زانیارى نەبیستراو دەربارەى ڕفاندنى تیمێکى (میت) لەکوردستان.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى کە لەسەرچاوەیەکى متمانەپێکراوو باڵاوە دەست (کورد تیڤى) کەوتوون، ئۆپراسیۆنى رفاندنى تیمێکى دەزگاى هەواڵگرى تورکیا ناسراو بە (میت) لەنزیک سلێمانى، پرۆسەیەکى زۆر لەوە ئاڵۆزترە کە لەدەزگاکانى راگەیاندندا قسەى لەبارەوە دەکرێت.
بەپێى ئەو سەرچاوەیە، چیرۆکەکە لەوێوە دەست پێدەکات کە کادیرێکى باڵاى پارتى کرێکارانى کوردستان بەیەکێک لەنەخۆشخانە مۆدێرنەکانى سلێمانى رادەگەیەنێت کە کەسێکیان دەیەوێت سەردانى نەخۆشخانەکە بکات بۆلاى پسپۆڕێکى بڕبڕەى پشت، کادیرەکە ئاماژەى بەوەداوە کە رەنگە ئەو کەسە بۆ بەشێک لەچارەسەرەکانى نەتوانێت سەردانى نەخۆشخانەکە بکات و ئاخۆ دەکرێت پزیشکەکان لەشوێنى حەوانەوەى چارەسەرى بکەن یان نا؟، ئەم زانیارییانە دزە دەکەن و دەزگاى (میت) دڵنیایە لەوەى کە ئەو کەسە (جەمیل بایک)ى سەرۆکى کۆماجڤاکێن کوردستانە، چونکە لەسەرکردە باڵاکانى پەکەکەدا تەنها ئەو کێشەى پشتى هەیە کە بەهۆى بەسەختى برینداربوونیەوە تووشى ئەو کێشەیە هاتووە.
لەکۆتایى نەوەدەکانى سەدەى رابردوودا، جەمیل بایک بەهۆى بۆردومانى فڕۆکەکانى تورکیاوە لەشەڕێکدا لەناوچەى خواکوڕک بەسەختى بریندار دەبێت، پاش گەیاندنى بە قەندیل، دۆخى تەندروستى زۆر ئاڵۆز دەبێت، دواتر موراد قەرەیلان بەشەخسى پەیوەندی بەنەوشیروان مستەفاوە دەکات و داواى لێدەکات کە هاوکاریان بێت لەوەى بەنهێنى (بایک) بنێرنە سلێمانى و چارەسەرى پشتى بۆ بکەن چونکە دۆخى تەندروستى لەوپەڕى خراپیدایە.
نەوشیروان مستەفا داواکەیان جێبەجێ دەکات، تەنانەت بەدرێژایى ڕێگەى نێوان سەنگەسەر تا نزیک تاسڵوجە، نزیکەى 600 پێشمەرگە لەو رێگەیە بڵاودەکاتەوە، وەک ئیحتیات وەرگرتنێک بۆ ئەوەى نەوەک تورکیا لەڕێگەى دابەزینى ئاسمانى (انزال جوی) جەمیل بایک لەو رێگەیە بفڕێنێت یان تیرۆر بکات.
جەمیل بایک دەگاتە سلێمانى و زیاتر لە 3 مانگ لەسلێمانى دەمێنێتەوە کە زۆربەى هەرە زۆرى کاتەکانى لەماڵى نەوشیروان مستەفا بەسەر دەبات و هەر لەوێش چارەسەر وەردەگرێت و پاشان بەهەمان شێوە دەگەڕێتەوە بۆ قەندیل.

تیمەکەى میت چۆن دێنە کوردستان؟
پاش دەستکەوتنى ئەو زانیارییەى کە جەمیل بایک بەنیازى سەردانى ئەو نەخۆشخانەیەیە، دەزگاى میت، تیمێکى تایبەت و راهێنراو لەسەر (ڕفاندن و تیرۆرکردن) ئامادە دەکات و بۆ ئەو ئەرکە رەوانەى هەرێمى کوردستانیان دەکات تا لەئامادەباشی تەواودا بن و تیمەکە لەهەولێر نیشتەجێ دەبن.
سەرچاوەکە ئاماژەى بەوەدا کە پێدەچێت پەکەکە بەم کارەى (میت)ى زانیبێت، چونکە، مەوعیدێکى هەڵە دەدەنە نەخۆشخانەکەو وا بڵاودەکەنەوە کە فڵانە ڕۆژ کەسەکە دەگاتە سلێمانى و دەچێتە نەخۆشخانەکە، تیمەکەى میت پێشوەخت دەچنە سلێمانى و ئامادەکارى خۆیان دەکەن و کەسێکیان دەچێتە نەخۆشخانەکە و هەموو ئامادەباشییەک وەردەگرن بۆ کارەکە، بەڵام دواى تێپەڕبوونى دوو ڕۆژ، بایک ناچێتە نەخۆشخانەکە، ئەمەش پلانەکە کەمێک دەشێوێنێت، دواتر دەزگاى میت تیمەکەى ئاگاداردەکات کە لەبەر دەزگاى ئیتڵاعاتى ئێرانى، سلێمانى جێبهێڵن و بگەڕێنەوە بۆ هەولێر تا ئەو کاتەى بایک دەگاتە سلێمانى. بەڵام لەکاتى گەڕانەوەیاندا بەرەو هەولێرو لەنزیک شارۆچکەى دوکان، تیمەکە کە پێکهاتوون لە چوار کەس (سێ تورک و کوردێکى باکورى کوردستان) ئۆتۆمبێلێکى جۆرى (BMW X6)ى رەنگ ڕەشیان پێبووە، لەلایەن دوو ئۆتۆمبێلێکى ترەوە ناچار بە راگرتن دەبنەوەو لەپرۆسەیەکى زۆر خێرادا سەرجەمى تیمەکە قۆڵبەست دەکرێن و چاویان دەبەسترێتەوەو بە ئۆتۆمبێلەکەى خۆیان و دوو ئۆتۆمبێلەکەى تریش بەرەو قەندیل دەبرێن.
سەرچاوەکەى کورد تیڤى ئاماژەى بەوەکرد کە پەکەکە پێشتر بەم پلانەى دەزگاى (میت)ى زانیوە، بۆیە تیمێکى تایبەتى کۆماندۆى گەریلاى بەجلى مەدەنى و لەژێر ناوى کارى بازرگانیدا ناردووەتە سلێمانى و چاودێرى تیمەکەى (میت)یان کردووەو پاشانیش ئەرکەکەیان سەرکەوتووانە جێبەجێکردووە.

بەپێى زانیارییەکانى ئەو سەرچاوەیە، پلانى دەزگاى میت بریتى بووە لەدوو پلان:
1- جەمیل بایک و تەواوى پاسەوانەکانى لەکاتى ئامادەبوونیان لەنەخۆشخانەکە، یان ئەگەر نەکرا چاودێریان بکرێت و لەو ماڵەدا کە لەدەرەوەى نەخۆشخانەکە چارەسەرى لێوەردەگرێت، چەک بکرێن و بڕفێنرێن تا دەگەیەنرێنە شارى هەولێر و پاشان لەهەولێرەوە بەفڕۆکە ببرێنەوە بۆ تورکیاو لەوێش هەڵایەکى ڕاگەیاندنى گەورەى بۆ دروست بکرێت وەک ئەوەى بۆ ئۆجەلان دروستکراو بەسەرکەوتنێکى گەورەى دەزگاى میت دابنرێت و وا بڵاوبکرێتەوە کە بایک و پاسەوانەکانى لەقوڵایى دەسەڵاتى پەکەکەدا رفێنراون.
2- ئەگەر پرۆسەى رفاندنەکەى لەمپەرى بۆ دروست بوو بەهەر هۆکارێکەوە بێت، ئەوا هەوڵى جدى بدرێت بۆ ئەوەى تیرۆر بکرێت و وێنەى بە (ڤیدیۆ و فۆتۆ) بگیرێت و راستەوخۆ بدرێتە دەزگا راگەیاندنە تورکیەکان و وا پیشان بدەن کە لەقوڵایى دەسەڵاتى پەکەکەدا ئەم چالاکییە ئەنجامدراوە.
سەرچاوەکە ئاماژەى بەوەشکرد کە پلانى ئەم ئۆپراسیۆنە بەشەخسى لەلایەن (هاکان فیدان) سەرۆکى دەزگاى هەواڵگرى تورکیاوە دانراوەو تەنها (رەجەب تەیب ئەردۆغان و بیناڵى یڵدرم)و چەند ئەفسەرێکى پلە بەرزى دەزگاى میت و بەرپرسى دۆسیەى عێڕاق و باکورى عێراق لەدەزگاى میت و هەروەها چەند کەسێکى زۆر کەم و دیاریکراوى هەرێمى کوردستان ئاگادارى بوون، بۆیە پاش پرۆسەى رفاندنى تیمەکەى میت، ئەو دەزگایە کەوتووەتە لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو ئەفسەرانەى خۆى کە ئاگادارى ئۆپراسیۆنەکە بوون.
پاشان دەزگاى میت گومانى ئەوەى لادروست بووە کە بەرپرسانى باڵاى پارتى دیموکراتى کوردستان پەکەکەیان لە ئۆپراسیۆنێکى لەو جۆرە ئاگادار کردبێتەوە ئەگەر ناڕاستەوخۆش بووبێت، بۆیە ماوەیەک پێدانى پارەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە (هالک بانک) بە حکومەتى هەرێم ڕاگیرا تا ئەو کاتەى پارتى دیموکراتى کوردستان زەمانەتى تەواوى داوە کە (ئەڵقەیەکى داخراو)ى باڵاو خێزانى لەناو پارتى ئاگادارى پرۆسەکە بوون و ئەوانیش کەسى پەکەکەیان نەدیوەو تەنانەت لەو کاتەدا (مەسرور بارزانى) راوێژکارى ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێمى کوردستان لەئەمریکا سەرقاڵى کۆنفرانسێک بووە سەبارەت بە ریفراندۆم.
هەر لەو گفتوگۆیانەدا، پارتى دیموکراتى کوردستان باڵێکى دیاریکراوى ناو یەکێتى و بەدیاریکراوى ناوى (لاهور شێخ جەنگی)یان هێناوە، کە گوایە ئەو ئاگادارى پەکەکەى کردووە.
ئەو سەرچاوەیەى کورد تیڤى ئاماژەى بەوەکرد کە دەزگاى میت هەر لەسەرەتاوە 3 ئەگەرى بۆ ئەم پرۆسەیە داناوە، کە ئەوانیش ئەمانەن:
1- یان پارتى یان یەکێتى ئاگادارى پەکەکەیان کردووە، بەڵام پارتى بەحوکمى پەیوەندییە سیاسیى و ئابوورییەکانى لەگەڵ تورکیا، رێى تێناچێ کارى وا بکات، بەڵام یەکێتى بەحوکمى چەندین باڵیى و بوونى چەندین رەوتى جیاواز تیایاندا، ئەگەرێکى بەهێزى هەیە ئاگادارى پرۆسەکە بێت و باڵێک لەباڵەکان یان کەسایەتییەکى ناو یەکێتى ئاگادارى پەکەکەى کردبێت، هەروەک گونجاو نییە لەژێر دەسەڵاتى یەکێتیدا کارى وا گرنگ رووبدات و یەکێتى یان لانى کەم باڵێکى ناو یەکێتى ئاگادارى نەبێت.
2- ئەگەرى دووەم ئەوەیە دەزگاى هەواڵگرى عێراق لە بابەتەکە تێوەگلابێت و پەکەکەى ئاگادار کردبێت، بەڵام ئەمەش شکستى هێناوە، چونکە هەواڵگرى عێراق پاش هەڵسەنگاندنى لەوە لاوازتر دەرکەوتووە کە ئاگادارى پرۆسەیەکى نهێنى لەو جۆرە بێت.
3- لەئەگەرى سێیەمدا ئەوە هەبووە کە دەزگاى ئیتڵاعاتى ئێرانى ئاگادارى پرۆسەکە بووبێت و ئەوان پەکەکەیان لەو پرۆسەیە ئاگادار کردبێت، بەڵام دواتر وەزیرى ئیتڵاعاتى ئێران و سەرۆک ئەرکانى سوپاى ئەو وڵاتە زەمانەتى تەواویان داوەتە تورکیا کە ئەوان نە ئاگادارى پرۆسەکە بوون و نە پەیوەندیشیان لەگەڵ پەکەکە ماوە تا لەپرۆسەیەکى وا ئاگاداریان بکەن.
بەگوێرەى زانیارییەکانى سەرچاوە متمانەپێکراوەکەى کورد تیڤى، تورکیا لەگەڵ بەرپرسانى پارتى دیموکراتى کوردستان باسیان لەسێ ئەگەر کردووە:
1- رەنگە دەزگایەکى هەواڵگرى ناوچەیى یان جیهانى لەپشت رووداوەکەو ئاگادارکردنەوەکەى پەکەکە بووبێت.
2- رەنگە زانیارییەکە لەلایەن ئەفسەرێکى دەزگاى میتەوە دزەى کردبێت.
3- یان رەنگە پەکەکە دەزگایەکى هەواڵگرى دروست کردبێت کە لەباشوورى کوردستان بەهێزبێت و تەنانەت سەرچاوەى لەناو ئاستە هەرە باڵاو داخراوەکانى ناو پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتمانى کوردستان هەبێت.

نوێنەرى یەکێتى بۆچى دەرکرا؟
پاش ئەوەى تیمەکەى (میت) دەگەیەنرێنە قەندیل، تورکیا هەوڵى تەواو دەدات کە ئەو تیمە ئازاد بکات، بەتایبەت کە دووان لەتیمەکە ئەفسەرى پلە بەرزى دەزگاى (میت)ن.
بۆ ئەم مەبەستە داوا لەپارتى دیموکراتى کوردستان دەکات، کە هەوڵەکانى بخاتەگەڕ، پارتیش داوا لەیەکێتى نیشتمانى کوردستان دەکات کە تەواوى هەوڵەکانیان بۆ ئەو مەبەستە بخەنە گەڕو ئەگەر سەرکەوتوو بوون، ئەوا هەرێمى کوردستان لەکێشەیەکى گەورە رزگار دەکەن.
سەرچاوەکە ئاماژەى بەوەدا کە ماوەى مانگێک یەکێتى نیشتمانى کوردستان لەئاستى زۆر باڵادا هەوڵى لەگەڵ پەکەکەداوە تا ئەو تیمە تەسلیمى ئەوان بکەنەوەو ئەوانیش تەسلیمى دەسەڵاتدارانى تورکیاى بکەنەوە، بەڵام پەکەکە ئەم داوایەى رەتکردۆتەوەو رایگەیاندووە کە ئەو تیمە ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدان و پاش تەواو بوونى لێکۆڵینەوەکانیش دادگایى دەکرێن.
دواى ئەوەى تورکیا ماوەیەکى زۆر چاوەڕوانى ئەو هەوڵانە دەبێت بۆ رزگارکردنى تیمەکەو پاش ئەوەى هەموو هەوڵەکان بێ ئەنجام دەبن، تورکیا داوا لەیەکێتى نیشتمانى کوردستان دەکات کە روونکردنەوەى پێویستیان بداتێ کە ئاخۆ چۆن ئەو ئۆتۆمبێلە بەو تیمە رفێندراوەوە بەو هەموو بازگەیەدا تێپەڕیوەو گەیشتۆتە قەندیل؟ ئەمە دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەى کە مەکتەبى پەیوەندییەکانى یەکێتى لەئەنقەرە دابخات و نوێنەرەکەشیان دەربکات.

لاهور شێخ جەنگى چ پەیوەندییەکى بەم کێشەیەوە هەیە؟
لەلایەکى ترەوە سەرچاوەیەکى باوەڕپێکراو لەناو یەکێتى نیشتمانى کوردستان بە کورد تیڤى راگەیاند، لەئێستادا دوو رەوتى ناو یەکێتى نیشتمانى کوردستان دەستى تۆمەت بۆ لاهور شێخ جەنگى رادەکێشن و باس لەوە دەکەن کە لاهور شێخ جەنگى لەپشت زانیارى پێدانى پەکەکەوەیە سەبارەت بەم پرۆسەیەو هەر ئەویش رێگەى خۆشکردووە بۆ ئەنجامدانى ئۆپراسیۆنەکەى پەکەکە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەى بەوەدا کە ئەو دوو رەوتەى ناو یەکێتى پاساویان بەوە هێناوەتەوە کە گوایە تورکەکان ئاماژەیان بەوەداوە کە گومانیان لەدەزگاى دژە تیرۆرى سەر بە یەکێتى هەیە کە دەستى لەئۆپراسیۆنەکەدا هەبێت و هاوسۆزى لاهور شێخ جەنگیش بۆ کوردانى رۆژئاواو باکور، زیاتر گومانەکەى بەهێز کردووە.

س/ کوردتیڤى – تایبەت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت