سەروەر قەرەداغى: دڵى سروشت بپارێزە.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کەم نین کەسانى نابەرپرس و دژبە سروشت، کە ئاگر لە پوش و پاوان و درەختستانەکانى باشورى کوردستان بەردەدەن. بەهۆیەوەدڵى سروشت دەسوتێت و ڕەگەزى هەوا پیس دەبێ. سەدان مێر و گیانلەبەر و باڵندە لەناو دەچێ یان ژیانیان دەکەوێتە مەترسیەوە. کێن ئەوانەى ئاگر لە دڵى سروشت بەردەدەن؟ کێن ئەوانەى ماڵى باڵندەیەک، کیسەڵێک، مێروییەک، دەسوتێنن؟ ئایا ئەوانە مرۆڤن؟ هەر بەڕاستى دڵیان هەیە؟
ئەو مرۆڤانەى تر زۆر زیاترن.. کاتێک بەلاى درەختستانێکى ئاگر تێبەربودا تێپەڕدەبن و چاو دەنوقێنن. ئایا ئەم مرۆڤانە ویژدانیان هەیە؟ ئەگەر هەیانە کاتێک بە گوێچکەکانیان گوێبیستى هاوارى ناڵەى سروشت دەبن کەجەستەى دەسوتێ. چۆن شەوانە لەبەر ئازارى ویژدانیان خەو لە چاوانیان ناتۆرێ یان کاتێک چاو دەکەنەوە کەجەستەى سروشت بووە بە خۆڵەمێش!! باشە سروشت خاوەندارێتیەکەى بۆ ئەوانیش نیە؟ ئەى هەواى کوێ هەڵدەمژن؟ لەسەر خاکى چى مەملەکەتێک دەژین؟ درەختى کوێ دەکەن بە سێبەرى گەشتەکانیان؟
ڕاستە ژیان لاى مرۆڤ خۆشەویستە، بەڵام ژیان یەکسانە بە سروشتیکى پارێزراو، ئەگەر سروشت پارێزراو نەبێ، نەک ژیانى ئاژەڵ و باڵندە و خشۆکێ، ژیانى مرۆڤیش پارێزراو نابێ، بۆیە پێویستە لە پێناو خۆشەویستیمان بۆ ژیان، پارێزگارى لەسروشت بکەین. ئاگر لە درەختستان و پوش و پاوان بەرمەدە، ئەگەر ئاگرێکت بینى هەوڵى کوژانەوەى بدە، ئەگەر نەتوانى بیکوژێنیتەوە، تەنها کارێک پێویست بێ بیکەیت ئەنجامدانى پەیوەندییەکى تەلەفونیە بەهێڵى گەرمى (115)ەوە. بە وتەى ناوەندەکەیان، هەمو چرکە و شەو و ڕۆژێک لەسەر هێڵن. تەنها چاوەڕوانى پەیوەندى ساردى ئێوەن، تا پێیان بڵێن ماڵى کام درەخت و کام سمۆرە و کام بزنەکێوى لەمەترسى سوتاندایە؟ خۆئەگەر خەوى باشیان کردبێ و نانى باشیان خواردبێ، ئەگەر توڕە و مەست نەبن، ئەوا کۆڵێک منەت دەکەن بەسەر سروشتدا و ئەوکات دێن بۆ کوژاندنەوەى ئاگرەکە! خۆ هەندێکجاریش هەیە، ئاگرەکەیان پێ کۆنترۆڵ ناکرێ و هاتنەکەیان دەبێ بە نمایش!!
حکومەتى باشورى کوردستان یان باشترە بنوسم دەسەڵات لە باشورى کوردستان، لە ئاست بەها و گرنگییەکانى سروشتدا نیە و نایەوێ ببێت. سەر شۆڕییە بۆ دەسەڵاتێک لە ماوەى زیاتر لە بیست و پێنج ساڵى حکومڕانیدا نەى توانی بێ فڕۆکەى ئاگر کوژینەوە دابین بکا. کەچى لە ئەمساڵ و لە ڕۆژى جیهانى ژینگەدا، دواى زیاتر لە بیست و پێنج ساڵ حکومڕانى، لە ڕێگەى میدیاکانەوە بینیمان بە ئامادەبونى بەرپرسە گەندەڵەکان، نمایشى فڕۆکەى ئاگر کوژێنەوە دەکرێت لەناو پارکێکى پایتەختى باشوردا، ئەم دەسەڵاتە تەنها نمایشى دەوێ و گومانم نیە، فڕۆکەکانیشى بۆ نمایش هێناوە، دڵنیام ژیان دەرفەت بەهەریەکێکمان دەدات نمایشى ئەو فڕۆکانە لە بۆنە حزبیەکاندا ببێنێتەوە، بەڵام ڕەنگە هەرگیز نەى بینین دۆنمێک ئاگر بکوژێنێتەوە!! تێناگەم ئەم دەسەڵاتە شانازى بەچیەوە دەکا؟ لە دواى یەکەم نمایشى فڕۆکەکان، بەتەنیشتى دەریاچەیەکەوە، بە دەیان دۆنم پوش و پاوان و درەخت و هێلانەى باڵندە و ماڵى ئاژەڵ و کونى مشک، سوتا و وێران بوو! بەڵام نەمان بینى یەکێک لەو فڕۆکان ئاوێک بەو ئاگرەدا بکا. لە کۆتاى ئەم نوسینەدا ئەمەوێت ئەوە بنوسم کە ژیان و ژینگەى ئێمە بەلاى دەسەڵاتەوە بەها و گرنگییەکى ئەو تۆى نیە. ئەوەى کە هەیە خۆمانین و تەنها خۆمان، دەتوانین دڵى سروشت بپارێزین. بۆیە دەبێ دوربکەوینەوە لەکردنەوەى ئاگر و هەوڵ بدەین لەهەرحاڵەتێکى کەوتنەوەى ئاگردا، کۆنترۆڵى بکەین. چونکە ژیانى هەمومان “سمۆرەیەک، درەختێک، خشۆکێک، مرۆڤێک” بەندە بەپاراستنى دڵى سروشتەوە، کە درەختستانەکانە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت