Shino-Muhemed

شنۆ محەمەد : هیچ شتێک لە چاوى مرۆڤێکى عاشق پاکتر و بێ خەوشتر نیە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وڕێنەکانى من

بەشى ( 15 )

عەشق بەر لەوەى یارى بێت لەگەڵ خۆت یاریە لەگەڵ خۆشەویستەکەت ، بۆیە بەر لەوەى زارى خۆت بخەیتە ناو یارى عەشقەوە ئەبێت لە پێشدا سەیرى یاریزانەکەى بەرامبەرت کردبێت و بایى ئەوەندە لێى حاڵى بوبیت ئاخۆ ئەو یاریزانە لە کام کیشوەرى گیانى تۆ یارى ئەکات ، کێشەى عاشقەکان ئەوەیە یاریزانێکى هەڵە ئەهێننە ناو ساحەى خۆیانەوە و یارى لەگەڵ ئەکەن ، بۆیە سەرەنجام هەم بە دۆڕانى خۆیان هەم خۆشەویستەکەیان کۆتایى دێت ، ئەم جۆرە یاریانە هیچ نین جگە لە یاریێکى دۆڕاو و پڕ شکست و ئازار ، لەناو ئەم جۆرە یاریانە تاکە شت کە بەرهەم دێت ئازارو تاڵیە ، ئەو یاریە ڕێک وەک کارگەیەکى دروست کردنى ئازارە کە ئەرکى دروست کردنى تاڵى و نەهامەتیە .

عەشق دەریایەکى زۆر گەورەیە کە پڕیەتى لە مروارى گرانبەها و قڕشى برسى ، ئیدى گەر عاشقەکان بە هەڵە بچنە ناو دەریایەکەوە ئەوا خۆیان لە سکى برسى قرشەکان ئەدۆزنەوە ، گەر لە یاریەکەشدا شارەزابن و بە هەڵە مەلە نەکەن ئەوا لەناو دەریا بێکۆتاکە هەزاران مروارى گرانبەها ئەدۆزنەوە ، کێشەکە لەوەدایە زۆرینەى عەشقەکان وەک مەتەڵ وان ، تا یاریەکە تەواو نەبێت عاشقەکان نازانن خۆیان خستۆتە ناو چ جۆرە دەریایەک و چیان دەستکەوتووە .

لە دونیادا هیچ شتێک لە عەشقى ڕاستەقینە و سۆزى دایک بۆ ڕۆڵەکانى پاکتر نیە ، عەشق دونیایەکى بێ خەوشە کە خاڵیە لە هەر جۆرە پیسیەک ، لەناو دونیاى عەشقى ڕاستەقینەدا هەرگیز ڕەگى ئەژدیها بەرهەم نایەت ، عەشقى ڕاستەقینە لە ئاگرێکى بڵێسەدار ئەچێت کە ئەرکى سوتاندن و تواندنەوەى هەموو وێستگە چەپەڵەکانى دونیایە ، ئەوانەى ئەکەونە دۆخى عەشقێکى ڕاستەقینەوە پێویستە دوو دڵیان لە جەستەدا بێت ، چونکە دڵێک بە تەنیا بەرگەى ئەو هەموو دونیا ئەفسوناویە ناگرێت ، ئەو کەسانەى بە یەک دڵ عاشق ئەبن هەمیشە هەست بە ماندووبوونى دڵ ئەکەن ، بەردەوام لە ناخەوە هەست ئەکەن دڵیان هیلاک و ماندوە ، چونکە ئەرکێکى پێ سپێردراوە کە لە تواناى خۆیدا نیە ، بۆیە پێویستە دڵى خۆشەویستەکەشیان بخەنە سینەى خۆیان ، یەک دڵ بەرگەى عەشق ناگرێت .

لەناو دونیاى خەیاڵاوى عەشقدا هەموو شتێک ئەبێتە خەیاڵ ، سەرجەم دەرگاکان ، ڕێگاکان ، وێنەکان ، مرۆڤەکان ، وشەکان ، دەنگەکان ، تابلۆکان ، هەموو شتێک بەرگێکى جیاوازتر و جوانتر وەرئەگرێت ، بە جۆرێک ئەو کەسەى عاشقە وا هەست ئەکات بۆ یەکەمجارە دونیا ئەبینێت ، بۆیە تەنیا بە زەردەخەنە پێشوازى لە هەموو دیمەنەکان ئەکات ، ئەوەى لە ژیانى ڕۆژانەیدا ئەیبینێت وا هەست ئەکات یەکەمجارە بەبەرچاوى ئەکەوێ .

هیچ شتێک لە چاوى مرۆڤێکى عاشق پاکتر و بێ خەوشتر نیە ، چاوى مرۆڤە عاشقەکان هەمان چاوى ئاسایى خەڵکى تر نیە ، هەمیشە ئەوانەى عاشقن هەموو شتێکى دونیا بە جۆرێکى جوانتر و ناسکتر ئەبینن لەو کەسانەى عاشق نین ، مەحاڵە کەسێکى عاشق و نا عاشق بتوانن یەک دیمەن بە یەک شێوە وەسف بکەن و ببینن ، عاشقەکان بۆ هەر بونەوەرێکى دونیا ، بۆ هەر ئاژەڵێکى گەردون جۆرە تێڕوانینێکى جیاوازتر و گەورەتریان هەیە لەوانى تر ، زۆر دیمەن هەن ، زۆر دەرگا و خەیاڵ هەن ، جگە لە عاشقەکان هیچ کەسێکى تر تواناى کردنەوەیانى نیە ، عەشق وا لە مرۆڤ ئەکات لە ڕوخسارى هەموو کەسێکدا بەشێک لە ڕوخسارى خۆشەویستەکەى ببینێت ، واى لێ ئەکات بەردەوام لەناو هەموو ڕوخسارەکانى دونیا بەدواى ڕوخسارى خۆشەویستەکەیدا بگەڕێت ، هەندێکجار ڕوخسارى خۆشەویستەکەى لەسەر ڕوى هەزاران کەس ئەدۆزێتەوە ، چونکە کاتێک سەیرى هەر کەسێک ئەکات لە خەیاڵیدا تەنیا ئەو کەسە بوونى هەیە کە عاشقى بووە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت