شێرزاد شێخانی: بێئومێدی میللەت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ساڵێكی تری نەهامەتیمان بەڕێكرد. ساڵێكی پڕ لەكێشەو قەیران. ساڵێكی نەهات. هەژاریی گەشتە برسێتی. برسێتی گەشتە خۆفرۆشتن. ساڵێك دزو مافیاكان قەڵەوتر بون. یاسا رۆچوو. دیموكراسیەت زیندەبەچاڵكرا. تاكڕەوی بوژایەوە، دیكتاتۆرییەت گەشایەوە. حكومەت بچوككرا. وەزارەت پەكخرا. قاسە بەتاڵكرا.
ساڵێك ئازادییەكان ئەتككران. رۆژنامەنوسان تیرۆركران. رۆشنبیران زەلیلكران. ساڵێك بازار وەستا. گیرفانی خەڵك كونكرا. مناڵ شیری لێبڕا. كچ فرمێسكی لێچۆڕا. كوڕ بێئومێدكرا. میللەت تاقەتی بڕا حەوسەڵەی نەما. ساڵێك حزبەكان جەماوەری خۆیان دۆڕاند. پاشكۆیەتیان بۆ دیكتاتۆر سەلماند. ساڵێك لەتەمەنمان گوزەری كرد. دەهرێك لەئازاردانی دڵ و دەروونی ئینسانیمان. مەحرووم بون لەسادەترین مافی ژیان.
ساڵێك خرایە سەر تەمەنی ئەزمونێكی شكستخواردوی حوكمڕان. گەنجێكی تەمەن 26 ساڵە، رێك لەتەمەنی ئەزمونی هەرێمی كوردستان، بەدرێژایی تەمەنی خۆی و حكومەتەكەیەوە لەگەڵ قەیران و نەهامەتی گەورە بووە. بێ كارەبایی و بێ ئاوی. برسی و لات و هەژار. بێ بیمەی تەندروستی. بێ فرسەتی دامەزراندن. بێئومێد لەئاییندە. بەدرێژایی تەمەنی وەك حكومەتی هەرێم تێكۆشا بۆ ئاییندەیەكی گەشتر. لەگەڵ شكستی حكومەتەكەی ئەویش شكستیهێنا. بەڵام جیاواز لە حكومەتەكەی، ئەو بێئومید بو، حكومەتیش هێشتا ئومێدی بەچەواشەكردنی میللەتەكەی ماوە.
لەوڵاتانی دونیا خەڵك مەشغوڵی رابواردنە. گەنجان خەمی كۆتا هەفتەیانە لە چ وڵاتێكو دورگەیەكو كەناری دەریایەك پشوی هەفتانەیان بەسەر بەرن؟. یاخود لەكام پاركی شاردا دەست لەملانێی خۆشەویستەكەی بكات؟.
گەنجی ئەوان لەگەڵ گەشتنیان بە 18 ساڵییەوە خانوو شوققەیان بۆ دابینكراوە، دوای تەواوكردنی خوێدندنیش هەلی كاریان بۆ ئامادە كراوە. ژنی ئەوان خەمی ئاو بڕان و كارەبا بڕان و قەیرانی نەوت و غازیان نیە. بە دڵی پڕ لەحەسرەتەوە ناڕواننە جلو بەرگە هەڵواسراوەكانی دوكانو مۆل و سۆپەرماركێتەكانەوە، بەرەسیدی بانك و ماستەركارتی حەزی لەچی بێ، ئەیكڕێ. پیاوی ئەوان خەمی دوا قۆناغەكانی تەمەنی نیە، چونكە ئەگەر لەوەزیفەشدا نەبوبێت دەوڵەت موچەی خانەنیشنی بۆ بڕیوەتەوە. مرۆڤ لەوی سەرمایەی دەوڵەتە، بۆیە وەكو بیلبیلەی چاوی خۆیان ئەیپارێزن. مرۆڤ لەوێ مرۆڤە مافی ژیانی هەیە.
گەنجی ئێمە مەشغولی خەفەت خواردنە. كەی كارەبا دێتەوە بچێتە سەر فەیسبوكەكەی. كەی چۆڕە ئاوێك لەبەلوعە ئەتكێت بۆ خۆشتن. كەی ئەچێت بەدوای سۆراغی بەرمیلە نەوتەكەی زستانەوە. كەی وەزارەتی دارایی ئیعلانی گەشتنی موچەی باوكی ئەكات بۆ ئەوەی كارتێك بخاتە ناو مۆبایلەوە شەو بەدیار ئەڤینەكەیەوە خەمی رۆژانەیان بڕەوێننەوە. ژنی كورد دەست لەسەر چەنەگە رۆژ بەسەر ئەبات لەچاوەڕوانی هاتنەوەی كارەبای موەلیدە تا قاپ و قاچاخەكان بشوات، جلو بەرگی مناڵەكانی بخاتە ناو غەسالەوە. دواتر بۆ چەند ساتێك پشو بدات. پیاوی كورد دوای 30-40ی ساڵ خزمەتی دەوڵەت خانەنشین ئەكرێ، لەجیاتی ئەوەی بحەسێتەوە، جارێكی تر شان ئەداتە بەر گوڵەبەرۆژە فرۆشتن و تەسبیحفرۆشتن لەبەر دەركی مزگەوتەكان، لەچاوەڕوانی سەرفكردنی موچەی دو مانگ جارێكی.
لەتەلەفزیۆنەكاندا سەیری بەرنامەكانیان بكەن، بزانن چۆن سەرو مێشكیان خەریك ئەكەن بە تازەترین داهێنانەوە بۆ ئەوەی خەندەیەك بخەنە سەر لێوی خەڵكانیان. سەیری كامێرا شاراوەكان و ئاهەنگی رۆژانەی سەر شەقامەكانیان بكەن هەموی بۆ دلخۆشی خەڵكەكانە، سەیری تەلەفزیۆنەكانی خۆشمان بكەن چۆن بەتەسریحاتی هەندێ لەمەسئولەكانمان ژیانی میللەتیان تاڵ كردوە.
ئەوان تەقەمەنی رەنگاورەنگی سەوزو سوورو شین و سپی بۆ شەوانی سەری ساڵ و ئاهەنگەكانیان دروست ئەكەن، ئێمەش بۆ لەتلەتكردنی جەستەی مناڵو ژن و پیرەكانمان. زاناكانی ئەوان شەورۆژ لەناو تاقیگەكاندا خەریكی دۆزینەوەی تازەترین دەرمانن بۆ چارەسەری نەخۆشیە قوڕسەكانی ئینسان، زاناكانی ئێمەش خەریكی دۆزینەوەی كاریگەرترین بۆمبی تەوقیت و پشتێنی تەقینەوەن بۆ كوشتنی زۆرترین ژمارەی مرۆڤ.
سەرۆك وەزیرانی بەلجیكا بەپاسكیلێكەوە ئەچێتە دەوامەكەی لە ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆك وەزیرانی ئێمەش بە حیمایەی یەك لیوای تایبەت لەماڵەكەیەوە ئەچێتە سەر دەوام. هەمو حزبی كرێكارانی بەریتانیا تەنها یەك شوققەی حەوت ژووری لەلەندەنی پایتەختی وڵاتەكەیاندا هەیە، حزبی لای ئێمە شارێكی گەورەی وەكو مەسیفی كردوە بەبارەگای حیزبی خۆی. قەسری سەعد ئاباد كە ناوێكی زۆر گەورەی هەیە لەناوچەكەماندا، روبەرەكەی تەنها چەند دۆنمێكە، خانوی سەرۆك وەزیرانی ئێمە روبەرەكەی 40 دونم زەوییە، دیواری قەسرەكەشی موشەك نەبڕەو خواش نەبێ كەس بە خەونیش نازانێ چی تیایە.
ئەوان لەماوەی بیست و پێنج ساڵدا دەیان سەرۆكی وڵات و سەرۆك وەزیرانیان گۆڕیوە، لای ئێمەش دو سەرۆكی هەرێم و وەزیران تا ئەبەد لەسەر كورسیەكانیان لاناچن. لەوێ هەر سەرۆكێك سەروەرییەك لەدوای خۆیدا بۆ میللەتەكەی جێهێشتوە، لای ئێمەش خییانەت و خاك فرۆشتن و سامان دزین و گەندەڵی و ستەمكاری و زوڵمو زۆرداری و پێشێلكردنی یاساو شكاندنی كەرامەتی هاوڵاتی.
بەكورتی، ئەوان بەهەشتێكیان بۆ خۆیان لەسەر ئەرز دروستكردوە، ئێمەش دۆزەخێك كە لەناویا هەمو میللەت ئەسوتێ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت