رەزا شوان : لە ئافرەتە ناودارەکانی کورد ئاشیناز بارزانی .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

یەکێک لە ئافرەتە ناودارەکانی کوردی جوولەکە ، زانا و دانا و مامۆستای گەورە و ناوداری کوردمان ، خاتوو ( ئاشیناز بارزانی : 1590 ـ 1670 ز ) کە لە شاری ( مووسڵ ) ی کوردستانی لە باشووری کوردستان لە دایکبووە .

Ashinaz Barzani

کوردستان لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ ، لانکەی ئـازادی و فـرە ئاینی و مەزهەبی و پێکەوەژیان و ئاشتی بووە .. نەیارانی کوردستان پێش دۆستەکـانمان دان بە ئەم راستییەدا دەنێن .. وەکو ئاینی زەردەشـتی ، ئیسلام ، ئێـزیدی ، مەسیحی ، جوولەکە ، کاکـەیی ، بەهـائی .. لە کوردستاندا ، توندڕەوی و دەمارگیریی ئاینی نەبووە و نییە و کورد هەردەم گەلێکی کراوە بووە .. یەکێک لەو ئاینانەی کە تا ئەمڕۆش بە رێژەیەکی کەم لە کوردستاندا بوونی هەیە ئاینی جوولەکـەیە .. بـاوەڕدارانی ئەم ئاینە ، بە ئەوپەڕی ئـازادییەوە ، ئـازادن لە جێبەجێکردنی رێورەسمی ئاینی و جەژنە پیرۆزەکانیان، لە ئەمڕۆدا زیاتر لە (٤٠٠ ) خێزانی کوردی جوولەکە لە کوردستاندا هەن .. بە شێوەیەکی فەرمیش حکوومەت و پەڕلەمانی باشووری کوردستان دانی پێنان و .. ( شێرزاد عومەر مامسانی ) کرا بە بەڕێوەبەری جوولەکەکان ، لە وەزارەتی ئەوقافی کوردسـتاندا .. لە رۆژی دوو شەممە ( 31 ی/ نۆڤەمبەری/ 2015 ) بۆ یەکەمین جاریش لە پارکی شانەدەر لە شاری هەولێر ، لە باشووری کوردستاندا ، یادی تراژیدیـای سەربڕینی جوولەکەکـانی بەغـدا کرایەوە .. ئەوەبوو لە یەکەمین و دووەمین رۆژی ما نگی ( یۆنیۆ/ 1941 ) دا ، لە شاری بەغدا ، ( 100 ) جوولەکەیـان سەربڕی و کوشتیان و ، سەروەت و سامانیشیان تاڵان کـردن .. ئەم تاوانە بە سەربڕینی ( فەرهــود ) ناودەبرێت .. کە تا هەتایە پەڵەیەکی شەرمەزاری و قێزەوەنە بە نێوچەوانی حکوومەت و سوپای عـێراقەوە . لە ساڵانی دواتریش بە تاوانی سیخوڕیکردن ، رژێمی عێراق ژمارەیەک جوولەکەی لە سێدارە دا .
بێگومان بەشی هەرەزۆری جوولەکەکانی کوردستان ، بە رەسەن کوردن و کوردستانین .. کوردن و بە ئارەزووی خۆیان چوونەتە سەر ئاینی جوولەکە .. بەشێکیشیان ئەو جوولەکە رەسەنانەن .. کە ( 2800 ) ساڵ بەر لە ئێستا .. لە لایەن ئاشوورییەکان و ، لە شاڵاوەکانی یەخسیرکردن و دوورخستنەوەی جوولەکەکان لە لایەن ( بابلییەکان ) ـەوە ، بە تایبەتیش لە سەردەمی شای بابلی ( نەبوخەز نەسر ) کە بە زۆر و زۆرداری ، جوولەکەکانیان لە وڵاتی خۆیانەوە لە ( جوولەکەستان .. ئیسرائیل ) ـەوە ، هێنایانیان بو عێراق و ، بە زۆریش بۆ کوردستان .. جوولەکەکان لە هەموو شارەکانی کوردستاندا بوونیان هەبوو ، جوولەکەکان لە شارەکانی کوردستاندا ، پەرستگای ئاینی و گۆڕستانی تایبەتی خۆیان هەبوو .. لەو شارانەش لە : مووسڵ ، کەرکـوک ، هەولـێر ، سلێمانی ، دهۆک ، زاخۆ ، ئامێدی ، کۆیە ، پێنجوێن ، بەرزان ، رەواندوز ، ئاکرێ ، خانەقین ، قووش ، ئامەد ، ئۆرفە ، مێردین ، سلۆپی ، قامیشلو ، سنە ، ورمێ ، کرمـاشان ، هەمەدان ، نەغەدە ، شنۆ و … هتد ، لە چەندین شار و شارۆچکە و دێهاتەکانی تری کوردستاندا جوولەکە هەبوون .. جوولەکەکانی کوردستان بە زمانی کوردی و ، بە زمانی ئارامی دەدوان .. بەپێی جۆر و ستایلی جلوبەرگی ژنان و پیاوانی ئەو شوێنانەی کە لە کوردستاندا لێی دەژیان ، جلوبەرگی کوردییان لەبەردەکرد .. بە خشڵی زیو و بە تەتکە و موورووی کوردەواریش خۆیان دەڕازاندەوە .. نەریت و رەوشتی کۆمەڵایەتییان کوردەواری بوون .. زۆر بێوەی بوون .
بەشێک لەو خشڵ و ملوانکانە و لەو جلە کوردییانەیانەی کە جوولەکەکـانی کوردستان لە بەریان دەکردن و خۆیان پێدەڕازاندەوە ، لەگەڵ کۆمەڵێک وێنەی فۆتۆگرافییان و ، لەگەڵ کۆمەڵێک کەرستە بەکارهێنراوەکانیان .. لە ئێستادا لە مۆزەخانەی شاری ( ئۆرشەلـیم ) ی پایتەختی ئیسرائیل دا ، دانراون .
من قوتابی بووم لە ( قوتابخانەی شۆڕیجەی سەرەتایی ) لە کەرکوک ، لە دووری سەد مەتر لە باکووری قوتابخانەکەمانەوە گوڕستانێکی جوولەکەکان هەبوو ، گۆڕەکانیشیان لە شێوەیەکی شەش پاڵـووی سەنووقیدا بوون ، لە گەچ و قایە دروست کرابوون .. بە داخەوە لە ساڵی ( 1963 ) دا ، لە لایەن رژێمی بەعسی شۆڤینییەوە ئەو گۆڕستانەیان بە شۆفڵ تەختکرد .. تا ئەمڕۆش لە گەڕەکی ( پیریـادی ـ کەرکوک ) کە بە ( گەڕەکی جوولەکەکان ) یش ناویان دەبرد .. کە گەڕەکێکی جوولەکە و کوردنشین بوو ، هەندێ لەخانووەکانی جوولەکەکان تا ئەم دواییەش مابوونەوە و تێکنەدرابوون ، کە هونـەر و نەقشسازی و بیناسازی تایبەتی جوولەکەکانیان پێوە دیاربوون .. بەڵکو ئەو قوتابخانەیەی من لە سەرەتایی لێمدەخوێند لە گەڕەکی ( شۆڕیجە ـ کەرکوک) ، لە نزیکی گەڕەکی پریادی بوو .. دوو خانووی جوولەکەکان بوون دیوار لە نێوانیاندا نەبوو .. لەسەر دیـوار و کۆڵەکەکانیاندا ، نەقشی جـوانیان بەسەرەوە بوون .. زۆربەی جوولەکەکانی کەرکوک و شارەکانی تری کوردستان لە ساڵی (١٩٤٨) دا ، کە دەوڵەتی ئیسرائیل دامەزرا ، لە لایەن حکوومەتی عێراقـەوە ، فشار خرایە سەر جوولەکەکانی کوردستان و عێراق .. ماڵ و سامان و دوکان و خانووەکانیان بەجێهێشتن و کۆچـیان بۆ ئیسرائیل کـرد .. بەشێکی زۆری جوولەکەکـانی کوردستان حەزیان ناکرد کۆچ بکەن ، پێان خۆشبوو کە لە کوردستاندا بمێننەوە .. تا ئەمڕۆش چەندین خـێزانی کوردی جوولەکـەی کوردڕەسەن و ، جوولەکەڕەسەن ، لە شارەکانی رۆژهـەڵاتی کوردستاندا ماونەتەوە .. ژمارەیەکی زۆر کەمیان بوون بە ئیسلام .
تا ئەمڕۆش لە شارەکانی کوردستاندا ، شوێنەواری پەرستگا و گۆڕی هەندێ لە پێغەمبەرەکانی جوولەکەکان ماونەتەوە ، لەوانەش گۆڕی ( دانیال ) پێغەمبەر لەسەر قەڵاکەی شاری کەرکوک ، هەر بە تەنیشتی گۆڕێ دانیالەوە ، گۆڕێ پێغەمبەر ( شادراخ ) یا (حەنین) هەیە .. گۆڕی یۆنان ( یونس ) پێغەمبەر لە شاری مووسڵ .. گۆڕی ( ناحـوم ) پێغەمبەر لە شارۆچکەی قـووش .. گۆڕی ( ناسانیل ) و ، گۆڕی ( شمۆئیل لاوی بـارزانی ) لە شاری ئامـێدی ، ( گەڕەکی جوولەکەکان ) لە شاری سلـێمانی ، ( ئاستەر ) و ( مۆردوخای ) لە هەمەدان ، ( حەباکۆک ) لە ( تویسرکان ) ، ( دوو پەرستگا ) ش لە شاری سنە و … هتد .
جوولەکەکان زۆر ئیشکەر و چالاک و دەست رەنگین بوون ، دانامان و هەموو ئیشێکیان دەکرد .. کشتوکـاڵ، و شوانکاری ، بازرگـانی ، ئاژەڵـداری ، پیشەزای ، دارتاشی ، دوکـانداری ، بەرگدوووری ، رستن و چنین و تەونکاری و … هتد . تێیاندا هەبوو فرۆشیاری گەڕۆک بوون ، بابەتی منداڵان و ژنانیان دەفرۆشتن و، بە سواری ئەسپ دێ بە دێی کوردستان دەگەڕان و ، شتەکانیان بە پارە و گەنم و جۆ دەفرۆشتن ، پێیان دەوتن ( دێـوەرە ) .. جوولەکەکانی کوردستان ، گەورەتـرین رەوەنـدی جوولەکە بوون لە جیهانـدا ، لە دەرەوەی ئیسرائیل دا . بەشێکی تری لەو جوولەکانی کە لە کوردستاندا مابوونەوە ، لە سەرەتای نەوەتەکانی سەدەی رابردوودا بەشێکی تریان چوون بۆ ئیسرائیل .. لە ئێستادا زیاتـر ( 250 ) هـەزار کوردی جوولەکە لە شارەکانی ئیسرائیل دا دەژین .. لەم ژمـارەیەش ( 125 ) هـەزاریـان ، لە شاری ( ئۆرشەلیم ) ی پایتەختی ئیسرائیل دەژین .. تا ئەمڕۆش بە تەمەنەکانیان بە زمانی کوردی و ئارامی لە ماڵەوەدا دەدوێن و ، لەسەر داب و نەریتی رەسەنی کوردی ماونەتەوە و ، ساڵانەش بە جلوبەرگی کورییەوە ، ئاهەنگی جەژنی نـەورۆز دەگێڕن و ، گۆرانی و بـەزم و هەڵپەڕکێی کوردی سازدەکەن و .. خواردنی کوردیشیان زۆر بەلاوە پەسەندە .. شانازیش بە کولتوور و بە نەریتی کوردی و ، بە یادەوەرییەکانی کوردستانەوە دەکەن .. شایەنی باسیشە بە دەیان سەرکردەی پایەبەرز و پلە باڵا و ، ناوداری خـاوەن بڕوانامەی دکتۆرا و ، سیاسەتمەدار و ناسراوی جوولەکەکان ، لەو کوردە جوولەکانەن کە لە کوردستاندا لە دایکبوونە .. سەرۆکی دەوڵـەتی ئیسرائیل، لە لیدوانێکیدا وتی : ( جوولەکەکـانی کوردسـتان لە ئیسرائیلدا ، شارەزاترین هۆزی جوولەکەن لە کشتوکاڵدا لە هەموو جیهاندا ..) بەشێکی زۆری کوردە جوولەکەکانی ئیسرائیل حەزدەکەن بگەڕێنەوە بۆ کوردستان .
دێینە سەر سەرناوی باسەکەمان ، زۆر بە کورتی ئافرەتێکی ناوداری کوردی جوولەکەتان پێدەناسێنین .. کە ناوی ( ئاشیناز بارزانی ) یە .. لە سەرچاوە عەرەبییەکاندا بە ( ئاسینات بارزانی ) ناویان بردووە .
خاتوو ئاشیناز بارزانی کە لە ساڵی ( 1590 ـ 1670 ز ) ژیاوە .. لە شاری مووسڵ لە باشووری کوردستان لە دایک بووە .. ئاشیناز ، کچی زانا و دانا و مامۆستای بە ناوبانگ رابـی ( شمۆئـیل ناسانیل لاوی بـارزانی ) یە .. کە کوردێکی جوولەکە بوو ، پیاوێکی زۆر ئـازابوو ، دانـا بوو ، زانایەکی زۆر بە ناوبانگ و ، مامۆستایەکی شارەزابوو لە ئاین و لە شەریعەتەکانی جوولەکەدا .. لە بارەی کتێبی تەوراتی پیرۆز و تیلمودا ، زۆر شارەزابوو ، ( تیلـمود : لە دوای تەورات ، گرنگترین کتێبی ئاینی جوولەکەیە ، کە کۆمەڵێک رێنمایی و شەریعەت و دەستوور و نەریتە باوەکانی جوولەکە و ، فەلسەفەی ئاینی و ژیانی لە خۆ گرتووە ، تیلمود کتێبێکە بۆ فێرکردنی بنەماکانی ئاینی جوولەکە ) .. شمۆئیل بارزانی سەرۆک و خۆشەویستی هەموو جوولەکەکانی کوردستان بوو ، دامەزرێنەری ( یەشیبا ) ی واتە قوتابخانەی ( تیلمودی ) بوو لە شاری مووسڵ ، یەکەمین سەرۆک و یەکەمین مامۆستای قوتابخانەکەش بوو . شمۆئیلی زانا و مامۆستا ، کە رابەرێ ئاینی جوولەکەکانی کوردستان بوو ، زۆر بە شار و بە شارۆچکەکان و بە دێیەکانی باشووری کوردستاندا گوزەری دەکرد .. بۆ بەسەرکردنەوەی جوولەکەکان و رێنماییکردنیان .. جوولەکەکانی کوردستان شمۆئیل بارزانیان زۆر خۆشدەویست و ، زۆر رێزیان لێدەگرت ، بە میری خۆیان دەزانی . گۆڕی ئەم زانا کوردە جوولەکەیە لە شاری ئامێدی یە .
( ئاشیناز شمۆئیل بارزانی ) کچێکی جوان و ، شیرین دوو بوو ، زۆر زیرەک و و بلیمەت و دانا و زانا بوو .. ئاشیناز لە شمۆئیلی باوکییەوە فێری خوێندنەوە و نووسین و ، بنەماکانی ئاینی جوولەکە و ، خوێندنەوەی تـەورات و تیلـمود و بوو .. فێری شیکردنەوە و لێکدانەوەی پەند و نهێنییەکانی کابالا بوو ( کابالا : بیروباوەڕێکی رووحـانی و فەلسەفیـیە ، ژیـان و گـەردوون و خـواوەنـدی شیدەکاتەوە ، بڕوانـامەیەکە ، کە هانی مرۆڤ دەدات بۆ کارکردن ، یا دینداری کردن، یا شتێکی لەم بابەتانە ..)، ئاشیناز وەکو زیرەکترین قوتابی هەر لە قوتابخانەکەی باوکیدا درێژەی بە خوێندن دا .. لە باوکییەوە فێری زانیارییەکی زۆر بوو .. تا رادەیەک کاریگەریی باوکی لە ژیانیدا رەنگی دایەوە .
حاخام ( یاکوب ئابراهام میزراحی ئامێدی ) ی کورە مامی ئاشیناز، کە خەڵکی ئامێدی بوو ، مامۆستا و زانایەکی گەورە بوو .. سەرۆک و مامۆستای یەشیبا ( قوتابخانە ) ی ئامێدی بوو .. خوازبێنی ئاشینازی لە باوکی کـرد .. باوکی ئاشیناز ، مەرجی رازی بوونی بۆ دانـا .. مەرجەکەشی ئەوە بوو ، کە نابێت ئاشینازی کچی بە کار و ، بە ماڵدارییەوە سەرقاڵ بکرێت .. پێویستە درێژە بە خوێندنەکەی بدات و ، کابـالا و تیلمود بخوێنێتەوە ، بە وانەوتنەوەش خۆی سەرقاڵ بکات .. ئاشیناز بەم مەرجە شووی بە ( یاکوب ئامێدی ) ی پسمامی کرد .. کوڕێک و کچێکیان بوو .. حاخام ( یاکوب ئابراهـام ئامێدی ) بوو بە سەرۆکی قوتابخانەی ( یەشیبا ) ی تیلمودی لە شاری مووسڵدا .. ئاشینازی هاوسەریشی لە هەمان قوتابخانەدا بوو بە مامۆستا و ، وانـەی دەوتەوە .
لە تەمەنێکی بچووکدا ( یاکوب ئابراهام ئامێدی ) کۆچی دوایی کرد .. ئاشیناز بەرپرسێتی خێزانی کەوتە ئەستۆ .. بووش بە سەرۆکی یەشـیبای مووسڵ . ئاشیناز یەکەمین ئافرەت بوو لە مێژووی هەموو جوولەکەکانی جیهاندا ، کە بۆ یەکەمین جار لە کوردسـتاندا ، بوو بە سەرۆکی یەشیبای تیلمودی بەناوبانگ . ئاشیناز قوتابخانەکەی زۆر پێشخست و ، بوو بە زانستگایەکی ئاینی بـەرزی جوولەکەکان لە کوردستاندا ، چەندین قوتابی لەسەر دەستی ئاشیناز پێگەیشتن و ، کارگەریی لە سەریان هەبوو .. لە دوای مردنی باوکیشی، ئاشیناز هەموو کارە ئاینییەکان و زانستییەکانی باوکی بەڕێوەدەبرد .
ئاشیناز بە یەکەمین ئافرەتی مامۆستای تەورات لە کوردستاندا ناسراوە .
ئاشیناز، مامۆستایەکی گەورە و زانایەکی بلێمەت و شارەزایەکی بە توانا بوو لە راڤەکردنی تەورات و تیلمود و ، لە شەریعەتەکانی ئایینی جوولەکەکان دا .. بۆ چارەسەرکردنی گرفت و کێشە ئاینییەکانیان ، راوێژیان پێدەکرد .. ئامۆژگاری و رێنمایی و چارەسەری پێویستی بۆ دادەنـان .
ئاشیناز وەکو باوکی ، بێ ئەوەی گوێ بە مەترسی و، بە سەختی رێگاکان بدات ، سەردانی زۆربەی شار و شارۆچکە و، ئەو دێیانەی باشووری کوردستانی کرد ، کە رێژەیەکی زۆری جوولەکەیان لێبوون .. سەردانی پەرستگاکان و قوتابخانە ئاینییەکانیانی دەکردن و ، ئامۆژگاری و رێنمایی پێویستی دەکردن . جوولەکەکان زۆر ئاشینازیان خۆشدەویست و ، زۆر بە گەرمی و شکۆداری و ، بە ئەوپەڕی رێزەوە پێشوازی شایستەیان لێدەکرد و، بەخێرهاتنیان لێدەکرد .
ئاشیناز بارزانی بە بۆنەی ( جەژنی سەری ساڵی جوولەکەکانەوە ، سەردانی شاری ( ئامێدی ) لە باشووری کوردستان کرد .. شاری ئامێدی بە پایتەختی جوولەکەکانی کوردسـتان ناودەبرا .. خەڵکی ئامێدی پێشوازییەکی گەرمیان لە ئاشیناز کرد .. لە ئامێدی لە شەوی جەژنی جوولەکەکان دا ، لەبەر تریفـەی مانگەشەودا .. بە بەشداری خاتوو ئاشیناز، جوولەکەکانی شاری ئامێدی ، بە جلوبەرگی کوردییەوە ، ئەو شەوە تا بەیانی زەماوەند و ئاهەنگێکی شایستە و زۆر خۆشیان لەگەڵ خاتوو ئاشینازدا گێـڕا .. گۆڕی باوک و گۆڕی باپیری ئاشیناز ، هەر لە پەرستگای شاری ئامێدی دایە .. بەڵام دەربارەی شوێنی کۆچی دوایی ئاشیناز و گۆڕەکەی لە کوێ دایە .. هیچ زانیارییەکم بەرچـاو نەکەوت .. لەوانەیە هەر لە شاری مووسڵدا، کۆچی دوایی کردووبێت .
شایانی باسیشە ( ئاشیناز بارزانی ) شاعیرێکی بە تواناش بوو ، لە شاعـیرە ئافرەتە هەرە لە پێشینەکانە .. ئاشیناز بە زمانی ئارامی شیعرەکانی دەنووسی ( ئارامی زمانی بەشێک لە جوولەکەکانی کوردستان بوو .. زمانی ئارامی پڕە لە وشەی تێکهەڵکێشی کوردی و عیبری و فارسی و عەرەبی ) ئاشیناز بەم زمانە شیعرێکی درێژی لاواندنەوەی نووسیوە .. نەک هەر لە کوردستان دا ، بەڵکو لە هەموو رۆژهەڵاتدا ، لەو سەردەمەدا ، ئەوە شتێکی دەگمەن بووە ، کە ئافـرەت ببێت بە شاعـیر و ، شیعر بنووسێت و .. بڵاوی بکاتەوە .
جوولەکەکان نازناوی ( تەنائیب ) یا ( رابی ) یان بە ئاشیناز بارزانی بەخشی .. ( تەنائیب : واتە مامۆستای تەورات ، زانا و بلیمەت ، توێژێنەر و ، شارەزای تیلمود ، ئاینـزانی ئاینی جوولەکە ) .. ئاشینازی کوردستانی ، یەکەمین ئافرەتی جوولەکەیە ، لە مێژووی هەموو جوولەکەکانی جیهاندا ، کە ئەم نازنـاوەیـان پێبەخشیبێت .. چونکە ئەم نازناوە تەنها بۆ رابینە پیاوەکان ( بۆ مامۆستایانی زانا و باڵای ئاینی جوولەکە ) قورخکرابوو .. ئەو شتێکی جیاوز و دەگمەن بوو .. کە ئاشیناز شایانی ئەم نازناوە باڵایە بێت و پێیببەخشن .. تا ئێستاش تەنها ئافرەتەتی جوولەکەیە لە هەموو جیهاندا ، کە ئەم نازناوەی پێدرابێت .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەت ئاشنا بکە بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت