رەزا شوان: هونەری پەروەردەی منداڵان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کوردیلە شیرین و چاوگەشەکانی ئەمڕۆمان. هیوای داهاتووی کوردستانن.  بەنرخترین سامان و سەرمایەی گەلەکەمانن. کە لە سامانی نەوت و زێڕ و لە هەموو لە سامانێکی تریش زۆر گرنگترن و بەنرخترن.
لە هەموو جیهاندا و لە هەموو سەردەمێکدا، منداڵان هێمای جوانی و بێتاوانی و دڵپاکی و راستگۆیین، ئەوەی کە لە دڵیان دایە هەر ئەوەیە کە لەسەر زاریان دایە.  جیهانی منداڵان جیهانێکی زۆر سەیر و سەمەرە و پاک و بێگرد و بێ تەمە. جیهانێکی بێ  فڕوفێڵ و بێ پێچ و پەنایە.  منداڵان رق و کینە و بوغز و دوژمنایەتی نازانن. درۆ و دەلەسە و هەڵخەڵەتاندن نازانن. جیهانێکی زۆر سادە و ساکاری خاکییان هەیە.  جیهانێکی وەنەوشەیی پڕ لە سۆز و لە رێز و لە خۆشەویستی و خۆشبڕواییان هەیە. جیهانێکی پڕ لە رازی شیرین و لە نیازی پاک و لە خەیاڵی فراوان و لە خەون و لە هیوای سەوز و لە گەشبینییان هەیە. جیهانێکی پڕ لە زەردەخەنەی ناسک و پێکەنینی شیرین و لە بەزم و رەزم و یاری و خۆشییان هەیە.
پێویستە گەورەکان بەر لە ئازادی منداڵان نەگرن و، ئەم جیهانە خۆشەیان لێ تاڵ نەکەن و لێیانیان تێکنەدەن. بێگومان خۆشترین قۆناغ لە ژیانی مرۆڤدا قۆناغەکانی منداڵین.

ئامانج لە پەروەردەی منداڵان ئەوەیە کە یارمەتی منداڵان بدەین، بۆ ئەوەی بە دروستی گەشەبکەن و بە جوانی پێبگەن و بە باشی رەفتار و هەڵسوکەوت بکەن و، کۆمەڵایەتی بن و، کەسێتیی دروستی بڕوا و متمانە بە خۆیان لێبێنە ئاراوە، بتوانن پشت بە توانا و بە بەهرەکانی خۆیان ببەستن و، هەست بە بەرپرسێتی بکەن و، پەیوەندبن بە بەها جوان و پیرۆزەکان و، بە دەستوورەکانی ژیانەوە. دووربکەونەوە لە شتە نەرێنییەکان و نزیک ببنەوە لە ئەرێنییەکان. تا لە داهاتوودا ببن بە تاکی دروست و سودبەخشی کۆمەڵگاکانیان.. زۆربەی تيۆرە پەروەردەییەکان بۆ ئەم ئاماجانە هاتوونەتە کایەوە.
جۆن دێوی دەڵێ: منداڵ ئەو خۆرەیە کە هەموو دەزگا پەروەردەییەکان بە دەوریدا دەسووڕێنەوە.

پەروەردەی منداڵان، هونەر و زانستییە، ئەرکێکی یەکجار گرنگ و پیرۆز و هەستیارە.
ئەفلاتوون دەڵێ: هونەرێکی تر بوونی نییە کە لە پەروەردە بەرزتر و پیرۆزتر بێت.
ئەوەش دەزانین کە پەروەردەی منداڵان کارێکی  هەڕەمەکی ئاسان و بەڕێکردن نییە.. بێ ئەرک و ماندووبون نییە.. بەڵام کارێکی ئەستەمیش نییە.. گەر بە دڵسۆزی و بە بەڵەدی و بە پشوودرێژییەوە ئەم ئەرک و خزمەتە گرنگ و پیرۆزە لە ئەستۆبگرین.. سەرکەوتوو دەبین و دەتوانین لە هەموو روویەکەوە نەوەیەکی دروست و رۆشنبیر و خێربەخش پێبگەیەنین. داهاتوویەکی باشتر و شایستەتریش دەستەبەربکەین. گەر بمانەوێت شۆڕشێکی چاکسازی و گۆڕناکاری و تازەگەری بەرپابکەین. پێویستە لە کوردیلەکانمانەوە دەست پێبکەین. پرۆگرامەکانی فێرکردن و پەروەردەکردن بگۆڕین. مامۆستاکان بە پەروەردەی نوێ و بە رێبازە تازەکانی وتنەوەی وانە ئاشنا بکەین.
ئەرستۆ دەڵێ: رەگی پەروەردە تاڵە. بەڵام بەرەکەی شیرینە.
کوردیش دەڵێ: منداڵ شیرینە.. بەڵام پەروەردە شیرینترە.
شایەنی باسیشە هەردەم جەخت لەسەر ئەوە راستییە دەکرێتەوە، کە بە پلەی یەکەم پەروەردەکردنی منداڵان لە ئەستۆی دایکاندایە.. دایکان گرنگترین و کاریگەرترین رۆڵیان هەیە لە پەروەردەکردنی دروستی منداڵەکانیاندا، زیاتریش لە باوکان دەتوانن نازی منداڵەکانیان بکێش.. دایکان یەکەمین مامۆستایانی منداڵانن.. ئەوەی لە باوەشی دایکانیاندا فێریان دەبن، ئەوەی لە دایکانیانەوە وەریان دەگرن هەرگیز لە یادیان ناچنەوە.. بۆیە پشکی شێری شانازی و پێزانین، لە پەروەردەکردنی دروست و لە پێگەیاندنی منداڵان بە باشی، لە رووی لەشساغی، دەروون ئاسایی، کۆمەڵایەتی،  رەوشتی و رەفتارییەوە، بەر دایکان دەکەون.
کیـم ئیـل سۆنگ دەڵێ: مرۆڤە هەڵکەوتووەکان، هەمیشە ئەوانەن کە لە لایەن دایکانیانەوە بە باشی پەروەردەکراون.
ناپلیۆن یش دەڵێ: داهاتووی منداڵ. بەندە بە دایکییەوە. مەبەستیش ئەوە نییە کە رۆڵی باوکان بە کەم بزانین. نەک تەنها لە مرۆڤدا، بەڵکو لە هەموو بوونەوەرەکانی کەشدا ئەرکی بەخێوکردن و پەروەردەکردن بێچووەکان لە ئەستۆی دایکانیان دایە.

پەروەردە کەسایەتی و نەوەی داهاتوو بنیات دەنێت. منداڵان بۆ ژیانی ئەمڕۆ و داهاتوو لە هەموو بوارەکاندا ئامادە دەکات. بۆ داهاتوویەکی گەشتر و بۆ ژیانێکی خۆشتر و بۆ جیهانێکی ئاسوودەتر. بۆ پێکەوەژیان و ئاشتی و تەبایی و سازان لەگەڵ یەکتریدا.

ماڵەوە یەکەمین قوتابخانەی منداڵە، خێزانیش یەکەمین دامەزراوەی پەروەردەییە و بەردی بناغەی کۆمەڵگایە. منداڵ لە ناو خێزاندا چاوهەڵدێنێ و فێردەبێ و وەردەگرێ تا ئەو کاتەی پشت بە خۆی دەبەستێ و تاقیکردنەوە ئەنجام دەدات و، بەهرە و تواناکانی خۆی دەسەلمێنێت. کەواتە خێزان رۆڵێکی سەرکیی هەیە لە فێرکردن و لە گەشەکردن و لە پەروەرەدەکردنی منداڵاندا. دواتر رۆڵی دامەزراوەی پەروەردەیی دووەم دێت کە قوتابخانەیە، دینەمۆی قوتابخانەش مامۆستاکانن، کە تەواکەری پەروەردەی ماڵەوە و خێزان. هەندێ لە مامۆستایان لە قوتابخانە بنەڕەتییەکاندا، بایەخێکی زیاتر بە فێرکردن دەدەن و کەمتر بایەخ بە لایەنی پەروەردەیی دەدەن. لە کاتێکدا پەروەردە لەپێشترە لە فێرکردن. باخچەی ساوایان و قوتابخانە بنەڕەتییەکان رۆڵێکی زۆر گرنگ و سەرەکی و کاریگەریان هەیە لە پەروەرەکردنی دروست و لە ئاراستەکردنی راست و لە راهێنانی پێویستی منداڵاندا، کە بە پێی پرۆگرام و سیستم و رێبازە تاقیکراوە سەرکەوتووەکان، منداڵان فێردەکەن و پەروەردەیان دەکەن. رۆڵیان لە رۆڵی ماڵەوە و خێزان کەمتر نییە.
نووسەری بە ناوبانگ (ڤیکتۆر هۆگۆ) دەڵێ: ئەوەی دەرگای قوتابخانەیەک بکاتەوە.. دەرگای گرتووخانەیەک دادەخات.
بێجگە لە خێزان و لە قوتابخانە هەریەکەش لە، شەقام، کتێبخانە، کۆمەڵگا، راگەیاندن و میدیاکانیش رۆڵ و کارتێکردنیان لەسەر پەردوەردە و رۆشنبیریکردنی منداڵان هەیە. لە پەروەردەی نوێدا، منداڵان تەوەری سەرکین، ئازادیکی زیاتریان هەیە بۆ ئەوەی بەهرە و تواناکانیان دەربخەن و، خۆیان تاقیکردنەوە ئەنجام بدەن و، پەند و وانە لە سەرکەوتنەکانیان و لە هەڵە و شکستییەکانیان وەربگرن و هەڵەکانیان راستبکەنەوە.

لەم سەردەمەدا، رۆشنبیری و زانستی و زانیاری و بلیمەتی و زۆرزانی و داهێنان، بوونەتە چەکێکی ستراتیژی جیهانی و رۆڵێکی گرنگیان هەیە، لە جەنگی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فێرکاری و پەروەردەیی و کێبڕکێ  پێشکەوتن و رۆشنیرکردنی منداڵان بە دروستی.. هەموو ئەمانە دەبنە مایەی ژێرخانی گەشەکردن و داهێنان و پێشکەوتن.

لە ئەمڕۆدا، پێشکەوتنی گەلان بەوە پێوانە دەکرێت، کە تا چ رادەیەک بایەخیان بە گرنگی فێرکردن و بە پەروەردەی دروست و بە راهێنان و ئامادەکردنی منداڵەکانیان داون، لە پێناوی ئایندەیەکی باشتر و گەشتردا.. ئەوان لەم روانگەیەوە لە منداڵەکانیان دەڕوانن کە: (منداڵان بەشێکن لە ئەمڕۆ و.. هەموو داهاتووشن..)

منداڵانی ئەمڕۆمان لە سایەیەی شۆڕشی تەکنۆلۆژیا و داهێنانی بە دەیان بابەتی سەیر و سەمەرەی وەکو (ئینتەرنێت، پلەیستێشن، ئایفۆن، ئایپاد، کتێب و گۆڤاری رەنگاوڕەنگ، سینەمای منداڵان،… هتد) لە منداڵانی سەدەی بیستەم، جیاوازترن و بەختەوەرترن، ژیر و بلیمەت و چاوکراوە و زۆرزانتر و رۆشنبیرترن، خەیاڵ بڵاوتر و بیر قوڵترن، خەون و هیوا و خواستەکانیشیان هەمان خەون و هیوا و خواستەکانی منداڵانی پێش خۆیان نین.. بۆیە پێویستە ئەو کەس و دەزگایانەی ئەرگی فێرکرد و پەروەردەکردنی منداڵانیان لە ئەستۆ گرتوون، ئەو راستییانە لەبەرچاو بگرن و، لە ئاستی پەروەردەی نوێدا بن.

لەم پیۆدانگە، پێویستە هەموو ئەو کەسانە و لایەن و دەزگا پەروەردەییانەی کە منداڵان فێردەکەن و پەروەردەیان دەکەن و، بە هزری بەرز و سوودبەخش زاخاوی هۆشیان دەدەن و رۆشنبیریان دەکەن، وکو ( دایکان و باوکان، مامۆستاکان، نووسەران، شاعیران، هونەرمەندان، راگەیاندکاران، میدیاکان،…هتد) هەست بەوە بکەن کە چ ئەرکێکی پیرۆز و قورس و هەستیاریان لە ئەستۆ گرتوون، هەر هەڵەکردنێک لە پەروەردەکردنی منداڵاندا کارەساتێکی نەخوازراو بە دوای خۆیدا دێنێت.
ئەلیزابێت ماخ دەڵێ: لە کاتی ئەنجامدانی پەروەردەی منداڵاندا، هەر هەڵەیەک بکەین دەبێتە هۆی دۆڕاندنی جەنگێک کە لە پێناوی دواڕۆژێکی باشتردا دەستمان داوەتێ.

پێویستە دڵسۆزانە و کوردانە و سەردەمییانە کوردیلەکانی ئەمڕۆمان پەروەردەبکەین، بە کوردایەتی گۆشیان بکەین، تا شانازی بە ناسنامەی خۆیانەوە بکەن، بە سۆز و خۆشەویستی و هاوبەستەبوون بۆ کوردستانی نیشتمانی شیرینمان پەروەردەیان بکەین.. هەمیشەش گەشبینی و بڕوا و هیوای سەرکەوتن بخەینە دڵە قنجەکانیانەوە.. ئەمانەش لە ئامانجە گرنگەکانی پەروەردەی دروستی منداڵانن.. کوردیلە چاوگەشانەی ئەمڕۆمانن، کە لە سبەینێدا دەبنە: شاسوار و شۆڕەسواری مەیدانی کوردایەتی و مەردایەتی و، ئاڵای سەربەخۆیی کوردستان بەرزدەکەنەوە.. ئەم کاکەلە روحسووکانەی ئەمڕۆمانن لە سبەینێدا، دەبنە پیاوانی مێرخاس و جوامێر و دلێر و بوێر، بە باوکانی دڵسۆز. ئەم خونجەگوڵە گەشانەی ئەمڕۆمانن لە سبەینێدا، دەبنە شۆڕەژنانی خان و مان و، بە شیرەژنانی ناوداران و، بە دایکانی میهرەبان و بەسۆز. هەر کوردیلەکانی ئەمڕۆمانن کە لە سبەینێدا، شکۆداری نەتەوە و نیشتمانەکەمان دەپارێزن. کوردیلەکانی ئەمڕۆمانن لە سبەینێدا، هەموو کاروبارێکی کوردستان دەگرنە دەست و بەڕێوەیان دەبن. کوردیلەکانی ئەمڕۆمانن، دەبنە، دەسەڵاتدار و کارگێڕ و فەرمانڕەوا.. دەبنە رابەر و سەرکردە و پێشەوا.. دەبنە نووسەر و شاعیر و رۆشنبیر و راگەیاندنکار و  سیاسەتمەدار و هونەرمەند.. دەبن بە زانا و دانا و بیرمەند. دەبن بە پەڕلەمانتار و وەزیر و بەڕێوەبەر. دەبنە باڵیۆز و نوێنەری کورد و کوردستان و، دەنگ و رەنگی کورد بە جیهان دەگەیەنن و، چەپکە نیرگزی خۆشەویستیش پێشکەش بە گەلان دەکەن و، پەیامی ئازادی و ئاشتیخوازی گەلی کوردمان بە هەموو گەلانی جیهان دەگەیەنن.

تا دروستر و پوختەتر کوردیلەکانی ئەمڕۆمان گۆش و پەروەردە بکەین.. تا جوانتر و باشتر فێریان بکەین.. راستر ئاراستە و رێنماییان بکەین.. هێندەی تر دڵنیا و گەشبین دەبین کە رەنجبێوەر نابین و، دواڕۆژێکی گەشتر و خۆشتر بۆ کورد و کوردستانمان دێنەدی.. کوردیلەکانی ئەمڕۆمانن، دەبنە تاکی سوودبەخشی کورد و، هەر لە سایەی پەروەردەی دروستی ئەمانیشدا کۆمەڵگایەکی کوردیی بەختەوەر و تەبا دێتە ئاراوە.
پێویستە رێز لە کەسێتی و ئازادی و لە را و بۆچوونەکانی کوردیلەکانمان بگرین.. وەکو مرۆڤێکی بچووک لێیان بڕوانین و، بە جوانیش رەفتاریان لەگەڵدا بکەین.. سۆز و رێز و خۆشەویستییان پێببەخشین.

گەر هاتو بە سەقەتی و نادروستی کوردیلەکانمان گۆش و پەروەردە بکەین، بە خراپی ئاراستە و رێنماییان بکەین.. پشتگوێیان بخەین و بایەخیان پێنەدەین و، بیان دەینە دەست قەدەڕێکی نادیارەوە.. دوور نییە کە لاڕێ ببنەوە و، نابەڵەدانە مل بە هەڵدێرێکی هەزار بە هەزارەوە بنێن و، دووچاری چارەنووسێکی رەش و نوتەک ببنەوە.. ئۆباڵی ئەم ئاکامە نەخوازراوەش لە ئەستۆی هەمووان دەبێت و، هەر هەمووشمان باجێ ئەم گوناهەمان دەدەینەوە.. پەشیمانیش بێهودەیە و، پاکانەش لە کەسمان قبووڵ ناکرێت و مێژووش لێمان نابوورێت و، بەر لۆمە و نەفرەتی نەوەی داهاتووشمان دەکەوین.
کورد زۆر راستی وتووە کە: چی بچێنین.. ئەوە دەدوورینەوە.

دامەزراوەیەکی ئەمریکی کە بایەخ بە تەندروستی هۆشی منداڵان دەدا، لێکۆڵینەوەیەکی لەگەڵ پەنجا لە دایکان و باوکانی ئەمریکی ئەنجامدا کە لە بواری پەروەردەی منداڵاندا سەرکەوتووبوون.. بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی ئەو دایک و باوکانە ئەم دامازراوە ئەمریکییە چەند ئامۆژگارییەکی باشیان راگەیاند بۆ پەروەرەدەکردنی دروستی منداڵان.. ئێمەش بۆ ئەم ئامۆژگارییانەی خوارەوەمان بۆ پەروەردەی دروستی منداڵانی کوردمان، تا رادەیەک سوودمان لە ئامۆژگارییەکانی ئەو لێکۆڵینەوەیە وەرگرت، بە کورتی:

1- سۆز و خۆشەویستییەکی زیاتر بە منداڵەکانتان ببەخشن، چونکە ئەمە گرنگییەکی زۆری هەیە.. بۆ ئەوەی منداڵەکانتان هەست بە ئاسوودەیی و بە دڵنیایی بکەن، بۆ ئەوەی جگەرگۆشەکانتان خۆشەویستی و هاوبەستەبوونی خێزانییان بۆتان هەبێت.
2- رۆژانە کاتێکی دیاریکراوتان هەبێت.. کە بەخۆشی و شادی و بە قسەی خۆش و بە پێکەنین لەگەڵ منداڵەکاتان بە سەربەرن.. فێری هەندی بەهرە و شارەزاییان بکەن.. یاریش فەرامۆش، پێویستییەکی گرنگی منداڵانە و، شێوازێکی ئاسانی پەروەردەییە.
3- منداڵەکانتان فێربکەن، راست لە هەڵە، باش لە خراپ جیابکەنەوە.. فێری بەها جوانەکان و بنەما رەوشتییەکانیان بکەن.. تا لە منداڵییەوە دەقیان پێوەبگرن.
4- رێزگرتنی دوولایی لە نێوان خێزندا زۆر گرنگە، پێویستە هەموو ئەندامانی خێزان، گەورە و بچووک رێز لە یەکتری بگرن و، رووحی لێبووردەیی باڵ بکێشێ بەسەریاندا.
5- مافێکی رەوای منداڵانە کە بە ئازادی گوزارشت لە را و لە بۆچوونەکانیان بکەن، بە تایبەتیش لەو بابەتانەی کە پەیوەندییان بە خودی خۆیانەوە هەیە.. پێویستە دایکان و باوکان رێز لە راکانیان بگرن و، گوێیانیان لێبگرن و لێیان تێبگەن و گرنگییان پێبدەن.
6- پێویست ئێوەی دایکان و باوکان بە هەڵە وەڵامی هەڵەکانی منداڵەکانتان نەدەنەوە.. گەر هەڵەیان کرد.. بواریان بدەنی با بیربکەنەوە و خۆیان هەڵەکانیان راست بکەنەوە.
7- دەرەوەی ماڵ و شەقام کاریگەریان لەسەر منداڵەکانتان دەبێت.. دەشێت فشارێکی زیاتر بخەنە سەر ئێوەی دایکان و باوکان، چونکە لە سنووری دەرەوەی ماڵ و خێزان پەروەردە و رەفتاری جیاواز هەن.. بۆیە پێویستە بە باشی چاودێرییان بکەن.
٨ـ بەرجەستەکردنی رووحی سەربەخۆیی، پێویستە ئێوەی دایکان و باوکان پایە بە پایە رووبەرێکی فراوانی ئازادی و سەربەخۆیی بە منداڵەکانتان بدەن.. ئەمەش ئەو هەستە لە لای منداڵەکانتان دروست دەکات، کە ئێوە دڵسۆزیانن و بە تەنگیانەوەدێن و رێزیان لێدەگرن و بڕوا و متمانەتان پێیان هەیە.. بۆیە خۆیان بەختەوەر و رێزدار دەزان.
9- پێویستە ئێوەی دایکان و باوکان، لە پەروەردەکردنی دروستی منداڵەکانتان هاوڕا و هاوپلان و هاوبڕیاربن.. پێویستیشە هەندێ یاسای ئاسانی سنوورداری خێزانیش بۆ منداڵەکانتان دابنێن.. با وا تێنەگەن کە ئازادی بەرەڵاییە و بێ لێپێچینەوەیە.. ناشبێت   لەبەردەم کەسانی تردا، سزای منداڵەکانتان بدەن.. ناشبێت زەبر و توندوتیژی لە گەڵ لەگەڵ منداڵەکانتان بەکاربهێنن.. بە وشەی نەشیاوش هەستیان بریندار مەکەن.
10- منداڵەکانتان وا فێربکەن کە راستییەکان چەند روویەکیان هەیە.. پێویستە رێز لە هەموو رایەک بگیرێت گەر جیاوازیشبن لەگەڵ رایەکانیاندا.. مافی هەر مرۆڤێکە کە بە ئازادی گوزارشت لە را و لە سەرنج و لە بۆچوونەکانی خۆی بکات.
11- هاندان و ستایش و پیزانین و پاداشت و خەڵاتکردن، بە زاری بن یا بە ماددی بن، کاریگەریی ئەرێنییان بۆ منداڵەکانتان هەیە، کە منداڵەکانتان کاری باش ئەنجام دەدەن یا نمرەی بەرز لە وانەکانیاندا بەدەستدەهێنن، یا رەفتارێ جوان دەنوێنن، شایەنی ئەوەن کە ئاماژەیان پێبدەن و پێزانینتان بۆیان هەبێت و رێزیان لێبگرن.. گەلێ شێوازی هاندان و پێزانین هەن، وەکو (ماچیان بکەن)، (چەپڵەیان بۆ لێبدەن) یان بە وشەگەلێکی جوانی وەکو (هەی ئافەرین، دەستخۆش، هەر بژی، نایابە، زۆر جوانە و … هتد) یا خەڵاتێکی ماددییان پێشکەشبکەن وەکو( نوقڵ، بابەتێکی یاری، کراسێکی جوان و… هتد)
12- زۆر پێویستە کە ئێوەی دایکان و باوکان هەردەم پێشەنگ و نموونەی باشیبن بۆ منداڵەکانتان.. چونکە منداڵەکنتان بە زۆری چاو لە ئێوە دەکەن و لاسایی کار و رەفتار و هەڵسوکەوت و قسەکانی ئێوە دەکەنەوە، بە باشیبن یا بە خراپیبن.. وەکو کورد دەڵی: ” گەورە ئاو دەڕێژی و بچووک پێی تێدەخا”

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت