رەزا شوان: گرنگییەکانی ئازادی لە پەروەردەکردنی منداڵان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئازادی تەنها وتنی وشەیەکی سەرزارەکی و راگوزاری نییە، ئازادی ئەو هەوا پاک و بێگەردەیە کە هەڵیدەمژین. ئازادی ئەو هەست و نەستە جوان و پیرۆزەیە، کە هەمیشە لە هۆش و لە ناخی دڵ و دەروونماندایە. ئازادی بناغەی ژیانە و، مافێکی بنەڕەتی و سەرەکییە لە مافەکانی هەموو کەسێک، لەگەڵیدا لەدایک دەبێ و لەگەڵیدا دەژی. ئازادی شیرینترین و پێویسترین شتە لە ژیاندا. ژیان بەبێ ئازادی زیندانێکی تاریک و تەنگە و، هیچ واتایەکی نییە. چونکە ژیان و ئازادی یەکن، دوو گیانن لە یەک جەستەدا. ژیان بەبێ ئازادی لەشێکە بەبێ گیان.
جان جاک رۆسۆ دەڵێ: وازهێنان لە ئازادی. وازهێنانە لە ژیان. ئازادی مافێکی سروشتی مرۆڤە. کەس بۆی نییە ئازادی لە کەسێکی تر زەوت بکات. ئەگەر بە دروستی ئەم مافەی خۆی بەکاربهێنێت و، دژی ئازادی و مافەکانی هیچ کەسێکی تر نەبێت.
میخایل نەعیمە دەڵێ: ئـازادی بەنرخترین شتە. بۆیە نرخی گـرانە.
نووسەرێکی رۆژئاوایی ـش دەڵێ: گەر تۆ هەموو شتەکانت لەدەست بدەیت، تەنها ئازادی نەبێت، تۆ هێشتا دەوڵەمەندیت.
ئەبراهام لینکۆڵن یش دەڵێ: کەس حەزی بە پێوەن نییە، گەر لە زێڕیش بێت.
ئازادی چەکێکی دوو دەمە، ئازادی پێویستییەکی بەسوودە، ئەگەر بێت بە راستی و بە دروستی بەکاری بهێنن. بەڵام ئەگەر بە هەڵە لە چەمکی ئازادی تێبگەین و، بە خراپی بەکاری بهێنین.
زیان بە خۆمان و بە کاسانی دەوروبەرمان دەگەیەنین. بۆ نموونە: تۆ ئازادی کە لە ماڵەکەی خۆتاندا تەلەفزیۆنەکەتان هەڵبکەیت دەنگی بدەیتێ و گوێی لێبگری. بەڵام ئازاد نیت، کە دەنگی تەلەفزیۆنەکەت زیاد لە پێویست بەرزبکەیت و هاوسێکانت بێزاربکەیت و پێشێلی ئازادییان بکەیت.
بێگومان لە هیچ شوێنێکی جیهاندا، ئازادییەکی رەها نییە.. لە هەموو وڵاتێکدا ئازادی سنووردار و کۆنترۆڵکراوە، بە پێی دەستوور و یاسا و رێساکانی ئەو وڵاتە و، بە پێی پرانسیپەکانی ئازادی. چونکە ئازادی بەرەڵایی و ئاژاوەگێڕی و بێسەرەوبەرەیی و پێشێلکردن نییە. ئازادی بەرپرسێتییە. بەبێ بەرپرسێتیش ئازادی بوونی نییە. تۆ تا ئەو کاتە ئازادی کە پێشێلی ئازادی و مافەکانی کەسانی تر نەکەیت. کەواتە مرۆڤی ئازاد ئەو کەسەیە کە رێز لە ئازادی خۆی و کەسانی تریش دەگرێت. ئازاد ئەو کەسەیە کە رێز لە پرانسیپەکانی مرۆڤایەتی و، لە داب و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان و، لە رەوشتە جوانەکان و، لە بەها بەرز و پیرۆزەکان دەگرێت.
ئازادی هۆکارێکی گرنگ و رێگایەکە، بۆ بەستنی پەیوەندی و تێکەڵ بوون لەگەڵ کەسانی تردا.
دێینە سەر کرۆکی باسەکەمان کە گرنگییەکان و کارتێکردن و کاردانەوەی ئازادییە لە پەروەردەکردن و، لە بنیاتنانی کەسێتی و لە رەفتارەکانی مندڵان دا.
شارەزایانی بواری پەروەردە و دەرووناسی و گەشەکردنی منداڵان جەخت لەسەر پێویستی و گرنگی ئازادی دەربڕینی منداڵان دەکەنەوە. چونکە ئازادی پێویستییەکی زۆر گرنگە و، رۆڵێکی ئەرێنی و کاریگەری هەیە لە گەشەکردنی هۆش و زەین و زیرەکی و توانا و داهێنان و بەهرەکانی منداڵان.
پێویستە منداڵەکانتان سەرکوت و پەراوێز نەکەن و، بەری ئازادییان لێمەگرن، با بە ئەوپەڕی ئازادی و راشکاوییەوە گوزارشت لە ناخی خۆیان بکەن و. ئەوەی لە دڵیاندایە دەریبڕن. با بە کامی دڵیان یاری بکەن و راکەنن و پێکەنن، با ئازادبن لە هەڵبژاردن دا، بە ئارەزووی دڵی خۆیان رەنگەکانی جلوبەرگەکانیان هەڵبژێرن. با لە گفوگۆ و بڕیارەکانی خێزانیتان بە تایبەتیش لەوانەی کە پەیوەندییان بە خودی منداڵان هەیە، را و بۆچوون و پێشنیارەکانیان فەرامۆش مەکەن، بەڵکو هانیان بدەن کە را و هەڵوێستیان هەبێت. هەموو شتێکیشیان لێمەکەن بە بڤەیە، با خۆیان شتەکان تاقیبکەنەوە. تێکیان بدەن و، پێکوەیان بنێنەوە، گەر هەڵەشیان کرد، لۆمە و سەرکوێریان مەکەن، تا هەڵە نەکەن راستیش فێرنابن، لە هەڵەکانیان و لە سەرنەکەوتنەکانیان وانە و پەند وەردەگرن. ئێمە و ئێوەش، ئەگەر قۆناخەکانی منداڵیمان بە بیری خۆمان بهێنینەوە، رەنگە بە دەیان هەڵەی بێمەبەستمان کردووبێت بە دەیان شتمان شکاندووبێت و بە دەیانیش شتمان لێکهەڵوەشاندووبێتەوە.
منداڵ مرۆڤێکە و مافی ئازادی هەیە. ئازادیش پێویستییەکی گرنگی پەروەردەی ئەم سەردەمەیە. سەردەمی لێدان و چاوسوورکردنەوە و شەقزالە و گوێڕاکێشان و فەلاقەکردن و دەمگرتنی منداڵان بەسەرچوو. بۆ ئەوەی منداڵان بە دەروون دروستی و تەندورستی پێبگەیەنین و بە شادی و خۆشی مەست و خەنیان بکەین، پێویستە بەپێی قۆناخەکانی تەمەنی منداڵییان ئازادییان هەبێت. ئازادیشیان بە رێنمایی جوان و بە چاودێری شوورەبدرێت. چونکە هێشتا پێویستییان بە ڕێنمایی و بە چاودێری و بە ئاراستەکردنی دروست هەیە. هێشتا پێویستییان بە یارمەتیدانی خێزان و قوتابخانە هەیە.
راستر ئەوەیە کە منداڵەکانتان لە نێوان خۆشەویستی و کارڕاستیدابن، نەک کارڕاستی و توندوتیژی.

گرنگییەکانی ئازادی دەربڕین بۆ منداڵان:
1ـ منداڵی ئازاد، کەسێتییەکی سەربەست و ئاسایی و رەفتاردروست و بەهێزی لێدێتە کایەوە، دوور لە شەڕخوازی و توندوتیژی دەبێت، ژیر و ئازا دەبێت، گەشبین و رووخۆش و گوفت شیرین دەبێت، رێز لە خۆی و لە کەسانی تر دەگرێت، هەست بە خۆشی و شادی دەکات، هەست بە گرنگی بەهاکانی ژیان دەکات.. بە شێوەیەکی راستیش لە چەمکی ئازادی دەگات.. چاکخوازیش لە ناخیدا دەڕویت.
2ـ ئازادی خەیاڵی منداڵ فراوانتر دەکات، گەشەش بە زیرەکی منداڵ دەکات، هۆکارێکی گرنگیشە بۆ پێشکەوتن و باڵابوونی لە خوێندن و بەدەستهێناندا.. بوراێکی زیاتریشی بۆ دەڕەخسێنێت بۆ حەزی دۆزینەوە و تاقیکردنەوە و داهێنان و گەشەکردنی ئارەزووەکانی و دەرخستنی تواناکانی.
3ـ ئەو منداڵەی ئازادییەکی زیاتری هەبیت، بڕوایەکی زیاتری بە کەسێتی خۆی و بە تواناکانی دەبێت.. بڕوابەخۆبوونیش، هاندەر و پاڵنەرە بۆ کۆشش و خۆراهێنان و تاقیکردنەوە و داهێنان و بەرهەمهێنان.. بەمەش کۆمەڵگا خێراتر پێشدەکەوێت و، داهاتووشی گەشتر و خۆشتر دەبێت.
4ـ لە بواری رەوشتیشدا، دەتوانین ئەوە بڵێین، کە منداڵی ئازاد لە قوتابخانەدا، لە سایەی توانا و بڕوابەخۆبوونی، بە شێوەیەکی راست و دروست رەفتار لەگەڵ هاوڕێکانی و مامۆستاکانی دەکات.. وەکو چۆن بەرژەوەندی خۆی دەوێت، ئاوهاش بەرژەوەندی هاوڕێکانی دەوێت.. رێز لە ئازادی هاوڕێکانی و لە مامۆستاکانی و، لە یاساکانی قوتابخانە دەگرێت.
5ـ پرانسیپەکانی ئازادی زامنی ئەوەن، کە منداڵی ئازاد هەست بە بەرپرسێتی بکات، لەوەش دەگات کە ئازادی بەبی بەرپرسێتی بوونی نییە.. بەزاندنی سنووری ئازادیش.. دژی پرانسیپەکانی ئازادییە.
6ـ ئازادی، ئازایی و بوێرییەکی زیاتر بە منداڵ دەبەخشێت.. هاندەرە و پاڵنەریشە، بۆ ئەنجامدانی کاری سەرکێشی.. بۆ پەند و وانە وەرگرتن لە هەڵەکانی و لە هۆکارەکانی سەرنەکەوتنەکانی.. ئەو هەستەشی پێدەبەخشێت، کە لە داهاتوودا زیاتر خۆڕاگربێت و بتوانێت بەرگەی گرفت و شکستییەکان بگرێت و کۆڵ نەدات.. زیاتریش درێژە بە کۆشش و هەوڵدان و پێشکەوتنەکانی بدات.

گرفتەکانی نەبوونی ئازادی دەربڕینی منداڵان:
گەر بێتو بەر لە ئازادی ماف دەربڕینی منداڵ بکەین و، لە سەربەستی بێبەشی بکەین و، دەمی پێدابخەین و، نەتوانێت گوزارشت بکات و رای خۆی دەربڕێت و رەخنە نەگرێت، وەکو ئامێرێکی لێدێت کە فەرمان و داواکان جێبەجێ دەکات و، دەبێتە پاشکۆی گەورەکان و لە ناو جغزێکدا خۆی بەدی دەکات.. بێگومان زەوتکردنی ئازادی لە منداڵ، دەبێتە هۆکاری سەرهەڵدا نی گەلی گرفتی جەستەیی و دەروونی لە منداڵدا، گەلێ کاردانەوەی نەرێنیشی لێدەکەوێتەوە.. بە کورتی باس لە چەند گرفتێکی نەبوونی ئازادی منداڵ دەکەین:
1ـ رێگرتن لە ئازادی منداڵ، ئاسەوارێکی نەرێنی زۆری لێدەکەوێتەوە، دووچاری کێشە دەروونی و رەوشتییەکانی دەکات، وەکو: خۆبەکەمزانین، دوژمنخوازی، دزی، گۆشەگیری، شڵەژان، خەمۆکی، دڵڕاوکێ، بڕوابەخۆنەبوون، بێ هیوایی، رقئەستووری…هتد. پێویستە پێش ئەوەی کە کەسێتی منداڵ تێکبچێت و بڕووخێت و، دووچاری چەندین نەخۆشی دەروونی بێت، چارەسەری گرفتەکانی بکرێن.
2ـ زەوتکردنی ئازادی لە منداڵ و پەراوێزکردنی، وای لێدەکەن کە خۆی بە کەسێکی بێ دەسەڵات و بێتوانا بزانێت، واش هەست دەکات خۆشەویست نییە ،و رێزی لێناگرن و بە هەندی نازانن.. ئەمەش هۆیەکە بۆ ئەوەی کە ئاستی بە دەستهێنانی لە خوێندندا لاوازبێت.. لە ژیانیشیدا سەرکەوتوو نەبێت.
3ـ خەفەکردنی ئازادی منداڵ وای لێدەکات کە هەست بە جوانییەکان و بە خۆشییەکانی ژیان نەکات و، بە رەشبینییەوە لە ژیان بڕوانێت.. ئەمەش لە ئەنجامەی لۆمەکردنێکی زۆر و، سەرکوتکردن و سەرکوێرکردنی لە لایەن خێزانەکەیەوە، لەسەر ئەو هەڵە بێمەبەستانەی کە دەیکات.. بڕواشی بە تواناکانی خۆی نامێنێت و پشت بە کەسانی تر دەبەستێت و، غیرەتی بڕیاردانیشی لە ژیانیدا نابێت.
4ـ پەروەردەی سەپێنراو، کە بوارێک بۆ ئازادی بۆ منداڵ ناهێلێتەوە، وا لە منداڵ دەکات کە ببێت بە ئامێرێکی گوێدێر و جێبەجێکەر، گفتوگۆ هیچ رۆڵێکی نییە، گوێش لە را و بۆچوونەکانی ناگرن.
5ـ زەوتکردنی ئازادی و سەربەستی لە منداڵ و، پەروەردەکردنێکی نادروست و سەقەت لە لایەن خێزانی نابەڵەدەوە.. هۆکارێکە بۆ لاوازی هاوبەستەبوونی منداڵ بۆ خێزانەکەی، چونکە وا هەست دەکات کە خۆشیان ناوێت و رقیان لێیەتی. هەر وەکو ئەوەی کە ئەندامێکی خێزانەکەی نەبێت و، کەسێکی نامۆبێت لە ناویاندا. بواری ئەوەشی نادەنی کە بە ئازادی و بە راشکاوی گوزارشت لە را و لە هەڵوێست و لە بۆچوونەکانی بکات. هەستکردنی منداڵیش بەم پشتگوێخستنە، گەلێ کێشە و رەفتاری خراپ و نەرێنی بە دوای خۆیدا دەهێنێت، وەکو: شەڕخـوازی، ملهـوڕی، گۆشەگـیری، یاخیبوون، گـرژ و مۆنی، رقایەتی، قسەهەڵبزکان، جوین دان، نەبەستنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و، لاوازی پەیوەندی هاوڕێتی، تێکەڵاونەبوون، شکستهێنان لە خوێندندا.
بێگومان خێزان ناوەندێکی گرنگی پەروەردەکردن و راهێنانی منداڵە.. بەڵام بە داخەوە تا ئەمڕۆش
لە ناو هەندێ خێزانیدا، پەیوەندی نێوان دایک و باوک و منداڵ، پەیوەندیەکی میلیتارییە، پەیوەندی (سەرکـردە و سەربـازە) واتە پێویستە منداڵ تەنها گوێدێربێت و، فەرمانەکانی خێزانەکەی ( باوک و دایک) ی جێبەجێ بکات.. چاوەڕوانی چی لە منداڵێکی وا بکەین کە لە خێزانێکی وادا پەروەرببێت؟
لە کۆتاییدا، پێویستە ئاماژەش بەوە بکەین، کە تا ئەمڕۆش لە بەشێکی زۆری قوتابخانەکانمدا، پرۆگرامەکانی خوێندن و شێواز و ڕێبازەکانی وانە وتنەوەی ماوستاکانمان، کۆن و کلاسیکین و، گۆڕانکارییەکی ئەوتۆیان لێبەدی ناکەین. تا ئەمڕۆش ماموستای وانەبێژ، تەوەری سەرەکی وانەیە و، زۆرترین کاتی وانەکە ئەو لەپۆلدا قسەدەکات.. بواری پێویست بە منداڵان نادەن، کە بە راشکاوی و بە ئازادی رای خۆیان دەربڕن. ئەمەش بە پێچەوانەی پەروەردەی نوێ و، شێوازی و رێبازەکانی تازەی وانە وتنەوەیە.. کە منداڵان (قوتابیان) تەوەری سەرەکی وانەن لە پۆلدا، بە ئەوپەڕی ئازادی و راشکاوییەوە گفتوگۆ دەکەن و، دەپرسن و، رەخنەدەگرن و .. گوزارشت لە رای خۆیان دەکەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت