شێرزاد شێخانی: دەوڵەتەكەی بارزانی لەشنگال راگەیەندرا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەوتەی ئومێد خۆشناوی سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان، ئەو شەڕەی لەم چەند رۆژەدا لەخانەسۆر رویدا شەڕی “ئیستقلالە” پارتی ئەیكات بۆ راگەیاندنی دەوڵەتە بەهارییەكەی!. ئەوەتا بەپەیجی حزبەكەی خۆی وتووە” ئەم شەڕە بەهیچ كلۆجێك شەڕی براكوژی نیە، بەڵكو شەڕی بەرەی دژە سەربەخۆییە، لەبەرانبەر بەرەی سەربەخۆخوازیدا.

شەنگالی بریندار جارێكی تر كەوتە بەر پیلانی ڕەشی پارتی. جاری یەكەم بەڕاكردنی هێزەكانی لەبەرەی جەنگی داعش كە بوە هۆی ئەتككردن و كۆیلەبونی هەزاران كچ و كوشتنی هەزاران رۆڵەی ئێزیدیەكان، جاری دوەمیش بەهەوڵی داگییركردنەوەی لەلایەن ئەو هێزانەی سەر بەپارتین و رێگای چونیان بۆ ناو رۆژئاڤا لێتێكچوە.
شانۆگەرییەكی زۆر كۆمیدیانەیە كە پاساوی شەڕەكە بەوە بهێنرێتەوە گوایە بۆ ئاودیوكردنی هێزەكانی بەناو ” پێشمەرگەی رۆژئاوا”یە بۆ ناو كوردستانی خۆرئاوا، چونكە دەیان رێگای تر هەن بۆ چونی ئەو هێزانە بەناو خاكی رۆژئاڤادا، خۆ لەبیرمان نەچوە چۆن یەكێتی و كاك لاهوری شێخ جەنگی بەكۆڵەپشت و لەگەرمەی شەڕەكانی كۆبانیدا توانیان دەیان تۆن پێداویستی جەنگو دەرمان بگەیەننە خۆرئاوا، پارتی و هێزە بەكرێگیراوەكەی بەناوی پێشمەرگەی رۆژئاواش ئەیانتوانی تەنانەت بە فرۆكەی توركیش بوایە ئەو هێزانە لەئاسمانەوە دابەزێننە سەر خاكی رۆژئاڤا چ پێوێستی بەم شەڕو ئاشوبە ئەكرد؟.
گومان لەوەدا نیە ئەم شەڕەی خانەسۆر بەشێكە لەپیلانێكی توركیا دژ بە هەرێمی كوردستان كە بەداخەوە هێزێكی گەورەی كوردی بەشداری جێبەجێكردنی ئەكات كە ئەویش پارتییە. دیسان گومان لەوەشدا نیە كە شەڕەكە بەوەی ئێستا ناوەستێ، من خۆم پێموایە ئەمە سەرەتایەكە بۆ شەڕێكی زۆر گەورەی وێرانگەر لەناو هەرێمدا، بە مانشێتی دەركردنی پەكەكە لەشەنگال دەست پێدەكات، دواتربەرەو قەندیل پەلئەهاوێ ئەوكات پارتی هەر وەك خیانەتەكەی 31 ئاب هانا بۆ توركیا ئەبات هێز بنێرێتە ناو هەرێم بۆ پشتگییری هێزەكانی، لەولاشەوە دوور نیە ئێرانیش بێتە سەرخەت، ئیدی بەمشێوەیە خاكی هەرێم ئەبێتە گۆڕەپانی شەڕێكی ماڵوێرانكەری ئیقلیمی كە نە سەری هەبێ نەبن. بۆیە بەهەمو پێوەرێك ئەوەی ئێستا پارتی ئەیكات یارییەكەی زۆر ترسناكە هیچ دوور نیە دەرهاوێشتەكانی بەقەدەر ئاشبەتاڵەكەی ساڵی 75 ئەگەر زیاتریش نەبێ بەسەر چارەنوسی ئەزمونەكەمانەوە.
كاتی خۆی سەدام حوسێنی دیكتاتۆر بەر لەجەنگی كوەیت دروشمی ئەوەی تەرح ئەكرد كە گوایە ئەیەوێ فەلەستین ئازاد بكات لەدەست جولەكە، بەڵام ئەو رێگای قودسی گۆڕی بەداگییركردنی خاكی كوەیت، بەمەش هەم دروشمە درۆزنەكانی ئابرووی برد، هەم وڵاتانی دونیاشی هێنایە دەنگ و خۆی توشی جەنگێكی كاولكەر كرد كە بەشكستێكی زۆر گەورە لەسەری كەوت تا گەیشتە ئەوەی رژێمەكەشی بروخێت، ئێستا پارتیش هەمان هەڵە دوبارە ئەكاتەوە بەوەی شەڕی پەكەكە بكات لەپێناو دروشمی سەربەخۆییدا.
سەیرە پارتی ئەوەننە تینوی سەربەخۆیی میللەتەكەی بێ، بەڵام بۆ ئیدارەیەكی خۆبەڕێوەبەری خەڵكی ستەمدیدەی شەنگال ئامادە بێت تەڕو وشكی وڵاتەكەی بسوتێنێ. سەیرەپارتێكی تەمەن حەفتا ساڵ هێشتا پەندو عیبرەتی لەشكستی سەركردایەتیەكەی خۆی وەرنەگرێ كە سەبەبكاری شكستەكەی ساڵی 1975 هێزیكی ئیقیلیمی بو كە بۆ مەرامی خۆی پشتیوانی شۆڕشی كوردی ئەكردو دواتر پشتی تێكرد!.
شەڕی خانەسۆر ئەو حەقیقەتەشی دەرخست كە سەركردایەتی كورد هێشتا نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی ژیری بتوانێ كیانێكی سەربەخۆ بۆ میللەتەكەی وەدەست بێنێ، چونكە بەهیچ شێوەیەك دەوڵەتی سەربەخۆ لەناو جەنگی ئیقلیمیدا نایەتەدی، خۆ بینیشمان شەڕی ناوخۆ چەندین وڵاتی ناوچەكەی وێران كرد. ئەوەتا سوریا ولیبیاو یەمەن كە لەئەنجامی شەڕی ناوخۆوە خەریكە كیانە سەربەخۆكەشیان لەناو ئەبەن و دەوڵەتەكانیان پارچەپارچە ئەبێ، چ جای ئەوەی لەناو شەڕی ناوخۆدا بتوانی دەوڵەت دروست بكەی؟!.
شەڕەكەی پێرێ حەقیقەتێكی تاڵتریشی دەرخست ئەویش ئەوەیە كەوا پارتی تاكە هێزێكە كە هیچ حزبێك ناتوانێ متمانەی هاوپەیمانی لەگەڵدا بكات، چونكە ئەو كە جورئەتی ئەوە بكا زوڵم لەمیللەتێكی بێدەسەڵاتی وەكو ئێزیدیەكان بكات، گومان لەوەدا نیە لەپێناو دەسەڵات و پاوانخوازی شەڕی ئەرزو ئاسمان لەگەڵ هەمو لایەنەكاندا ئەكات، لێرەدا ئەو پرسیارە گەورەیەش دێتە پێشەوە ئەویش جەدوای هەر رێكەوتنێكە لەگەڵ حزبێك كە ئامادەبێ خوێنی میللەتەكەی خۆی بڕێژێ لەپێناو ئەجینداو پیلانی هێزە ئیقلیمیەكانەدا؟؟..

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت