیسیزم)

واتە : نازانم رەحەتی گیانم . دیارە بەر لەوەی ئەگنۆستیسیزم [ نەزانیاریی ) وەک رێبازێکی فەلسەفی بناسرێت ، خەیام ئەورەوتە فەلسەفییەی دەربڕیوە . ئەو زاراوە لە سەدەی نۆزدەدا لەلایەن زانای بەریتانی تۆماس هیکسلی دا‌‌هێراوە کە باوەرێ وا بوو مرۆڤ تەنیا دەتوانی شتە ماددییەکان بزانێ و لێیان بکۆڵێتەوە و زانیاری تەواویان لەسەر بەدەست بێنێت . نەزیار کەسێک نییە کە باوەڕی بە ژیانەوە و بەهەشت و فریشتەو .. هتد . نەبێت بەلکو باوەری وایە کە ئەمانە بەعەقڵی مرۆڤ نازانرێن و ناسەلمێندرێن لە بەرئەوە هەرچەند عەقیدەمان بەهێز بێت ، راستیی لە رووی زانستییەوە قەت ناتوانین یەقین بین لەوەی هەن یان نین .

( ٢١ )

ئەزهاتمە گەردوون – بۆچی ؟ نازانم

بۆ کوێ وەک رووبار ، وا سەرگەردانم؟

وەک شەوەبایەک لە وێرانەدا

نازانم بۆ کوێ هەڵدەکات ژیانم

 

( ٢٣ )

لە ناو قەد دنیا دەروازەی حەوتەم

هاتم و لەسەر تەختێ رۆنیشتم

لەسەر رێ چەندین گرێم کردەوە

لە گرێی بوونی خۆم هەر تێنەگەیشتم

 

٥. گومانداریی : سکێپتیسیزم ؛

خەیام وەک هەنگاوێکی فەلسەفی تر گومانداریی خۆی دەردەبڕێت . گومانداری رێبازێکی فەلسەفییە کە گومان لەو فاکت و راستییە وەرگیراوو بیرە باوانە دەکات کە لە کۆمەلدا یان لە قۆناغێکی مێژووییدا بە گشتی بە راست و دروست دانراون . ئەو رێبازە تەنیا باوەڕ بەو راستییانە دەکات کە بەلگەی زانستیان هەیە . قوتابخانەی فەلسەفیی گومانیاریی لە سەردەمی یۆنانییەکانەوە کەم یان زۆر هەربووە ، بەلام وەک میتۆدیکی فەلسەفی مۆدیڕن فەیلەسوفی فەرەنسیی

René Descartes (1596-1650)

دایمەزراندو بە ناوی ئەوەوە لکاوە.

خەیام کە خۆی زانایەکی گەورەش بوو ، بە ئاشکرا گومانی خۆی لە بیرە باوەکانی سەردەمەکەی دەردەبڕێت

 

( ٢٧)

لە لێوی ئەم گۆزە شکاوەی هەڵم گرت

بیستم سادە نهێنییەکی بوون و ژیان

لێو لە سەر لێوم چرپاندی : تا ماوی

مەیخۆر بە ، جارێکی تر نایەیتەوە ، ئامان ؟

 

٦ . بوونیاریی ( وجودییەت )

هەڵوێستی خەیام لە شیکردنەوەی دواییدا وەک هەلوێستێکی فەلسەفی وجوودی خۆی دەنوێنێت : بەکارهێنانی ئیرادەی ئازادی مرۆڤ لە ئێستاو ئێرەدا و خۆ رووتکردنەوە لە هەموو کۆتوبەندەکانی عادەت و میراتی کەلتووریی و ئەفسانەی سەردەم و هەلبژاردنی بوون لە پێش هەبوون و ئێستا لە پێش سبەینێوە

 

( ١٧)

دیوانێ شیعر لە سایەی درەختا

گۆزەیەک مەی و کولێرەیەک و تٶ

لە تەنیشتم بچڕی لە کێوی سەختا

ئاخ کێو بەهەشتی من دەگرێتە خۆ!

 

( ٣٩)

مەیە دەینۆشی ، لیوێ دەیمژی ، ئەگەر لات وایە

بە هیچ دوایی دێ وەک هەموو شێک دێتە کۆتایی

دە فانتازیا کە هەتا دەتوانی ، تۆ دەبی بەهیچ

کەمتر لە هیچ نییە ، حەزی دنیایی

 

٧ . بێهوودەیاریی بوون (عەبەسیەت)

دامێنیکی فەلسەفەی بوونیاریی بێهوودەگەرییە : عەبەسییەت ، بێهیوایی لە هەبوونی مانایەک بۆ ژیان جگە لەو کاتو سات و شوێنەی تێیدای ، بوون بە دیلی قەدەرێکی لە دەسەلاتی مرۆڤ بەدەرو ، هەست کردن ، تا ئەو کاتەی کە هۆشیاریی مرۆڤ بڕدەکات ، بەو راستییە تاڵەی کە گەردوون وەک چەرخیکی گەرۆكی ىێ مانا و نەخشە ، دەردەکەوێ و هیچ هەوارێک لە گەردوون و زەمین نییە ، وەلامی هاواری مرۆڤ و پرسیارە ئالۆزەکانی بداتەوە:

 

( ٤٣ )

ئەو جامە قڵپبۆوەش پێێ دەلێێن ئاسمان

کە لەژیڕیدا بە چەنگ و نینۆک دەژین و دەمرین

دەست بەرز مەکە بۆی بۆ هیچ پەنایەک ،

چونکە ئەویش خۆی

بە بێهوودەیی دەخولێتەوانێ با یەخەی نەگرین

 

٨. قەدەریەت ( فەیتالیزم )

قەدەرییەت باوەڕبوونە بە بوونی چارەنووسێکی لەوە پێش بڕیار دراو ، وەک لە دایکبوون ، منداڵ بوون ، گەورەبوون ، پیربوون و مردن ، کە لە پێش و لە سەرووی هەڵبژاردەی مرۆڤ خۆیەوە دانراوە و لە ناو سسیتمی ئەم نەخشەسازییە قەدەرییەدا ماوەی جوولانەوەو بریاری مرۆڤ زۆر رێژەیی و تەسکە : ئەمەیە کە ئەو بێهوودەگەرییەی سەرەوە دروست دەکات : لە بەرەبەیانی خەلق دا وەرەقەی حیسابیشمان دراوەتە دەست و هیشتا مرۆڤ گوناهباریشە:

( ٤١ )

پەنجەی بەیان دەنووسێ و

کە تەواوی کرد تۆمار

خۆی لێ دوور دەگرێ و نانووسێ چیدی

هیچ بەزەیی و حیکمەتێک ئیدی

نایهێنێتەوە تا نیوە خەتێک بسڕێتەوە لێی

نە هەموو فرمێسکەکانی تۆش

دەسڕنەوە یەک وشەی ئەبەدیی

 

( ٤٣ )

یەکەم قوڕی زەوی هەویری شێلانی

دوایین مرۆڤ بوو

لە [ دوا خەرمانیش ] تۆوی چاندرا

کەچی یەکەمین [ بەرەبەیانی خەلق ] بووکە نووسی

لە دوا [ بەرەبەیانی حیساب ] چ خوێنرا ؟

 

( ٤٦)

گەر هاتنم بە خواستی خۆم دەبوو

نە دەهاتم

گەر کۆچم بە دەستی خۆم دەبوو،

جێم نەدەهێشت وڵاتم

باشتر نەبوو بۆ دنیای ئازارو خەراباتم

هەر نە هاتبام ،

نە بوومایە بە دیلی ترسی حەیاتم

 

٩ . هیدۆنیزم : { لەزەتخوازیی }

ئەو ‌هەڵبژاردنەی ئێستاو ئێرە و دڵ و چاوکردنەوە بۆ جوانی و خٶشییەکانی دنیا و بەخشندەییەکانی ، وا لە خەیام دەکات لەزەتخوازیی وەک چارەیەک بۆ كێشەکانی گومان و خەمی دوێنی و ترسی سبەینێ دابنێت و بانگەوازی خۆ غەرقکردن لە مەی و شیعرو مۆسیقاو خۆشەویستییدا بکات . بەمە بە پێچەوانەی سۆفیزمە کە مەی و یارو عیشق وەک رەمزی رۆحی بەکاردێنن

 

تاکەی بەدوای خەیالی هیچا

تەمەنی خۆشیی دەپێچینەوە

باشترە تامی ترێ بچێژین

لە میوەیەک کە تاڵوتفت بێت

یان میوەیەک قەت نایچنینەوە

( ٣٣)

دەزانن دۆستان دەمێکی لەمێژە

شیرینیم بۆ شایییەکی نوێ کڕی

( پیرە عەقڵی) وشكم تەلاق داو

مارەیی کچی دارمێوم بڕی

 

٨. بیرۆکەو تیمەکان

١٠ .  ئەمڕۆت لە دەست مەدە :

دوای تەمەن وتەجرەبەیەکی درێژ پیرە خەیام پالەوانی چوارینەکان ناتوانێت باوەر بە ژیانەوەو بەهەشت و حۆرییەکانی بهێنیت ، بۆیە نایەوێ ئێستای بە قەرز بدات و لە خۆڵەمێشدا بە دوای خۆیدا بگەڕێت و بانگەواز دەکا بەر لەوەی زەنگی کۆتایی لێ بدات ، ئاهەنگەکە بەردەوام بێت

( ١٩ )

دەخیلتم ئەی یار کاسەم بۆ پڕ کە

با تاوێ هۆشم لای خۆی نەمێنێ

لە ناو بادەدا تەڕ تەڕ بە بادەین

ترسی سبەینێ و خەمی دوێنێ

( ٢٠ )

با ئەوەی هەمانە باشتر خەرجی کەین

بەر لەوەی لە خۆلا سەردەرکەین دوایی

خۆل بۆ خۆڵ ، لە ژێر خۆلا راکشێین

ىێ مەی ، بێ مەیگێڕ، بە بێ کۆتایی !!

٢. مەی وەک ئاوی ژیان :

مەی بە زۆری لە چوارینەکاندا دەردەکەوێ هەر وەک لە شیعری سۆفیگەرییدا بە گشتی . لای خەیام مەی رەمزە بۆ ئاوی ژیان و خۆشی بوون و مەستیی و خۆدزینەوە لە پەستیی . نوێنەری خٶشییە فیزیکی و ئیستاتیکی و وسایکۆلۆجی و رۆحییەکانە وەک ژیان لە ئێستادا

بوون و نەبوون و یاسا و خەت و خال

سەرەو خوار و دەر : بە بیر یان خەیاڵ

پێم بناس نەکرا ؛ هەر دەمویست بزانم

چۆن لە قوولایی مەیدا دەگرم حاڵ

( ٣٦ )

بەم دواییە دەرگای مەیخانە کراوەرێ بوو

لە تاریکو رووندا حۆرییەک دەرکەوت ،

لەسەر شانیدا گۆزەیەک چێ بوو،

تکای لێ کردم قومێکی لێ دەم

کاتێ کە تامم کرد ترێ بوو

( ٣٧ )

ترێیەک کەوا بە لۆجیکی رەها

حەفتاو دوو تایەفەی ناکۆکی بەزان

ئەو کیمیاسازەی لە لەحزەیەکدا

ئاسنی ژیانی بۆ زێڕ وەرگەڕان

 

٣. قەدەرو چارەنووس:

لە پشت هاواری هیدۆنیستی و خۆشی لەحزەیی یەوە هەمیشە سێبەری ترس لە قەدەری حەتمی مردن و کۆتایی ژیان بە خۆشیی و ناخۆشییەکانییەوە هەیە . مرۆڤ هەرچی بکات ، هەرچۆنێک بژیی ، چی هەبێت و نەبێت . پسا بی یان گەدا ، ئاخری چارەنووسی یەکەو دەستی قەدەرێک دەیگاتێ کە بەرامبەری بێ هێزو هیوایە :

( ١٥)

لە بابل بێت یان لە نیشابوور

مەیگێر مەی شیرین یان تاڵ بگێڕێ

شەڕابی ژین تک تک دەچۆڕێتەوە

گەلای ژیان پەلک پەلک دەوەرێ

( ١٦ )

” هەر بەربەیانێک هەزار گوڵ دێنێ”

راستە بەلام کوان گوڵەکانی دوێنێ ؟

ئەم بەهارەش کە گولەباخ دەڕوێنێ

دەیان جەمشیدو خوسرەو دەمرێنێ

 

( ٤٠ )

ئەم تەختی شەترنجەی رۆژو شەوانە کە تێیدا قەدەر

مرۆڤان دەکا بە دامە بۆ یاری

لێرەو لەوێ ، دەگرێ و دەباو جووت دەکا و دەکوژێ ،

دواییش لە ناو قوتووەکەی خۆیدا

حەشاریان دەدا جاری یەکجاری

 

٤ . وتاری سیاسیی :

بەلام خەیام لەمەوە لە پال وتاری هیدۆنیستی وتاریكی سیاسیش دەردەبڕێت کە گالتەکردنە بە دەسەلاتی سولتانەکان و سیاسییەکان : ئەوانەش ەک هەموو کەسێکی تری هەژارو سوالکەر ، دەبنە خۆڵ و گڵ و فشوکەشی دنیایان بۆش و بێ مانایە ..

خەمە گەورەکە ئەوەیە کە شتە جوانەکان وەک گوڵ و گەنجێتیی زوو بە سەر دەچن

(١٢)

دەلێن جرج و مارمێلکە پاسەوانن

لەو کۆشکەی جەمشید کەشخەی لێدەدا

بەهرامیش ئەو راوچییە مەزنە

کەرەکێوی لەقە لە کەللەی دەدا

٥ . تاریکایی گومان و نەزانین :

گوماندارییەکەی خەیام بۆ پاش ژیان درێژدەبێتەوە : چ حەسرەتێکە کە قەت ناتوانین بە یەقین بزانین لە کوێوە هاتووین و بۆ کوێ دەچین ؟ دەزانین گولێک رەنگە گۆنای کچێک بوو بێت ، گۆزەیەک چیرۆکی سەرشانی جوانێ بێت ، سوورایی گوڵ خوێنی شایەک بێت ، سایکل و بازنەی بوونی مرۆڤیش وەک دیاردەیەکی سروشتی کە جیا نییە لە هیچ زیندەوەرێکی دی ، دەبینین ، بەلام جیاوازییکەی ئەوەیە ئێمە دەتوانین هەتا دەمرین پرسیاری بێ وەڵام بکەین و لە سەر وەلامەکانمان تا مردن شەڕ بکەین و هیجیش بە هێچ نەکەین .

( ٣٠ )

کاتی کە گەنج بووم سەرم دا لە زۆر دکتۆرو پیاوچاک

زۆرم بیست قسەو ئاخاوتنی بەجێ

دەربارەی ئەمەو ئەوەو ئەوانە

بەلام ئەو دەرگەی لێی چوومە ژوورێ

لە هەمان دەرگا هاتمەوە دەرێ !

( ٣١ )

من چاندم تۆوی زۆر حیکمەتی چاک

بۆ پەروەردەیان رەنجی زۆرم چێشت

ئەو خەرمانەی کە چنیمەوە :

” وەک ئاو هاتم و ەک با بەجێم هێشت

٩ . وێنەی شیعریی:

خەیام کۆمەلە وێنەیەک بەکاردینێت کە دەیانکاتە ملكی خۆی بەیان و قووقەی کەلەشیر ، ئەستێرەو کاروانسەراو گۆزەو مەی و دڵدارو شیعرو تەمەن و سوورانەوەی شەوو رۆژ ورۆژگار ، ئامادەکرنی رابردوو لە خزمەتی ئێستادا.

من لیرەدا تا باسەکە دڕێژ نەبێتەوە نموونەی زیاتر بۆ ئەم رەگەزانەی شیکاریی چوارینەکان ناهینمەوە ، با خوێنەرو خوێندکاری شیعری خەیام بۆ خۆی بە دوای نموونە لە شیعرە تەرجەمەکان و ئەسڵەکەی خەیامدا بگەرێت .

خەیامی مرۆڤایەتی ، خەیامی هەموو کەس

باسکاری زانست عماد-الدین ئەحمەد لە لێکۆلینەوەیەکی زانستیدا دەربارەی روالەتەکانی ئەستێرەناسی لە چوارینەکانی خەیامدا دەنووسێت :

وەک هەر شیعرێکی مەزن ، هۆنراوەکانی خەیام ئەوەندە قووڵن و ئەوەندە لە مانادارییدا دەولەمەندن ، کە دەشێ لە ئاستی جیاوازو بە رێبازی جیاواز تێی بگەین. بەم جۆرە زۆر کەس ، لە نەدینەکانەوە بۆ قەشە مەسیحییەکان ، لە ماددیەکانەوە بۆ سۆفیگەرەکان ، بانگاشەی ئەوەیان کردووە کە خەیام یەکێکە لە ئەوان . 

Like all great poetry, Omar’s verse is so deep and so rich in meaning that it can be understood on many different levels and in different ways. Thus, many people from atheists to Christian clerics, from materialists to mystics, have professed that Omar is one of them

من لێرەدا ، لەم لێکدانەوەدا نامەوێ هیچ جۆرە لێکدانەوەیەکی تایبەتی بسەپێنم . هەولم داوە لەم ٤٨ چوارنەدا حیکایەتی چوارینەکانی خەیام ، نەرەتیڤەکەی ، لێکدەمەوە . چوارینەکان [ مۆنۆلۆگ ] ن . خەیام وەک شاعی ر، بیرمەند ، زاناو لە پشت هەموو ئەم نازناوە رووکەشانەشەوە ، وەک مرۆڤێک کە هەست بە بوونیاریی تەواوی خۆی دەکات ، قسە دەکات . مۆنۆلۆگە : ئاخاوتنی تاکە کەسە بەلام دایەلۆگە لە گەڵ خۆی وەک مرۆڤ ، لەگەڵ مرۆڤ ، لەگەڵ مرۆڤایەتی.

وەک لە سەرەوە وتم : فێتزگێرالد چوارینەکانی وا رێکخستوون کە حیکایەتی [ نەرەتیڤی ] خەیام بۆ ژیان و وتاری فەلسەفیی خەیامی بە شێوەیەکی سیستماتیکی دەربخات . لەم ٤٨ چوارینەی وەرمگێڕاون منیش هەولم داوە ئەو پرۆسەی فەلسەفاندبی خەیام بە بنسازیی زمانیی و وینەو کەژو دنیای تایبەتی خەیامەوە بنوێنێت.

دیارە ستایلی چوارینە ، وێنە وەک رۆحی شیعر ، و مۆنۆلۆگ وەک تاکبوونەوەی مرۆڤ بەرامبەر گەردوون ئەو سێ سوچکەکەیەن کە هەرەمی داهێنانی خەیامییان لە سەر بنیاتنراوە . لە وینەسازیی خەیامدا کەساندن یان مرۆڤاندن ، ویناکردنی شتەکان وەک مرۆڤ یان دڕێژبوونەوەی بیری مرۆڤ ، بەهێزترین میکانیزمێکی شیعرییە کە تەواوەی پرۆسەی نەرەتیڤی خەیامیی دەجووڵینێ و ژیان و نەمریی پێدەدات . بەرەبەیان ، کەلەشێر، ئەستێرە ، گڵ ، گوڵ ، گۆزە ، مەی ، کچ ، کاروانسەرا ، سەفەر ، هەنگاو ، ئەشکەوت ، راوچی ، مەیخانە ، خان ، کۆشک ، شیعر ، سامان ، کەسێتیە مێژوییەکان و … هتد . هەموو ئەوانە وەک پالەوانی سادەی فیزیکی و ، لەهەمان کاتدا رەمزیی و فەلسەفیی دەردەکەون.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت