erdogan

رەزا شوان : بەعەرەبکردن لە کەرکوکەوە بۆ باکووری کوردستان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەرۆک کۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆگان ، لە 2 – 7 – 2016 دا ، راگەیاندن و مژدەی دانی رەگەزنامەی تورکی بە پەنابەرە سورییەکانی تورکیا دا .. کە لە ئێستادا نزیکەی سێ ملیۆن پەنابەری سوری لە تورکیادا هەن ، لە سەدا نەوتیان عەرەبن .. دوای ئەردۆگانیش بن ئالی یڵدریم سەرۆک وەزیرانی تورکیا ، جەختی لەسەر بڕیارەکەی ئەردۆگان کردەوە ، وەزارەتی ناوخۆی تورکیاش بە پێی هەندی ئاسانکاری هەموو ئامادەکارییەکی پێویستی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی ئەردۆگان کردووە .. لەو ئاسانکارییانەش ئەوەیە کە لە بریتی ( پێنج ساڵ ) بۆ دانی رەگەزنامەی تورکی ـ بە پێی یاسای تورکیا ـ سورییەکانیان لەم یاسایە بەدەرکردن و ، لە ماوەی ( یەک ساڵ ) دا رەگەزنامەی تورکییان دەدەنێ و ، مافی دەنگدان و خۆ کاندیدکردنیشیان لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا دەبێت .. بەڵام بۆ پێدانی رەگەزنامەش چەند مەرجێکيان بۆ سورییەکان داناون .. یەکێک لەو مەرجانەیان ئەوەیە ، کە پێویستە لاوەکانیان خزمەتی سەربازی بکەن و هاوبەستەبوونی خۆیان بۆ تورکیا و ئەردۆگان دەربڕن .. لەوانەیە بەم زووانە ئەم بڕیارە بخرێتە بەردەم پەرلەمانی تورکیا بۆ دەنگدان و پەسەندنکردنی ، بێگومان دەنگیشی لەسەر دەدەن ، چونکە زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمانی تورکیا سەر بە پارتەکەی ئەردۆگانن ( پارتی داد و گەشکردن ) ی دەسەڵاتدار .. بە دڵنیایشەوە ( پارتی نەتەوەیی تورک) یش ، کە پارتێکی رەگەزپەرستە ، هەر بڕیارێک کە لە دژ و لە زیانی گەلی کورد دا بێت ، ئەوان بە پێخۆشحاڵییەوە دەنگی دەدەنی .

ئەم بڕیارەی ئەردۆگان ، مەرام و نیازێکی سیاسی لە پشتەوەیە ، ئەگینا ئەوەی بە بڕیار و کارەکانی ئەردۆگان دا بچێتەوە ، ئەم راستییەی بۆ دەردەکەوێت ، کە ئەردۆگان هەچ بڕیارێکی دابێت ، نیاز و مەبەستێکی تایبەتی خۆی لە پشتەوە بووە .. مەبەستیشی لەم بڕیارەی دانی رەگەزنامەی تورکی بە عەرەبە سورییە ئاوارەکانی تورکیا ، مەبەستێکی مرۆیی نییە .. بەڵکو مەبەستێکی سیاسی و رەگەزپەرستی لە پشتەوەیە .. زۆر جار ئەردۆگان فرمێسکی تیمساحی بۆ منداڵانی فەلەستین رشتووە ، لە کاتێکدا کە دەستەکانی بە خوێنی سەدان منداڵانی کوردستان سوورن .. ئەمەیە دووڕوویی ئەردۆگان ، ئەو دەتوانێت بە باشی نواندن بکات .. ئەگەر ئەردۆگان راست دەکات هێندە دڵسۆزی فەلەستینییەکان و منداڵەکانیانە .. ئیسرائیلیشی بە بێویژدان و بە بەکوژی منداڵانی فەلەستین تاوانبارکرد .. ئەی بۆ دەستی خستەوە نێو دەستی ئیسرائیلەوە گەر بێویژدا و منداڵکوژن ؟ وتیشی پەیوەندیمان لەگەڵ ئیسرائیلدا بۆ تورکیا زۆر کرنگە ؟! ئێوەی خوێنەرخۆتان بڕیار لەم هەڵویستە دوورووییانەی ئەردۆگان بدەن .. بەم درۆیانە دەیەوێت خۆڵ لە چاوی فەلەستینییەکان و عەرەب بکات .. دانی رەگەزنامەی تورکی بە عەرەبە سورییەکان .. بە بۆچوونی ئەم مەبەستانەی خوارەوەی لە پشتەوەیە :
1 – بۆ نیشتەجێکردنی ئەم ئاوارە عەرەبە سورییانەیە لە شار و شارۆچکەکانی باکووری کوردستاندا بە مەرامی گۆڕینی دیمۆگرافیای نەتەوەیی لە باکووری کوردستان.. ئەگەرچی زیاتر لە نەوەت ساڵە تورکیا بە هەموو توانایەکییەوە، بە قێزەوەنترین شێوە و ، بە ئەوپەڕی نامەردییەوە ، لە دەسەڵاتی رەگەزپەرستی گۆڕبەگۆڕ ( ئەتاتورک ) ـەوە ، تا دەگاتە سوڵتان ئەردۆگانی رەگەزپەرستر ، بە تورک کردنی شار و شارۆچکەکانی کوردستان بەردەوامە و نەوەستاوە و تا ئەمڕۆش دەربەدەرکردن و ئاووارەکردن و ماڵوێرانکردن و برسیکردنی کورد لە باکووری کوردستاندا درێژەی هەیە .. تا ئەمڕۆش بە دڕندەترین شێوە هەوڵی ژینۆسایدی کورد دەدەن و .. دەیانەوێت ناسنامەی کورد بسڕنەوە .. پیلانی تازەیان ( دانی رەگەزنامەی تورکی بە عەرەبە سورییە پەنابەرەکانی تورکیا ) ، پیلانێکی گڵاوی نوێیە ، لە دژی گەلی کوردمان لە باکووری کوردستان .. دەیانەوێت لە پاڵ بە تورک کردن ، بەعەرەبکردنی باکووری کوردستان بکەن .. ئەمەش شتێکی تازە نییە ، لە عێراقیشدا، سەدام حوسێنی گۆڕبەگۆڕیش بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای شاری کەرکوک و خانەقین و چەندین شاری تر لە باشووری کوردستان ، بێجگە لە هاوردنی نزیکەی ملیۆنێک عەرەب لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق بۆ کەرکوک خانەقین و شارەکانی تری باشووری کوردستان ، نیازیشیان وابوو ، کە نیزیکەی زیاتر لە دوو ملێون ئاوارەی عەرەبی فەلەستینی لە باشووری کوردستان ، بە تایبەتیش لە کەرکوکدا نیشتەجێ بکەن و .. کوردی ئەم ناوچانەش دەربەدەر بکەن .. بەڵام پێش ئەوەی کە نیازە رەگەزپەرستییەی سەدام بێتەدی ، گۆڕبەگۆڕ کرا و، هەزاران نەفرەتی لێبێت .. ئەردۆگانی هاودۆست و هاونیاز گڵاوی سەدامیش ، هەمان مەرامی قێزەون و رەگەزپەرستی هەیە ، دەیەوێت بۆ کەمکردنەوەی رێژەی کورد لە باکووری کوردستاندا ، عەرەبی سوری نیشتەجێ بکات و رێژەی نەتەوەیی کورد لاسەنگ بکات .
2 – ئەردۆگان دەیەوێت ئەم عەرەبە سورییانە چەکدار بکات و ، زەوی و زاری کورد دابەش بکات بە سەریاندا ، یارمەتی پێویستیشیان بدات و بە تەواوی لە باکووری کوردستاندا ، نیشتەجێیان بکات و .. بەم عەرەبانە، شورەیەک لە نێوان باکوور و رۆژئاوای کوردستاندا دروست بکات ، بەو مەرامەی پشتێنێکی رەگەزی لە نێوان باکوور و رۆژئاوای کوردستان دروست بکات و ناوچەکە ئاڵۆزبکات .
3 – دەیەوێت ئەم عەرەبە ئاوارانە ، بکات بە جاش و مەقاش ، لە هاوشێوەی ( بەرەی نوسرە ) ی جاشە بە کرێگیراوەکانیان .. ئەمانیش بە گژی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و ، هێزە شەڕڤانە شۆڕشگێڕەکانی رۆژئاوای کوردستان بکات .
4 – ئەردۆگان دەیەوێت کورد و عەرەب بکات بە دوژمنی یەکتری و ، ناکۆکی و رق و شەڕ بخاتە نێوانیانەوە ، چونکە شەڕ و ئاژاوە و خوێنڕشتن ، لە بەرژەوەندی مانەوەی خۆی دەزانێت .
5 – ئەردۆگان دەیەوێت گەنجەکانی ئەم ئاوارانە لەژێر خزمەتی سەربازیدا ، بیان کات بە جاش و بیان پەڕێنێتەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان و ، هەڕەشە لە ئەزموونی رۆژئاوای کوردستان بکات .
6 – ئەردۆگان دەیەوێت دوای گۆڕبەگۆڕکردنی داعش و ، نەمانی بەشار ئەسەد .. لە رێی ئەم جاشە بەکرێگیراوانەیەوە .. پێگەی لە سوریادا هەبێت و ، بەربەست لە دژی کورد دروست بکات .
7 – ئەردۆگان کە دەیەوێت دەسەڵات بکات بە سەرۆکایەتی ، گەر راپرسی لەسەر بکرێت، دەنگەکانی ئەم عەرەبە وەرگرتووانەی رەگەزنامەی تورکی بۆ بەرژەوەندی خۆی بقۆزێتەوە .. یا لە دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەڕلەمانی تورکیا، دەنگ بە پارتەکەی ئەردۆگان بدەن .
8 – ئەردۆگان دەیوێت پەردەپۆشی پەیوەندییە سیخوڕی و سەربازی و ئابوورییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا پەردەپۆش بکات .. سەرنجی عەربەکان بە لایەکی تردا بەرێت .. وا خۆی بۆیان دەربخات کە دڵسۆزی عەرەب و ئیسلامە و خاوەن سۆز و بەزەیی و ويژدانە .. کەچی تورکیای ئەردۆگان لە ریزبەندی هەرە پێشەوەی ئەو وڵاتانە دایەیە کە رۆژانە پێشێلی مافەکانی مرۆڤدەکەن و ، تا ئێستا بە دەیان رۆژنامەنووس و چالاکوان و پارێزەری بەند کردووە ، لە تورکیادا سەرکوتی ئازادییەکان و دیموکراتی و خۆپیشاندان دەکرێن و ، سیاسەتی رەگەزپەرستی لە دژی کورد پەیڕەوی دەکەن .
9 – ئەردۆگان ئەوە دەزانێت ، کە بەم پاشەڵە خوێناوییەوە ئەوە مەحاڵە کە تورکیا لە یەکێتی ئەوروپادا وەربگیڕێت .. کە رۆژ نییە ئۆپراسیۆنی سەربازی دژ بە شار و شارۆچکەکانی باکووری کوردستان ئەنجام نەدات و ، بە دەیان کوردی سفیل نەکوژێ .. ( پەیامی ناتۆ ) ش لە کوشتنی کورد دا لەگەڵ تورکیادا نین . بەڵام لە ئیستادا پێویستییان پێی هەیە ، بۆیە لە تاوانەکانی تورکیا بێدەنگن . ئەردۆگان دەیەوێت بە ( جاشی عەرەبی ) شەڕی کورد بکات .
10 – بە دووری نازانین کە ( میتی تورکیا ) هەژاری و دەربەدەری ئەم ئاوارانە بقۆزێتەوە .. کاری تەقینەوە و خۆکوژی و تیرۆفیستیان لە باکووری کوردستاندا پێبکەن، چونکە لێیان دەوەشێتەوە .
ئەمانە و لەوانەیە ئەردۆگان ، چەندین مەبەستی تری هەبێت ، لە پێدانی رەگەزنامەی تورکی بە عەرەبە پەنابەرەکانی سوریا لە تورکیادا .. بە دووریشی مەزانن کە ئەردۆگان ئامادەی ئەوەشبێت ، لە دژی کورد و خواستەکانی ، دەست بخاتە نێو دەستی بەشار ئەسەد .. بەڵکو ئامادەیە پێشوازی لە شەیتانیش بکات لە دژی کورد .. چونکە ( ئەردۆگان تووشی کوردفۆبیا بووە ) و ، تا سەر ئێسقان دژایەتی کورد دەکات .. گەر بەردێک لە ئاسمانیشەوە بەربێتەوە .. ئەردۆگان کورد تاوانباردەکات کە دەستی لە بەربوونەوەی ئەو بەردا هەیەبێت .
بەشێک زۆری تورک و سوری و عەرەبەکانیش ناڕازین و ، دژ ئەم بڕیارەی ئەردۆگانن .. چونکە باش لە مەبەستی ئەردۆگان گەیشتوون و ، دەزانن چ شتێک لەژێر سەریدایە و چ پەرژەوەندییەکی تایبەتی خۆی لە بڕیاری دانی رەگەزنامەی تورکی بە پەنابەرانی عەرە سورییە ئاوارەکانی تورکیا هەیە .. داهاتووش راستی مەبەستەکانی ئەردۆگان ئاشکرا دەکات .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت