رەزا شوان : خەبات لە پێناوی رزگاری و سەربەخۆیی کوردستان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گەلانی ستەملیکراو و ماف زەوتکراو و ، نیشتمان داگیرکراو ، لە خەبات و تێکۆشانێکی بێوچانـدان لە دژی داگیرکەران .. بۆ رزگارکردنی نیشتمانەکانیان و، بۆ بە دەستهێنانی مافەکانیان و ، بۆ راگەیاندنی سەربەخۆییان .. خەباتیش بۆ رزگاری ، خەباتێکی پیرۆزە ، کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسا دەوڵەتییەکان ، خەباتی رزگاریان رەوا کردووە . هیچ مافێکیش ون نابێت ئەگەر خاوەن ماف دەستی لێهەڵنەگرێ و دوای بکەوێت .. لە سایەی خەبات و خۆڕاگری و کۆڵنەدان و بەرخودانیشدا ، زووبێت یا درەنگ ، دەتوانن گەل و نیشتمانەکانیان لە داگیرکەران رزگاربکەن و ، سەربەخۆیی خۆیان رابگەیەنن .
گەلی تێکۆشەر و کۆڵنەدەری کوردمان ، یەکێکە لەو گەلە ستەملێکراوانە و نیشتمان داگیرکراوانە .. کە تا ئەمڕۆش بەشی هەرەزۆری خاکی کوردستان ، نیشتمانی ییرۆز و جوانمان ، لە لایەن داگیرکەرانی رەگەزپەرست و دڕندە و خوێنڕێژ و دڵڕەقی بێگانەوە داگیرکراوە .. بە دڕندەترین شێوەی نامەردانە ، دوور لە رەوشت و ویژدان و ، لە یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان ، بە رۆژی رووناک ، رەشەکوژی لە کورد دەکەن ، هیچ مافێک بە گەلی کوردمان رەوا نابینن .. دەیانەوێ شوناسی نەتەوەییمان بسڕنەوە .. داگیرکەرانی کوردستان تا ئەمڕۆش بە ئەقڵیەتی لەشکرتاری و هێزەوە مامەڵە لەگەڵ دۆزی رەوای کورد دەکەن .. بەڵام شکستیان هێناوە .. چونکە ئەوە ئەستەمە کە بتوانن بە تۆقاندن و کوشتن و ، بە وێرانکردنی کوردستان ، چۆک بە گەلی کوردی قارەمانمان دابدەن .
شێوازی خەباتی رزگاری ، لە پێناوی رزگاربوون لە داگیرکەران و ، بە دەستهێنانی مافە رەواکان و راگەیاندنی سەربەخـۆیی .. بە پێی بارودۆخی گەلانی خەباتکەر و ، سروشتی داگیرکەران و ، توانی بەرگری و قووڵایی ستراتیژی .. لە گەلێکەوە بۆ گەلێکی تر ، تا رادەیەک جیاوازی هەیە .. بەڵام بە شێوەیەکی گشتی ، دوو جۆرە شێوازی باوی خەباتی تاقیکراوە و دانپێنراو هەن ، ئەوانەش ، خەباتی سیاسی و ئاشتی و ، خەباتی چەکدارییە .
زۆر بە کورتی باس لە هەردوو شێوازەکەی خەبات لە پێناوی رزگاری .. دەكەین :
یەکەم : شێوازی خەباتی رزگاری سیاسی و ئاشتی ( گفتوگۆ ) :
گەلێ لە گەلانی ژێردەستە و نیشتمان داگیرکراو ، شێوازی خەباتی سیاسی و ئاشتی و گڤتۆگۆیان گرتەبەر ، بۆ رزگارکردنی نیشتمانەکەیان لە داگیرکەران ، بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان و ، بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخـۆیان .. داگیرکەرانیان ملکەچ کردن ، کە نیشتمانەکانیان بەجێبهێڵن .. ئەمەش رێگایەکی ئاسان نییە ، خۆڕاگری و پشوودرێژی و سیاسەتمەدارانی بە توانا و دانا و شارەزای دەوێت .. لەوانەش : وڵاتی ( هیندستان ) و ، وڵاتی ( گـانا ) ، کە بە رێی خەباتی سیاسی و ئاشتی و گفتوگۆوە ، سەەربەخۆیی خۆیان راگەیاند .. خەباتی سیاسی رزگاریش شێوازی زۆرە .. ئەمانە بیست لەو شێوازانەن :
1 – مانگرتن جەماوەر لە سەرتاسەری نیشتمانی داگیرکراودا ، لە دژی داگیرکەران .
2 – خۆپیشاندان و رێپێوانی ناڕەزایی لە دژی تاوانەکانی داگیرکەرانی نیشتمان .
3 – یاخیبوون و جێبەجێنەکردنی داوا و فەرمانەکانی داگیرکەران .
4 – هۆشیارکردنەوە و هاندانی جەماوەر بۆ رووبەرووبوونەوەی داگیرکەران .
5 – بڵاوکردنەوەی بەیاننامە و ، ئاشکراکردنی تاوانە قێزەوەنەکانی داگیرکەران .
6 – ئاشکراکردنی ئەشکەنجەدانی بەندکراوەکان ، لە لایەن دەزگا سەرکوتکەرەکانی داگیرکەرانەوەو .. ئاگادارکردنەوەی ( هیومان رایتش ۆوچ ) لە تاوانەکانەکانیان .
7 – بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ و سیدی و میمۆری دەربارەی تاوانەکانی داگیرکەران .
8 – یەکڕەنگی و یەکدەنگی و یەکئامانجی گەل و .. رێ بە داگیرکەران نەدرێ بۆ ئەوەی دووبەرکی بخەنە نێو ریزەکانی گەلەوە .. چونکە هەمیشە سەرکەوتن لە یەکێتیدایە .
9 – رێکخستنی جەماوەر لە پارتە سیاسییە نیشتمانییەکان و ، لە رێکخراوە مەدەنییە کۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییەکاندا .. رۆڵییان هەبێت لە فشار خستنە سەر داگیرکەران .
10 – سروودە نیشتمانییەکان کاریگەرییان لە هەست بزواندنی جەماوەردا هەیە .
11 – سەرکۆنەکردن و پەلارگرتن لە داگیرکەران ، لە رێی بڵاوکردنەوە و خوێندنەوەی شیعر و پەخشان و وتاری سیاسی مەبەستدار و پەلارگرتن لە داگیرکەران .
12 – بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە .. پڕوپاگەندە چەکێکی بەهێزە لە دژی داگیکەران .
13 – هەڵواسینی پۆستەراتی سیاسی مەبەستدار لە سەر دیوارەکانی شوێنە گشتییەکان .
14 – نووسینی دروشمی سیاسی و نیشتمانی و ، نووسینی رستەگەلێکی وەک : ( بڕوخی داگیرکەرانی کوردستان ) ، ( بۆ دەرەوە داگیرکەران ) ، ( کوردستان نیشتمانی کوردە و ئێوە بێگانەن ) رستەی تری لەم جۆرە ، بە بۆیە لەسەر دیوارەکانی شوێنە گشتییەکاندا .
15 – بڵاوکردنەوەی وێنەی کاریکاتێری و گاڵتەجاڕی و پەلارگرتن لە دژی داگیرکەران .
16 – ناردنی یاداشتنامەی ناڕەزایی ، بۆ دامەزراوە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و .. بۆ رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و ، بۆ هیومان رایتش ۆوچ .. بۆ هەڵماڵینی پێشێلکاری و تاوانەکانی داگیرکەران لە دژ بە هاونیشتمانیانی نیشتمان داگیرکراو .
17 – نووسین و بڵاوکردنەوەی بابەتی سیاسی ، لە رۆژنامەکان و گۆڤارەکان و لە سایتە ئەلیکترۆنییەکاندا لە دژی ستەم و تاوانەکانی داگیرکەران ، چونکە خەباتی رۆشنبیری و هونەری و راگەیاندن بەشێکی گرنگن لە خەباتی سیاسی بۆ رزگاربوون لە داگیرکەران .
18 – پێشکەشکردنی بابەتی شانۆیی مەبەستدار و ، درامای رادیۆیی و تەلەفزیۆنی .
19 – بەشداری نەکردنن لەو هەڵبژاردنانەی کە داگیرکەرانی نیشتمان ئەنجامیان دەدەن .. بەشداری نەکردنیش لە هەموو ئەو ئاهەنگ و بۆنانەی کە داگیرکەران سازی دەکەن .
20 – دروستکردنی شانەی نهێنی هەواڵگری و زانیاری لە ناو دەزگاکانی داگیرکەراندا .
ئەو شێوازانە و ، بە دەیان شێوازی تری خەباتی رزگاری سیاسی و ئاشتییانە هەن بو ناچارکردنی داگیرکەرانی ملهوڕ ، بۆ ئەوەی کۆتایی بە داگیرکردن بهێنن و ، ملکەچی داخوازییەکانی گەلە رەسەنەکانی خاوەن نیشتمانە داگیرکراوەکان ببن .
گەلی کووردمان کە زیاتر لە سەد ساڵە لە خەباتێکی بەرگری و رزگاری دایە … هەموو ئەو شێوە خەباتە سیاسی و ئاشتییانەمان گرتە بەر و ، بە دڵێکی زۆر پاکەوە گفتوگۆمان لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان کرد .. هیچ کاتێک و تا ئەمڕۆش ، لە ئەوپەڕی بەهێزیشدا هەرگیز لەگەڵ شەڕ و کوشتن و خوێنڕشتندا نەبووینە و نین و نابین .. لەگەڵ ئەوەداین کە ( سەد ساڵی گفتوگۆ .. لە رۆژێکی شەڕ باشترە ) ئەوە داگیرکەرانی رەگەزپەرستی کوردستانن ، زمانی گفتوگۆ و ئاشتی و پێکەوەژیان نازانن ، ئەوە داگیرکەران کە شەریان لە دژمان هەڵگیرساندووە .. داگیکەرانن ( ماڵیان لە خاوەن ماڵ حەرام کردووە ) لەسەر خاکی خۆماندا ، رەشەکوژی و جینۆسایدمان دەکەن و .. سامانی کوردستان دەدەزن .
دووەم : خەباتی رزگـاری چەکـداری ( شۆڕش ) :
زۆر جار گفتوگۆ لەگەڵ داگیرکەراندا ، دەگاتە رێگایەکی بنبەست و ، شکست دەهێنێت ، چونکە لایەنی داگیرکەران بەهێزترن و ، هەردەم لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی خۆیاندان و دەیانەوێت قسەکانیان زاڵبێت و ، داواکان و مەرجەکانیان لە لایەن بەرانبەرەکانیانەوە جێبەجێبکرێن .. گفتوگۆکانیشیان تەنها بۆ کات بردنەسەرە و ، خۆیان بۆ شەڕ ئامادە دەکەن .. چونکە لە خۆبایین و بڕۆیان بە چارەسەری ئاشتی نییەوە ، لۆژیکی ئەوان ، تەنها هێیز و ، ئۆپراسیۆنی سەربازی و ، سەرکوتکردن و ، تەڕ و وشک سووتاندنە .
داخستنی دەرگای گفتوگۆ ، لە لایەن داگیرکەرانەوە .. گەلانی ماف زەوتکرا و نیشتمان داگیرکراویان ناچارکردوون کە بۆ بەرگری لە خۆیان و ، بۆ رزگارکردنی نیشتمانەکانیان لە داگیرکەرانی بێگانە .. پەنا بۆ خەباتی چەکـداری ( شـۆڕش ) بەرن .. بەڵام خەباتی چەکدارییش گەر پێویستیش بێت ، دەبێت دوا هەڵبـژاردن بێت ، چونکە شەڕ کوشتن و بڕینە .. ژیانی مرۆڤیش زۆر گرنگ و زۆر بەنرخە ، لە پێناوی گرنگتر و بەنرختردا دەبەخشرێت .. ( گیان زۆر شیرین و بەنرخە .. بەڵام نیشتمان شیرینتر و بەنرخترە ) .. نیشتمان پیرۆزترین شتە .. ( مـردن بە سەربەرزی .. خۆشترە لە ژیانی ژێردەستی ) .. گیانبەخشین لە پێناوی گەل و نیشتماندا ، لووتکەی دڵسۆزی و نیشتمان پەروەری و ئەوپەڕي قوربانیدان و بەخشسینە .
ئابراهام لینکۆڵن دەڵێ : بەهێزتـرین خۆشەویسـتی خۆشـەویستی نیشــتمانە
ئەفلاتـوون ـیش دەڵی : هیچ خۆشەویستییەک ناگـاتە خۆشەویستی نیشـتمان .
دولۆرس باڤیری ـش دەڵێ : مردن بە پێوە .. زۆر باشترە لە ژیانی لەسەر چۆک.
شاعیری گەورە و نەمری گەلەکەشمان ( فـایق بێـکەس ) دەڵێ :

داری ئـازادی بە خـوێن ئـاو نەدرێ قەت بەرناگـرێ
سەربەخــۆیی بێ فیـــداکاری ئەبــەد ســــــەرناگـرێ

خەباتی چەکداری ، شێوازێکە لە شێوازەکانی خەباتی رزگاری لە دژی داگیرکەران ..
چونکە زۆر جار ( ئـازادی لە لوولەی تفەنگدا هەڵدی ) . بەکارهێنانی چەک لە پێناوی رزگاری و سەربەخۆییدا ، مافێکی یاسایی و رەوای گەلانی نیشـتمان داگیرکراوە .
کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بڕیاری ژمـارە (3246 ) دا ، کە لە ( 24 ی/ دێسەمبـەری/ 1974 ) دا دەرچووە ، جەخت لەسەر ئەوە دەکـاتەوە ” هەر هەوڵدانێک بۆ سەرکوتکردنی خەباتی چەکداری لە دژی ئیمپریالیزمی داگیرکەر و بێگانە و رژێمە رەگەزپەرستییەکان ، بە پێچەوانەی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ، جاڕنامەی پرینسیپەکانی یاسا دەوڵەتییەکانەوەیە ، کە تایبەتە بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و بە هاوکاری کردنی نێوان دەوڵەتان ” هەروەها لیژنەی مافەکانی مرۆڤیش ، چەند جارێک جەختیان لەسەر رەوایی شەڕکرد لە دژی داگیرکردن کردووە ، بە هەموو هۆیەیەکی کە لە تواندا بێت ، کە لە نێوانیاندا ، رێگای ( شەڕ) ە .
ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت ، کە نەتەوە یەکگرتووەکان و ، جاڕنامەکانی مافەکانی مرۆڤ و ، یاسا دەوڵەتییەکان هەموویان دژی داگیرکردنن .. هەموویان خەباتی سیاسی و چەکداری بۆ رزگاری و سەربەخۆیی بە مافێکی رەوا و یاسایی گەلانی نیشتمان داگیرکراو دەزانن .
ئەگەر بە مێژوودا بچینەوە ، دەبینین زۆربەی گـەلانی رزگـاریخواز و ئازادیخـواز ، کە لە داگیرکەران رزگاریان بووە و سەربەخۆییان راگەیاندووە . لە رێی خەباتی چەکـداری واتە ( شۆڕش ) ـەوە گەیشتن بە هیوا و بە مافەکانیان ، لەوانەش ( کۆماری جەزائیر ) کە ملیونێک شەهیدیان دا ، تا فەرەنسییەکانیان ناچارکرد ، کە جەزائیر بەجێبهێڵن .. هەروەها ( ڤێتنام ) .. گەلی ڤێتنامی لە شۆڕشەکەیاندا لە دژی ئەمریکا قوربانییەکی زۆریان دا تا ئەمریکایان ناچارکردن کە ملکەچبن و دان بە سەربەخۆیی ڤێتنام دا بنێن .
پێویستە ئەوەش بزانین ، کە خەباتی چەکداری و خەباتی سیاسی تەواوکەری یەکترین و هەردوو باڵی بزووتنەوەی رزگاریخوازن .. وەک چۆن مەل ناتوانێت بە باڵێک بفڕێ .. خەباتی بەرگری سیاسی و بەرگری چەکداریش لە پێناوی ئامانجێکدان .. دەبێ هاوشانی یەکتربن .. خەباتی چەکداری بەبێ خەباتی سیاسی سەرناگرێت .. بە پراکتیکی خەباتی سیاسی و چەکداری ، لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد دا پێکەوە رەنگیان داوەتەوە .
ئێمەی کوردیش ، دەستەوستان دانەنیشتووین .. لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە ، چەند شۆڕشێکی گەورەمان لە کوردستانی نیشتمانی داگیرکراوماندا بەرپا کرد .. بە هەزاران شەهیدمان داوە . ژمارەی شەهیدانی کوردستان لە ژمارەی شەهیدانی جەزائیر ئەگەر زیاتر نەبن ، کەمتر نین .. بەڵام داگیرکەرە دڕندە و رەگەزپەرستەکانی کوردستان ، تا ئەمڕۆش دڕندەترین و خوێنڕێژترین داگیرکەری بێوێنەن لە هەموو جیهاندا .. زۆر نامەردانە و بە کوشندەترین چەکی تازە ، بە هەزاران کوردیان کوشت ، تەنانەت منداڵانی کوردی ناو لانکیان کوشتین .. چی ناشێ و نەکـراوە، ئەوان بە کوردیان کرد و دەیکەن .. تەنهاش لەبەر ئەوەی کە کوردین و ، ئازادیخواز و ئاشتیخوازین و .. ئێمەش وەکو ئەوان مافی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆمان هەیە لە سەر خاکی کوردستاندا .
ئەوەشتان پێسەیر نەبێ ، کە داگیرکەران خەباتی بەرگری و شۆڕشی رزگاریخواز ، بە تیرۆر ناودەبەن .. بە لای داگیرکەرانەوە، هەر گەلێک داوای ئازادی و ماف و یەکسانی و سەربەخۆیی بکات ، یا هەر نیشتمان پەروەرێکی دڵسۆز ، هەر رۆژنامەنووس و ، هەر سیاسەتمەدارێک ، هەر نووسەر و ، رۆشنبیرێک ، هەر چالاکوانێک لە رووی ستەمکاری و تاوانەکانیان بوەستنەوە .. ئەوان بە ناپاک و تیرۆریست ناویان دەبەن .. لە کاتێکدا کە تیرۆریستی راستی خۆیانن .. بە سەدان کەسیان تیرۆرکردن تە ها لەبەر ئەوەی کە هاوڕایان نەبوون .. بەڵام بە لای ئازادیخوازانی جیهانەوە ، بزووتنەوە رزگاریخوازەکان و تێکۆشەران و شۆڕشە نیشتمانییەکان و بزووتنەوە رزگاریخوازەکان ، مافێکی رەوایە و ، شۆڕشگێڕان و ، تێکۆشەرانی ئازادیخواز و رزگاریخوازان ، بە قارەمان ناودەبەن .
گەلی کوردمان ، هەرگیز بە ئارەزووی خۆی پەنای بۆ خەباتی چەکداری و شەڕکردن نەبردووە .. هەردەم داگیرکەران ناچاریان کردووین کە چەک هەڵبگرین و ، بەرگری لە گەلەکەمان و لە کوردستانی شیرینمان بکەین .. ئەمەش ئەرکێکی پێویست و پیرۆزە بەلامانەوە .. داگیرکەرانیش ئەوە باش دەزانن ، کە کۆڵدان و چۆکدادان و ملکەچی لە فەرهەنگی گەلی کورد دا نەبووە و نییە .. گەر کەوتووبێتشین زوو هەستاوینەتەوە .
ئەو دەستکەوتانەش کە لە ئەمڕۆدا لە باشووری کوردستاندا بە دەستمان هێناون .. خێریان پێنەکردووین ، بە دەریایەکی خوێن هێناومانەتەدی .. بێگومان لە ئاستی ئەو هەموو قوربانییانەدا نین کە داومانن .. کەچی تا ئەمڕۆش رەگەزپەرستان و نەیارانی ئازادی و ئاشتی ومافەکانی مرۆڤ .. نەیارانی کورد و کوردستان، بە زۆری دەزانن ، بەڵکو ئەوان هیچ مافێکمان پێ رەوا نابینن و، بە شایستەی ژیان و مانمان نازانن ؟!
ئەم گەلانەی کە ئیستا نکووڵیمان لێدەکەن .. کورد چاکە و پیاوەتییەکی زۆری بە سەریانەوە هەیە .. لە هەموو روویەکەوە قەرزاری کوردن .. کەچی ئەوان لە جیاتی پێزانین و سوپاس .. بە داگیرکردنی کوردستان و کۆمەڵکوژی و نامەردی پاداشتمان دەدەنەوە ، کورد وتەنی : ئەوانەی پێمان کردن خێر .. لێمان بوونە بە گورگ و شێر .
گەلی کوردمان قوربانی ناڕەوایی و نادادپەڕوەری و ستەمێکی گەورەی مێژووییە ، کە لە لایەن دەوڵەتە زلهێزەکانەوە لێمان کرا .. بووینە قۆچی قوربانی بەرژەوەندییەکانیان .. پشکی شێری غەدری رێکەوتننامەی ( سایکس بیکۆ ) ی شووم بەر گەلی کوردمان کەوت .. کوردستانیان کرد بە چوارپارچەوە و ، مافەکانی کوردیان پشتگوێ خست .. وا سەدەیەکی تەواوە، ئێمەی کورد گەورەترین باجی ئەو غەدر و تاوانەی ئەو زلهێزانە دەدەینەوە و .. تا ئەمـڕۆش ئەو ستەمە کۆتایی نەهـاتووە و درێژەی هەیـە .. ئەگەر سایکس بیکۆ ئەو ناڕەوایی و ستەمیان لێنەکردینایە و .. بە دەنگ مافەکانی کوردەوە بهاتنایە .. دەبووین بە خاوەنی ( دەوڵەتی کوردسـتان ) ، ئەو هەموو کۆمەڵکوژی و وێرانکاری و دەربـەدەری و ئەنفال و کیمیابـاران و ، ئەو هەموو نەهامەتییانەیـان بەسەر نەدەهێنان .. ئەو تاوانانە دەرهەق بە کورد ناکران، کە تا ئەمڕۆش درێژەیان هەیە .. رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش تووشی ئەم شەڕ و قەیرانانەی ئەمڕۆی نابوو .. وا سەد ساڵی تەواو بە سەر واژۆکردنی ( سایکس بیکۆ ) دا تێپەڕی .. کورد چاوەڕوانی ئەوەیە کە ئەمجارەش ستەمێ لێنەکرێت .. نە رەوایە و نە دەکرێت ، کە داگیرکەرانی کوردستان و ، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ، نەتەوە یەکگرتووەکان .. وڵاتە زلهێزەکان رەنگ و دەنگ و هیوا و خەون و خواستی پەنجا ملیۆن کورد فەرامۆش بکەن .. کە کۆنترین گەلین لە هەموو رۆژهەڵاتـدا .. گەورەترین نەتەوەشین لە جیهاندا کە تا ئەمڕۆ نەگەیشتووین بە مافە نەتەوەییەکانمان و ، نەبووینە بە خاوەنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی خۆمان .. ئەم مافانەش لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکاننەوە رەوایە و، دانیان پێداناوە .. چەند جارێک جەختیان لەسەری کردووە .. ئەو دەوڵەتە داگیرکەرانەی کە کوردستانیان داگیرکردووە ، هەموویان واژۆیان لەسەر رەوایی و یاسایی ئەو مافانەی گەلانی نیشتمان داگیرکراو کردووە .. بەڵام داگیرکەرانی کوردستان بە تەواوی بە پێیچەوانەی هەموو بەڵێن و رێکەوتننامەکانەوەن .. بەبێ شەرمانە و، بە بەرچاوی نەتەوە یەکگرتووەکان و، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە ، دژایەتی هەموو خواستەکانی گەلی کوردمان دەکەەن و، بەبەر چاوی جیهانەوە کۆمەڵکوژیمان لێدەکەن و ، بە ئاشکراش پێشێلی هەموو یاسا و رێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و ، جاڕنـامەی گەردوونی مافەکانی مـرۆڤ دەکەن .
پەنجا ملیۆن کورد کە لە ناوجەرگەی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا دەژین .. ئەگەر بێت و لە دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ، دان بە سەربەخۆیی کوردستاندا نەنرێت و کورد نەبێت بە خاوەنی دەوڵەتی خۆی .. ئەوە ئاستەمە کە ئاشتی و ئارامی لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا بەرقەراربێت .. تا کوردیش نەگات بە مافە رەواکانی .. لەوانەش مافی دامەزراندنی ( دەوڵەتی کوردستان ) ی سەربەخۆ .. نە تورک و نە عەرەب و نە فارسیش ، ناحەسێنەوە و ، ناتوانن بە ئارامی و ئاسوودەیی بژین .. تا رۆژی زووتریش دەوڵەتی کوردستان دابمەزرێت .. قوربانییەکانی کورد و ئەو گەلانەش کەمتر دەبنەوە . هەرگیز کورد لەو گەلانە خۆی بە کەمتر نازانێت .. جا ئەوە ژیری و دلێرییە ، ئەگەر داگیرکەرانی کوردستان بە خۆیاندا بچنەوە و لۆژیکی ئەقڵ بەکاربهێنن و ، دەست لە شەڕ و کوشتن و خوێنڕشتن و ێران کردنی کوردستان هەڵبگرن ، چونکە کێشەی کورد بە ئۆپراسیۆنی سەربازی و شەڕ چارەسەرناکرێت .. شەڕ هێندەی تر کیشەکان گەورەتر دەکەنەوە و ، برینەکان قووڵتر دەکەنەوە ، زیانەکانیش زۆرتر دەکەن .. تەنها چارەسەر ئەوەیە کە بە نێتێکی پاکەوە ، بە گفتوگۆ ، بە ئاشتییانە و ، بڕوا بەیەکترکردن بگەینە ئەنجامێکی سیاسی و یەکجاری .. ئەوسا دەتوانین بڵێین برایەتی و هاوسێتیمان راست و دروستە .. ئەوسا دەتوانین پێکەوە ، بە ئاشـتی و بە ئاسوودەیی و بە ئـارامی بژین .. رابردووی خوێناوی پڕ لە تراژیدیا و کارەساتی جەرگبڕ ، لە یادی نەوەکانی داهاتوومانی بەرینەوە .. تۆی خۆشەویسی و هـاوڕێتی و یەکترقبووڵکردن لە دڵیاندا بڕوێنین .
ئیمەی کورد بۆ ئەم ئاکامە تێکۆشاوین و تێدەکۆشین .. تا ئەم هیوا و ئامانجانەش نەیەنە دی .. ئێمەی کورد شۆڕشگێری نەسرەوت و سەرسەختین و ، درێژە بە خەباتی سیاسی و چەکداریمان دەدەین .. هیچ شتێکیش لە بەردەم بڕوای پۆڵایینمان بە ئەستەم نازانین .. هەردەمیش دەرگای گفتۆگۆ و دانووساندن و چارەسەی ئاشتیمان کراویە .. لە ئەوپەڕی بەهێیزیشماندا .. هەردەم ئێمەی کورد دەستپێشکەربووینە بۆ شەڕ راگرتن و ، گفتۆکردن و بۆ چارەسەری ئاشتییانەی .. تۆپەکەش هەردەم لە گۆڕەپانی داگیرکەراندا ماوەتەوە .. دووبارەشی دەکەینەوە .. کە خەیاڵیان خاوە کە بتوانن بە هێز و بە شەڕ و کوشتن چۆک بە کورد دادەن و ، کورد لە ناوبەرن .. چونکەی ئیرادە و بڕوای قووڵمان بە رەوایی کیشەی گەلەکەمان و .. هیومان بە سەرکەوتنمان .. بەسن بۆ ئەوەی لە رووی گەورەترین و دڕندەترین سوپادا خۆمان بگرین و .. بەرگری لە کوردستانی پیرۆزمان بکەین .. دروشمی ئێمە ( کوردستان یا نەمان ) ـە .
ئەی داگیرکەرانی کوردستان ، بە چاوی خۆتان دەبینن کە کە چۆن پێشمەرگە ئازا و قارەمانەکانی و کوردستان ، بە چەکێکی زۆر سادەوە ، بەڵام بە بڕوایەکی پۆڵایینەوە .. بە دەیان داستانی قارەمانێتی و نەبەردیان تۆمارکرد .. چۆن شکستیان بە ئوستورەی داعیشی بەکرێگیراو هینا و ، رۆژ نییە کە گورزێکی گورچکبڕیان پیا نەکێشن .. هەواڵ و داستانە قارەمانییەتییەکانی پێشمەرگە بوونەتە یەکەمین هەواڵی میدیاکان و ، بوونە بە ماشێتی لاپەڕەی یەکەمی رۆژنامەکان .. وشەی پێشمەرگە بۆتە زاراوەیەکی جیهانی و .. هاوتای ماناکەی ، ئازای و قارەمانییە .. لە کام شوێن و لە کام شۆڕشی کۆن و نوێی جیهانیدا .. کچەکانیان وەکو، شیرە کچانی کوردستان شان بە شانی براکانیان و ، لە سەنگەرەکانی هەرە پێشەوەی بەرگریدا و ، لە ریزەکانی هەرە پێشەوی هێڕشکردن و هەڵمەت بردن و پەلامارداندا ، وا قارەمانانە شەڕیان کردووە ..؟؟ کچانی کوردستان ، دوژمنانی مرۆڤایەتی ، داعشی بێرەوشت و دڕندەیان رسواکردوون و ، کردوویانن بە پەنـدی زەمـانە .. وانەیەکی ئەوتۆیان بە داعش دا ، کە هەرگیز لە یادیان نەچێتەوە . کچـە پێشمەرگە قارەمانەکـانی کوردسـتان ، بوونەتە سومبلی کچـانی شۆڕشگیڕ و قارەمان لە هەموو جیهاندا .. بوونەتە جوانترین وێنەی بەرگ و لاپەڕەکانی گۆڤارە جیهانییەکان .. بوونەتە وێردی سەر زمانی کچانی جیهان .. بەرگی پێشمەرگەی کچان کوردستان .. بۆتە بەرگێکی مودەی تازە و لە زۆر لە وڵاتانی جیهاندا هەندێ لە کچانیان لە هەندێ بۆنەکاندا ، بۆ جوانی جلی پێشمەرگەی کوردستان لەبەردەکەن .
شاعیری و فەیلەسوفی گەورەی گەلەکەمان ( پیرەمـێردی ) نەمرمان راستی وتـووە کە :

تا ئێسـتا رووی نـەداوە لە تەئــریخی میللەتــا
قەڵغانی گوللـە سنگی کچــان بێ لە هەڵمەتــا

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بەهاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت