شوان عەباس بەدری: سێکۆچکەی تاک و کۆمەڵگە و دەسەڵات.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکان خەڵکی لە بری ئەوەی داوای بنیاتنان و ئاوەدان کردنەوە بکەن، داوای ڕووخان و نەمان ئەکەن. تاکەکانی کۆمەڵگە بە شێوەیەکی سیستماتیک و بەرنامە بۆ داڕێژراو بەرامبەر یەک سەنگەر ئەگرن و، لە ژێر ناویی جیا جیا چاوەڕێی چەخمایەکن تا یەکتری لەناو بەرن و بەو جۆرەش بە بێ ئەوەی بزانن و بخوازن تەمەنی دەسەڵاتی زۆرداران دڕێژ ئەکەنەوە و، فەرمانڕەواو دەسەڵاتدارەکانیش بە خەیاڵێکی ئاسوودەوە لە سەر کورسی و لە پشت مێزەکانیان ئەڕواننە تەلەفزیۆن و، چێژ لە خوێنی ڕژاو و جەستەی بێ گیان و گێلی هەژاران ئەبینن.
لە سەدەکانی ناوەڕاست و لە فەرەنسا ڕۆژێک لە ساڵیان دیاری کردبوو بە ناوی ڕۆژی شێتی و خەڵکی لەو ڕۆژەدا بە ئارەزووی خۆیان ئەیانخواردەوەو تا لێواری شێتی ئەڕۆیشتن و جوێنیان بە دەسەڵات و فەرمانڕەوا ئەدا، بە بێ ئەوەی کەس پەنجەیان بۆ بەرێت و، بەو جۆرەش خۆیان خاڵی ئەکردەوەو، دەسەڵاتدارانیش دڵنیا ئەبوونەوە خەڵکی لەو ڕۆژەدا هەموو تووڕەیی و کینە و گرێ دەروونییەکانیان بەرامبەر بەوان خاڵی کردۆتەوە و، دوای چەند ڕۆژێک بە خەیاڵێکی ئاسوودەوە دەستیان ئەکردەوە بە سەندنی باج و سەرانە، ئەمەو چەندین نموونەی دیکە کە لێرە دەرفەتی باسکردن نییە.
سایکۆلۆژی و دیدی مڕۆڤ بە جۆرێکە کە گەر تۆزێک شارەزاییت لێی هەبێت، ئەوا زۆر بە ئاسانی ئەتوانی لە کۆمەڵگە کۆمەڵە گایەکی هار دروست بکەی و بە پێی بەرژەوەندی خۆت نان و ئاویان بدەیتێ و هەر بەپێی بەرژەوەندیش نان و ئاویان لێ ببڕیت و برسیان بکەی و لە نەستیاندا ئەوە بچێنی کە تۆ (واتە کەسی دەسەڵاتدار و فەرمانڕەوا ) ئەو یەزدانەی رزق و قوتی خەڵکت بە دەستەو، لە کاتی تەنگانەشدا کەی ئارەزووت کرد زۆر بە ئاسانی ئەتوانی هەر بە دەستی خۆیان لەناویان بەری .
هەر بۆیە ئەکرێت تاک لە خودی خۆیدا بوونەوەرێکی هۆشیار و سەربەخۆ و ئارام بێت، بەڵام کاتێ تێکەڵی کۆمەڵ بوو ئەوا ئەو سەربەخۆیی و هۆشیارییەی لە دەست ئەدات و ئەبێت بە دەسکەلای کۆمەڵە بازرگانێکی خوێن و دروشم و کورسی و، بەبێ ئەوەی هەست بە خۆی بکات، بە پێی بەرنامە و داخوازی ئەوان ئەجوڵێتەوە و، دێتە سەر جادە و خەون و ئارەزووەکانی لە ناو چەند داواکارییەکی کاتی زیندە بە چاڵ ئەکات و، بەو جۆرە لە مرۆڤێکی ئایندەخوازەوە بەرگی داهۆڵێکی ڕزیو و ناهۆشیار ئەپۆشێ. تاک ئەبێت لەوە تێبگا تا لە خۆی یاخی نەبێت ئەوا ناتوانی لە بەرامبەر کۆت و بەندەکانی کۆمەڵگا یاخی بێت و، تا لە کۆمەڵگەش یاخی نەبێت ناتوانی بەرامبەر دەسەڵاتداران و فەرمانڕەوا و هێزە سەرکووتکەرەکانیان یاخی بێت. یاخی بوون بە مانا بونیاتیەکەی نەک دیوە ڕووخێنەرەکەی.

تاکی یاخی، ڕووخێنەر پا یە پۆڵایینەکانی فیردەوسی دەسەڵاتدارانە و، ناخودئاگا وەک پەرجویەک فریای دیکتاتۆرەکان ئەکەوێت هەروەک سووریا و سۆماڵ و یەمەن و عیراق و کەمبۆدیا و کۆنگۆ، هەر بۆیە دەسەڵات بە شێوەیەکی بەرنامە بۆداڕێژراو کار بۆ ئەوە ئەکا کۆمەڵگە بە ئاقارێکا بەرێت کە گەر ڕۆژێ لە دژی وستایەوە و لێی یاخی بوو، ئەوا تاکەکانی کۆمەڵە یاخییەکی ڕووخێنەری ڕێخۆشکەر بن بۆ جەنگ و خوێنڕێژی، نەک کۆمەڵە تاکێکی بوونیاتنەری هۆشیار کە بتوانن بەرگەی دەیان ساڵەی دادڕاوی دەسەڵات لە بەریاندا فڕێ بدەن و قوفڵە ژەنگاوییەکەی دەسەڵاتداران لە فکر و هزریاندا بشکێنن و هەڵتەکێنن. ئا ئەمەش لە فۆرمی جیا جیادا جادووی دەسەڵاتدارانە بە تایبەتیش دەسەڵاتدارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ مانەوەو فەرمانڕەوایی. دواجاریش تاک و کۆمەڵگە و دەسەڵات سێکۆچکەیەکی تەواوکەری یەکترن و بە بێ یەک، ئەوی دی دروست نابێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت