رەزا شوان : چۆن دەبیت بە نووسەرێکی سەرکەوتوو ؟ .  

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

شاعیری گەورەی کوردمان ( عەبـدوڵڵا گـۆران ) ی نەمـر دەڵێ :


بنووســــــە ، بپرســــــە ، مەترســــــە
دوو وشەی شیعری جـوانت بەســـــە


نووسین گرنگترین و شاکارترین داهێنانی مرۆڤە .. داهێنانی نووسین وەرچەرخانێکی مێژوویی و گۆڕانکاري و شۆرشێکی گەورەی، لە هەموو بوارەکانی ژیانی مرۆڤدا بەرپاکرد .. هەر لە سایەی نووسیندا، پێشکەوتنەکان و شارستانییەکان بەرپابوون  .

نووسین هونەرێکە وەک هەریەکە لە هونەرەکانی تر .. هونەری گواستنەوەی زادەی بیر و ئەندێشە و هەست و سۆزی ناخی نووسەرە، بە وشە و بە رستە بۆ بیر و هۆشی کەسانێکی تر ( خوێنەران  ) ، نووسین گرنگترین و ئاسانترین هۆکاری گواستنەوەی زانست و ، زانیاری و، هەواڵ و ، داهێنان و، رۆشنبیری و، کولتوور و، ئەزموون و، رووداوەکان و، پەندە جوانەکان و ، بەها پیرۆزەکانی، نەوە لە دوای نەوەی مرۆڤە .

نووسین بەهرەیەکی ماکی و خۆڕسکی نییە لە مرۆڤدا ، نەمان بیستووە و ناشی بیستین کە کەسێک بە نووسەری لە دایک بووبێت .. یان هەر بە ماکی و بە سروشتی بەهرەی نووسینی هەبووبێت  .. کەسیش تەنها بە بوونی ئارەزووی نووسین، نابێت بە نووسەر .
نووسین وەرکرتن و فێربوونە .. نووسینخواز ، بە خۆێندنەوەی هەمیشەیی و بە ڕاهێنان و فێربوون و ، وەرگرتن و، بە هەوڵدانی بێوچان و، کۆڵنەدان و ، بە خۆڕاگری و ، بە شەونخونی و، بە بەردەوامی نووسین .. رۆژ لە دوای رۆژ پێش دەکەوێ و بە نووسینە بڵاوکراوەکانی دەناسرێ و ، دەردەکەوێ و سەردەکەوێ و ، لەوەوە نزیک دەبێتەوە، کە ببێت بە نووسەرێکی سەرکەوتووی ناسراو و بە ناوبانگ .. لە هیـچ قوتابخانەیەکی تایبەتیشدا ، هونەری نووسین و، بە نووسەربوون ناخوێندرێ .. دەبێ نووسەر ئەوەش بزانێت ، کە رێگای نووسین و بە نووسەربوون ، بە گوڵ رانەخراوە ..  بەڵکو گرانی و زەحمەتی و ، دامان و رامانێکی زۆریش دێنە رێی ، نووسەری تازە دەست پێکردوو .. لە سەرەتای نووسیندا دەترسێ  .. بەڵام لە بەردەمی مرۆڤی بڕوابەخۆ و ئیرادە پۆڵایین و، خۆڕاگر و کۆڵنەدەردا ، شتێک نییە کە ناوی ئەستەم بێت .. ئەگەر مرۆڤ بیەوێت ، بە کۆشس و خۆماندووکردن و کۆڵنەدان  .. دەتوانێت هیـوا و خۆاستەکـانی بەدی بهێـنێت .
بۆ ئەوەی سەربکەویت بۆ سەر لووتکەی چیای ( هەڵـگورد ) ی بەرز .. لە رێگایەک زیار هەیە .. کە یەکەمین جار سەرکەوتیت .. ئیتر ترست دەشكێت و ، سەرکەوتنی سەر لووتکەی هەڵگورد بە لاتەوە ئاسایی دەبێت .. نووسینیش هەر بەم جۆرەیە  .

ئەو هەنگاو و پێویستییانە چین ، کە پێویستە پەیڕەوییان بکەیت بۆ ئەوەی کە ببیت بە نووسەرێکی سەرکەوتوو و ناسراو .. بە کورتی گرنگترین هەنگاوەکان ئەمانەن :

1 – خوێــندەوە : خوێندنەوە کلیلی زانستی و وەرگرتن و فێربوونە .. هیچ شتێک نییە کە بەقەی خوێندنەوە ، سوود و چێژ بە مرۆڤ ببەخشێت .. خوێندنەوە هۆکارێکی گرنگی زیادکردنی ئاستی رۆشنبیری و زۆرزانی و زانستی گشتییە .. گەر نووسەر دەیەوێ ببێ بە نووسەرێکی باش .. پێویستە خوێنەرێکی باشش بێ .. روژانە رۆژنامەکان و گۆڤارە هەمەڕەنگەکان و کتێبی بابەت هەمەجۆرە بخوێنێتەوە ،  ئەدەبـی ، سیاسی ، مێـژوویی ، کۆمەڵایەتی ، زانیاری ، فەلسەفی ، جوگـرافی ، رۆمان ، چیرۆک ، شیعری کوردی ، بابەتی جیهانی و … هتد  ، چونکە خوێندنەوە خۆراکێکی پێویسییە بۆ زاخاودانی بیر و هۆش . نووسەری سەرکەوتوو ، بۆ هەر کوێیەک بڕوات ، کتێبێک لەگەڵ خۆیدا دەبات  .. بە لای نووسەرەوە ، پێویستە لە هەموو ماڵێکدا کتێبخانەیەک هەبێت  .. کتێبخانە بۆ ماڵان لە چێشتخانە پێویستیتر و گرنگترە .. بەڵکو هەر ماڵێک کتێبخانەیەکی قنجی تێدا نەبێت ، بە لای ئێمەوە بە ماڵێکی ناتەواوی دەزانین  .
فریدریک نیتشە  دەڵێ :  هەوڵبدەن بخوێنـنەوە ،  وەکو راوچییەکی بەدەست و برد ، بیر و بۆچوونی باش راوبکەن و ، لە هزرە بۆگەن و کۆنەکانیش دووربکەونەوە  ، خوێندنەوە یارمەتی نووسەر دەدات بۆ پێکهێنانی خەیاڵێکی روون و فراوان  .. خەیاڵیش پێویستییەکی نووسەرە بۆ نووسین .   فرانسیس بیکۆن  دەڵێ :  خوێندنەوە مرۆڤێکی تەواو دروست دەکات .. راوێژکردن مرۆڤێکی ئامادەبوو دروست دەکات . نووسینیش مرۆڤێکی وردبین دروست دەکات .. پێویستە نووسینەکانی کەڵە نووسەرانی ناسراو زۆر بخوێنیتەوە  .. هەوڵبدە لە شێوازی نووسین و لە ناوەڕۆکی بابەتەکانیان تێبگەێت . بە کورتی بخوێنەوە  .. بخوێنەوە  .. ئینجاش بخوێنەوە .. تێنووسێکی تێبینیشت هەبێ . دەربارەی ئەو بابەتانەی دەیان خوێنیتەوە .  زۆر بە کورتی و بە چڕی سەرنج و را و تێبینییەکانی خۆت دەربارەیان بنووسە .  یا هەر وشە و رستەیەکی جوانت بە دڵ بوو لەو تێنووسەدا بیان نووسە .. لەوانەیە کە لە کاتي نووسینێکدا ، سوودیان لێوەربگریت .

2 – گەڵاڵەکردنی بابەت یا پرۆژەی نووسینەکەت لە خەیاڵ و هۆشدا : بەر لەوەی کە دەست بە نووسین بکەیت .  پێویستە سەرناوی بابەتەکەت و ئامانج لە نووسینەکەت دا بە جوانی لە بیر و هۆشدا گەڵاڵە بکەی .. ئایە دەتەوێت وتارێک بنووسیت ، رەخنەیەک ئەدەبی بگریت ، چیرۆکێک ، هۆنراوەیەک ، سروودێک دەربارەی قارەمانێتی پێشمەرگەی کوردستان بنووسیت ، رۆمانێک ، شانۆگەرییەک بنووسیت ، بابەتێک دەربارەی خەباتی ئافرەتانی کورد بنووسیت ، دەربارەی گەندەڵی بنووسیت .. پرۆژەی نووسینی کتێبێک دەربارەی بابەتێک دەنووسیت ، یا لێکۆڵێنەوەیەک دەنووسیت لە بوارێکدا ، یا هەر بابەتێکی تر، کە لە خەیاڵت دایە و ، دەتەوێ بە نووسین گوزارشتی لێبکەیت و بڵاوی بکەیتەوە .. لە رۆژنامەیەکدا ، لە گۆڤارێکدا ، لە ماڵپەڕێکی ئەلیکترۆنیدا ، لە کتێبێکی چاپکراودا .. بۆ ئەوەی بیگەیەنیت بە خوێنەران  .

3 – ناونیشانی نووسین : هەڵبژاردنی ناونیشانێکی جوان و سەرنج راکێش چ بۆ وتارێک ، یا باسێک ، یا بابەتێکی ئەدەبی ، سیاسی ، کۆمەڵایەتی ، رەخنە ئامێز ، یا بۆ کتێبێک بۆ گۆڤـارێکی مانگانە زۆر گرنـگە .. ناونیشـانی نووسینەکانت ، دەروازەن بۆ ئەوەی کە خوێنەران ئارەزووی خوێندنەوەی نووسینەکانت بکەن .. زۆر نووسینی بەسوود هـەن ، بەڵام لەبەر لاوازی ناونیشانەکانیان ، خوێنەران بەلایاندا ناچن .. بە پێچەوانەشەوە ، زۆر ناونیشـانی جیـاوازی بریقـەداریش هـەن ، کە نـاوەڕۆکەکانیـان لاوازن و ، لە ئاستی ناونیشانەکانیاندا نین .. بەڵام سەرنجی خوێنەران رادەکێشن و بابەتەکان دەخوێننەوە و ، ناونیشانەکانیان لەیاد دەمێنێتەوە .. بۆیە گرنگیدان بە ناونیشانی نووسین زۆر گرنگە .
دەکرێ زۆر جار ناونیشان لە شێوەی پرسیارێکدا بێت و ، خوێنەرانی بابەتەکە بۆ زانینی وەڵامی پرسیارەکە ، درێـژە بە خوێندنـەوەی بابەتەکە یا بەتەکـان بـدەن .. بۆ نموونە :
کەی کەرکوک دەگەڕێتەوە بۆ باوەشی کوردستانی دایک ..؟ کێ بەرپرسە لە داهێزانی رۆشنبیری لە کوردستاندا ..؟ کوان مافەکانی ژنـان ..؟ تاکەی داگیرکەرانی کوردسـتان دەست لە ژینۆسایدی کورد هەڵناگرن  ..؟ بۆ تاوانە گەر منداڵانی باکوور و رۆژهەڵاتی کوردستان بە زمانی کوردی بخوێنن  و ..؟ … هتد . بە کورتی ناونیشانی نووسین ، نیوەی رێگایە بۆ چوونە ناو هۆش و خەیاڵی نووسەرەو ە .

4 – باوەڕت بە توانای خۆت هەبێت :  گەر دەتەوێت ببیت بە نووسەرێکی سەرکەوتوو و ، شایانی ئەوەبیت کە بچیتە ناو جیهانی بەرینی نووسینەوە و ، شوێنێکت لە شیکردنەوەدا هەبێت .. یەکەمین هەنـگاوی پێویست بۆ هێنانەدیی ئەم هیــوا و بڕیـارەت .. بـوونی ئیـرادەیەکی بەهێز و ، بـاوەڕبوونتە بە توانای خۆت  .. چونکە کەسانی ڕاڕا و دوودڵ و نەوێر و چاوترس ، ناتوانن بڕیاری بوێرانە بدەن و ، هیواکانیان بەدی بهێنن .. هەرگیز خۆت بە کەم مەزانە و ، لە تواناکانی خۆت کەم مەکەرەوە .. ئەوە لە بەرچاو بگرە کە کەس لە سکی دایکیدا نووسەر و زانا و دانا نەبوونە .. ئەم پەندە کوردییەش بە یادی خۆت بهێنەوە کە ، دەڵێ :  کـەس لە پـڕێ .. نەبـووە بە کـوڕێ  ، واتا پشوودرێژ بە .
ڤیکتۆر هــۆگۆ   دەڵێ :   گەر مرۆڤ بڕوای بە خۆی هەبێت .. باوەڕی بە هەموو شتێکی تریش دەبێت .
. باب جۆنـز یش دەڵێ :  گەورەتـرین توانـا ، لە بـڕوا بە خـۆبوون دایـە
پەندێکی تری کوریش هەیە کە دەڵێ : توانـای مـرۆڤ .. کـیۆ لەبـن دێـنێ  .

5 – بابەتێکی گەرماوگەرم هەڵـبژێـرە : ئەگەر نووسەرێکی ناسراوی ماڵپەڕ و سایت و رۆژنامەکانیت ، یا رۆژنامەنووسێکیت .. بابەتێکی گەرماوگەرم ئەم رۆژگارە هەڵبژێرە و .. بە راشکاوی لەسەری بنووسە ، چونکە خوێنەرانی نووسینەکانت چاوەڕێی ئەوەت لێدەکەن ، کە وەکو رۆشنبیر و نووسەرێکی ناسراو ..  را و هەڵویستت بزانن کە چین دەبارەی روودا و کارەسات و بابەتەکانی رۆژگـارەکەیان ، کە بوونەتە باس و خواستی خەڵی بۆ نموونە : راپەڕینەکانی جەمـاوەر ، خۆپێشانـدانی برسییەکان ، نارەزاییەکـانی خەڵکی ، قەیـرانەکانی دارایـی ، ململانيیە سیاسییەکان ، ، سەرکـەوتن و داستانەکـانی پێشمەرگە قارەمانەکانمانی کوردستان لە شەرەکانی دژ بە داعشی دڕندە و بێڕەوشت .. قەیرانی کەمی ئاو و کارەبا و بەنزین و خزمەتگوزارییەکان، کێشەی بێکاری و … هتد .

6 – ( رەشنووسێک )  بۆ بابەتی نووسینەکەت دابڕێژە :  لە پێشا بیرۆکە و زانیارییەکانت دەربارەی ناوەڕۆکی بابەتی نووسینەکەت بە جوانی رێکبخە و ، لە جارێک زیاتریش پێدا بچۆرەوە و ، هەڵەکانت راست بکەرەوە .. ئینجا لەسەر خۆت و بە بە شێوەیەکی جوان و رێک و پێک ، بە وردی و بە دڵ وداو دایبڕێژە و ( پاکـنووس ) ی بکە .

7 – نووسین : تۆ نووسەرێکی تازە دەست پێکردووی ، هێشتا لە سەرەتای نووسیندای ، دەتەوێ ببیت بە نووسەرێکی ناسراو و سەرکەوتوو .. چونکە ئەم بەهرە و ئارەزووە لە ناخدا هەیە .. ئەوەمان وت، کە تەنها بە بەهرە و حەز و ئارەزوو نابێت بە نووسەر .. بەڵام مادام ئەو بڕیارە بوێرانەت داوە کە سووری لەسەر ئەوەی کە ببیت بە نووسەر ئەمە خاڵێکی ئەرێنی و سەرەکییە .. بێگومان کە گەشتی هەزار میل بە دەست پێکردنی هەنگاوێکەوە دەست پێدەکات .. ناشبێت لە خلبوونەوە و شکستی و ئاستەنگییەکانیش بترسیت .. کورد وتەنی :   سـوار تا نەگلـێت .. نابـێت بە سـوار  ، ئەوەش لە بەرچاو بگرە کە نووسین بەرپرسێتیە و کارێکی جدییە .. هەر وشەیەک و، هەر رستەیەک بە ئەرێنی بن یا نەرێنی بن ، کە دەینووسیت ، تۆ بەرپـرسیت لە ئەنجامەکـانیان و ، لە کاردنەوەی خوێنەران بەرانبەر بە نووسینەکانت ، بە باشی بن یان بە خراپی بن بۆ تۆی نووسەر دەگەڕێنەوە .. جا بۆ ئەوەی ببیت بە نووسەر ، پێویستە رۆژانـە بۆ مـاوەیەکی باش بنووسی ، تا وات لێدێت دەق بە نووسینەوە دەگریت و ئاڵوودەی دەبێت و ، نووسین دەبێت بەشێک لە ژیانتدا و ، بەبەبێ نووسین ناتوانیت هەڵبکەیت .. هەروەکو چۆن ئەو کەسانەی کە ئاڵـوودەی خواردنەوەی رۆژانەی چـای یا قـاوە بوونە و ، ناتوانن وازیان لێبهێنن  .. تۆش خۆت ئاڵـوودەی نووسین بکە .. چونکە نووسین چێـژ و خۆشـییەکی زۆرت پێـدەبەخشێت .. لەسەرەتـاوە ، بە بابەتی ساکـار و کـورت دەستی پێبکە .. تا شارەزایی و توانایەکی باشتر دەبێت و .. دەچیتە ناخی بابـەتە قووڵەکـانەوە .. هیچ مەلەوانخوازنێ، یەکسەر نەچۆتە قووڵایی ئاوەکانەوە .. لە تەنکاوەکانەوە خۆی فێر مەلە کردووە ، تا بـووە بەو مەلـوانزانە بێ پەروایە .. وەکو گـۆران دەڵێ :   بنووسە ، بپرسە ، مەترسە  .
جێ بۆ ئەستەم لە بیر و خەیاڵی خۆت مەکەرەوە ، زۆر بە جۆش و پەرۆشەوە بنووسە ،
نووسین و بە نووسەربوون، بۆ ئەو کەسانە گـرانە، کە بێـزار دەبن و ، خۆڕاگـر نین و ، زوو کۆڵ دەدەن ، نووسین بەهرەیەکە بە خۆڕاهێنانی بەردەوام لە نووسیندا بەردەگرێت ، تا زیاتر بنووسیت پێشتر دەکەوێت و ، بیرت قووڵتر و ، توانات بەهێزتر دەبێت .. وەکو چون ماسوولکەکانمان بە وەرزش و راهێنان بەهێزدەبن .. نووسینیش بەم چەشنەیە .
پێویستە خەیاڵ و بیر و هۆش و دەست لەسەر نووسین رابهێنیت .. مەترسە و کۆڵمەدە و تا دەتوانیت بنووسە .. بنووسە و کاغەزەکەت بدڕێنە .. بنووسە و کاغەزەکەت بدڕێنە .. کاغەزەکەت بدڕێنە و ئینجا بنووسە .. کەڵـە نووسەری جیهانی شەکسـپیر  دەڵێ :
تا لاپــەڕەیەکم نووســی  .. هــەزار پــەڕەم دڕی  .
لەوەش مەترسە کە رەنگە لە سەرەتاوە کەموکوڕی لە نووسینەکاندا هەبن و ، کەسانێک لە دەوروبەردا ، یا خوێنەرانێک، گاڵتە بە نووسینەکانت بکەن و ، پێت پێبکەنن .. بەڵام خۆڕاگر بە و پەشیمان و سارد مەبەرەوە .. چونکە کەسانێک هەڵەدەکەن ، کە دەنووسن .. دڵنیابە کە رۆژێک دێت کە ، هەر ئەو کەسانەی لە ئێستادا پێت پێدەکەنن ، سەرسامی نووسینەکانت بن و ، سوودیان لێوەربگرن و ، بە رێز و شانازییەوە ناوت بەرن .
ئیپیکتەن دەڵێ :   تۆ ئەگەر حەزدەکەیت ببیت بە نووسەرێکی باش کەواتە بنووسە  .
کینگسلی ئامس دەڵێ : ئەو نووسەرەی نەتوانێت بە نووسینەکانی خۆی و خەڵکی بێزاربکات .. ئەوە پێویست ناکات کە بنووسێت .
راستە زۆرجار زمان لە ئاستی ، خەیاڵ و بیری مرۆڤدا دادەمێنێت .. رەنگە وشە و زمان نەتوانن ، بەو چـێژ و هێزەوە گوزارشت لە ناخی دەروون و لە شیرینی خەیاڵ بکەن .
یاکـوب پالـودان دەڵێ : ئەوەی دەنووسیت .. هەموو قسەیەکی بۆ نایات .. ئەوەی دەشخوێنێتەوە .. هەموو قسەکـان وەرناگـرێت .
عەبدوڵڵا گۆران ی نەمر ، گەورە شاعیری نوێخوازی کوردمان .. لەم بارەیەوە دەڵێ :


هـەرچــەند ئەکــەم ئــەو خـەیـاڵەی پێی مەســـتم
بـۆم ناخرێــــتە نــاو چــوارچــێوەی هـەڵبەســـتم


پێویستە لە سەرەتاوە بۆ خۆت بنووسی ، نووسینەکانت پێشانی نووسەرانی شارەزا و خاوەن ئەزموون بدەیت ، کە ئەوان قۆناغە سەرەتاییەکانی نووسینیان بڕیوە .. سوود لە تێبینییەکان و را و پێشنیار و رێنماییەکانیان وەربگرە .. خۆت بە نووسەرە گەورەکان بەروارد مەکە .. چونکە هێشتا زۆر شت ماوە کە فێریان ببیت .. هەنـگاو بە هەنـگاو بەرەو لووتکە سەربکەوە .. دوو بنەماش زۆر پێویستن لە نووسیندا ، یەکەمیان زمان دەوڵەمەندی و دووەمیان داهێنانە .. ئەوەش لە هۆشدا مەکە بە کەڵکەڵە و ، بە مەرجی پێویستی مەزانـە کە وتـارنووس ، دەبێ روژنـامەنـووس بێت ، یا دەرچـووی کۆلـێژی راگەیاندن و روژنامە بێت ، یا دەرچووی کۆلێژی زانیارییە سیاسییەکان بێت .. بەڵکو گرنگ ئەوەیە کە بەهرەی نووسینت هەبێت و ، خۆت لەسەر نووسین رابهێنیت .. با ئەندازیارێک بيت ، یا دکتۆرێک بیت، یا مامۆستایەک بیت ، یا پارێزەرێک بیت ، گەر بە ژیانامەی بەشێکی زۆری کەڵە نووسەراندا بچینەوە  .  پیشەکانیان دوورن لە بەهرەی نووسینیانەوە .. نموونەش زۆر زۆرن .
ئەگەرچی هەندێ لە نووسەرە گەورەکان دەڵێن :   نووسین بەهرەیە ” بەڵام بەشێکی تری نووسەران دەڵێن :  بەهرە لە نووسیندا ، تەنها یەک بەشە لە دە بەشی نووسین ، نۆ بەشەکەی تری بریتییە لە راهێنان لەسەر نووسین ، بە ئارام گرتن و بێزار نەبوون .

گومانیش لەوەدا نییە کە نووسین خوویەکە لە رێگای راهێنانەوە دەق دەگرێت ، وەک هەر خوویەکی تر .. بەهرەی نووسین و بەهرەی خوێندنەوەش دوانەن و لێک دانابڕێن ، وەکو دوو هاوسەر وان  .. تا زیاتر بخوێنیتەوە  .. دەتوانیت زیاتر و جوانتر بنووسیت .. لە خوێندنەوەدا ، زادەی هۆش و رۆشنبیری کەسانی تر دەخوێنیتەوە و ، کاریگەرییان لەسەر بیر و رۆشنبیریت دەبێت .. زۆر بابەت هـەن کە لە پيش من و تۆدا ، بە دەیـان نووسەری تر، ئەم بابەتانەیان بەسەر کـردوونەتەوە .. دەتوانین لە رێی خوێندنەوەی نووسینەکانیانەوە  .. سوود لە بیر و لە بۆچوون و لە ئەزموونەکانیان وەربگرین  .

8 – شێوازێکی تایبەتی خۆتت لە نووسیندا هەبێت : لە نووسیندا سوود لە رێبازەکانی نووسینی کەڵە نووسەران وەربگرە .. بەڵام لاساییان مەکەرەوە .. كەسایەتی خۆت مەتوێنەوە و ، هەوڵبدە کە ریچکە و رێبا زو مۆرکی تایبەتی خۆت لە نووسیندا هەبێت . نووسەینەکانت گوزارشت لە بیری خۆت بکەن .. تۆش  ببە بە نووسەرێکی جیاواز .

9 – زمان گرنگترین کەرستەی نووسینە : بەکارهێنانی زمانێکی پارواو و شیرین و پەتی و ناسک و رەوان ، زمانێکی نووسینی دوور لە هەڵەی رێزمانی و رێنووسی .. یەکێکە لە خەسڵەتەکان و لە بنەما سەرەکییەکانی نووسەری سەرکەوتوو ، نووسەر دەبێت ئەوە بزانێت کە هەڵەی زمانەوانی و رێنووسی و زاراوەیی ، زۆر لە بایەخی فۆرم و داڕشتنی نووسینەکەی کەم دەکەنەوە و ، خوێنەرانیش بە نابەڵەدی زمانەکەی دەزانن  .. پێویستە نووسەر لە وشەی سواو دووربکەوێتە .. بە شێوازێکی ناسک و، بەزمانێکی بێ گرێ و گۆڵ و بێ هەڵە، نووسینەکەی دابڕێـژێت .. رەچاوی رەوانبێژی و جوانکارییەکانی زمانەکەی و ، نیشانەکانی پرسیار و سەرسوڕمان و ، خاڵبەندییەکانيش بکات .. نووسەر هونەرمەندێکە .. هەموو ئەو بنەمایانەش بنەمـای هونـەری داڕشتن و، رازانـەوەی نووسینن ، رووی جوانی دەروەی نووسینەکەت دەگەیەنن .. ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت ، واتا و مەبەستی جـوان بکەین بە قوربانی وشە .. بە تایبەتیش لە داڕشتنی هۆنراوەدا .

10 – ئارام گرتن و پشوودرێـژی هۆیەکی سەرکەوتنی نووسەرە  : پیویستە نووسەر زۆر پشوودرێژ و ئارامگر بێت ، لەوانەیە ئەو بیرۆکەی لە خەیاڵ و هۆشیدایە بە ئاسانی بۆی دانەڕێـژرێت ، یا مـاوەیەکی بوێت .. شەکسـپیر هەندێ لە شانـۆگەرییەکانی بە سێ ساڵ ئینجا تەواوکردن  .. گرنگ ( زۆربێ و بۆربێ ) نییە ، بەڵکو ( کەم بوخـت بێ ) خوێنەر کە بابەتێک دەخوێنێتەوە ، ماوەی نووسین و تەواکردن بە لایەوە هیچ گرنگییەکی نییە .. گەر ئەو نووسەرە بە هەفتەیەک نووسیبێتی یا بە ساڵێک ، گرنگ ئەو بابەتەیە کە لە بەردەستی دایە و دەیخوێنێتەوە .. خوڕاگری لە توانای نووسەر کەم ناکەنەوە .. ئەوەش ناگەیەنێ کە نووسەرێکی شکستخواردووە .. نووسین پێویستی بە ئیلهام و هەستە .. تا ئەم هەستە دەروونییە لای نووسەر نەورووژێت .. نووسەر ئارەزووی نووسین ناکات .. ناشتوانیت زۆر لە نـاخی خـۆی بکات .. هەڕەمەکییانە دەست بە نووسین بکـات .. جاری واهەیە خەیاڵ و بیرۆکە و ئیلهام .. وەکو گەواڵە بارنێک بۆی دێن و دەبارێت .

11 – لەگەڵ نووسینەکاندا وێنەیەکی خۆت بڵاوبکەرەوە : چونکە وێنە بەلای خوێنەرەوە گرنگی خوێ هەیە .. گەر بشکرێت لە گەڵ نووسینەکەت دا ، وێنەی گونجا و پەیوەست بە بابەتەکەتەوە بڵاوبکەرەوە .. چونکە وێنە نیوەی رێگا گورتر دەکاتەوە .. بۆ نموونە کە وێنەیەکی خۆت لە تەنیشت کۆمپیوتەرێکەوە گرتووتە و بڵاوی دەکەیتەوە .. ئەمە ئەوە دەگەیەنێ کە تۆ کەسێکی شارستانی و مۆدێرزمی ، حەز بە خوێندنەوە و نووسین دەکەیت .. یا کە لە بەردەم رەفتەکانی کتێبخانەکەتدا ، وێنەیەکی خۆت بڵاودەکەیتەوە .. خوێنەران وا لێکیدەدەنەوە ، کە تۆ رۆشنبیری و ، حەز بە خوێندنەوەی کتێب دەکەیت .

12 –  بە سنگێکی فروانەوە رەخنەکان وەربگرە : هەندێ لە نووسەران بە رەخنەگرتنی خوێنەران پەست و نیگەران دەبن ، بەڵام تۆ بە سنگێکی فراونەوە رەخنە و کۆمێنتەکان وەربگرە .. دەشێ بەشێکی زۆریان راستبن و سوودت پێبەخشبن .. دڵخۆشبە بەوەی کە باتەکەت خوێنەری هەیە .. زۆر بە جوانی و بە رێزیشەوە وەڵامەکانیان بدەرەوە و .. سوپاسیشیان بکە .. ئەم وەڵامانەت بە لای خوێنەرانە مایەی دڵخۆشیە و رێزە .. ئەوە دەگەیەنێت کە تۆ بایەخ بە را و بۆچوونەکانیان دەدەیت .. بەڵام بە توندیش پەرپەچی ئەو کەسانە بدەرەوە کە هێڕشێکی کەسێتی دەکەنە سەرت و ، مەبەستیان سووکایەتی کردن بە خودی خۆت بە نووسینەکەت  .. تۆ نووسینەکانت بۆ کەسانێکی خوێنەرخواز و رۆشنبیری دۆست دەنووسی  .. بەڵام کەسانێکی هیچ لەباری ئەوتۆش هەن  .. ئیرەییت پێدەبەن و دەیانەوێت هەست بریندار بکەن و ، هەرەست پێبهێنن .. بەڵام خۆڕاگربە و بەم هێڕشانە ورەبەرمەدە و ، مەڕووخێ  .. بەڵکو زیاتر سووربە لە نووسیندا .

13 –  داکۆکی لە مافەکانی ئافرەتان بکە : گەر تۆ نووسەرێکی تازە دەست پێکردووی ، سەرسەختانە داکۆکی لە یەکسانی ، نێوان ژنـان و پیـاوان دا بکە .. بە دڵسـۆزیشەوە داکۆکیکەری مافەکانی ئافرەتان بکە .. بە توندی لە دژی هەموو ئەو تیۆر و داب و نەریتە کۆنانە و پاساوە ئایینییەکان بوەستەوە کە پاڵپشتی لە پیاوسالاری دەکەن و ، رۆڵی و مافەکانی ئافرەتانیان پەراوێزکردوون و ، مافەکانیشیان پێشێل کـردوون .. ئەم بابەتانە بە درێژای ساڵان خوێنەران رادەکێشن .. گەر خوشـکانی خوێنەران بزانن کە تۆ راستگۆ و جدیت و ، بۆ مەبەستی تایبەتی خۆت ، موزایدە بە چەوسانەوەی ئافرەتان ناکەیت .. بێگومان بە کە بە گەرمی دەستخۆشیت لێدەکەن و ، پێشوازی لە نووسینەکانت دەکەن و ، زیاتریش هانت دەدەن بۆ درێژەدان ، بە داکۆکیکردن و نووسین لەم بوارەدا .

14 – سوودوەرگرتن لە ئینتەرنێت : لەم سەردەمەدا ، ئینتەرنێت وەکو ئامێرێکی ئاسان و دەروازەیەکی فراون بۆ بڵاوکردنەوەی نووسین .. سوودێکی زۆر بە نووسەرانی تازە دەست پێکردوو دەبەخشێت  .. چونکە زۆر بە ئاسانی و بە خێرایی بێ سانسۆر دەتوانن نووسینەکانیان بڵاوبکەنەوە .. دەشتوانن بۆ زۆرتـرین سایت و ماڵپـەڕ نووسینەکانـیان بنێرن .. چونکە خوێنەرانی ئەمرۆ، رۆژانە گەشت بە بەشێکی زۆری سایتەکاندا دەکەن .. ئەگەر نووسینێکت یا زیاتر پشتگوێ خرا و ، لە سایتێک یا زیاتردا بڵاویان نەکردەوە .. دڵگیرمەبە .. دە نووسینی تریان بۆ بنێرە .. بەڵام بابەتی نووسینەکانت گەرماوگەرم بن و پەیوەندییان بەم رۆژگارە هەبێت .. مەرجیش نییە، بابەتەکانت تەنها سیاسی بن . هەوڵبدە بابەتی هەمەڕەنگە بنووسیت و ، لە ماڵپەڕە ناسراوەکاندا بڵاویان بکەرەوە .. چونکە خوێنەرانیان زیاترن .. زۆر نووسین گرنگترین هۆی سەرکەوتنە .. گەرچی ئێمەش لەگەڵ ( زۆربێ و بۆربێ ) دا نین  .. بەڵام نووسەری بە توانا و کە نووسین بووە بە بەشێک لە ژیانی  .. ناتوانێت پشوو بدات و نەنووسێت و ، لەمەڕ کێشەکان و باس و خواسی رۆژانەی ئەم رۆژگارەدا .. بێدەنگ بێت و هیچ هەڵوێستێکی نەبێت .

15 – داهێـنان : لە دوای گرنگی زمان لە نووسیندا ، داهێنان زۆر گرنگە .. توانانی داهێنانیش لە هەندێ کەسدا ماکییە و دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری رەچەڵکی ، کە رێژەی زیرەکی زمانەوانی دیاری دەکات و .. رۆڵێکی بەهێزیشی هەیە ، لە گەشەکردنی کاری داهێناندا لە لای مرۆڤ .. لەسەر ئەم بنەمایە لە بوارە جیاوازەکانی داهێناندا ، جیاوازی هەمەجۆرە لە نێوان بەهرەکانی کەسەکاندا هەیە .. نووسەری داهێنەر لەو دەرگایانە دەدات کە پێشتر لێیان نەدراون .. نووسەری داهێنەر بەپێی بیر و باوەڕ و بڕوای خۆی دەنووسیت .. بە شیوازێکی دژەباو ، دەربارە شتە باوەکان دەنووسیت  .
16 – راستگۆیی لە نووسیندا : بیرۆکەکانی نووسینەکانت ، گوزارشتن لەو هەستانەی کە لە ناخدان  ( بەهاکان ، پرنسیپەکان ، باوەڕەکان ) تا زیاتر راستگۆبیت و زیاتر بڕوات بەم باوەڕانەت هەبێت زیاتر کاریگەریت لەسەر خوێنەران دەبێت و خەڵکیش زیاتر باوەڕیان پێت دەبێت .. بیرۆکە ، کورتەی رووح و هەستی ناختە .. کە لە جەوهەری ( مەرەکەبی )  پێنووسەکەدا دەچۆڕێتە سەر ئەو کاغەزەکەی بەردەمت ، ئەمەش نهێنی سەرکەوتنی نووسەریکە یا شکستی نووسەرێکی ترە .. سەرێک پێنووسەکەت لەسەر کاغەزەکەدایە و ، سەرەکەتی تری بە ناخی دڵ و دەروونتەوەیە ، بە زادەی بیر و هۆشتەوەیە .
جیراڵد برینان دەڵێ : مەرەکەبی پێنووسی نووسەر پیرۆزە .. وەک خوێنی شەهید
.. ئەو وشانەی لە دڵەوە دەربچن دەچنە دڵەوە .. بەڵام ئەو وشانەی کە لە زمانەوە دەربچن لە گوێیەکان زیاتر تێناپەڕن .. گەر وشەکانت هەڵبەستراو و دروست کراوبن ، وشەکانت دەنگدانەوەیان لەویـژدانی خوێنەراندا نابێت و ، راستگۆیی خۆت لە لایان لە دەست دەدەیت .. بۆیە پێویسـتە بە ئەوپـەڕی راستگـۆیی و شەفـافییەوە بنووسیت .. ئاگاداربە ، لە بارەی بابەتێکەوە مەنووسە کە بڕوات پێی نییە و ، بە پەرۆشی نووسینی نیت .. چونکە لە کۆتاییدا پێنووسەکەت شەرمەزارت دەکات .. وا لە وشەکانت بکە کە وەکو گـوڵ گەشبن و بۆنێ خۆشـیان لێبێت .. وەکو گیانلەبەرانیش هەنەسابدەن  .. ئەو وشانەی کە بە سۆز و هەسـت پاکی و راستی زاخـاودراون ، کاریگەرییەکی زیاتریان لەسەر خوێنەران و خەڵکییدا هەیە .
کەواتە هەمیشە رستگۆبە لەگەڵ خۆتدا .. راستگۆبە لەگەڵ خوێنەراندا .. راستگۆشبە لەگەڵ خەڵکیدا .. لە نووسینەکاندا، ماستاو بۆ کەسە مەکە و ، شانی کەسیش مەتەکێنە .
ئەناتۆل فرانس دەڵی : بە ڕای من ، راستگۆیی کلیلی بەختەوەرییە لە کارکـردن و لە ئاخافـتن و لە بیـرکردنەوەدا .
شۆپنهۆر یش دەڵێ : راستی وەک هەنـگ وایە .. نـاوسکی هەنگـوینی تێدایە و ، کلکیشی چـزووی پێـوەیە  .

17 –  مەبە بە پاشکۆی هیچ لایەنێکی سیاسی : گەر تۆ خۆت بە نووسەرێکی راستگۆ و ئـازا و بوێـر دەزانیت .. دەبێت ببیت بە ئاوێنەی راستییەکان و ، خۆت بە خزمەتکاری گەلەکەت بزانیت ، مۆرکی هیچ ئایدۆلۆژیایەکی سیاسی و لایەنخوازی بەخۆتەوە مەنێ هەمیشە بە ئەو پەڕی بێباکییەوە داکۆکی لە راستییەکان بکە و هەڵویستی خۆت دیاری بکە .. ئەگەر خۆت بە چالاکوانێکی سیاسیش دەزانیت .. ئەگەر لە راستییەکان لابدەیت لایەنگران لە دەست دەدەیت و، بە نووسەرێکی سیاسی هەلپەرستت دەزانن .. کەواتە ئازایەتی هەڵماڵینی راستییەکان و شەفافییەتی هەڵوێست ، لە خەسڵەتەکـانی نووسەری سیاسی سەرکەوتوون  .. سەر بە هەچ لایەنێکی سیاسیش بیت .. پێویستە هێڵی سوور بۆ خۆت نەکێشیت و ، لە سنووربەزاندن نەترسیت .. بە رەش مەڵی سپییە و .. هەردەم راستیخوازبە و .. نووسەرێکی رەنگ و دەنگ جیاواز بە .  

18 – خۆت لە خەڵکی جیامەکەرەوە : گەر تۆ خۆت بە نووسەرێکی دڵسۆزی گەلەکەت دەزانیت ، نابێت لووت بەرز و بەفیز و لەخۆبایی بێت و ، خۆت لە خەڵکی جیابکەیتەوە .. هەردەم کەسێتییەکی خاکی و سادە بە و ، خۆت بە یەکێک لە خەڵکی بزانە .. لەگەڵ خۆشی و ناخۆشییەکانیاندا بژی .. لەگەڵ ئازارەکانیاندا ئازار بکێشە .. تا هەست بەوە بکەن کە تۆ یەکێکی لەوان .. کە رووی قسەکانت لەوان دەکەیت بە راناوی   ئێـمە  دەست پێبکە ، نەک بە راناوی ( ئێـوە )، چونکە بەکارهێنانی ( ئێـوە ) بەبێ ئەوەی کە هەستی پێبکەیت خۆت لە جەماوەر جیادەکەیتەوە .. بەبێ ئەوەی هەستی پێبکەیت دیوارێک لە نێوانخۆت و جەماوەردا دروست دەبێت .. بۆیە پێیان بڵێ :   من ئێوەم و .. ئێوەش منن  ، ئەوسا دەبیت بە جێی بـڕوا متـمانەیان و ، دەچیتە ناخـی دڵیـانەوە .
نیشتمان پەروەرێکی دڵسۆزبە و، داکۆکیکەرێکی سەرسەختی ئازادی و دیموکراتی و دادپەروەری و یەکسانی و مرۆڤایەتی بە .. داکۆکی لە مافەکانی ئافرەتان و منداڵان بکە .. هەردەم هاوپشتی ستەملێکراوان بە و ، دژی زۆرداری و غـەدر و چەوسـانەوە بە .
شاعیری داهێنەری گـەورە و نەمـری گەلەکەمان  شـیرکۆ بێـکەس دەڵێ : غـەدری گـەورە لە کـوێ بێت ، شـیعری منـیش لەوێـیە  .

19 – هاتوچۆی بنکە ئەدەبی و یانە رۆشنبیرییەکانی شارەکەت بکە : بەردەوام هاتوچۆی بنکەی رۆشنبیری و بارەگا و ناوەندە ئەدەبییەکانی شارەکەت بکە و .. لە کۆڕەکان و لە سەمینارەکانیشدا بەشداری بکە و .. خۆت تێکەڵ بە رۆشنبیران و نووسەران بکە و ، دوورەپەرێز مەبە .. راو و بۆچوونەکانتان ئاڵوگـۆڕبکەن .. بەشداریش لە دەمەتەقێ و ورووژاندنی ئەو بابەتانەش بکە کە دێنە ئاراوە .. بە راشکاویش را و بۆچوونەکانی خۆت بە شێوەیەکی هێمنانە دەرببڕە .. رەخنە بگرە و هەستی کەسیش بریندار مەکە  .

20 – سەرەتا و کۆتایی نووسینەکانت بەهێزبن : نووسینەکانت بە سەرەتایەکی باش و بەهـێز دەست پێبکە .. بەڵام سەرەتاکانت کـورت و سەرنـج راکێش بن .. بۆ ئەوەی خوێنەران بەرەو قووڵایی بابەتەکانت بچن و ، حەز بە تەواکردنی نووسینەکانت بکەن .. بۆیە رستە پێشەکییەکانت ، پێویستە وەکو موگنـاتیس وابن و .. خۆێنـەران رابکـێشن .. بۆ نموونەوە :   کە چووم بۆ قوتابخانە، بەڕێوەبەری قوتابخانەکەمان ، بانگی کردم ، بە زەردەخەنەیەکی ناسکەوە ، مژدەیەکی خۆشی پێگەیاندم و پیرۆزبایی لێکردم و وتی….  لە چەشنی ئەم جۆرە پێشەکییانە ، دەرگا بۆ خوێنەران دەکەنەوە ، خوێنەر دەیەوێت نهێنی ئەو مژدە خۆشە بزانیت کە چییە .
لە کوتاییەکانی نووسینەکانیشدا هەرگیز رەشبین مەبە ، و هەردەم گەشبین و هیواخوازبە .. گەشبین بە بەوەی کە نەوەکانی دوای ئێمە .. درێژە بە نوێخوازی و بە داهێنان و بە چاکسـازی و بە گۆڕانـکاری دەدەن و .. ئەوەی ئێـمە پێـمان نەکـرا .. یا تەواومــان نەکردوون و ، یان پێمان نەهـاتنەدی .. ئەوان تەواویـان دەکەن و .. دەیان هێننەدی .

21 – پێویستە بایەخێکی زۆر بە تەکنیکی داڕشتنی نووسینەکانت بدەیت : شێوازی نووسینەکانت ئاسان و ساکاربن و ، لەگەڵ تیۆری ( هونەر بۆ هونەر ) مەبە .. بەڵکو لەگەڵ تیۆری ( هونەر بۆ گشتی ) بە .. زیاد لە پێویستیش درێژە بە نووسینەکانت مەدە .. واتای وشەکانت روون بن .. رستەکانت کورت بن .. و بڕگەکانیشت زۆر درێژ نەبن .. پێویستە شارەزایشت لە رێزمـانی و، لە رێنـووسی کـوردی دا هەبێت .. بۆ ئـەوەی نەکەویتە هەڵەی رێزمانی و رێنووسییەوە  .. یا کەمترین هەڵەت هەبێت .

22 – پیاچوونەوە بە نووسینەکانت : دوای ئەوەی کە لە نووسینی بابەتەکانت دەبیتەوە .
جارێک یا دووجار پێـایاندا بچۆرەوە و ، هەڵەکانت راست بەرەوە و ، دەشی دەستکاری کۆمەڵێک لە وشە و لە رستەکانیشیان بکەیت .. بەشێکیان لابەریت و .. شتی تازەش بخەیتە سەریان .. ئەوسا بیان نێرە بۆ بڵاوکردنەوە لە رۆژنامەکاندا یا لە گۆڤارەکاندا یا لە ماڵپەڕە ئەلیکترۆنییەکاندا .. بە بڵاوکردنەوەیان هەست بە خۆشییەکی زۆر دەکەیت .

23 – ژوورێکی تایبەتی : ئەگەر بۆت دەلوێت، لە ماڵەکەتاندا ژوورێکی تایبەتی ، بکە بە نووسینگەی خۆت .. چونکە لە کەشوهەوایەکی هێمن و بێدەنگدا .. نووسەر دەتوانێت زیاتر بە ناخی دەروونیدا بچێت و جوانتر بیربکاتەوە و ، شتەکان بێنەوە یادی .. گەر لەو ژوورەدا کتێبخانەیەکیشت هەبێت .. هەست بەوە ناکەیت کە تەنیای .. وا هەست دەکەیت کە کۆمەڵێک لە نووسەران لە ژوورەکەت دان و هانت دەدەن و .. ئامادەن کە یارمەتیت بدەن .. وەکو دەڵێن ( کتێب باشتری هاوڕێیە ) .. جار و بار پشوویەکیش بدە و .. گوێ لەو گۆرانییە کوردییانە بگرە کە بەلاتەوە خۆشن .
24 – بە دڵنیاییەوە ژیان سەرکوتن و شکستیشە :  بەڵام هەرگیز خۆت مەدە بە دەستی نائومێدییەوە و ، خۆت بە لاواز و بە بێدەسەڵات مەزانە و .. هەرەس مەهێنە .. بەڵکو بڕوات بەخۆت هەبێت .. شکسـتییەک یا دووان کۆتـایی ژیـان و جیـهان نییە .. کـەڵە داهێنەری مەزن ( ئەدیسـۆن )  داهێنەری  وزەی کارەبـا و بە دەیـان داهێنانی تر .. لە تاقیکردنەوەکانی دروستکردنی گڵۆپی کارەباییدا ، ئەدیسـۆن تێکڕا ( ٩٩٩) جار شکستی هێنا ، بەڵام کۆڵی نەدا .. تا لە سەر ( ١٠٠٠) رەمین تاقیکردنەوەیدا سەرکەوت و گڵۆپی داهێنا .. با نووسەریش ئەم باوەڕەی ئەدیسۆن، بکات بە هەوێنی باوەڕبەخۆبوونی  .
ناپلـیۆن  دەڵێ :  سەرکـەوتن شایـانی ئەو کەسانـەیە ، کە زیـاتر خۆڕاگـرن
کۆڵن پاوڵ  یش دەڵێ : هیـچ نهێـنییەک لە سەرکەوتندا نییە ، بەڵکو سـەرکەوتن بـەری ئامـادەکاری باش و ، کـاری بێوچـان و ، خۆمـاندووکردن و ، فـێربوون و ، پەنـد وەرگرتنە لە هەڵە و لە شکستییەکان .

25 –  ژیانی کەسێتی نووسەر : پێویستە کە نووسەر بایەخ بە ژیانی خۆی بدات و ، پارێزگاری لە تەندروستی خۆی بکات .. نووسین ئەوە ناگەیەنێت کە نووسەر لە ژیان دابڕێت و دەست لەدنیا هەڵبگری ، بە پێچەوانە پێویستە نووسەر ژیانی زۆر خۆشبوێت .
هەندێ نووسەران لاسایی نووسـەرە رۆمانسـییە کۆنەکان و وجـوودییەکان دەکـەنەوە ، قژێـکی درێژ دەهێلنەوە و سـەر و ریشێکی پانیـش دادەنێن .. ئەمەیان دەگەڕێتەوە بۆ ئـازادی و بۆ حـەزی خـودی ئەو کەسـانە .. بەڵام تا ئێستا نەمدیــوە کە نووسەرێـکی کوردمان لاسایی ، نووسـەری نەمـری کوردمـان ، نووسـەری ئەدەبـی منــداڵان مامۆسـتا  عومـەر عەبـدولڕەحـیم   بکاتـەوە .. کە بە زۆری بە   رانـک و چۆغـەی شاڵ و بە پەسـتەک و کڵاشی هـەورامی و پـووزەوانە و فەقیانە و کلێـتەی گوڵیگە شۆڕی لەسەر دەکرد  . تەنانەت هەر بەم جلانەشەوە دەچوو بۆ قوتابخانە و پۆل و ، وانەی دەوتەوە .

 

بەکلیکێک لەسەر سمولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت