Shino-Muhamad-1

شنۆ محەمد : وڕێنەکانى من ، بەشى ( 20 )

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەندێک مرۆڤ وەک ئاڵا وان لەگەڵ هەموو جۆرە بایەک ئەکەونە سەما ؟ تەنیا ئەو جۆرە سەمایەش ئەکەن کە لەگەڵ بەرژەوەندى و حەزى خۆیان یەک ئەگرێتەوە ، حەزێک کە واى لە مرۆڤ کردووە بۆ بەدەست هێنانى بڕێک خۆشى ، خۆشى هەزاران کەس تێک بدات .

هەموو هەڵەى ئینسان پەیوەستە لەسەر درۆکردن لەگەڵ خود ، هەر کەسێک نەیتوانى لەگەڵ ناخى خۆى ڕاستگۆ بێت نیشانەى ئەوەیە هەرگیز ناتوانێت بگاتە بەختەوەرى .
ئەو بەختەوەریەى ئێستا کورت کراوەتەوە لە سیماى مرۆڤ، هەموو هەوڵێکى مرۆڤ ئەوەەیە چۆن بتوانێ سیماى دەرەوەى بە جوانترین و باشترین ماسک ئارایشت بکات ، ئیدى گرینگ نیە ناوەوەى چۆنە ؟ ئینسانى ئێستا لەبەر سەرقاڵ بوونى بە ئارایشتکردنى سیما ، کاتى نەماوە بپڕژێتە سەر ناخى مردووى خۆى . ئەوەى لەهەمویان زیاتر ناخى منى هیلاک کردووە ئەوەیە کە من بیرم نایە مرۆڤێکم بینیبێ ئەخلاقى لە دەمى جوانتر بێ، هەموو بەشەریەت دەمى جوانتر و سەرنجڕاکێشترە لە کردارى، بەدەم هەرچى فەیلەسوفى دونیا هەیە ئەیکاتە شاگردى خۆى ، کاتێکیش دێتە سەر کردار کەسەکە یەکێکە لە بێ ماناترین بونەوەرى گەردون .
بێماناترین بونەوەرى سەر زەوى مرۆڤە ، ئینسان لە هەموو ئاژەڵەکانى سەر زەوى بێماناترە ، بەرخێک ، پشیلەیەک ، زەڕافەیەک ، لەمرۆڤ مانادارتر و ڕاستگۆترە ، جگە لە ئینسان هیچ ئاژەڵێک چێژ لە کوشتن نابینێت ؟ جگە لە مرۆڤ هیچ ئاژەڵێک نەبۆتە هەڕەشە بۆ سەر زەوى ؟ جگە لە ئینسان هیچ ئاژەڵێک درۆ لەگەڵ خۆى ناکات ؟ ئەو بونەوەرەى ناوى مرۆڤە تاکە گیانلەبەرە بەمەبەستى تامکردن هەموو ئاژەڵێک ئەکوژێت و گۆشتەکەى تاقى ئەکاتەوە ، ئاژەڵ و باڵندەکان ئەکوژێت و گۆشتەکەى ئەخوات ، خوێن ئەڕێژێت لە پێناو ژەمە خۆراکێکدا ، هەرچى بەدبەختى و ماڵوێرانی کە بەسەر زەوى دێت بەهۆى مرۆڤەوەیە ، ئینسان پلەى گەرمى زەوى بەرز کردۆتەوە ، ملیۆنان جۆر ئاژەڵى لەناو بردوە ، دارستانەکان لەناو ئەبات ، مرۆڤ بچێتە هەر شوێنێک ژینگەکەى تێک ئەدات . ئینسان تاکە هەڕەشەیە بۆ سەر سروشت .
ئەو حەیوانە تاکە شتێک کە بە تەواوی و بێ کێشە ئەنجامى ئەدات دروست کردنى ئازارە بۆ ئەوانى دى ، جگە لەو کارە نەفرەتیە مرۆڤ هەرچى بکات بە کۆمەڵێک هەڵەو کەم و کوڕیەوە ئەنجامى ئەدات . ئەو حەیوانە تاکە بونەوەرى سەر زەویە کە چێژ لە شکاندنەوەى هەموو شتێک ئەبینێت ، چێژ لە کوشتن ، سوتاندن ، ئازار ، پارچە پارچە کردن ، خوێن ، لە ئازاردانى مرۆڤ، لە کوشتنى ئاژەڵ .
ئەو حەیوانە ئەوەنە دڕندەیە ڕۆژ بە ڕۆژ ئازارى نوێ ئەدۆزێتەوە و بەرهەمى دێنێت ، زۆر ئازار هەن جگە لە مرۆڤ هیچ ئاژەڵێکى تر تواناى دروست کردنى نیە ، ئینسان ڕۆژانە لێکۆڵێنەوەى ورد و زانستى ئەکات لە دەزگاکان ، بۆ ئەوەى بتوانێ کوشندەترین ئازار بدۆزێتەوە ، ترسناکترین ئازار ، ئەستەمە جۆرە ئازارێک بدۆزیتەوە کە مرۆڤ تاقى نەکردبێتەوە ، ئینسان ئەوەندەى کارى لەسەر دۆزینەوەى ئازار کردوە ئەوەندە کارى لەسەر دۆزینەوەى خۆشى نەکردوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت