سەباح شێخانى : هەڵدانەوەى لاپەڕەکانى یادەوەری .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 

خوێندنەوەى شیعری ” بە یەکەوە تەنیاین ” ـە کەى جەلال بەرزنجى

ڕابردوو ، یادەوەرییەکان ، لە چاوگە هەرە گرنگەکانی شیعر و ئەدەبن ، تۆ ئەگەر ڕابردوو لە ژیان دەربکەیت چیت بۆ دەمێنێتەوە ، وەلێ چۆن دەبنە ئەدەب و داهێنان ئەمەیان باسێکی ترە . مرۆڤ لە دەرەوەی مێژوودا نییە بەڵکو هەموومان لەناو بەسەرهات و کارەسات و ڕووداوە مێژووییەکانداین ، شاعیر بە جۆرێک لە جۆرەکان وێنەگری ناو ڕووداوەکانە ، بەڵام لە ناوەوەی مرۆڤدا ، لە قووڵایی هەست و نەستدا کاردەکات . شاعیر نییە کەم تا زۆر مێژوو ڕەنگدانەوەی بەسەر بەرهەمەکانییەوە نەبێت . جەلال بەرزنجى هەوڵیداوە لە شیعری ” بە یەکەوە تەنیاین ”  هەڵکۆڵین لەنێو یادەوەری میللەتى کورددا بکات

ئەو کاتانەى بەیەکەوە بووین ،
ڕێگایەک
نەدەچووەوە سەر دووڕیان ،
دەیبردینەوە ئەو شوێنەى ،
خەڵکى وێندەرین .
چیایەک هاوسێمان بوو ،
دەچووینە سەرى
لەوێندەرێ ،
دنیا ئەوەندە بوو کە دەمانبینى .

ئەدەب بەر لەوەی ئەرک بێت خۆشەویستییە ، هونەرە ، کارکردنە لەناو جوانیدا ، هەمیشە دۆزینەوەی زمانی تەعبیرکردنی تازەترە .
سەرمایەى شاعیر ” سامانی وشەیە ” ئەو کەسەی ڕێژەی ئەم سامانەی زۆرتر و دەوڵەمەندتر بێ، دەتوانێ باشتر گەمەکانی خۆی ئەنجام بدات ، کە ڕەنگە بە شاعیرێکی تر نەکرێ ، سامانی وشەی زۆر هۆکارى پەکنەکەوتنە لە کاتی پێویستدا

پەڕەسێڵکە ،
رۆژمێرێکى زیرەک بوو ،
لە هێنانى موژدەى بەهار بۆ ژوورەکەمان
دوانەدەکەوت ،

ئەفراندن ، ئەفراندن ناسرێتەوە . هەر یەکە و ئەزموون و جوانی و داهێنانی خۆی دەنووسێتەوە ، نوێخواز هەرگیز لە داهێنەری تر ناترسێ . هەر ئەزموونێک بۆ خۆی دونیایەکە و داهێنانیش هەرگیز یەک ماڵ و تەمەن و جوگرافیای نەبووە و نییە

 ئەو کاتانەى بە یەکەوە بووین ،
ژماردنى دۆلاری نەوت و غاز ،
هی گەندەڵی ،
هەموو کاتمانى نەبردبوو ،
کاتمان هەبوو
بۆ
خۆشەویستى ،
دۆستایەتى و
چوونە پرسەى ئازیزان .

ئەو کەسەی بیەوێ لە شیعر بکۆڵێتەوە پێویستە بەر لەهەر شت ئاگاداری ڕۆحی شیعر بێ ، ئاگای لە نهێنییەکانی ناو زمان ، خەیاڵ ، چۆنیەتی گوزارشت و وێنەى شاعیرانە بێت . هەموو شتێ بۆی هەیە ئازادانە بێتە ناو شیعرەوە ، بەڵام پرسیارە گەورەکە ئەوەیە چۆن ؟ جەلال بەرزنجى هەوڵیداوە لە کەسی تر نەچێ لەخۆى نەبێ !

ئەو کاتانەى بەیەکەوە بووین ،
بارەگاى ئەو هەموو حزبە لە گەڕەکەمان نەبوو ،
بالێت نەبووین
مرۆڤ بووین .
ئەو کاتانەى بەیەکەوە بووین ،
هێشتا خودایان لە عاردى تێکەڵى سیاسەت نەکردبوو ،
کە بێهوودەیی دەرگاى لێدەگرتین ،
ڕووناکیمان دەبینى ،
لە ئاسمانەوە دەهات ،
بێ ترس دەچووینە ناوى
دەبووین بە سێ گۆشەیەکى ئارام ،
وەک چۆن بەردێک ،
لەبەرزاییەکڕا بخەیتە ناو ڕووبارێک ،
ئەوها شەپۆلی سۆزمان ،
بۆ یەکتر دەنارد .

جەلال بەرزنجى شاعیرێکە هەنگاو بۆ ئەوە دەنێت شیعرێک بنووسێت لە هزرى خوێنەردا بمینێتەوە . ئەگەر شیعر نەبووایە ، کەس نەبوو ، گۆرانییەکانى باڵندەیەک بخاتە سەر کاغەز ، لەنجەى کچێک بکات بە ئاواز . نووسین بە تەنیا پێویستى بە پاشخانێکى زانیاریی نییە ، بگرە هەست و بارودۆخ وا دەکات ، تێکست کامڵتر بێت

ئەو کاتانەى بەیەکەوە بووین ،
دیجیتاڵ ،
پێوەندى نێوانمانى نەگۆڕیبوو ،
لە فەیسبووک ،
ئەو هەموو برادەرە بە قەستیانەو
لایکە بە درۆیانەمان نەبوو .
ئەو کاتانەى پێکەوە بووین ،
هزرمان
وەک ڕۆژێکى ساماڵی ئاسمانى باکوور ،
فراوان بوو .
دەزانم ناتوانین ڕابردوو بگۆڕین ،
یان باز بۆ پێشەوە بدەین
ڕەنگە ئەو قسەیەم ،
بۆ ئەوانەى ،
بە نەشئەى پێکى دوایى نوێخوازى ،
کە تا ئێستا لەگەڵ نوێخوازى لێم تێکەڵ بووین ،
مەست بووین ،
سەیر بێت .

بەرزنجى ، کەمنووس  و بایەخ بە مانا شاراوەکانى دەق دەدات ، دواى خوێندنەوەى شیعری وى ، هەست دەکەین بە شێوەیەکى قووڵ لە پێکهاتەکانى دەق دەنۆڕێ و لە وردبوونەوەدا لەنگەرى گرتووە . هەوڵیداوە بە سییەکانی میللەتەکەى هەناسە بدات

ئەوکاتانەى بەیەکەوە بووین ،
زمانى غەمزە ،
لە زمانى ئەمڕۆمان ڕوونتر بوو ،
بۆ گوزارشت کردن لە خۆشەویستى
ئەو رۆژانە ،
دوو بووین ،
بۆ چوونە ژوورەوە لە دەرگاى خۆشەویستى ،
دەبووینە یەک
کەس نەیدەتوانى بێتە نێوانمان .
ئەوکاتانەى بەیەکەوە بووین ،
زمانى دایکمان وا بچووک نەبوو ،
ئێمەیش بچووکتر .
ئەو رۆژانەى بەیەکەوە بووین ،
بەناو ئەو دارانەى ئێواران
پڕ دەبوون لە باڵندە ،
ڕِەت دەبوین ،
وامان هەست دەکرد ،
ئێمە مەلەوانین و ئەوانیش ئاون .

جەلال بەرزنجى شاعیرێکە زیاتر لە ساڵانى هەشتایەکان لە ڕێگەى ” سەماى بەفری ئێواران ” ناسرا ، ئەو کۆشیعرە لەو سەردەمدا ، بەهۆی تایبەتمەندییەکانى بووە جێگەى سەرنجى ڕەخنە و قسەوباسێکى زۆری لەبارەوە کرا . ئەو شاعیرە زۆر هێمنانە و بە نەزاکەت مامەڵە لەگەڵ شیعر دەکات ، لە چاو ساڵانى زۆری تەمەنى شیعریی ، کەمى نووسیوە
  
ئەوکاتانەى بەیەکەوە بووین ،
منداڵێک لە ناوەوەمان بوو ،
ڕابەرایەتى دەکردین ،
ڕێگاى گەشت کردن لە مێشکەوە بۆ دڵ ،
وا دوور نەبوو ،
نازانم بۆ پەلەمان بوو زوو گەورە بین ،
هەردووکمان منداڵی یەک زەوین .
لە پێغەمبەرەکان گەڕێ ،
خودامان یەکە ،
بەڵام نازانم بۆ تۆ بوویت بە تیرۆریست و
منیش بە شاعیر ؟

هەر کاتێک شیعرێکى نوێی بەرزنجى دەخوێنمەوە هەست بە دونیایەکى جوداوازتر دەکەم لەوەى پێشتری ، ” گەرم نەبوونەوە ” کە لە ساڵی 1985 چاپی کرد جیاوازبوو لەگەڵ ” سەماى بەفری ئێواران ” ى 1979و ” بارانى ڕەحمەت ” ى 2003 فۆرمێکى دیکە بوو بەبەراورد لە ” یادەوەرى کەسێکى بەربا ” ى 2004 ، و  ” ناوم بنێن ماڵەوە ”   2006، دواجار  ” هەوڵدانێکی تر بۆ گرتنی مەوداکان ” کە 2010 ڕووناکى بینى ، لە هەموو دیوانەکانى پێشتری جیاوازتر و هەنگاوێک بوو بەرەو بە جیهانى کردنى شیعری کوردى .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت