رەزا شوان: پیرۆزبێت رۆژی جیهانیی مامۆستایان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە ساڵی 1994 ەوە هەموو ساڵێک لە رۆژی (5ی/ ئوکـتۆبەر) دا کە ڕۆژی جیهانیی مامۆستایانە، زۆربەی وڵاتانی جیهان وەکو رێزلێنان و ئەمەک و پێزانین بۆ رۆڵ و بۆ ئەرکی بەرز و پیرۆزی مامۆستایان، بەم بۆنەیەوە ئاهەنگی خۆشی و چەندین چالاکی هەمەجۆرە، لە قوتابخانەکان و لە یانەکانی مامۆستایان دا سازدەکرێن، هەر لەم رۆژدا، کۆمەڵێک لە مامۆستایانی لێهاتوو خەڵات دەکرێن. ئەم یادەش رێکەوتی راگەیاندنی ئەو راسپاردانەن، کە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (یۆنسکۆ) بۆ پەروەردە و زانیاری و رۆشنبیری، بە هاوکاری لەگەڵ (رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی) دا، کە لە کۆنگرەی (پاریس) دا، بۆ باشکردنی بارودۆخی مامۆستایان، کۆمەڵێک راسپاردەیان راگەیاند.
رۆژی جیهانیی مامۆستایان، لە بەشێکی وڵاتانی جیهاندا، لە هەمان رۆژدا ناکرێت.
بەڵکو لە بەرواری جیاجیادا دەکرێت، کە رەنگە پەیوەندی بە بۆنەی تایبەتمەندی ئەو وڵاتانە لەو رۆژانەدا هەبێت. لە باشووری کوردستانیش، رۆژی (1ی/ ئادار) ی هەموو ساڵێک کراوە بە رۆژی مامۆستایان، کە عێراق ئەم رۆژەی دیاری کردووە، نازانم ئایە هیچ تایبەتمەندییەکی کوردیمان هەیە کە پەیوەندیی بەم رۆژەوە هەبێت؟ من شکنابەم. بۆیە من پێشنیاری ئەوە دەکەم کە یەکێک لەم دوو رۆژە بکرێت بە رۆژی مامۆستایانی کوردستان، یا هەر رۆژێکی تر کە پەیوەندی بە مامۆستایانی کوردستانەوە هەبێت.

1- ڕۆژی (15ی/ مای) کە یادی دامەزراندنی یەکێتی مامۆستایانی کوردستانە، ئەوەبوو کە مامۆستایانی کوردستان لە یەکەمین کۆنگرەیان دا، کە لە شاری (سلێمانی) لە رۆژی (15ی/ مـای/1962) دا بەسترا، (یەکێتی مامۆستایانی کوردستان) یان دامەزراند، شایەنی خۆیەتی کە هەموو ساڵێک یادی ئەم رۆژە و ئەم مانگە، بە فەرمی بکرێت بە (رۆژی مامۆستایانی کوردستان) و لەم رۆژەدا ئاهەنگی خۆشی و شادی و کۆمەڵێک چالاکی جۆراوجۆریش لە سەرجەم قوتابخانەکانی کوردستان دا ئەنجام بدرێن. خەڵاتی رێزلێنانیش پێشکەش بە کۆمەڵێک لە مامۆستایانی لێهاتوو و خزمەتدرێژ بکرێن.
2- رۆژی (6ی/ ئوکتۆبەری) هەموو ساڵێک، کە یادی ساڵڕۆژی يەکەمین شەهیدی مامۆستایانی کوردستانە لە شۆڕشی ئەیلولی ( 1960) دا، مامۆستا و پێشمەرگەی ئازا و قارەمانمان، شەهیدی نەمرمان مامۆستا (حەسیب محەمەد بەگ سیامەنسووری) یە، کە (مامۆستای قوتابخانەی شۆڕیجەی سەرەتایی کوڕان: 1958ـ 1960) بوو لە شاری کەرکوک (نووسەر: من لە پۆلی پێنجەم و شەشەم دا لە قوتابخانەی شۆڕیجە، قوتابی مامۆستا حەسیب ی نەمر بووم، وانەی وەرزش و بیرکای پێدەوتینەوە) مامۆستایەکی کوردستان پەروەری سەرسەخت و زۆر دڵسۆز بوو. بوو بە پێشمەرگە و لە شەڕێکی قارەمانانەی دەستەویەخەی کەم وێنەدا، لە گەڵ سوپای دڕندە و رەگەزپەرستی عێراقدا، لە (گـردە قارەمان) ی نزیک شارۆچکەی (ئاغجەلەر) ی سەر بە قەزای چەمچەماڵ ی سەر بە پارێزگای کەرکوک، مامۆستا حەسیب محەمەد بەگ لەو داستانە نەمرەدا لە رۆژی (6ی/ ئوکتۆبەر/ 1962) دا شەهید بوو، کە هەمان ساڵی دامەزراندنی یەکێتی مامۆستایانی کوردستانە، لەگەڵ مانگڕۆژی (رۆژی جیهانیی مامۆستایان) دا، رۆژێک جیاوازی هەیە. پێویستە یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، واز لە رۆژی (1ی/ ئادار) بهێنن و رۆژێکی تایبەتمەندی کوردستانیمان بکەن بە رۆژی مامۆستایانی کوردستان.
بێگومان مامۆستایی پیرۆزترین و گرنگترین و هەستیارترین پیشەیە لە هەموو جیهان دا. مامۆستایان خاوەنی پەیامێکی گەورە و پیرۆز و چارەنووسازن، ئەوان بە ئەوپەڕی دڵسۆزی و لەخۆبووردن و ماندووبوونەوە. بێ ئەوەی کە چاوەڕوانی هیچ پاداشتێک و سوپاس بن، نەوە لە دوای نەوە پێدەگەن.. مامۆستایانن بەردی بناغە و کۆڵەکەکانی شارستانی و پێشکەوتن و داهێنان و گۆڕانکارین. مامۆستایان رابەر و چرای گەشی رووناکردنەوەی شەوەزەنگی تاریکین. ئەوان مۆم ئاسایی دەسووتێن و دەتوێنەوە، بۆ ئەوەی کە رێی سەرکەوتن و پێشکەوتن و داهاتوو بۆ رۆڵەکانی نیشتمانەکەیان رووناک بکەنەوە. مامۆستایان، هەنگ ئاسایین و شیلەی گوڵانی زانیاری و زانستی دەمژن و هەنگوێنی زانیاریمان پێشکەش دەکەن. مامۆستایان هێندە بەرز و رێزدارن، تا ئەو رادەیەی کە بە میراتگر و بە جێگرەوەی پێغەمبەران و نێردراوان ناوزەند کراون. میری شاعیرانی عەرەب (ئەحمەد شەوقی) کە (بە رەچەڵەک کوردە) دەڵێ:
هەستە بۆ مامۆستا شکۆدارییە.. هێندەی نەمابوو مامۆستا ببێت بە پێغەمبەر
ئێمەش لە پڕێک، نەبووینە بە کچ و کوڕێک.. مامۆستایانی کوردپەروەری دڵسۆزمان فێری ئەلفوبێی کوردایەتی و کوردستان پەروەری و تێکۆشان و گەشبینی و هیوادارییان کردین. هۆشی ئێمە زەوییەکی بەیار بوو. مامۆستاکان کێڵایان و تۆی زانست و زانیاریان لێ تۆکردن و هاتنە بەرهەم.. ئێمە لە چ پلە و پایە و پۆستێک دابین، هەر قەرزاری مامۆستاکانمانین، شانازیش بۆ دڵسۆزی و بۆ رەنج و ماندووبوونی ئەوان دەگەڕێتەوە. ئەوان رۆڵێکی گرنگیان بینی لە بنیاتنی کەسێتی دروستی ئێمەدا.
یەکێک لە سەرۆکەکانی ئەمریکا، دوای کە بۆ سەرۆک کۆماری ئەمریکا هەڵیان بژارد، کاربەدەستانی باڵا و کەسایەتییە ناسراوەکانی وڵاتەکەی بۆ پیرۆزبایی لێکردنی ڕێزیان گرت، ئەو پێیانی وت: بەر لەوەی پیرۆزبایی لە من بکەن، بڕۆن پیرۆزبایی لە دایکم و لە مامۆستاکانم بکەن، چۆنکە من قەرزاری ئەوانم و، ئەوان منیان بەم پۆستە گەیاند.
مۆستایانی خۆشەویست، ئێوە شایەنی ئەوپەڕی سوپاس رێز و پێزانین، ئێوەن منداڵانی گەلەکەمان بە باشی فێردەکەن و بە دروستی پەروەردەیان دەکەن، ئێوەی دایک و باوک و خوشک و برا ئاسایی، دەستی سۆز و بەزەیی و خۆشەویستی و رێز بە سەر منداڵە چاوگەشەکانمان دا دەهێنن، کە هیوای داهاتووی گەلەکەمانن.. ئێوەن هۆشیان دادەڕێژن و بەردی بناغەی کەسێتییەکی سەرکەوتووییان دادەنێن.. ئێوەی مامۆستایان سامانێکی بێهاوتای گەلەکەمانن.. ئێوە پارەیەکی دەگمەنن.. ئێوە بە راستی ژێرخانی داهاتوون.
مامۆستا دڵسۆزەکانمان، ئێوە شوێنێکی تایبەتیتان لە ناخی دڵمان دا هەیە، خۆشەویستی و رێزمان بۆ ئێوە بێسنوورن، هەردەم لە یادتان ناکەین، هەرگیز رێز و خۆشەویستیتان لە دڵمان دا کاڵ نابنەوە.. نەک تەنها لە رۆژی جیهانیی مامۆستایان دا، بەڵکو لە هەموو رۆژەکانی ساڵ دا، رووخساری گەش و شیرینی ئێوە لەبەر چاومانە. وشە ناسک و جوانەکانتان، رێنماییە دروست و بەسوودەکانتان، زەردەخەنە شیرینەکانتان، چێژێکی تایبەتییان لە یادەوەرییەکانماندا هەیە.. ئێوە داینەمۆی هۆشی ئێمە بوون.. ئێوە کلیلی رازەکانی تێکۆشان و کوردایەتی و کوردستان پەروەری و گەشبینی و کۆڵنەدان و هیوا و ئومیدی سەرکەوتنتان پێبەخشین.. ئێوە بوون پێتان وتین، لە بەردەم بڕوا و ئیرادەی پۆڵایین و خۆڕاگری کۆڵنەدان دا، بۆ گەیشتن بە هیواکانتان، ئەستەم بوونی نییە.
مامۆستایانی دڵسۆز و کوردستان پەروەرمان، وشەی سوپاس و ستایش شەرمتان لێدەکەن.. چونکە ئێوە زۆر لەوە گەورەتر و جیاوازترن، کە وشە و رستەی شیرین، بتوانن هاوسەنگی دڵسۆزی و باڵایی و شکۆداریتان بکەنەوە.
مامۆستانی کوردستانی شیرینمان، ئەی پێشمەرەگە گیانبەخشەکانی مەیدانی فێرکرن و پەروەردەکردنی جگەرگۆشە چاوگەشەکانمان.. بە راستی ئێوە جیاوازن و کەم وێنەن لە جیهادا، لە کاتی شۆڕش و راپەڕین دا بە دەستێکتان چەکتان هەڵگرتبوو، بە دەستەکەی تریشتان پێنووس. لە هەموو شۆڕشەکاندا، پشکی شێری تێکۆشان و گیانبەخشینتان هەیە، مێژووتان پاکە و پڕە لە سەروەری و شکۆداری و لە هەڵوێستی بەرز.. ئێوە لە شۆڕشەکاندا، پێشمەرگەی شێر ئاسایین.. لە ئاشتیشدا هەڵگری چڵە نیگزی ئاشتین.
کێ وەکو ئێوەی لە دەست دێت و پێدەکرێت؟ بە بێ مووچە و نیوە مووچە و چارەگە مووچە، خۆڕاگربوون و بایکوتی خوێندتان نەکرد و قوتابخانەکانتان بەجێ نەهێشتن، بە کوێرەوەری و بە نەبوونی درێژەتان بە پەیامە بەرز و پیرۆزەکەتان دا.. ویژدانتان ئاسوودە کردووە؟ لاپەڕەیەکی شکۆداری ترتان لە مێژووی گەلەکەمان دا تۆمارکرد.
پێویستە كاربەدەستانی کوردستان، بە ئەمەکبن و ئەوپەڕی پێزانین و رێزیان بۆ ئەم دڵسۆزی و رۆڵ و هەڵوێستەی مامۆستایانی کوردستان هەبێت، بتوانن پاداشتی ئەم هەڵوێستە جوامێرانەیان بدەنەوە، گەرچی بە پاراە و ماددە قەرەبووی خۆڕاگری و خۆبەخت کردنیان ناکرێنەوە. خۆشەویستی و رێز و پێزانینی گەلەکەمان بۆ رۆڵی مەردانەی ئێوەی مامۆستایانی دڵسۆزمان، بەرزترین میدالیای پێزانینە و رێزلێنانە.
مامۆستایانی کوردستان پەروەر، خوشک و برایانی دڵسۆز و خۆشەویستمان، ئەی شۆڕە سوارە نەبەردەکانی مەیدانی پەروەردە و فێرکردن و بنیاتنانی داهاتووەیەکی گەشتر و شیاوتر بۆ کورد و کوردستان.. بە قەی ژمارەی نێرگزی نێرگزەجاڕەکانی کوردستان، بە قەی ژمارەی ئەستێرەکانی ئاسمان.. بەقەی دڵۆپە شەستەبارانەکانی کوردستان.. سۆپاس و رێز و خۆشەویستیمان بۆتان هەیە.. بە ئەوپەڕی گەرمییەوە لە (رۆژی جیهانیی مامۆستایان) دا، جوانترین پیرۆزبایتان لێدەکەین.. دەستە پیرۆزەکانی یەک بە یەکتان دەگوشین و چەپکە گوڵی سوپاس و رێز و ئەمکداری و خۆشەویستیتان پێشکەش دەکەین. ئەمەش کەمترین شتە لە ئاستی دڵسۆزی و شکۆداری ئێوەدا. دەڵێم:
مامۆسـتا تۆ شـایانی
پاداشت و گوڵـبارانی
بزانیـت یـا نـەزانیـت
تۆ لە ناخی دڵمانیـت
هیوای ئەوپەڕی تەندروستی و تەمەندرێژی و خۆشی و بۆ ئێوەی مامۆستایانی کوردستان دەخوازین.. گەشبینم لە سایەی دڵسۆزی ئێوەدا داهاتوومان گەش دەبێت.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت