سامان غفور هه‌ورامی: پارچە كێكەكه‌ی گۆڕان بۆ پارتی بوو.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

كاتێك گوتاری زانستیمان دەگۆڕین بۆ بێدەنگی و خاڵی دەكەینەوە لە كردار، كاتێك هەموو كار و كردارێكمان دەبێتە خۆنمایش كردن، كاتێك هەموو شتێك دەبێتە درۆ و فریوی خەڵكی پێ دەدەن، لێرە لە كوردستان هیچ شتێك لەجێگەی خۆیدا نیە، نە حكومەتەكەمان ناو و ناونیشانێكی هەیە، نە خەڵكەكەش دەزانن داوای چی دەكەن، نە پارتە سیاسیەكانیشمان دەزانن بەدوای چی كەوتون، هەموو پارتەكان دوای شەپۆلی گەوجاندنی خەڵك كەوتون، مەرج نیە هەموو جیاوازیەكان باش بن. هەر پارتێكی سیاسی لە كوردستاندا بەوجۆرە دەیەوێت كارەكانی خۆی ڕێك بخات كە خۆی دەیەوێت خاڵێكی هاوبەش لەنێوانیاندا نادۆزرێتەوە، هەموو خوازیارن دۆخەكە باش بكەنەوە، بەڵام ئایا هەوڵیانداوە بە فعلی ئەو دۆخە چاكبكەنەوە. حیزبە سیاسیەكان چۆن دەڕواننە كێشەكە.

بۆ دۆخەكە وای لێهات

پێش ئەوەی پارتی كێكەكەی گۆڕان بخوات كۆمەڵێك هەوڵا هەبوون بۆ ئەوەی دۆخەكە بەم جۆرەی لێنەیەت، چونكە كێشەیەكی یاسایی هەبوو ئەویش كێشەی كۆتاییهاتنی ویلایەتی سەرۆكی هەرێم بوو، پارتی سێ‌ بژاردەی خستەبەردەم لایەنەكان ئەویش دوای ئەوەهات كە چوار لایەن بەناوی بەرەی هەموار خۆیان ڕاگەیاند و پرۆژەیەكیان بۆ هەمواری پرسی سەرۆكایەتی هەرێم هەبوو، پارتی لەبەرامبەردا سێ‌ بژاردەی خستە بەردەم بەرەی هەموار كە تێیدا ئەوە دەخاتە ڕوو كە پارتی بەردەوامی پرۆسەی گفتوگۆ بۆ سازانی نیشتیمانی خواست و بژاردەی سەرەكیمانە، كە بەڕای من سێ‌ بژاردە نین چونكە دوانیان وەكویەك وان، پارتی بۆئەوەی خۆڵا بكاتە چاوی خەڵك بەگفتوگۆ دەست پێدەكات و بەشەڕ كۆتایی پێ‌ دەهێنێت بژاردەی یەكەم ئامادەی گفتوگۆیە بۆ قایلكردنی لایەنەكان لەسەر ئەوەی كە خۆی دەیەوێت، بژاردەی دوەم لەگەڵا پرسی سەرۆكایەتی هەرێمە بەس بەمەرجەكانی پارتی، بژاردەی سێیەم گەڕانەوە بۆ ڕای گەل. پارتی كاتی كوشت بە گفتوگۆ چونكە پارتی سور بوو لەسەر مانەوەی سەرۆكی هەرێم، پارتی سێ‌ خاڵی دانابوو كە هەر سێكیان زۆر ئەستەم بوون گفتوگۆ ئەنجامی نەبوو، پارتی لەگەڵا سیستەمی پەرلەمانی بوو بەتامی سەرۆكایەتی ئەوەش هەر ئەستەم بوو، دەمایەوە خاڵێك كە گەڕانەوە بوو بۆ ڕای گەل ئەوەش نەدەكرا چونكە كۆمیسیۆن توانای ڕاپرسی و هەڵبژاردنی نەبوو، پارتی ئەو خاڵانەی بۆیە دانابوو تا بەهەرچۆنێك بێت سەرۆكی هەرێم لەجێگەكەی خۆی بمێنێتەوە، لایەنەكان بۆیان نەكرد خۆی خۆی هێشتەوە.

بەرەی هەموار دوو ڕێگەیان لەبەردەمدا بوو:

ڕێگەی یەكەم/ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم.

ڕێگەی دووەم/ دەستكاری نەكردنی سیستەمی سەرۆكایەتی بۆ پەرلەمانی و ئەنجامدانی هەڵبژاردن بۆ سەرۆك.

بەرەی هەموار هاتن و ڕێگەیەكیان هەڵبژارد كە ئاسۆیەكی ڕوونی نەبوو، دەیانزانی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمیان پێ‌ هەموار ناكرێتەوە، دەیانزانی ئاسانە كاندیدیان لەناو پەرلەماندا هەبێت بۆ سەرۆكێك كە خۆی كاندید بكات چونكە قایلكردنی 110 كەس ئاسانترە لە تەواوی دەنگدەران، پارتیش هەر هەمان ترسی هەبوو بۆیە قایل نەبوو.دەبوو لەبری هەموار لامەركەزیەتیان بەهێزبكردایە، ئەنجومەنی دادوەری و داواكاری گشتی و پرسی دەستور و زۆر شتی تریان باشتر بكردایە، كە نەیانكرد. بۆ هەڵگەڕانەوەی تاوڵەكە پارتی گۆڕانی دەركرد و كوردستانی گەیاند بەم دۆخە.

چارە چیە؟

ئێمە فێرین خۆمان ناتوانین كێشەكانی خۆمان چارە بكەین، چاوەڕێین یەكێك یان ولاتێك نێرداروێك بنێرێت و لەسەر مێزی گفتوگۆ كۆمابكاتەوە و ئەوەی كە ئەو كەسە دایدەنێت بەگوێی ئەو بكەین، نمونە زۆرن لەڕابردودا كە جێگەی باس نین. نەپارتی ڕازیە بە پرۆژەكەی گۆڕان و نە گۆڕانیش ڕازیە بە پرۆژەكەی پارتی. پێویستە ئەو دوو هێزە ماندوو ببن لە بوغزاندنی یەكتر و هێزیان بەبەرەوە نەمێنێت و شەكەت ببن. چونكە ئەم دوو پرۆژە خاڵی ناوەندنی نیە یەكێك دەبێت قایل ببێت، هەركەسێك قایل ببێت گەل سودمەندی سەرەكیە، نەسیستەمی سەرۆكایەتی نەنگیە و نە سیستەمی پەرلەمانی نەنگیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت