شکار ئەسعەد: ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان لەسەر چ بنەمایەک دەبێت؟!

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

فاکتەری سەرەکی و خاڵی جەوهەری بنەمای داڕشتنی بناغەی دەوڵەت بریتییە لە ئابوریەکی پتەوو بەهێز کە ئێستا کوردستان بەداخەوە خاوەنی ئەو ئابوریە نیە کە ئەویش هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ خەمساردی و نەبونی پڕۆژەی ئابوری بەهێز لە پێشودا کە ئەم هەرێمە هێندەی سێ دەوڵەتی ناوچەکە بودجەی لە بەغدادەوە بۆ دەهات لە پشکی لەسەدا حەڤدەی داهاتی عێراق و ئەم بڕە زۆرە هەموی لە نێوان حیزبەکاندا دیزە بەدەرخۆنە دەکراو، لەهەدەر دراو، نەتوانرا بکرێتە بنەمایەکی بەهێز بەجۆرێک کە ئیستە نەک ئابوری بەهێز نیە، بەڵکو فەرمانبەرەکانیشی موچەی تەواوەتی وەرناگرن. نموونەش فەرمانبەرێک گەر خاوەنی 10 ساڵ خزمەت بێت لە وەزارەتی پەروەردەدا موچەکەی ناگاتە 450$ دۆلاری ئەمریکی.
دەوڵەت دروست کردن پشت ئەبەستێت بە سستماتیک کردنی سەرجەم دامەزراوە فەرمیەکانی وڵات، کە تا ئێستاش بە فەرمانگە بچووکەکانیشەوە بێ ئینتیمای حزبی و، خزم خزمێنە نەبێت، مامەڵەو کاروباری هاوڵاتیان ناچێتە ڕێوە، جا مامەڵەکەت گەورەبێت یان بچووک.
دروست کردنی دەوڵەت پێویستی بە دامەزراوەیەکی سەربازی بەهێزو توند و تۆڵ و تێرو تەسەلە لەڕوی پێداویستی و مەشق و چەک و جبەخانەوە و کە ڕاستەوخۆ لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی وڵاتدا بێت نەوەک وەک ئێستای ھەرێمی کوردستان کە ھەردوو حزبی فەرمان ڕەوا(ی.ن.ک) و (پ.د.ک) خاوەنی دەیان جۆری ھێزی تایبەت و حزبین و. تا ماوەک پێش ئێستا لە ھاوڕێ و دۆستە پێشمەرگەکانمان ئەمان بیست، کە خۆیان فیشەک ئەکڕن بۆ سەنگەرەکانیان بۆ ڕووبەڕوبنەوەی تیرۆریستانی داعش.
دورست کردنی دەوڵەت پێویستی بە برەودانە بە کەرتی کشتوکاڵ بەجۆرێککە بتوانرێت جگە لە پێداویستی ناوخۆ بتونرێت بەھەناردە کردنی بەرووبومی کشتوکاڵی بۆ دەرەوەی وڵات کەرتی بازرگانی و کەرتی ئابوری پێ بەهێز بکرێت، کە ئەمە خۆی لە خۆیدا دەبێتە دەستی کاری ناوخۆی و بێ کاری نەک کەم دەکاتەوە، بەڵک و بنە بڕیشی دەکات.
دروستکردنی دەوڵەت پێویستی بە سەروەری یاسایە، بەجۆرێک هاوڵاتیەکی ئاسای بێ پلە و پۆستی ئەم وڵاتە لەگەڵ باڵاترین بەرپرسی ئەم ھەرێمی کوردستانەدا، کە گەر سکاڵایەکی یاسای لەسەر تۆمار کرا لە دادگا لەبەردەم دادگادا ملکەچی یاسا بێت، خۆ گەر نەهاتە بەردەم دادگا دەوڵەت بوێر بێتو توانای ڕاپێچکردنی هەبێ بۆ بەردەم دادگا بێ سڵەمینەوە لە چاوو سورکرنەوەی حزب و شەخس، دەوڵەت و پیاوانی یاسا هەڵبستن بە بەجێکردنی ئەرکی فەرمی خۆیان.
دروست کردنی دەوڵەت پێویستی بە بنەبڕ کردنی گەندەڵی ھەیە کە ھەر کەس و تاکێک گەندەڵی کرد و یاخود کار ئاسانی کرد بۆ گەندەڵی بێ جیاوازی کە خاوەنی خەباتی شاخبێت یان خاوەنی خەباتی شار وە ھیچ پاساوێک قبوڵ نەکرێت بۆ دادگایی نە کردنی، دروستکردنی دەوڵەت پێویستی بە سستمێکی کەرتی تەندروستی بەھێزە کە ھێندەی کارمەندو دکتۆری بەتواناو خاوەن ئەزمون و دەرمان و ئامێرە پزیشکیەکان ھەبێت کە خەڵکی لە وڵاتانی دەرەوە بۆ وەرگرتنی چارەسەر ڕووبکەنە وڵاتە کەمان، نەک وەکو ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا ڕویدا لەبەر هۆکاری نەزانینی کارمەندو پزیشک و کەمو کوڕی لە چۆنیەتی کوالێتی دەرمان و بەکار هێنانی دەرمانی ماوە بەسەرچو، دەستی منداڵێک بڕدرایەوە. نموونەی وڵاتی سوید کە ئەم نموونە، کە یەکێکە لەو وڵاتانەی جیھان کە خاوەنی سستمێکی تەندروستی بەھێز و وردە، کە نەخۆشێک چارەسەرە کانی بە تەواوەتی وەرنەگرێت ڕاستەوخۆ دکتۆرەکەی ئاگادارە و پێی دەڵێت: کە ھێندەت دەرمان وەرگرتوە و ھێندەشت وەر نەگرتوە!
دروستکردنی دەوڵەت پێویستی بە سستمێکی بەھێزی پەروەردەیەکە خۆی ببینێتەوە لە دایبینکردنی کۆی پێداویستیەکانی پرۆسەی پەروەردەکردن نموونە ی خۆماڵیش تائێستا یەک بینای خوێندنگەی بنەڕەتی 3 بۆ 4 دەوامی تێدا دەکرێت، دروستکردنی دەوڵەت پێویستی بە ڕێزگرتنی دەنگی خەڵکی و سەجەم دامەزراوەفەرمیەکانی وڵاتە و نموونەی خۆماڵیش پەکخستنی پەڕلەمانی کوردستانە. کەی ئەوانەی باسم کردون جێ بەجێ کرا ھەموومان بێ جیاوازی ڕەنگ و دەنگمان خۆمان ئەکەینە فیدای ئەو دەوڵەتەنەک بمانکەنە خاوەنی دەوڵەتێک وەک یەکێک لەدەوڵەتە هەژارەکانی قاڕەی ئەفریقیا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت