شاناز ئیبراهیم ئەحمەد : ئەمڕۆ ئەو سبەێنێیەیە کە دوێنی لێی ئەترساین .

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە چەند ساڵی رابوردوا دۆست و هاوپەیمانانمان بەردەوام لە هەوڵی ئەوەیابوون کە وێنەیکی جوانی هەرێم نیشانی جیهانیان بەن و زۆر کەس ئەزموونی حوکمرانی و دیموکراسیەکەی هەرێمیان بە نمونەیی لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا وەسف ئەکرد .. خۆشمان لەگەڵ هەموو کەموکوریەکانیشا هەر شانازیمان بە دەستکەوتەکانمانەوە ئەکرد و پاساویشمان ئەهێنایەوە کە گوایە حکومەتەکەمان ساواییە و پەرلەمانەکەمان بێ ئەزموونە .

کاتێ کە پرسیارمان ئەکرد و رەخنەمان ئەگرت یا بە وەڵامێکی بێ سەروبەر و یا بە تۆمەتێک وەڵام ئەدراینەوە .. زۆرمان ووت و زۆر هاوارمان کرد .. کە ووتمان فریاکەون مردوو بەشداری لە هەڵبژاردەکانی هەرێمەکەمانا ئەکا و سبەینێ دەنگەکانیانمان پێ ئەفرۆشنەوە .

ووتیان قەیناکا دیموکراسیە . ووتمان کە ففتی ففتیەکەمان ئەیتی توێنتیە ، فەرموویان کە ئێوە رەشبینن .

ووتمان شێوازی حوکمرانی لە هەرێمدا بەرەو دیکتاتۆریەت ئەروات ـ ووتیان ئێوە کێشەی کۆنتان هەیە !

ووتمان رێگە مەدەن سەروەت و سامانی گەل ، هەراج بکرێ ـ ووتیان ئێوە دژی دەوڵەتی کوردی و سەربەخۆیی ئابورین !

ووتمان دەرگای بەغدا دامەخەن ـ ووتیان ئێوە لەبەر دڵی ئێران وائەڵێن !

ووتمان کە خەندەق لە نێوان سنورەکانی کوردستاندا لێ مەدەن ـ ووتیان موزایەدەی سیاسی ئەکەین !

ووتمان بۆ شەنگالتان رادەست کرد ـ ووتیان جا چیە ئەیگرینەوە !

ووتمان مەحاڵە سەرۆک کورسیەکەی جێ بهێڵیت ـ ووتیان دژی سازانین !

دواجار ووتمان کوا مووچە ، خەڵک برسییە ؟ ووتیان پارە نیە .

ووتمان بای بای سەرۆک ـ ووتیان شەڕی ناوخۆ .

ووتمان کوا دیموکراسی و ئازادی و نان و مافی مرۆڤ ؟ ووتیان کورسی .

ووتمان ئەی شەری داعش ؟ ووتیان کورسی . 

ووتمان ئەی خەبات و مێژو و خوێنی شەهیدان و کەرکوک و خەونی گەل و کوردستانی گەورە ؟ ووتیان کورسی . 

ووتمان دەست بەسەر پایتەخت و پەرلەمان و حکومەتا گرتن ، کودتایە ؟ ووتیان کورسی .

ئایا کاتی ئەوە نەهاتوە کە دان بەو راستیەدا بنرێت کە : هەموو هەرێم کراوەتە قوربانی کورسیک ؟ ئایا تۆمەت هەڵبەستنە کە بڵێین لە هەرێمەکەمانا قەیران بە قەیران و هەڵە بە هەڵە و سازان بە سازان و کورسی بە کورسی چارەسەر ئەکرێت ؟

ئایا هەڵەین گەر بڵێین حکومەت و پەرلەمانە ساواکەی هەرێم پاش تێپەربوونی ٢٤ ساڵ دانی شیریان هەر دەرنەکرد و لە قۆناغی گاگۆڵکێدا ئفلیج کران ؟

ئایا یەکریزی تێک ئەدەین گەر بڵێین ( دیموکراسیەکەو جوانە ) ؟

ئایا ئەمڕو ئەو سبەینێیە نەبوو کە دووێنێ لێی ئەترساین و لە جێی خۆیا نیە کە بڵێین ( بە ئیمانم شەرمە ) ؟

تەنها بەکلیکێک لەسەر شێیر ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت لە فەیسبوک و تویتەر

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت