شێرزاد شێخانی: سەركێشی سەركردەكانی یەكێتی لەبارەی ریفراندۆمەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەبارەی جەماوەرەوە
بەپێی ئەو هەواڵ و دەنگوباسانەی لەمیدیاكانەوە ئەبیسترێ، پارتی پیلانی داناوە بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان و تێپەراندنی یاسای ریفراندۆم و لەپەنای ئەویشا درێژكردنەوەی ویلایەتەكەی مەسعود بارزانی و دواخستنی هەڵبژاردنەكانی داهاتوی پەرلەمان. ئەمكارەش لەغیابی بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی بەسەفقەیەكی هاوشێوەی سەفقەی 30 حوزەیران بەڕێوە بەرن، ئەگەر گۆران نەچووە ژێرباری داواكانی پارتییەوە.
سەیر نیە كاراكتەرەكانی سەفقەی ئەمجارەش هەر هەمان ئەو كاراكتەرانەی پێشون كە سەفقەی 30 حوزەیرانیان ئیمزاكردو تێیانپەڕاند، بەمەش یەكێتی زیاتر لە 10 كورسی پەرلەمانی لەكیس چو كاتێك كەوتە بەر تووڕەیی جەماوەرەكەی.. ئەبێ ئەو سەركردەو كاراكتەرانەی سەفقەی پێشو ئەوە بزانن، جەماوەر ئەمڕۆ زۆر تووڕەترو پڕ كینەترن دژ بەپارتی و سەرۆكی هەرێمەكەی، شكستە ئابڕوبەرەكانی حكومەتەكەی پارتیش ئەمجارە زۆر گەورەترە لەوەی پێشتر، چونكە ئەمجارە ئەو حكومەتە دەستی بۆ نانو قووتی خەڵكیش بردوە، بۆیە جەماوەر ئەمجارەیان سزاكەی زۆر تووندتر ئەبێ لەوەی پێشتر، ئەوسا یەكێتی و پارتی بەیەك چاو سەیر ئەكرێن و، ئەو سەركردانەی یەكێتی كە بەپۆست و پارە هەڵخەڵەتاون ئەوەی هەشیانە ئەیدۆڕێنن، قەدرو قییمەتیشیان هەر بەقەدەر ئەو حزبە بچوكانە ئەبێ كە لەبەر دەرگای پارتی كەوتونەتە سواڵەوە.
نابێ ئەو بەشەی سەركردایەتی یەكێتی چاو بنوقێنن لەئاست ئەو شەپۆلەی ناڕەزایی خەڵك لەبازاڕو كوچەو كۆڵانەكاندا، نابێ لە تووڕەیی خەڵك نەگەن لەسەر شەقامەكاندا!. كار بگاتە سەر ئەوەی سەرباری هەڕەشەی دەسەڵاتی پارتی بە خیانەتكردن و تەنانەت دەركردنی نەیارانی ریفراندۆمیش، ئینجا خەڵك كەمپین دروست بكەن بۆ ( نەخێر) و بەجورئەتەوە بێنە سەرشەقام بۆ ریسواكردنی ئەم شانۆگەریيه، ئەمانە هەموی ئاماژەن لەسەر تووڕەیی ئەو خەڵكانەی بەیانی ئەچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان. یەكێتی ئەبێ زۆر زیرەك بێ لەهەڵبژاردن لەنێوان دو بەرەی دژ بەیەك، بەرەی گەل، یا بەرەی گەندەڵ.

لەبارەی وەزعی ناوخۆی یەكێتییەوە
زۆرینەی سەركردایەتی یەكێتی لەگەڵ پاراستنی سەروەرییەكانی یەكێتی و ئیرادەی سەربەخۆیی بڕیارەكانیدان. ئەمانە نایانەوێ ببنە ئامرازێك بەدەست پارتییەوە بۆ وەدیهێنانی ئامانجەكانی، بۆیە بەهەمو شێوەیەك نزیكبونەوە لەپارتی رەتئەكەنەوەو لەگەل پاراستنی ئیرادەی سەربەخۆی یەكێتین. ئەمانەی ئەمرۆش هاوخەمی پارتین، ئەگەر چی بەشێك لەدەسەڵاتەكانی یەكێتیان بەدەستەوەیە، بەڵام بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ بڕیاری كۆتایی لای ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتییە. هەرچەنده بەشێك لەو سەركردانە كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتییان بەمەبەست بۆ دو مانگ دواخستوە بۆ ئەوەی لەغیابی سەركردایەتیدا سەفقەكانی خۆیان لەگەڵ پارتی بەڕێوە بەرنو دواتر بیكەن بەئەمری واقیع بەسەر زۆرینەی سەركردایەتییەوە، بەڵام نابێ ئەوەشیان بیر چوبێتەوە كە هەر كارێك لەمبارەیەوە بە قازانجی پارتی و، بەزەرەرو زیانێكی گەورە بەسەریانەوە ئەشكێتەوە، ئەوسا دور نیە ئەندام و كادیرانی یەكێتیش بێنە دەنگ و، ئینشقاقە چاوەڕوانكراوەكەش ببێتە ئەمری واقیع وخۆی فەرز بكات، چونكە مەودای نێوان كەمینەی سەر بەپارتی بەرامبەر بە زۆرینەی سەركردایەتی ئەگەری تەقینەوەی هەیە هەر كاتێ زەبرێك بەر یەكێتی بكەوێ لەلایەن سەركردە بەرژەوەندخوازەكانیەوە كە ئێستا بە هەق توشی هیستریا بونەو بە دڵو بەگیان بەرگری لەبەرژەوەندییەكانی پارتی ئەكەن و، تەنانەت لەسزادان و دەركردنی ئەندام و كادیرانی یەكێتیش سڵناكەنەوە وەكو ئەوەی ئەوان وەلی ئەمریان بن. مەدرەسەكەی مام جەلال فێری دیموكراسی كردین، لەو مەدرەسەیەدا بە دروشمی دیموكراسی پەروەردە كراوین، ئەو مەدرەسەیە فێری كردین لەپێناو میللەتدا چەك بكەینە شان و بەرگری لێبكەین، هەر لەو مەدرەسەیشدا فێربوین بڵێن: ( نەخێر) بۆ چەواشەكردنی میللەت.
گریمان نیوەی یەكێتیەكان وتیان ( نەخێر) بۆ ریفراندۆمەكەی پارتی، ئەوسا ئەو بڕیاربەدەستانەی یەكێتی چی ئەكەن؟ هەمویان دەر ئەكەن؟ جا كێیان بەدەستەوە ئەمێنی بەیانی بەناوی ئەوانەوە پۆست و پلەكانیان وەرگرن؟. گریمان نیوەی میللەتيش وتیان ( نەخێر) بۆ ریفراندۆمێكی حزبی، پارتی چی ئەكا؟ وەكو رژێمی بەعس ئەو ملیۆنان خەڵكە تەهجیرو تەرحیل ئەكا وەكو هەڕەشەی ئەوەشیان لێكردین ، یان بەعس ئاسا كیمیابارانيان ئەكا؟!. ریفراندۆمی راستەقینە ئەوەیە خەڵك بڵێ ( بەڵێ یان نەخێر) ئەم هەڤاڵانەی ئێمە بۆچی لەمەلیك مەلیكترن و كەوتونەتە گیانی هەڤاڵانی خۆیان كە رۆژانێك لەناو سەنگەرا بەیەكەوە قوربانیان ئەدا!.

لەبارەی پەیوەندییەكانی دەرەوە
ئێران بەرون و ئاشكرا وتویەتی دژی ریفراندۆمە.. ئێران بۆ یەكیتی هەمیشە پشت و پەنا بوە، ئەگینا پارتی بەو هەمو هێزەی خۆی و بەپشتبەستن بەتوركیاوە زۆر بەئاسانی ئەتوانێ زەبری گەورە لەیەكێتی بدات و هەر كاتێ یەكێتی لاواز دەركەوێ ئەتوانێ زەفەری پێببات، خۆ بیرمان نەچوە دەبابەكانی بەعسی هێنایە سەر هەولێرو فرۆكەكانی توركیای هێنا بۆ بوردومانی پێشمەرگەكانی یەكێتی لە ساڵی 1997دا، پارتی هیچكات بەبێ هێزێكی دەرەكی نەیتوانیوە شەڕ لەگەڵ یەكێتی بكات، هەر كاتیك بزانێ یەكێتی لاوازە زەربەی خۆی وەشاندوە، ئەوەی هاوكێشەی هێزی لەم ناوچەیە راگرتوە تەنها پشتگییریەكانی ئێرانە بۆ یەكێتی لەبەرامبەر پشتگییریەكانی توركیا بۆ پارتی. پرسیار ئەوەیە ئایا سەركردایەتی یەكێتی ئامادەن ئەم هاوكێشەیە تێكبدەن و قوربانی بەپشتگییریەكانی ئێران بدەن بۆ خاتری پارتی و پیلانەكانی بۆ سەرخستنی پرۆسەی ریفراندۆم كە هەمو كەس ئەزانێ پرۆسەیەكی حزبیەو هیچ پەیوەندیەكی بە بەرژەوەندی میللەتەوە نیە؟. ئێران بتوانێ دەست بخاتە ناو كاروباری سوریاو یەمەن و لوبنان و لەعیراقیشدا باڵادەستترین هێز بێ، زۆر بەئاسانی ئەتوانێ ململانێیەكانی ناو هەرێمی ئێمەش لەبەرژەوەندی خۆیدا تەوزیف بكا، ئەو كاتە یەكێتی مەوقیعی چی ئەبێ لەئیعراب؟ ئایا بەگژ ئێراندا ئەچێتەوەو خۆی ئەخاتە ناو سەنگەری پارتییەوە، یا بەبێ هیچ پشكێك ئەم ململانێیە ئیقلیمیەش ئەدۆڕێنێ؟. نابێ ئەوەمان لەبیر بچێ كە سنوری درێژی هەرێم لەگەڵ ئێراندا بەناوچەكانی نفوزی یەكێتییەوە تێئەپەڕن.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت