شێرزاد شێخانی: تیتی تیتی كوو رۆشتی ئەوهاش هاتی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەو وتارەم بەلەهجەی هەولێری نوسى لۆ ئەوەی خەیار فرۆشەكان باشتر لێی تێبگەن.
دو سارە سەركردەكانی پارتی و پەرلەمانتارە خەیار فرۆش و قەرەمە خۆ فرۆشەكانیان سێ بەسێ تەراقیان خوارد كەوا جارەكیدی دكتۆر یوسف محەمەد دەركەی پەرلەمان نابینتەوە!. هەزار قسەی پرۆپوچیشیان كرد. خۆ ئەگەر خوا نەخواستە دكتۆر یوسف عەیبەكی گچكەشی هەبایە دەیانخستە سەر جەریدە ڕوو زەردەكانیان و دەیانكردە مانشێتی رەئیسی جەریدەی هەولێری بەلاش تەوزیعكرای، لۆیە هیچیان بەدەستەوە نەما غەیری ئەوەی برێن، دكتۆر یوسف بێ ئەزمونەو، بزوتنەوەكەشی هەرزەكارن، رێكخەرەكەشیان خوا عافوی كا، ئاژاوەگێڕەو خەركی هاندەدا لۆ كوشتنی ئەجانیبەكان لەهەولێر.. جا هەوكە لۆیان دەركەت، نە یوسفەكە كەم ئەزمونە، نە بزوتنەوەكەش وەكی خۆیان موراهیقی سیاسی ئیدارەی دەدەن، نە رەحمەتیش شتەكی وای لەدوی خۆی جێهێشتیە پارتی زەفەریان پێببا.
دەرچو گۆڕان زۆر لەوان زاناترو شارەزاتر سیاسەت دەكا، لەو رۆژانەشدا یەكیەتیش گەیشتە ئەو قەناعەتەی گۆڕان هەربژێری لەبری پارتی و پیلانەكانی، ئەوجا ئێستا پارتی كەتە بەینی به رداشی گۆڕان و یەكیەتی. لەو لاشەوە رۆژ لەدوای رۆژ پیلانەكانی ڕیفراندۆمیشیان ئاشكەرا دەبی ئامانجەكانیشی رونتر دەبنەوە، چونكی خەیار فرۆرشەكان دەیانگۆتنێ ئەوە لۆ سەربەخۆیی ودەورەت راگەیاندنەو،لەو ئەخیرەش فەرمویان كاك مەسعود خۆی هەرنابژێری لۆ سەرۆكایەتی ئەو دەورتە، بەرانەكینێ ئەوەتا گێمان لێدەبی دەرێن رازی نابن بەحسی كورسی سەرۆكایەتیەكەی بكرێ؟!.
ئێستا توشی حارەتەكی زۆر خراپ بونەو نازانن كوو لەو قوڕە دەرچن. مەوقیفی ئەمریكاو یەكێتی ئەوروپاو ئەڵمانیاو روسیاو توركیاو ئێران و عیراق حەموی دەخنە پشت گێیان، بەقسەی دو سێ سەركردەی دۆڕاوو چەند قەرەمەكی خۆفرۆش و پەرلەمانتاری خەیارفرۆش دەكەن و دەیانەوێ میللەتەكی برسیو بێ نان ببەنە سەر سندوقی ریفراندۆم لۆ ئەوەی میللەت بەدەستی خۆی پەتەكە لەملی خۆی بكا!.
مایسترۆ ئەو كەسەیە كە لەپێش مۆسیقاژەنەكان رادەوەستی و بەچیلكە دارەكەی دەستی ئاراستەیان دەكات، مۆسیقاكەیان لەنەغمەیەكەوە پێدەگۆڕی لۆ نەغمەیەكی دی، لەمەقام رەستەوە لۆ بەیات لەوێشەوە لۆ چارگاو پێنچگا. هیچ بەدووری نازانم مایسترۆكەی پارتییش ئەو نەغمەی پێشتریان بگۆڕیو حەشامەتەكەی دەوروپشتیشیان لەنوسەرو پەرلەمنتارو سەركردایەتیەكیان بە نەغمە نوێیەكە ئاواز بخێنن. ئەوجا تەمەشا بكەن كو دەكەونە پاڕانەوەو عوزر هینان لۆ ئەو حەمو قەباعەتەی كردیان. بزانن نوسەرەكانیان كو دەكەونە ماستاوكردن و گریان و فیغان لۆ پەرلەمانە پەكخرایەكە!.
هەر لەئەوەلەوە ئەو حەمو بینەو بەردەیەی نەدەویست، دەبو عاقرەكانی ناو پارتی، لەئەوەلەوە بیانزایبایە مەسەلەی پەكخستنی پەرلەمان شتەكی مەقبول نیە. دەركردنی وەزیر ئیشەكی خراپە، نانبڕینی میللەت كارەساتە. دزینی نەفت بەڵایە، كوشتنی نوسەرو رۆژنامەنوس جەریمەیە، ئاودیوكردنی رۆشنبیران لەپشتی سەیتەڕەی پردێ ودیگەرە دیموكراسییەت نیە. خۆبەستنەوە بەوراتانی دەرەوە كوردایەتی نیە. زۆر عەجایبە كەسەك یان لایەنەك ئەو حەمو شتانەی كردبی ئەوجا یاغر یاغر بێتو بەحسی دەورەتت لۆ بكاو پێشت برێ ئەمن بكە بەسەركردەی ئەو دەورەتە؟!.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت