رەزا شوان : سوودەکانی خوێندنەوەی چیرۆک بۆ منداڵان لە پێش نووستندا . 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چیرۆک کۆنترین و گرنگترین لقە لە لقەکانی ئەدەب ، لە هەموو جۆرەکانی تری ئەدەب باوتـر و بڵاوترە .. لە هەموو هۆکارە ئەدەبی و هونەرییەکانیش زیاتر کاریگەری و رەنگدانەوەی لەسەر ژیانی ئەمڕۆ و داهاتووی مرۆڤدا هەیە . چیرۆکی منداڵانیش ، گرنگترین سەرچاوەی رۆشنبیریی منداڵانە ، گرنگترین هۆکاری پەروەردە و فێرکردن و فێربوونیشە ، یارمەتیی منداڵان دەدات ، بۆ ئەوەی بە دروستی زووتر پێبگەن و ، خێراتر و باشتریش بیر و هۆش و ئەندێشە و بەهـرەکانیان گەشە بکەن  .. هۆکارێکی ئاسانیشە بۆ چاندنی رەوشتی بەرز و رەفتاری راست و دروست .

ئێمە لە ( ٣ / ٤/ ٢٠١٥) دا لە سایتەکاندا لە ژێر ناوی ( دەربارەی چیرۆکی منداڵان ) بە شێوەیەکی گشتی ، باسمان لە سوود و لە گرنگییەکانی چیرۆکی منـداڵان کردووە . لەم نووسینەمدا ، زۆر بە کورتی باس لە گرنگترین سوودەکانی گێڕانەوە یا خوێندنەوەی چیرۆک و هەقایەت بۆ منداڵان لە پێش نووستندا دەکەین .. بەو مەبەستەی کە دایکان و باوکانی خۆشەویست سوودی لێوەربگرن . ئەگەرچی تەکنۆلۆژیا لە هەمـوو بوارەکاندا ، لە شۆڕشێکی داهێنانی دانەبـڕاو دایە و .. رۆژ لە دوای رۆژ داهێنانی سەیر و سەمەرەتر دەبینین .. بێگومان بواری منداڵانیش، تیشک و پشکی لە داهێنان و پێشکەوتن بەرکەوتووە .. لەوانەش ئامێری پلەیستێشن و ئەتاری و مینی ئایپات و، بە دەیان دەزگا و بابەتی دروستکراوی تری یاری بۆ منداڵان . بەڵام تا ئەمڕۆش، چـیرۆک و نـەزیلە و هەقـایـەت و داسـتان و ئەفسانە فـۆلـكلۆرییە رەسەنەکانمان خۆشی و چەژیان کاڵ نەبوونەتەوە .. ئەم چیرۆکانە، لە کوردەواریدا بە ( چیرۆکەکـانی گوێئاگـردان ) یش ناودەبرێن . گەنجینەیەکی زۆر دەوڵەمەند و رەنگینی چیرۆک و هەقایەتی فۆلکلۆریمان بۆ منداڵان هەیە .. لەوانەش : تیتلە و بیبلە ، دەنکە  هەنارە ، کاکـۆڵ زێڕین ، ئەحەی کـۆڕنۆ ، مریشکە قوندە و رێوی ، پیرەژنی جادووبـاز و چەرخ و فەلکە ئەفسووناوییەکەی، کوڕە ئازاکە و ئەژدیهاکە و … هتد .. کە چیرۆکخوان داپرە یا باپیرە یا دایک یا باوک بۆ منداڵەکانیان یا بۆ منداڵانی کوڕەزا یا کچەزاکانیان بە شێوازێکی شیرین و خۆشەوە بۆیان دەگێڕانەوەوە ..  بە دەستەواژەی ( هەبوو نەبوو ) یا (رۆژێک لە رۆژان ) یا ( ساڵـێک لە سـاڵان ) یا ( دەگێڕنەوە و دەڵێن : … ) کۆتاییەکەشی بە ( چەپکێ گوڵ و چەپکێ نێرگز .. مەرگـتان نەبینم هەرگیزا و هەرگیز ) یا( منیش هاتمـەوە و کڵاشـەکانم  دڕا .. هیچــیشم پـێ نەبـڕا ) .. بە پێی هەڵسەنگاندنی ئەمڕۆ بۆ چیرۆکی منداڵان، بەشێکی زۆر لە چیرۆک و لە هەقایەتە فۆلکلۆرییەکان لە رووی بیرۆکە و ئەنجامەوە، بۆ منداڵان ناشـێن و بنەماکان و مەرجە پێویستییەکانی چیرۆکی منداڵانیان تێدا نین .. یا ئەنجامەکانیان بۆ منداڵانی ئەم سەردەمە لەبارنین .  

بۆ نموونە چیرۆکی ( دەنـکە هەنــارە ) کە جادووی تێدایە و، کۆتایی چیرۆکەکەش بە ژیانێکی خۆش بۆ دەنکە هەنارە و بە کۆتایی ژیانی باوەژنەکەی دەنکە هەنارە دێت .. ئەمە وا لە منداڵ دەکات کە بڕوای بە جادووکردن هەبێت .. هەر هەمـان بیرۆکە ، لە چیرۆکی ( پیرەژنی ئەفسوون باز و چەرخ و فەلەکەکەی ) .

چیرۆکی منداڵان گەوهـەرێکی زۆر گران بەهایە .. جیهانێکی پڕ لە خۆشی و شادییە .. جیهانێکە پڕە لە ئەندێشەی ناسک و لە داهێـنان .. کە منداڵان لێی بچـنە ژوورە .. ئیتر حەز ناکەن لێی دەربچـن .. چیرۆک گرنگییەکی زۆری لە ژیانی منداڵاندا هەیە . زانایانی سایکۆلۆژیای منداڵان و پەروەردەکاران و پزیشکانی پسپۆری منداڵان، چیرۆک بە گرنگترینی هۆکارەکانی پەروەردەی کارتێکەر دەزانن .. داواش لە دایکان دەکەن، کە زۆر پێویستە بگەڕێنەوە ، بۆ گێڕانەوە یا خوێندنەوەی چیرۆک بۆ منداڵەکانیان لە پێش نووستندا .. بۆ ئەوەی بە دڵنیایی و دڵشادییەوە بنـوون و .. خەونی ناخۆش نەبینن .

بۆچی چەخت لەسەر ئەوە دەکرێت، کە دایکان چیرۆکەکان بۆ منداڵان بخوێننەوە یا بگێڕنەوە ؟ بێ لایەنگیری و بێ کەم کردنەوەی رۆڵی باوکیش لەم بوارەدا، بەڵام ئەمە راستییەکە و زۆربەمان هـاوڕاین لە گەڵیدا، ئەو سۆز و ناسکی و هێمنی و نەرمی و شیرینی و چەژە سروشتییەی، کە لە دەنگی دایکاندا هەن .. لە دەنگی باوکاندا نین .. زاناکانش دایکان بە توانتر و سەرکەوتووتر دەزانن لە گێڕانەوە و خوێندنەوەی چیرۆک بۆ منداڵان .. لە راپرسییەکی مەیدانیدا، کە لە نێوان ژمارەیەکی زۆری منداڵاندا ئەنجام درا .. لە ( ٦٢ ./. ) ی منداڵان دەنگیان بۆ ئەوە دا ، کە دایکان لە خوێندنەوەی چیرۆکدا باشترن لە باوکان .. لە (٣١ ./. ) يش دەنگیان بۆ باوکان دا .. لە (٧ ./. ) یش دەنگیان بۆ یەکسانی هەردوو لا دا .. لەم راپرسییەدا ، رێـژەی دەنگەکانی دایکان، دوو هێـندەی رێـژەی دەنگەکانی باوکانن .

نووسەری ناسروای ئەدەبی منداڵان ( مایـکل روزبـن ) دەڵێ : ” هـەر لە منداڵیمەوە ، دایکم چیرۆکی بۆ دەخوێندمەوە .. کتێبێکی زۆرم هەن کە دایکم بۆمی خوێندوونەتەوە ، داواشم لێـدەکرد ، کە هەندێکیان دووبـارە و چەند بـارە بۆم بخوێنێتەوە ”  نامەوێت لەمە زیاتر لە سەرناوی نووسینەکەم دوور بکەومەوە، دێمە سەر گرنگترین سوودەکانی گێڕانەوە یا خۆێندنەوەی چیرۆک و هەقایەت بۆ منداڵان لە پێش نووستندا : 

1 – لە دوای رۆژێکی درێـژی پڕ لە کۆشش و لە یاریکردن و لە هەڵبەزینەوە و شەکەت بوون .. لە لۆمە و تووڕەبوونی گەورەکان لە منداڵ .. گێڕانەوە یا خوێندنەوەی چیرۆک بۆ منداڵ ، کارتێکردنێکی ئەفسوونی هەیە .. کە لە حەبی ( ڤالیۆم ) زیاتر کپی دەکاتەوە ، ماسوولەکەکانی و دەمارەکانی و پێڵووی چاوەکانی خاودەبنە .. بە دەنگە پـڕ لە سۆز و شیرینەکەی دایکی .. بە خۆشی و بە دڵنیاییەوە دەنوێت و.. خەونی خۆشیش دەبینێت .

2 – ئەمە یەکەمین هەنگاوی ئەرێنییە .. بۆ ئەوەی هەر لە منداڵییەوە حۆشەویستی و ئارەزووی خوێندنەوە لە دڵە قنـج و پاکەکـانی منداڵاندا بڕوێن و ، خوو بەخوێندنەوەی کتێب و گۆڤارەوە بگـرن و ، ببن بە هـاوڕێی کتێب و .. بە خووگرتووی خوێندنەوە .

3 – لە گێڕانەوە یا خوێندنەوەی چیرۆکدا بۆ منداڵان  .. منداڵان فێری ئەوە دەبن کە بە باشی گوێ بگرن و، بـیر و هـۆش و چـاو و گوێیان لە لای چیرۆکخوێن بێت .

4 – دەتوانن لە رێی گێڕانەوە یا خوێندنەوەی چیرۆکەوە .. پەیامێکی بە سوود و پیرۆزی دیاری کراو بە منداڵان بگەیەنن ، بۆ نموونە چاندنی ( کوردستان پەروەری ) و دڵسۆزی  و هاوبەستەبوون بۆ کورد و کوردستان .. هەستی خۆشەویستی و مرۆڤـایەتی .

5 – چیرۆکەکانی پێش نووستن یەکەمین هەنگاوە ، کە بتوانن لە میانەیانەوە کەسێتییەکی دروستی منداڵان بنیات بنێن و ، بەها رەوشتییە بەرزەکان و جوانەکان لە دڵیاندا بڕوێنن . بۆ نموونە : چیرۆکێ دەربارەی ( راستگۆیی ) ، چیرۆکێ دەربارە ( دڵسۆزی ) ، چیرۆکێ دەربارەی ( نیشتمان پەروەری ) ، چیرۆکێ دەربارەی ( قارەمانێتی پێشمەرگە ) … هتد.

6 – لە رێی خوێندنەوە و گێڕانەوەی چیرۆکەوە، زمانی منداڵان گەشە دەکات و کۆمەڵێک وشە و رستەی تازە فێردەبن و، فەرهـەنگی وشەکانیان دەوڵەمەنتر و رەنگینتر دەبێت ، لە وانەکانی قوتابخانەشدا ، سوودێکی باش لەم وشە و رستە تازانەیان وەردەگـرن .. بە تایبەتی گەر لە وانەی کوردیدا داوایان لێبکەن داڕشتنێک دەربارەی بابەتێک بنووسن .

7 – بە بەخشینی کاتێکتان بە خوێندنەوە یا گێڕانەوەی چـیرۆک بۆ منداڵەکـانتان .. ئەو هەستەیان لا درۆست دەبێت کە خۆشەویستن و بایەخیان پێدەدەن و رێزیـان لێدەگرن .

8 – چیرۆک هێزی ئەندێشە و بیرکردنەوە لە لای منداڵان بەهێز دەکات .. چونکە چیرۆک و هەقایەتەکان ، پڕن لە پەندی خۆش و بەسوود و لە مەتەڵ و لە مەبەست و گرێ .. وا لە منداڵان دەکەن کە بە قووڵی بیر بکەنەوە ، شیبکەنەوە و وەڵامی مەتەڵەکان بزانن و ، گرێکان بکەنەوە و لە چارەسەرکردنی کێشەکان را و بۆچوونیان هەبێ .. بۆیە بە وردی وردی و بە ئارامی ، تا کۆتایی لەگەڵ چیرۆکەکاندا دەڕۆن و گوێ دەگرن .. تا بـزانن دوایی و دوایتر چی روودەدات و، بەسەرهاتەکان دەگەن بە کوێ و بە چی ..؟ ئەمەش یارمەتیی منداڵان دەدات ، بۆ ئەوەی بە شێوەیەی لۆژیکی بیر لە زنجیرەی رووداوەکان بکەنەوە .

9 – گەلێ لە هەقایەت و چیرۆکەکانی پێش نووستن کە دەربارەی کەسایەتییە ناودارەکان و وڵاتان و شوێنە مێژوویەکان و قارەمانانن، وەکو گەنجینەیەکی زانیاریی گشتی وان بۆ منداڵان ، وەکو سەرچاوەش وان ، بۆ ئەوەی ببن بە ئیلهامیان لە داهاتوودا.. بۆ نموونە : چیرۆکی ( بەردە قارەمـان ) کە بۆتە شیوێنەوارێکی نیشتمانی پیـرۆز و ، بە سومبلێک بۆ شۆڕشگێڕێکی کوردستانی ، بۆ یەکەمین مەلیکی کوردستان ( شێخ مەحموود ) ی نەمر یا ( ئەشکەوتی چـەمی رێـزان ) وەکو یەکەمین بنکەی پێشمەرگە قارەمانەکانی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن ، یا چیای قەنـدیل ، چیای ئاگری داغ ، چیرۆکی نەبەردی پێشەوای نەمـر ( قـازی محەمەد ) لە بەردەم سێدارەدا .. پاڵەوانێتی سەرکردەی شۆڕشگێڕ ، شـێرەژن ( قەدەمخـێر )ی کوردستان پەروەر .. داستانی ( دوانگزە سوارەی مەریوان ) و … هتد .

10 – خوێندنەوە یا گێڕانەوەی چیرۆکەکان بۆ منداڵان لە پێش نووستندا،  تێکەڵ بوونی نێوان ئێوەی دایکان و منداڵەکانتان خۆشتر و بەهێزتر دەکەن .. کە لەگەڵ چیرۆکەکەدا بە زەردەخەنەیەکی ناسکەوە دەست بە سەریاندا دەهێنن .. بەم سۆز و گوزارشت کردنە تەزوویەکی سۆز و خۆشی و شادی و خۆشەویستی بە جەستە و دەروونیان دەبەخشن.

11 – گەر چیرۆک خوێندنەوە و گێڕانەوەی پێش نووستن، ببێت بە کارێـکی شەوانەی راهاتووی ئاسایی .. منداڵان لەسەری رادێن .. گەورەشبن خوێندنەوە لە پێش نووستندا دەبێت خوویەک و بە ئارەزوویان .. دواتریش لە هەر کاتێکی گونجاودابێت دەخوێننەوە .

12 – خوێندنەوە یا گێڕانەوەی چیرۆکەکانی پێش نووستن .. منداڵان فێری رۆتین دەکەن ،  بە پێی کات ، نەخشەداڕێژی بۆ ژیان و کارە رۆتینییەکانی رۆژانەیان دەکەن .

13 –  توێژینەوە پراکتیکییەکان ئەوەیان سەلماندووە کە خوێندنەوە یا گێڕانەوەی چیرۆک بۆ منداڵان لە پێش نووستندا، دەروون خـۆشی و زەیـن تیـژی و خەیـاڵ فـراوانی و گەشبینی و بڕوابەخۆبوون و هیواداری و توانای داهێنانیان پێدەبەخشن .. پەیوەندی نێوان دایک و باوک و مامۆستاکانیش زۆر بەهـێز دەکەن . پزیشکی سایکۆلۆژیای ئەمریکی ( ریتـشارد ولفـسون ) کە چەندین کتێبی بۆ منداڵان نووسیوە ، دەڵێ :  لە وانەیە ئاسان نەبێت کە باوکـان و دایـکان ، هەموو شەوێک کاتی رەخساوی تەواویان بۆ خوێـندنەوەی چیـرۆک بۆ منداڵەکـانیان هەبێت .. بەڵام ئەوەی کە پێویستە بیزانن .. کە ساتەکانی چیرۆکی پێش نووستن ، یارمەتیی دروست بوونی پەیوەندییەکی بەهێز دەدەن ، لەگەڵ منداڵەکانیاندا .. رۆڵـێکی گـرنگیشیان لە گەشەکردنی رۆشـنبیری و هۆش و دەروونی منداڵاندا هەیە .  

14 – هەندێ کەس وا دەزانن کە چیرۆکەکانی پێش نووستن تەنها هۆکارێکن بۆ خۆشی خستنە دڵی منداڵان و خاوبوونەوە و خەولێکەوتنیان .. بەڵکو ئەم چیرۆکانە ئاسۆی رۆشنبیری و ئەندێشەیی و بیری منداڵان فراوانتر دەکەن .. منـداڵان وەکو ئیسفەنـج وان ، زۆر لەو شتانەی کە دەیان بینن یا لە گەورەکانەوە دەیان بیستن هەڵیان دەمژن .

15 – چیرۆکەکانی پش نووستن توانای دەربڕین و گوزارشتکردنی منداڵان بەهێز دەکە توانای گفتـوکۆ و دیالـۆگ و رەخـنە و سەرنـج و بۆچـوونیان بەهـێز دەبن .

16 – هۆکارێکی باشن بۆ گۆڕینی رەفتارەکانی منداڵان بەرەو باشتر .. بۆ نموونە ئەگەر منداڵێک گۆشەگـیر بێ .. وای لێدەکات  لەگەڵ کەسانی تردا گفتوگـۆ بکات .. یا ئەگەر منداڵێکی بزێو و زۆر جووڵە بێ ، هێمن دەبێت و دادەنێشێ و گوێ لە چیرۆک دەگرێت .

17 – چیرۆکەکانی پێش نووستن هاندەرەن بۆ ئەوەی کە منداڵان ئەرکەکانی قوتابخانەیان جێبەجێ بکەن ، تا بە خۆشییەوە گوێ لە چیرۆکەکان بگرن و.. بە دڵنیاییشەوە بنوون .

18 –  گەر دایـکان و باوکـان بتـوانن سوود لە چیرۆک و ، لە داڕشتنی چیرۆکـدا ببینن .. دەتوانن یارمەتی منداڵەکانیان بدەن و گرانترین بابەتیش لە بۆتەی چیرۆکدا دابڕێژن و ، بە ئاسانی منداڵەکانیان تێبگەیەنن .. من وەکو مامۆستایەک ، کە سی ساڵ لە قوتابخانەی بنەڕەتیدا، بە تایبەتیش وانەی ( بیرکـاری ) م دەوتەوە .. تا رادەیەکی زۆر ، سوودم لە داڕشتنی بابەتەکانی بیرکاری لە چوارچێوەی چیرۆکی ئاسان و ساکاردا ، گرێدانیان بە ژیـان و ژینگەی خـودی قوتابییەکـانم  وەرگـرت .. گرانـترین بابەتی بیرکاری کە دەمخستە چوارچێوەی چیرۆکێکەوە .. قوتابییەکانم زۆر بە خۆشی و بە شەوق و بە پەرۆشەوە گۆیـان لێدەگرتم و، بابەتەکەیان بە لاوە زۆر ئاسان دەبـوو .. هەر خـودی قوتابییەکانم و کەسانی سادەی گەڕەکەکەیان و ژینگەی نزیکی خۆیانم دەکـردن ، بە هەوێنی چیرۆکەکانم و، بە پاڵەوان و كەسێتییەکانی چیرۆکەکانم .. ئەم ئەزموونەشم بۆ وانەکانی تریش بەکاردەهێنا بۆ ( کوردی ، مێژۆ ، زانیاری ، جوگرافیا ) .. چیرۆک هۆکارێکی باش بوون .. بۆ منی مامۆستای فێرکەر و، بۆ قوتابییە فێرخوازەکانم .

19 – گوێگرتن لە چیرۆک لە لایەن منداڵانەوە .. ئارەزووی نووسينیان دەخرۆشێنێ لەوانەیە بە چیرۆکێک یا پەخشانێک .. گوزارشت لە بیرۆکەکانی خەیاڵیان بکەن .

20 – ئەو شتانەی کە ناوین و قەوارە و جەستەیان نییە و نابینرێن .. دەتوانرێت لە میانەی چیرۆکەوە مناڵان لێیان تێبگەن .. بۆ نموون : ئـازایەتی ، سەرکـەوتن ، دڵسۆزی ، خۆشەویستی ، راستگۆیی ، دادپەروەری ، یارمەتی ، ئـازادی و … هتد .

چـۆن چـیرۆک هەڵـدەبـژێرن ؟

1 – ئەو چیرۆکانەی هەڵیان دەبژێرن و بۆ منداڵەکانتان دەیان خوێننەوە یا دەیان گێڕنەوە لە پێش نووستندا، پێویستە لە رووی ناوەڕۆک و فۆرمەوە بە پێی تەمەنی منداڵان بن :

( * ) منداڵانی (٣ ـ ٦) ساڵان، کە قۆناغی پێش چوونە قوتابخانەیە .. یا قۆناغی باخچەی ساوایانە، پێویستە چیرۆکەکانیان ئاسـان و ساکـاربن، لە رووی زمـان و داڕشـتنەوە .. ئەگەر کتێبێکی چیرۆکتان بۆ ئەم قۆناغە هەڵـبژارد .. پێویستە وشە و رستەکانی کەمبن .. زیاتر بە وێنەی رەنگاوڕەنگ و جـوان رازانرابێتنەوە .. لە ئامۆژگاری و شکیشەوە دووربن .. منداڵانی ئەم قۆنـاغە، حەز بە چیرۆکە ئەندێشەییەکان دەکەن، کە دەربارەی ئـاژەڵ و باڵـندەن .. پێویستە چیرۆکەکان کورتبن و لە ( ٦ ـ ١٠) خولەک تێنەپەڕن .

( * ) منداڵانی (٦ ـ ١٠) ساڵان ، حەزیان لەو چیرۆکە ئەندێشەییانەیە، کە پاڵەوانەکانیان سەرکێش و، لە توانا بەدەرن .. حەزیش بە چیـرۆکی وەرگێـڕاو لە زمانەکانی ترەوە دەکەن ، کە سەرنـج راکێشن و، زانیاری بە سوود و خۆشیان لێوەردەگـرن  .

( * ) منداڵانی (١٠ـ ١٢) ساڵان ، حەزیان بە چـیرۆکی ریالیستی و ئەو چیرۆک و هەقایەتانەیە ، کە پاڵەوانەکانیان کەسانێکی ئازا و جیدین .. حەزیش لە چیرۆکی سەرکێشی و لە داستانە فۆلـکلۆری و میللی و مێـژووییەکانیش دەکەن .. بۆ نموونە چیرۆکەکانی : دوانگزە سوارەی مەریـوان ، قەڵای دمـدم ، کوڕە ئازاکە و ئەژدیهاکە ، کاوەی ئاسنگەر، داستانەکانی پێشمەرگەکانی کوردستان و … هتد .

2 – هەموو دایک و باوکێک چیرۆکنووس نین، تا بە پێی مەرجەکـانی چیرۆکی منداڵان چیرۆکی شیاو بۆ جگەرگۆشەکانیان دابڕێژن .. دەتوانن لە سایتەکانی ئینتەرنێـتدا ، چـیرۆکی گونجاو و بەسوود هەڵـبژێرن .. بە داخـەوە تا ئێستا لە ئینتەرنێتدا، بە زمانی کوردی سایتێکی تایبەتیمان بۆ منداڵانی کوردمان نییە .

3 – دەتوانن لە بەشی منداڵان لە کتێبخانە گشتییەکانی شارەکاندا ، کتێبی چیرۆک بۆ منداڵەکانتان بخوازن باشتریش وایە ( پسوولەی خواستنی کتێب ) بۆ خۆتان یا بۆ منداڵەکانتان وەربگرن .. دەتوانـن چەنـد کتێبێکی چـیرۆکی مـنداڵان بۆ ماوەیەک بەرنەوە بۆ ماڵەوە . لە کتێبخانەکانی ئەوروپادا بۆ ماوەی مانگێکە دەشتوانن دووجار لەسەر یەکتری هەرجارەی بۆ مانگێکی تر تازەی بکەنەوە .

4 – دەتوانن لە نەنکان و باپیرەکان و کەسانی بە تەمـەن، چیرۆک و هەقایەتە فۆلکلۆرییە کوردییەکانمان وەربگرن و ، بۆ جگەرگۆشەکانتانی بگێڕنەوە .

5 –  لە زۆربەی قوتابخانە بنەڕەتییەکاندا، کتێبخانە هەیـە ، کە مامۆستای زمانی کوردی سەرپەرشتی دەکا .. پێویستە قوتابخانەکان قوتابییەکانیان هانبدەن بۆ ئەوەی کتێبی چیرۆکی هەمەچەشنە بخوازن، یا خۆیان بۆیانیان بخوێننەوە .

6 –  پێویستە لە هەر ماڵێکدا کتێبخانەیەک هەبێت .. بەڵکو پێویستە لە ژووری تایبەتی منداڵانیشدا، کتێبخانەیەکی قنج هەبێت .. بە کتێبی چیـرۆکی خۆش بۆ منداڵان و بە گۆڤاری منداڵان و، بە کتێبی هەمە بابەتی ئاسان و رەنگاوڕەنگ بۆ منداڵان بیـڕازێننەوە .. تا لە منداڵییەوە منداڵان هۆگـری خوێندەنەوە ببن و ، کتێب ببێت بە هـاوڕێیان و .. بە سەرچـاوەیەکی رۆشـنبیری و زانیـارییان .

7 – ئەو چیرۆک و هەقایەتانە بۆ منداڵەکانتان هەڵبژێرن ، کە بڕوا و متمانەبەخۆبوون و هیـوا و گەشبینییان پێدەبەخشن و .. بە کۆتاییەکی خۆش و بە سەرکەوتن کۆتاییان دێن ، فێری ئەوەیان دەکەن کە لە ژیاندا شکستی و سەرکەوتن هـەیە .. فێریان دەکەن کە لە  کۆشش و خەباتی بێوچان و خۆڕاگری و کۆڵنەداندا، شتێک نییە کە ناوی ئەستەم بێت .

8 –  ناشبێت دایکان و باوکان تەنها هەقایەت و چیرۆکە کلاسیکی و فۆلکلۆرییەکان بکەن بە سەرچاوەیان .. بە سەدان چیرۆکی ریالیستی و جیهانی سەردەمیانەی تازەش هەن .. کە لەگەڵ ئارەزوو و توانا و حەز و خواستەکانی منداڵانی ئەم سەردەمەدا دەگونجێن .

9 – پێویستە بابەتەکانی چیرۆکە هەڵبێراوەکان :  چاکەخوازی ، راستگۆیی ، دەستپاکی ، نیشتمان پەروەری ، دڵسۆزی ، رێزگرتن ، یاسا سەروەری ، پیاوەتی ، هاوڕێتی ، بەهـا بەرزەکان ، رەوشت بەرزی ، نەریتە جوانەکان ، ئاراستە پەسەندەکانیان لە خۆگرتووبن .  سوکرات دەڵێ : ” پەروەردەی رەوشتی بۆ مرۆڤ .. کرنگترە لە نان و لە جلەکانی .

10 –  بۆ لە کۆڵـکردنەوە .. بە چـیرۆکە تۆمارکراوەکـانی سەر کاسێت و سـیدی ..  یا چیرۆکەکانی یۆتوب .. لە پێش نووستندا ، بەو چیرۆکانە منداڵەکانتان هەڵمەخەڵەتێنن .

11 – هەردەمیش ئەو چیرۆکانە بۆ منداڵەکانتان هەڵبژێـرن .. کە هیـوا و گـەشبینییان  پێدەبەخـشن .. نەک ئەو چیرۆکـانەی کە رەشبـینی و بێ ئومێـدیان پێدەبەخـشن . رەچاوکردنی چەند فاکتەرێک لە خوێندنەوە یا گێڕانەوەی چیرۆکەکان 

بۆ منـداڵان .. لە پێش نووستندا :

1 –  ئێوە لە هەموو کەسێک باشتر منداڵەکانی خۆتان دەناسن، کە لە چی دەترسن و لە چی قارس دەبن و رقیان لێدەبێتەوە .. بۆیە پێویستە ئەو چیرۆک و هەقایەتانەیان بۆ هەڵبژێرن کە خۆشی و شادی دەخەنە دڵییانەوە .. چیرۆکی ترسناک و توندوتیژییان بۆ هەڵمەبژێرن ، یا ئەو چیرۆکانەی ئاژەڵ و دەعبای دڕندە و ترسناکیان تێدایە .. با خەونی ناخۆش نەبینن و ، دووچاری ترس و مۆتـەکە نەبن .. ئەگینا ترسنۆکیان لێدەردەچـن .

2 –  خوێندنەوە یا گێڕانەوەی چیرۆکەکانی  پێش نووستن بۆ منداڵان .. پێویستە دایکان و باوکان یا هەر چیرۆکخوێنێکی تر .. بە شێوەیەکی هونەری و فەنتازی چیرۆکەکان و هەقایەتەکان پێشکەش بکەن . بە پێی رووداوەکانی چیرۆکەکان و رۆڵی کەسێتییەکان ، بە پێی پێویست گۆڕانکاری لە دەنگەکانتاندا بکەن ، دەستپێکی خوێندنەوەی چیرۆکەکان ، بە هێمنی و نەرمی و هێواشی و ، بەرەبەرەش دەنگەکانتان بەرز بکەنەوە .. لە کۆتایی چیرۆکەکانیشدا دەنگەکانتان خاو بکەنەوە .. تا منداڵان هەست بەوە بکەن کە چیرۆکەکە لە کۆتاییەوە نزیک بۆتەوە .. ئەمەو جۆڵەی دەست و سەرتان و گۆڕينی دەموچاویشتان کاریگەری و جەژ بە منداڵانی سەیرکەر و گوێگر دەبەخشن . بۆ نموونە کە رووداوێکی ناکاوی دێتە پێشەوە .. چاوەکانتان بکەنەوە .. یا کە رستەیەکی وەک ( بەرخە جوانەکە باعاندی ) .. دەتوانن ئێوەش لاسایی دەنگی بەرخ بکەنەوە و، بباعێـنن .. بە کورتی پێویستە ئێوەی چیرۆکخوێن یا گێڕەرەوە، وەکو ئەکتەرێکی شانۆیی .. نواندن بکەن .

3 –  باشتر وایە لە ژوورەکانی نووستنی منداڵەکانتاندا، چیرۆکەکانیان بۆ بخوێننەوە یا بگێڕنەوە .. دەبێت ژوورەکانیش ئارام بن .. تەلەفزیۆن و رادیۆ و ئینتەرنێت و هەر ئامێرێکی تری دەنگی بکوژێننەوە .. دەرگاکانی ژوورەکانیشیان بگرن .. بۆ ئەوەی منداڵەکانتان روانین و بیریان لە لاتان بێت لە کاتی پێشکەشکردنی چیرۆکەکاندا .

4 –  ئەگەر منداڵەکانتان، لە هەندێ شەواندا، حەزیان لە خوێندنەوە یا گێڕانەوەی چیرۆک نەکرد .. یا حەزیان لە جۆرە چیرۆکانێک نەکرد .. زۆریان لێمەکەن و ناچاریان مەکەن .. بە هەر حاڵ خوێندنەوە یا گێڕانەوەی چیرۆک لە هەموو شەوێکدا لە پێش نووستن ، دەبێتە خوویەکی دەق گرتووی و بە حەزێکی ئاسایی و رۆتین بە لای منداڵەکانتانەوە .

5 – چاوەڕوانی ئەوەش بکەن، کە لە کاتی خوێندنەوە یا گێڕانەوەی چیرۆکەکاندا .. منداڵەکانتان دەربارەی رووداوەکان یا کەسێتییەکانی چیرۆکەکان پرسیارتان لێبکەن .. ئەمەش خاڵێکی ئەرێنییە .. ئەوە دەگەیەنێت .. کە تێکەڵ بە چیرۆکەکان بوونە و ، بیر و هۆشیان لای ئێوەیە .. یا خۆتان لە میانەی خوێندنەوەی چیرۆکەکاندا پرسیاریان لێبکەن .. بۆ نموونە : لە دوای ئەوە .. لە منداڵەکانتان بپرسن ، بە را و بۆچوونی ئێوە دوای ئەوە چێدەبێت ..؟ یا قەلەڕەشەکە بیری لە چی دەکردەوە .. ؟ .. لەم جۆرە . ئافەرین و دەمخۆشیش لە منداڵەکانتان بکەن .. کاتێک کە را و وەڵامێکی باش و جوان دەدەنەوە .. بەڵام زیادەڕۆیش لە ستایش و لە دەستخۆشی و ئافەرین کردنیان مەکەن . 

6 –  جار و بار لە هەندێ شوێنی چیرۆکەکاندا .. بە ئەنقەست راوەستن و بێدەنگ ببن .. تا منداڵەکانتان پێتان بڵێن، درێـژە بە خوێندنەوە یا گێڕانەوەی چیرۆکەکان بدەن .

7 –  وریابن، ئەو جۆرە چیرۆکانەیان بۆ مەخوێننەوە، کە درۆ و فڕوفێڵ و ناپاکی و ترس و دوژمنکاری و چەقاوەسوویی و دزی و زیدەڕۆیی لە رادەبەدەریان تێدان .. چۆنکە لە جیاتی سوود و بنیاتنان .. زیانیان پێدەگەیەنن .. کاردانەوەیەکی نەرێنیان دەبێت و ، لە رووی دەروونی و رەوشتیشەوە .. منداڵان لە ڕێ دەدەکەن و .. دەیان رووخێـنن .. بۆ نموونە زنجیرە کارتۆنی خەیاڵی ( گرین دایزەر ) یا ( بەرماڵی با ) یا ( پیاوی هەڵفڕ ) یا (سوپەرمان ) یا ( عەلی بابا و چل دز ) یا ( دێوەکە و گۆڕنەتەڵە و براکانی ) و …هتد .

8 – ئەگەر منداڵەکانتان ، داوای دووبارە خوێندنەوەی یا گێڕانەوی چیرۆکێکیان لێکردن .. بێزار مەبن .. بە پێخۆشحاڵییەوە، بە کەمێک گۆڕانکای لە خوێندنەوە و گێڕانەوەیان .. بە چەژ و تامێکی شیرینترەوە .. هەر وەکو ئەوەی کە چیرۆکێکی تازەیان بۆ بخوێننەوە یا بگێڕنەوە .. دووبارە و چەند جارە .. پێشکەشیان بکەنەوە .

9 – لەگەڵ پێکەنین و رووخۆشی و گەشی منداڵەکانتاندا .. ئێوەش وەکو ئەوان پێبکەنن و، رووی خۆتـان خۆش و گەش بکەن .. تا منداڵەکـانتان وا هەست بکەن ، کە ئێوەش بەشداری هەست و نەست و خۆشی و ویژدان و دەروونیان دەکەن .

10 – کۆتایی هەقایەت و چیرۆکەکەکانتان بە خۆشی و نەرمی و ناسکی کۆتایی پێبهێنن . داواش لە منداڵەکانتان بکەن .. کە ئەو مەبەستانە بدۆزنەوە کە ئامانجی چیرۆکەکە بوون .. پەندە جوانەکان و مەبەستە باشەکانیش، بە ژیانی منداڵەکانتانەوە گرێ بدەن .

11 ـ چەند جارێک لە کاتی خوێندنەوە یا گێڕانەوەی چیرۆکەکاندا بە ئەنقەست باوێشک بدەن و .. دەست بە دەمتانەوە بگرن .. وەکو ئەوەی کە خەوتان بێت .. ئەم شـێوازە کاردەکاتە سەر منداڵەکانتان و .. لەوانەیە ئەوانیش خاوببنەوە .

12 ـ لە کۆتایی چیرۆکەکاندا .. لە منداڵەکانتان بپرسن .. ئایا ئەگەر ئێوە لە شوێنی پاڵەوان یا کەسیەتییەکانی چیرۆکەکە بوونایە چیتان دەکرد ..؟ سەرسامن بە کامیان ..؟ لە کۆتاییدا .. وەکو دەڵێن : ” فێربـوون لە منداڵیدا .. وەک نەخشی سەر بەرد وایـە .

بە کلیکێک لەسەر مسبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت